کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بە روونی په‌یامی كۆنگره‌كه‌ی پارتی بۆ هه‌موان دەرکەوت

Wednesday, 09/11/2022, 2:13


ئه‌گه‌ر به‌ نارٍاسته‌وخۆش بێت، ده‌رئه‌نجامی چوارده‌هه‌مین  كۆنگره‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆمه‌ڵێك په‌یامی راست و روون و بێ پێچو په‌نای بۆ خه‌ڵكی كوردستان و حیزبه‌كان و سه‌رجه‌م كادر و هه‌وادارانی پارتی و به‌ تایبه‌تی بۆ پرٍۆپارتیه‌كانی ناو حیزب و رێكخراوه‌كانی تری نارد، كه‌ پارتی ئه‌گه‌ر به‌ ئاگاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ی كردبێت یان له‌ده‌ست ده‌رچوبێت یان به‌ وردی بیریان له‌ ئاینده‌ی حیزبه‌كه‌ی خۆشیان نه‌كردبێته‌وه‌، یان رێباز و مه‌نهه‌جی تایبه‌تی پارتی ئه‌وه‌ی ویستبێت و له‌وه‌ زیاتری پێ نه‌بوبێت و پێی نه‌كرابێت، ئه‌وه‌ی زۆر به‌ روون و ئاشكرایی ده‌رخست كه‌ پارتی حیزبی كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكه‌ و بنه‌ماڵه‌ به‌ ته‌واوی قۆرخی كردووه‌ و ئه‌وه‌ی حیزبایه‌تی راسته‌قینه‌ بێت به‌ هیچ شێوه‌ و هیچ كلۆچێك له‌ هیچ كون وقوشبنێكی ئه‌م حیزبه‌دا به‌دی ناكرێت.
ده‌توانین بڵێین حیزبێكی تایبه‌تی و بێ وێنه‌ی كوردستانیه‌ و ته‌نانه‌ت له‌م كاته‌دا و به‌ تایبه‌تی له‌  ناوچه‌كه‌شدا شتی وا به‌دی ناكرێت، هیچ رێكخستنێكی مه‌ده‌نی نادۆزیته‌وه‌ ره‌فتار و كرداری به‌و شێوه‌یه‌ بێت و باسی دیموكراتی بكات و ته‌نانه‌ت ناوی حیزبه‌كه‌ش دیموكرات بێت، واته‌ وه‌كو هه‌ندێك رژێمی ناوچه‌كه‌ به‌ ناوی دیموكراسیه‌وه‌ حوكمێكی تاكرٍه‌وی بنه‌ماڵه‌یی بسه‌پێنێت و ته‌نانه‌ت منداڵی سه‌ر بێشكه‌كه‌یان خۆی ئاماده‌باشی كردبێت بۆ حكومرٍانی حیزبی و كوردستان بۆ چه‌ندین ده‌یه‌ی تر، ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌. هه‌وڵی زه‌مینه‌سازی ته‌واو بۆ حوكمی پاشایه‌تی له‌و هه‌نگاوانه‌ بوون كه‌ له‌م كۆنگره‌یه‌دا جوانتر له‌وانه‌ی پێشوو ده‌ركه‌وتن.
 ده‌شێت بڵێین، به‌ بێ ئاگایی خۆیان، زیانی لێكه‌وته‌كانی ئه‌‌و ره‌فتار و شێوازه‌ به‌ریوه‌بردنه‌ی پارتی به‌و بیركردنه‌وه‌ له‌ چه‌ند خاڵێكدا ده‌رده‌كه‌وێت:

1-ئه‌وه‌ی روون ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ حوكمرٍانی راسته‌قینه‌ كێیه‌ و كێش مێگه‌لانه‌ به‌دوای كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندیه‌وه‌یه‌ و ته‌نها  پله‌ی شێخی ده‌رباری بۆ ده‌مێته‌وه‌ .
2- پێكهاتنی چین وتوێژی هه‌مه‌چه‌شن له‌ ناو حیزبه‌كه‌دا،قه‌ت به‌قه‌د ئه‌م كاته‌ وا به‌روونی ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ و ئه‌وه‌ی یه‌كلایی بووه‌وه‌ كه‌ تا دێت چه‌ندین چینی جیاوازی نێو پارتی له‌ باری حیزبی و مادی مه‌عنه‌ویه‌وه‌ هه‌ڵده‌تۆقێن.
3- به‌ گه‌وره‌ و بچوكی به‌شداربووانی گۆنگره‌ سه‌لمێنرا كه‌ پارته‌كه‌یان حیزبێكی  موخابه‌راتیی تۆكمه‌ی پر له‌ پرنسیپی ته‌سكی بنه‌ماڵه‌یین و بدوورن له‌ حیزبی مۆدێرنخواز.
4- ئه‌وه‌یان بۆ ده‌ركه‌وت كه‌ باوه‌رٍبوون به‌ حیزب به‌ پێی پله‌ی ملكه‌چبوون و وه‌لا‌ بۆ كه‌س و بنه‌ماڵه‌یه‌ نه‌ك حیزب و رێباز و دروشم  و ئامانج.  
بۆیه‌، تاقه‌ سودێكی ئه‌م كۆنگره‌ و ره‌فتاری ئه‌م حیزبه‌ له‌وه‌دا ده‌بینرێته‌وه‌  كه‌ ده‌رئجامه‌كان تاكه‌ سودێكی گشتی حیزبی بۆ خه‌ڵك له‌وه‌دا ده‌رخست كه‌ خه‌ڵكی دیكه‌ی دوور له‌ پارتی و به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی پرٍۆ پارتین له‌ ناو حیزب و رێكخراوه‌كان و ده‌ره‌وه‌شیاندا، ئه‌وه‌یان بۆ روون بووه‌وه‌ كه‌ ئاینده‌یان له‌ نێو ئه‌م حیزبه‌ نادۆزنه‌وه‌ و دڵسۆزی و ملكه‌چی و حیزبایه‌تی دروست له‌م حیزبه‌دا ناخوات و تا ئه‌م حیزبه‌ به‌م شێوه‌ به‌رێوه‌ ببرێت موڵكی تایبه‌تی چه‌ند كه‌سێكی تایبه‌ته‌ و بۆ كه‌س نیه‌ دوور و نزیك توخنی بكه‌وێت و مێژووه‌كه‌ی له‌و بازنه‌یه‌دا ده‌خولێته‌وه‌ و به‌س، بۆیه‌ ئه‌مه‌ باشترین خاڵه‌ كه‌ گه‌لی كوردستان ده‌توانێت قازانجی لێ ببینێت. ئه‌وه‌ دیاره‌ كه‌ جه‌ماوه‌ری ئه‌م حیزبه‌ له‌ بازنه‌یه‌كدا بێ گه‌شه‌ی رێكخستنی ئاسۆیی و ئه‌ستونی و وه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تی باش بۆ خه‌ڵك فه‌راهه‌م ده‌كات كه‌ حیزبی نوێی سه‌رده‌میانه‌ و یه‌كگرتوو به‌دوور له‌م حیزبه‌و هاوشێوه‌كانی له‌ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا دابمه‌زرێنن و كێبركێی پارتی و پاشكۆ و هاوشێوه‌كانی بكه‌ن و ئه‌و ده‌ره‌فه‌ته‌ دروست ده‌بێت كه‌ وه‌رگۆرٍان و گۆرانكاری ریشه‌یی هه‌مه‌چه‌شنی سیاسیی فراوان له‌سه‌ر ئاستی كوردستان له‌ ئاینده‌دا دروست بێت,

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە