وڵاتی (سوید)یش دەیەوێ خۆی بکاتە تۆپی شەقشەقێنی مەرامە گڵاوەکانی تورکیا
Thursday, 10/11/2022, 22:53
سوید لەپێناوی پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی لە هەڕەشەکانی رووسیای پۆتین ، لەوەتەی شەڕی ئۆکراینا بڵێسەی سەندووە ، داوای کردووە ببێتە ئەندامی NATO . تورکیا ڕێگری بوونە ئەندامێتییەتی!.. کۆمەڵێ مەرجی داناوە بۆ سوید و فینلەندە، تا جێبەجێی نەکەن ، تورکیای ئەندامی ناتۆ، رەزامەندی نادات لەسەر بە ئەندامبوونی ئەو دوو دەوڵەتە لە ناتۆدا …
مەرجەکان: ڕادەستکردنەوەی کۆمەڵێ ناوی کورد و تورک کە لەو وڵاتانە دەژین! ڕەگەزنامەی سویدییان هەیە و هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و تورکی بەهێز لە وڵاتەکەکانیان هەن… بڕینی یارمەتی و پەیوەندییە لەگەڵ YPG و PKK و تەنانەت HDP دا، واتە بە قوربانی کردنی کورد، کرۆکی ئەم گەمەیەیە؟؟...
بەڵام لە پێناوی بوونە ئەندامدا، ئێستا سوید بەسەرۆکایەتی سەرەکوەزیرانی نوێ Ulf Kristersson دەیەوێ مل بۆ مەرجەکانی تورکیا بدات و وڵاتەکەی بکاتە بارمتەی سیاسەتی ئەردۆغان؟!….
دیارە ئەوەی کورد کردی بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەشەڕی ( داعش) دا و ئەو نموونە هەرە باشتر و جوانتر و دیموکرادییانەترەی لە ناوچەکەدا لەوانی تورک و عەرەب و فارس و زۆر شتی تریش بەها و سەنگیان نییە؟!… لەبەرانبەر بەرژەوەندی نێودەڵەتی دا!؟..
کریستەرسۆن سەردانی تورکیای کردووە و ڕازییە بە مەرجەکانییان و بڕیارە ئەردۆغانیش کە لە 2013 نەچۆتە سوید سەردانی ئەو وڵاتە بکات!…
ئەو یاسا و هاوکێشەیە روونە: هەمیشە قوربانی بە بچووک و لاواز دەدرێ بۆ گەورە و بەهێزەکان… کوردیش لە یەک شتدا زۆر لاوازە، ئەویش خاوەن دەوڵەت نییە؟!.. بۆیە بۆ شەقشەقێنی گۆڕەپانەکە هەر وەک تۆپ دەمێنێتەوە… لەم دیدەوە هەرچی گلەیی و گازندەیی و نەفرەت هەیە بیکەین و بیگرین لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەر کەمە!!، لێ چرکەساتی ئەوەش لەمێژە هاتووە، بەهەمان پێوەر بەگژ ئەوانەی ناوخۆشدا بچینەوە و لۆمەیان بکەین، ئەوانەی کە دژی سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوونی کوردستان و مافە نەتەوەییەکانی کوردن!…
ئەوانەی دوێنێ بۆ ئاینی ئیسلام و سۆسیالیزم و دەوڵەتی پرۆلیتاریا خەباتیان کرد و خەونی پرتەقاڵیان بینی و ئەوانەی ئیمڕۆی بۆ تیۆری و قسەی سەوز و سووری ناو دەقی کتێبە دەق ئەستوورەکان دەژین و هەر باسی برایەتی گەلان و پێکەوە ژیان و قسەگەلێکی تری بێ رۆح و گیان دەکەن و بەردەوام کچی کورد دەکەنە قوربانی کوڕی خەڵکی؟!…
ئەوانەی بێ هیچ بەرپرسیارێتییەک لە سەر مافەنەتەوەییەکانی کورد سازش دەکەن و ئامادەن ببنە سوورەی بەرلەشکری هەر بیر و هێزێکی بێگانەی دوور لە بەرژەوەندی باڵا و ستراتیژی نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان؟!..
باشە خۆ ئەوە ڕەوەندی کوردە لە سوید و فینلەندە و جیهان لەگەڵ ئەوان دەژی و ژنی لێهێناون و کچی داونەتێ و کاردەکەن و باج دەدەن و بەهرەیان خستۆتە خزمەتی ئەوانەوە و سەرمایەگوزاری دەکەین و سامانێکی مرۆیی هاتوونەتە وڵاتیان و زمان و کولتووریان فێربووین و خزمەتیان دەکەین، کەچی ئەوان پێکەوە ژیانی ئێمەیان ناوێ و وەک کاڵا و شمەک دەمان کڕن و دەمان فرۆشن…
شایانی گووتنە هەڵوێستی ئەو دەوڵەتانە نابێت زۆر جێی گلەیی بێت! میللەتان ئاسایشی ستراتیژی نەتەوەیی و سیمبۆل و بەهاکانی خۆیان دیاری کردووە و هەرکاتێ ئەم چەمک و خاڵانە کەوتنە بەردەم مەترسی و هەڕەشە Priority بۆ خۆیان و دەوڵەتەکەیانە و هەموو شتی بۆ دەکەن بە قوربانی هەر لە دیموکراسی و لیبەراڵیزم و بانگاشەی مافی مرۆڤەوە تا دەگاتە پێکەوە ژیان و لێبووردەیی و هەموو خەون و خەیاڵییەکانی تۆی شاعیر..
کەواتە ئاغای ناموبارەک!..
بەڵێ.. ئەوەی ئێمە چاوڕێی دەکەین بە شۆڕشەکەی تۆشەوە کتومت خەونی شاعیرانەیە! … نەک دەوڵەتی کوردیی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست