کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەنگەدەنگ لەگەڵ کەردا باش نییە

Wednesday, 26/10/2022, 1:22


کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

جارێک کەر بە پڵنگی گۆت:
- "گیا شینە"
پلنگیش وەڵامی دایەوە:
- "نەخێر، گیا سەوزە."
دانوستانی نێوان کەر و پڵنگ گەرم بوو، پاشان هەردووکیان ڕێککەوتن کە ڕازی ببن بە بڕیارێکی دادوەرانە، بۆ ئەم مەبەستەش چوون بۆ لای شێری پاشای جەنگەڵ کە لە ڕووبەری بێدرەختی نێو دارستاندا لەسەر تەختی پاشایەتی دانیشتبوو.
پێش ئەوەی هەردووکیان بگەنە ئەوێ، کەر دەستی کرد بە زەڕین:
- "خاوەنشکۆ، ئایا ئەوە ڕاستە کە گیا شینە؟
شێر وەڵامی دایەوە:
- "بەڵێ ڕاستە، گیا شینە."
ئەوجا کەر گوڕی دایە خۆی و بەردەوامیی پێدا:
- "پڵنگ ڕای جیاوازە لە من، دژبێژیم دەکات و دڵم دەڕەنجێنێت. تکات لێدەکەم سزای بدە!"
بەدووی ئەوەدا پاشا ڕایگەیاند:
- "پڵنگ سزای پێنج ساڵ بێدەنگبوونی بەسەردا دەسەپێنرێت."
کەر لە خۆشیدا هەڵبەزییەوە، بە دڵخۆشی کەوتەوە ڕێ و سەرلەنوێ دووبارەی کردەوە:
- "گیا شینە."
پڵنگ سزاکەی قبووڵ کرد، وەلێ پێش ئەوە لە شێری پرسی:
- "خاوەنشکۆ، بۆچی سزای منتان دا؟ ئێ خۆ گیا سەوزە!"
شێر وەڵامی دایەوە:
- "بەڕاستی وایە. گیا سەوزە"
ئەوجا پڵنگ لێی پرسی:
- "ئەی کەوابێ بۆچی سزای من دەدەن؟"
شێر وەڵامی دایەوە:
- "ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بەو پرسیارەوە نییە کە داخۆ گیا شین یان سەوز بێت.
سزادانی تۆ بەو هۆیەوەیە، کە ناشێت تۆ وەک گیاندارێکی دلێر و ژیر کاتی خۆت لەگەڵ کەردا بەفیڕۆ بدەیت و هاوکات لە منیش هەراسان هەڵبگریت."
{پەندی گەرەکی وەرگرتن لەم فابلە (چیرۆکەی ئاژەڵان) بریتییە لە:
نالەبارترین بەفیڕۆدانی کات ئەوەیە کە مرۆڤ لەتەک قەشمەر و دەمارگیردا بکەوێتە دانوستاندن، واتا لەتەک کەسێکدا کە گرنگی بە ڕاستی یان بە کەتوار نادات، بەڵکو تەنیا سەرخستنی تێڕوانین و وەهمەکانی خۆی لا مەبەستە.
هەر ئەرگومێنتێک واتایەک نەخاتەوە، هەرگیز کاتی خۆتی پێوە بەفیڕۆ مەدە.
مرۆڤانی ئەوتۆ هەن کە هەرچۆنێک بەڵگە و سەلماندن بخەینە بەردەمیان، ئەوان لێیان تێناگەن، هەروەها مرۆڤانی دیکەش هەن، کە ئێگۆ (من) و کین و ڕێسەنتیمۆ (کینهەڵگرتن لە جیهان بەهۆی ژانی ناخی خۆوە) بەشەوارەیان خستوون؛ ئەمانە تەنیا دەیانەوێت خۆیان هەردەم لەسەر هەق بن جا گەر تەنانەت ناڕەواش بن.
گەر گەلۆری بشیڕێنێت، ئینتەلیگێنس بێدەنگ دەبێت. ئاسایش و ئارامیی خۆت زۆر پڕبەهاترن.}
                                                          ***
لە فەیسبوک وەرگیراوە، سەرچاوە:
NEOFiT

تێبینیی وەرگێڕ:

هەوڵی دانوستاندن لەتەک سەلەفی و ئیخوانیدا هیچی دیکە نییە جگە لە بەفیڕۆدانی کات و خۆفریودان. ئەوجا لەبەر ئەوەی جیهانەکە ئازاد نییە و ئەوانیش دێنە نێو ژیانمانەوە، ئەوا تەنیا یەک ڕێگەی بەرەنگاری هەیە: دەبێت لێیان بدرێت – بە هەر دەستوێژێک!! گەر پڵنگ لەو کاتەدا کە کەر گۆتی "گیا شینە"، قەپێکی لێ بگرتایە، ئەوها نەدەبوو بە پەنگ!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە