هەڵگرتن و رەدوو کەوتن
Wednesday, 26/10/2022, 10:39
یەکێک لە نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی مەڵبەندی موکریان کە لە ناوچە و مەڵبەندەکانی تری کوردستان نییە یا زۆر کەمە، بابەتی (رەدووا کەوتن و هەڵگرتن)ە. جڤاکی کوردەواری وەک هەموو جڤاکەکانی تری جیهان لە سیستەمی خێڵایەتی و دەربەگایەتیدا رێگەی نەدەدا کچ بە دڵی خۆی هاوسەری خۆی دەسنیشان بکات. دایباب، برا، مام و خاڵ و زۆر جار هەر نێرەوەزێکی خانەوادە و خێڵ دەیتوانی بڕیار لەسەر ژین و مەرگ و چارەنووسی ژنێک بدات.
لە مەڵبەندی موکریان ئەو کچانەی لەمپەر لەبەردەم شووکردنی دڵخوازیاندا دروستدەکرا، بە نهێنی لەگەڵ کوڕەکە رێک دەکەوتن و لە دەرفەتێکدا پێکەوە دەڕۆیشتن و بڕیاریان لەسەر چارەنووسی خۆیان دەدا. هەندێک جار شەڕ و خوێنڕێژی بە دووایدا دەهات؛ بەڵام زۆربەی جاران دووای ماوەیەک خانەوادەکانیان ئاشت دەبوونەوە و بە داینی بەرخوێن، خوێنبەها، باربەها، شیربایی و.. ئاو بە ئاگردا دەکرا. بە ووتەیەکی دی، زۆر جار کچێکی تریش دەکرایە قوربانی بۆ کوژاندنەوەی دوژمنایەتی و خوێنڕێژی. لە ناوچە و مەڵبەندەکانی تری کوردستان مەگەر بە دەگمەن ئەگینا هەمیشە کوڕ و کچەکە و بە تایبەتیش کچەکە لەلایەن کەسوکارییەوە کوژراوە. لە موکریان بەم کردەوەیەی کچەکە دەگوترێ (رەدوو یا رەدووا کەوتن) واتە کچەکە دەکەوێتە شوێن کوڕەکە. بە کردەوەی کوڕەکەیش دەگوترێ (هەڵگرتن). واتە کچەکە هەڵدەگرێت و لەگەڵ خۆی دەیبات.
هەڵگرتن و رەدوو کەوتن مێژوویەکی دیاریکراوی نییە؛ بەڵام بەسەرنجدان بە رابردووی درێژی سیستەمی دەرەبەگایەتی و خێڵایەتی، و بەگوێرەی ئەو گۆرانی و حەیران و بەند و باوە کوردییانە بێت مێژووەکەی هەزاران ساڵ کۆنە.
بەهەر حاڵ رەدوو کەوتن و هەڵگرتن چارەسەرێک بوو بۆ گرفتێکی کۆمەڵایەتی کە رێگری کردن بوو لەوەی کچێک بە دڵی خۆی ژیانی هاوبەش پێک بهێنێت.
کاتێک کە کۆماری کوردستان لە مەهاباد پێکهێنرا، رەدووا کەوتن فەرامۆش نەکرا و چووە نێو قانوونەکانی کۆمارەوە؛ بەڵام وەک دیاردەیەکی نەرێنی سەیری کرا و لێکدرایەوە. لە کۆماری کوردستان دا ژن هەڵگرتن وەک تاوان هەژمار کرا و سزای بۆ دانرا. نازانم لەو یازدە مانگ تەمەنەی کۆماردا چەند کەس ژنی هەڵگرت و چەند کەس سزا درا، بەڵام سەرەڕای روواڵەتی پێشکەوتنخوازانەی، کۆماری کوردستان ئەم لایەنە نەرێنییەی هەبوو.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست