شکستی پارتی لە دۆسیەی گیراوانی بادیناندا
Monday, 31/10/2022, 18:10
پارتی لە پەنای نەبوونی سەروەری یاسا و بە حیزبیبوونی دادگاکان لە هەولێر هەر رۆژەو سیناریۆو تۆمەتێکی سیاسی بۆ گیراوانی بادینان دەهۆنێتەوە ، لەپاڵ ئەمانەشدا ناوبەناو بانگەشەی سەربەخۆی دادگاکان دەکات و داواش لە هیزو لایەنە سیاسییەکان و کونسوڵخانەکان دەکات کە دەست لە کاورباری دادگاکان وەر نەدەن با یاسا سەروەر بێت ! جا پارتی بۆیە ئەم قسانە دەکات تا فەزاحەتەکانی بشارێتەوە و ناشیرینیەکانی دیزە بەدەرخۆنە بکات ، خۆئەگەرنا خۆیشی باش دەزانیت کە هیچ بەڵگەیەکی پێ نییە بۆ تاوانبارکردنی چالاکوانەکانی بادینان و هەموو ئەو تۆمەتانەی کە بۆ گیراوانی بادینان هۆنیویەتیەوە ناچنە خانەی یاساییەوە شارەزاو پسپۆرانی یاسا و تەنانەت نوێنەری کونسوڵخانەکانیش بە گاڵتەجارییەوە دەڕواننە سیناریۆکانی پارتی لە بارەی گیراوانی بادینان .
جارێ ئاشکرایە کە زیندانەکان و کەسوکاری زیندانەکان لە ژێر فشارێکی زۆری سیاسی و ئەمنیدان ،سەرباری سزای توند و ئازارو ئەشکەنجەو هەڕەشەی سێکسی و شێوازو پرۆسەکانی لە مرۆڤخستن کە پارتی قۆناغ بە قۆناغ دژ بە چالاکوانەکانی بادینان گرتویەتیە بەر ، هێشتا نەیتوانیوە خۆڕاگری ئیرادەی چالاکوانەکانی بادینان تێک بشکێنێت و سەنگەری خەبات و تێکۆشانی شێروان شێروانی و هاوڕێکانی لە پێناو ئازادی دا لەناو بەرێت ، ئەمە شکستێکی گەورەیە و پارتی زۆر نیگەران کردووە و پارتیش لە دۆسیەی گیراوانی بادیناندا دۆڕاوترین هیزی سیاسییە کە هیچی لەهەگبەدا نییەو هیچی بە دەستەوە نییەو تا قەناعەت لای هاوڵاتیان و لای ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کونسولخانەکان و دونیای دەرەوە دروست بکات .
ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە دادگاکانی هەولێر بوکە شووشەی دەستی پارتی دیموکراتی کوردستانن و ئەوەی پارتی حەزی پێدەکات و دەیخوازن بەو شێوەیە بڕیار دەدات ! سەروەری یاساش لە قەڵەمڕەوی پارتیدا ئەوەیە کە دادگا و داوەران گوێرایەڵی پارتی بن و جگە لە پارتیش هیچ لایەن و جیهەتێک مافی ئەوەی نییە دەستوەرادان لە کاروباری دادگاکاندا بکات ! پارتی لەم کەیسەدا هەر رۆژەوە بیانویەک دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ریکخراوەکانی مافی مرۆڤ و خەڵكی كوردستان و دونیای دەرەوەی پێ چەواشە بکات ،بەڵام دونیا فشەیان بە قسەکانی پارتی دێت و داوای ئازادبوونی بێ مەرجی زیندانیەکان لە پارتی دەکەن .
پارتی لەھەموو ئاستەكانی ئیدارەدان و هاوپەیمانیەتی لەگەڵ هیزو لایەنەکانە سیاسیەکاندا شكستی ھێناوە و دوچاری قەیرانی فیکری و ئەخلاقی قووڵ بووە، تاکو ئەو چركەساتەش نەیتوانیوە ڕیز لە دونیای ئازادی ئینسانەکان بگرێت و مافی ھاوڵاتیان لە بیرکردنەوەی دیدو ڕوانینی جیاوازدا بپارێزێت، بەشێکی ئەمە پەیوەستە بە ناهوشیاری و نائاگایی پارتی لە بواری وەزیفەی فیکریدا کە کۆمەڵگایان ئیفلیج کردووە ، لەپاڵ گەندەڵی سیاسی و ئابوریدا هەمیشە جەنگی ئازادی و برسیکردنی کۆمەلگاو دەرگای کوشتن و تیرۆری سیاسی سیمای دیاری کابینەی نۆیەم و ئەم حکومەتەیە ! لە دۆسیەی چالاکوانەکانی بادیناندا بە سەدان ماسکی ساختە هەموو ڕێگایەک دەگرنە بەر دژ بە هەموو هەوڵێکی مرۆڤدۆستانەو ئازادیخوازانە دەوەستنەوەو کار لەسەر داپۆشینی پێشیلکاری و فەزاحەتەکانی پارتی دەکەن ، بەڵام ئیرادەو خۆڕاگری چالاکوانەکانی بادینان ،پشتیوانی رۆژنامەنوسان و چالاکوانان و ریکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کونسوڵخانەکان بۆ گیراوانی بادینان ئەژنۆی پارتی شکاندووە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست