مەلی قاچ و قول درێژی پۆپڕە زەرد!
Wednesday, 26/10/2022, 0:52
ساتێ بۆناو جیهانی منداڵان
شۆخان دەگەڵ باب و دایکی دەچێت بۆ سەفەر. سەفەرێکی زۆر زۆر دوور بۆ دوڕگەیەک لە دووڕگە وردو درشته زۆرەکانی ناو دەریای یونان.
ڕۆژێک لە ڕۆژانی ناو گەشت و سەیرانی کەنار دەریادا کاتێ که دایک و بابی دەناودەریا دا بە تریقە و پێکەنین و گەمە کردنەوە شەڕە ئاو دەکەن شۆخانیش بە بەرچاو و لە ژێر سەرنجی باوک ودایک داو لە کەنار دەریا و دەناو خیزو لمەکەی تەنیشت چەترەکەیان دا ماڵوچکەیەک بە قوڕو خیزو لمەکەی کەنار ئاوەکە دروست دەکات و پێوەی سەرقاڵ دەبێت.
کت و پڕ مەلێکی لینگ درێژی پۆپڕە زەردی سینگ و مل وپەڕوباڵ ڕەنگین لە ئاسمانی سەر دەریاوە دادەبەزێت و لە تەنیشت شۆخان دەنیشێت..
شۆخان هیچ خۆی سڵ ناکات و بێ هەست و خوست تێی ڕادەمێنێت هەردووکیان سەرنجی یەکتردەدەن. هەروەک ئەوەی ئەو مەلەڕەنگینە شۆخان بناسێت و هاوڕێی بێت و لێی ون بوبێت و لەکەنار دەریا دا بیدۆزیبێتەوە!
مەلە قاچ و قول درێژە پۆپڕە زەردە پەڕو باڵ ڕەنگینەکە زۆرترو زۆرتر لە شۆخان نزیک دەبێتەوە و شۆخانیش بە بزەو هەست و سەرنج و خۆشەویستیەوە دەست و پەنجە ناسکەکانی بە ئەسپایی وئارامی بە سەرو پشتی مەلەکە دادێنێت و هەست و خۆشەویستیان تێکەڵاوی یەکتر دەکەن و مەلە جوانەکەش سەروملی نەرم و توکنی خۆی لە دەست و شانی شۆخان دەخشێنێت و هەست بە ئارامی و هاوڕێیە تیەکی گەرم و گوڕ دەکات.
دایک و بابی شۆخان دەناو ئاوەکە دا کاتێ سەرنجی شۆخان دەدەن و دەبینن مەلێکی گەورە میوانی شۆخانە و شۆخانیش هەروا دەستی بە پشت دادێنێت زۆر شاد و دڵخۆش دەبن و لەدیتنی ئەم دیمەنە جوانە ئارام و هێدی دەست بەرداری مەلەو شەڕە ئاو و گەمەی خۆیان دەبن و لە ناو دەریا دێنە دەرەوە و لە شۆخان نزیک دەبنەوە .
مەلی قاچ و قول درێژی پۆپڕە زەرد هەست بە ترس و نامۆیی دەکات و لە شەقەی باڵ دەدات و بەسەر دەریادا دەفڕێت و لە نیگای چاوی شۆخان ون دەبێت.
شۆخان کوڵی گریانی هەڵدەستێت و لە قوڵپی گریان دەدات و دەڵێت: خەتای ئێوە بوو وبۆچی هاتنە دەرەوە و هاوڕێی منتان ترساند و فڕی و ڕۆیشت؟
هەستن بڕۆن بچنەوە ناو دەریا بەڵکوو دووبارە بەسەر دەریادا بێتەوە و لەلام بنیشێتەوە!
دایک و بابی شۆخان چونەوە ناو دەریا و هەتا تاریک داهات مەلەیان کرد بەڵام مەلی قاچ و قول درێژی پۆپڕەزەردی پەڕوباڵ ڕەنگین هەر بزرەو ناگەڕێتەوە.
شۆخان چاوەڕوان و دڵ بە غەم مایەوە و بە ناچاری و بە گریان و چاو بە فرمێسکەوە دەگەڵ دایک و بابی گەڕایەوە بۆ هوتێل.
شەو هەتا خەوی لێ کەوت چیرۆکی هاتن و جوانی و نیشتنی مەلە جوانەکەی بۆ دایک و بابی گێڕایەوە.
دایک و بابیش بەڵێنیان بە شۆخان دا لە هه رکوێی دنیا دا مەلی قاچ و قول درێژو پۆپڕەزەردو پەڕو باڵ ڕەنگین بفرۆشن بچن وبۆی بکڕن.
بەم شێوەشۆخان دڵی ئۆقرەی گرت و پاش گەڕانەوەیان لە سەفەرو گەشت و سەیرانی دووڕگەی یونان بڕۆن لە دنیا دا بگەڕێن مەلی قاچ و قول درێژ و پۆپڕە زەرد و پەڕو باڵ ڕەنگین بدۆزنەوە و بۆ شۆخانی بکڕن..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست