پەڕلەمان و کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، لەنێوان سەرکەوتن و فەشەلی حکومڕانی
Thursday, 13/10/2022, 22:57
لەبیرم دێت لەگەڵ ڕاگەیاندنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم و ناساندنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیرەکانی، بانگەشەی قەبە و ناساندنی کابینەکە وەک فریادڕەسی دەربازکردنی هەرێمی کوردستان لەکێشەو قەیرانە درووستکراوەکان درووشمی سەرەکی بوون، وەک ئەوە خۆیان وێنا دەکرد، کە پارتی و یەکێتی لەڕابردوو هیچ دەسەڵاتێکیان بەدەستەوە نەبوو بێت.
ئێستا کە نزیکەی چوار ساڵ بەسەر حکومڕانی ئەم کابینەیەدا تێپەڕیووە، لە هەر ڕوویەکەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت دیارە، کە هەموو بەڵێنەکانیان فشەڵ بوون، لەژێر هەژمون و دەسەڵاتی ئەم کابینەیەدا قەیرانە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستان قوڵتربوونەتەوە، کێشەی زیاتر ڕووی لە وڵاتکردووە.
ئەوە هەرباسی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ لە بەغدا ناکرێت، لەچ ئاستێکی خراپدایە، لەم کابینەیەدا بەشی هەرەزۆری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەرێم بەبنبەستگەیشتوون و دەرفەتی ڕێککەوتنی لەگەڵ بەغدا نەهێشتووەتەوە، کە چی بەهۆی هەڵپەی پارتی و یەکێتی بۆ دەستخستنی پۆست و پارە و بەرژەوەندیی حزبی و کەسی و پشتکردنە بەرژەوەندیی یەکانی خەڵکی کوردستان لەبەغدادخەریکە ملی یەکتر دەشکێن.
کابینەی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، لەئێستادا وەک هەوێنی هێنانە دی گۆڕانکارییەکی ترسناک بەئاراستەی پاشەکشەکردنی پڕۆسەی دیموکراسی و ئازادی لەهەرێمی کوردستان دەردەکەوێ، هەر بۆیە خەونی هەنگاونانی هەرێمی کوردستان بەڕووی دیموکراسی و ڕەخساندنی سەکۆیەکی ئازاد بەتەواوی لەلایەن ئەم کابینەیەوە لەباربراوە.
هەرچی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە درکیان بەو مەترسییە گەورەیە کردووە، کە ئەم کابینەیەی ئێستای هەرێمی کوردستان حکومەتێکی تەواو شێوە پۆلیسی و سەرکوتکارە بە سەر خەڵکەوە، بۆیە بەهیچ شێوەیەک سیمای حکومەتێکی مەدەنی و دیموکراسی پێوە دیار نیە و ناهێڵێت هیچ سەکۆیەکی ئازاد بۆ میدیا و ڕای گشتی بڕەخسێت تاکو لەئاست گەندەڵی و نا دادییەکانی ئەم حکومەتە دەنگ هەڵبڕن، یەکێکی دیکە لەکارە قێزەونەکانی ئەم کابینەیە، ئەو ڕەشبگیریەبووە بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان و خەڵکی مەدەنی کراوە و دادگاکانی هەرێم بەتەواوی بێ دەسەڵات و لاواز کراون و خراونەتە ژێر ڕکێڤی حزبی و بە ئاراستەی حزبی دەجوڵێن و توانای بڕیاردانی سەربەخۆیان نییە لەسەر دۆسییەکان.
سەرەڕای ئەو هەموو پێشێلکاری و خراپەکارییەی دەسەڵات بەرامبەر خەڵک و دەنگی ئازاد، لاوازکردن و بێکەڵک کردنی دامەزراوەی یاسادانان کە پەڕلەمانی کوردستانە لە ناو پڕۆسەی سیاسی و بەشێوەیەکی سیستماتیک، ترسناکترین و قێزەونترین سیناریۆی ئەم کابینە بووە، هەرئەمەش وایکردووە، کە خەڵکی کوردستان متمانەیان بەرامبەر بە پڕۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان لاواز بێت، ڕێژەی کەمی بەژداری خەڵکی کوردستانیش لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق، گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن، ئیتر نازانم پەڕلەمانی کوردستان چۆن لە ڕوویان هات ماوەی خولەکەی خۆیان درێژبکەنەوە.
لەم کابینەیەدا بەناوی ڕێکخستنەوەی باجەوە بارگرانییەکی یەکجار زۆریان بۆ خەڵکی درووستکردووە و بوونەتە چەتە بەسەر گیرفانی خەڵکەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی هەرێم لەئاستێکی زۆر خراپدان و لەم کابینەیەدا باج و قاچاخچێتی لە لایەن بەرپرسانی پارتی و یەکێتیەوە چەند هێندە زیادیکردووە.
لەڕووی ئەمنیشەوە ئەوەی کە دەبینرێت هەرێمی کوردستان لەپاشەکشەدایە و ئەمنیەت و ئاسایشی تاک لەمەترسیدایە، چالاکی سەربازی وڵاتانی تورکیا و ئێران زۆر زیادیانکردووە و بووەتە مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی، لەم کابینەیەدا حەڵەتەکانی کوشتن و تیرۆرکردن زۆر زیادیانکردووە، هەروەها ململانێی چەکداری لەناو حزبە خاوەن هێز و چەکدارەکان زیادیانکردووە و لە لێواری پێکدادانی چەکداریدان، هەر ئەمەش وایکردووە کە بەتەواوەتی خەونی درووستکردنی هێزی نیشتمانی لەگۆڕ بنرێت.
ئێستا لەهەر ڕوویەکەوە هەڵسەنگاندن بکەین بۆ ئەم کابینەیە بەڕوونی درک بەو ڕاستییە دەکەین، کە هیچ سێکتەر و دامەزراوەیەکی ئەم کابینەیە نابینیت بەرەو پێشچوونی بەخۆیەوە بینیبێت و هەموو سێکتەرەکان داڕماون، ئەمەش پێمان دەڵێت لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا حکومەتی هەرێم حکومەتێکی نابەرپرس و بێ چاودێری بووە و پەڕلەمانی کوردستان بەهیچ شێوەیەک بە ڕۆڵ و ئەرکێکی یاسایی خۆی هەڵنەساوە و بووەتە شوێنێک بۆ دامەزراندنی کۆمەڵێک مووچە خۆر.
بۆیە بە درێژکردنەوەی ماوەیی پەڕلەمانی کوردستان، دەستەی سەرۆکایەتی پەڕلەمان و ئەو ئەندامانەی کە دەنگیان بە درێژکردنەوەکەداوە، گەورەترین خیانەت و سوکایەتیان بەرامبەر متمانەی خەڵک و دەنگدەرەکانیان کردووە و لەدوای 6ی 11ی ئەمساڵەوە، پەڕلەمانی کوردستان دەبێتە شوێنی شەرعیەتدان بە گەندەڵی و شکستی حکومڕانی ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستەی سەرۆکایەتی پەڕلەمان بەم هەنگاوە نا شەرعییەیان سەلماندیان، کە ئەوان کار بۆ ڕەخساندنی زەمینەی گەندەڵکاری لە ناو پڕۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوو دەکەن، ئەم هەنگاوە پەڕلەمان دژی پڕۆسەی دیموکراسییە و کۆی پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر پرسیاری جدییەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست