پوخته‌یه‌كی مێژوویی ده‌رباره‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ئایینه‌كان
Thursday, 13/10/2022, 22:10
یەکەم:
به‌بۆچوونی زانایانی ئه‌نسرۆپۆلۆجى، له‌سه‌ره‌تادا ژیانی مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه له‌بیركردنه‌وه‌و تێگه‌یشتندا بۆدیاردهكانی سروشت ساده‌و ساكاربووه، له‌وانه شه‌وو رۆژ، باران و بروسكه‌و هه‌وره‌گرمه‌و هاوشێوه‌كانى..تاد. ئه‌م دیاردانه‌ش له‌ده‌روونیدا بۆی ده‌بوونه مایه‌ی ترس و نیگه‌رانى, جاله‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤی سه‌ره‌تایی نه‌یتوانیوه ته‌فسیری ئه‌م دیاردانه بكات. ڕوانگه‌ی وابووه كههێزێكی له‌راده‌به‌ده‌ر زاڵه به‌سه‌ر ئه‌و دیاردانه‌و ژیانی ئه‌میشدا.
ئه‌م هێزه له‌راده‌به‌ده‌ره له‌لای هه‌ستپێنه‌كراو بووه، به‌مانایه‌كی دی هێزێك له‌و دیو سروشته‌وه، واته هێزێكی میتافیزیكی هه‌بووه. دواتر مرۆڤی سه‌ره‌تایی باوه‌ڕی به‌هه‌بوونی پێكهاته‌یه‌كی رۆحی بووه كه‌ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر دیارده سروشتیه‌كان و ژیانی مرۆڤه‌وه هه‌بێت. ئه‌م بۆچوونه له‌لای مرۆڤه پیشینه‌كان سه‌ره‌تای بیرۆكه‌ی ئایینه‌كان بووه, ئینگلیێزك (تایلۆر E.B.Taylor) شاره‌زا له‌زانستی ئه‌نسرۆپۆلۆجى، له‌و باره‌یه‌وه كتێبێكی له‌ساڵی 1871 نوسی به‌ناونیشانی (Primitive Culture, رۆشنبیری سه‌ره‌تایى) ئه‌م كتێبه به‌یه‌كێك له‌گرنگترین سه‌رچاوه‌كان بۆ مێژووی ئایینه‌كان داده‌نرێت.(1)
به‌باوه‌ڕی (تایلر): باوه‌ڕبوون به‌پێكهاته‌ی رۆحی له‌ئه‌نجامی ئه‌زموونی كۆمه‌ڵه مرۆڤێك له‌سه‌ر هه‌ندێك حاڵه‌تی وه‌ك مردن و نوستن و خهوبینینن هاته ئاراوه, ئه‌م ئه‌زموونانه باوه‌ڕی ئه‌وه‌ی له‌لا په‌یدا كردوون كهپێكهاته رۆحیهكه له‌له‌ش جیایه‌و ده‌توانێت به‌ته‌نها خۆی ژیانێكی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت، دواتریش مرۆڤی سه‌ره‌تایی هاته‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی كهتارمایی و خه‌یاڵه‌كان به‌راست بزانێت.
له‌راستیدا مرۆڤی سه‌ره‌تایی خوێندنه‌وه‌و نوسینی نه‌زانیوه‌و ئه‌وه‌ی که‌فێری بووه له‌رێگه‌ی تهڵقینهوه باو‌و باپیرانیه‌وه فێری بووه، به‌مه‌ش زانست و زانیارییه‌كانی باو‌و باپیران به‌هایه‌كی گه‌وره‌یان په‌یدا كردووه‌و پیاوه گه‌وره‌كانی گوند‌و هۆزه‌یش پارێزگاری‌یان له‌م زانیارییانه كردووه. ئه‌و كه‌سه‌شی كه‌له‌و باره‌یه‌وه زیاتری ده‌زانی ده‌بووه سه‌رۆكی هۆزه‌كه‌و ده‌بووه پزیشك و چاره‌سه‌ری ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی ده‌كرد كهپشتاو پشت بۆیان ماوه‌ته‌وه‌و فێریان بووه، به‌پێی ئه‌وه‌ی خۆی به‌راست ده‌زانی حوكمی دادپه‌روه‌رانه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌كرد كهلهنێوانیاندا ناكۆكی به‌رپا بوو.
بێگومان مردنی كه‌سێكی له‌م جۆره مردنی كه‌سێكی گه‌وره‌ی ئه‌و هۆزه ده‌گه‌یه‌نێت، به‌چه‌ندین ته‌قس و ئاكار هه‌وڵیان ده‌دا واتێبگه‌ن كهرۆحی ئه‌م كه‌سه هه‌تا ئێستاش له‌ناویاندا ده‌ژی و له‌گه‌ڵیاندایه‌و رێنیشانده‌ری چاكهیانه. به‌ره‌به‌ره ئه‌م رۆحه رۆشنبیری و فۆلكلۆر‌و شوێنێكی گه‌وره‌ی له‌ناو ئه‌و كۆمه‌ڵه مرۆڤه‌دا داگیركردووه‌و له‌ئه‌نجامدا ئاكارێك هاتۆته ئاراوه كه‌پێی ده‌گوترێت په‌رستنی رۆحی باو‌و باپیران Ancestor worship. جا ئه‌گه‌ر ئه‌م كۆمه‌ڵه مرۆڤه دوچاری خراپه‌یه‌ك یانهخۆشییهك هاتبن, واتێده‌گه‌یشتن كه‌یه‌كێك لهرۆحهكانی باو‌و باپیرانیان توڕه‌یه‌و پێویسته له‌رێی سه‌ماو قوربانی و دیاری به‌خشینه‌وه رازی بكه‌ن.
ئه‌م دیاری به‌خشین و قوربانیدانه یه‌كێكه لهگۆشهو لایه‌نه گرنگه‌كانی ئایین به‌و پێه‌یه‌ی كه‌ئایین له‌سه‌ر دوو ئه‌رك گۆشه‌گیر بووه, برواهێنان و كاركردن. كاركردنیش شوێنكه‌وته‌ی بڕواهێنانه، شێواز‌و دروشمی بڕواهێنانه. له‌و دروشمانه‌ش سه‌ماو سحرو قوربانیدان و پهرستگاكانه. هه‌تا ئێستاش هه‌ندێك له‌هۆزه‌كانی ئه‌مریكای خواروو بڕوایان به‌م بیرۆكه‌یه هه‌یه‌و كاری پێ ده‌كه‌ن..
رۆحی باو باپیرانیش به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی په‌یوه‌ندی به‌شوێنێكی دیاریكراوه‌وه هه‌بووه وه‌ك تاشهبهردێك یان دره‌ختێكی گه‌وره له‌ناوه‌راستی گونده‌كه‌دا. ئه‌مه‌ش به‌ردو دره‌ختی به‌ره‌و پیرۆزی برد‌و وایان ده‌زانی كههێزێكی رۆحیی له‌ناویاندا هه‌یه‌و كه‌وتنه په‌رستنی ئه‌وانیش. ورده ورده ئه‌م به‌ردو دره‌ختانه له‌و گوندانه‌دا بوه هێمای رۆحی یه‌كێك له‌باوو باپیرانیان و له‌مه‌وه بیرۆكه‌ی په‌رستنی بته‌كان سه‌ریهه‌ڵدا. بتیش له‌سه‌ره‌تادا له‌پارچه به‌ردێك یان له‌پارچه دره‌ختێكه‌وه ده‌ركه‌وتووه.
عبرانییه كۆنه‌كان ئه‌م جۆره بته‌یان له‌دره‌خت دروست و گه‌وره كرد‌و عه‌ره‌بی جاهلیش پیاده‌یان كرد. یه‌كێك له‌و دره‌ختانه به‌زمانی عیبرانی Rothem و به‌زمانی عه‌ره‌بی (رتم) ناسراوه.(2)
1. Encyclopaedia Britannica, 1994, “ History of Religion” Colson,A.B. and de Armellado,C., 1983,An Amerindian derivation for Latin American
دووه‌م:
ئه‌م دره‌ختانه چاودێری و خزمه‌تیان كراوه‌و وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ست و سۆزیان هه‌بێت خه‌ڵكی ئاهه‌نگیان بۆ گێراوه. دره‌ختێك هه‌بوو به‌نێوی (ذات انواط) دره‌ختێكی سه‌وزی گه‌وره بووه, نزیك شاری مه‌ككه, عه‌ره‌به‌كانی جاهلی ساڵی جارێك سه‌ردانیان دهكردو به‌گه‌وره‌یان دادهناو شمشێرو كه‌لوپه‌لی جه‌نگیان پێدا هه‌ڵده‌واسی و له‌ژێریدا قوربانیه‌كانیان سه‌رده‌بڕى.
جاله‌به‌رئه‌وه‌ی رۆحی باو‌و باپیران چه‌ند رۆحێك بوون، ئه‌م چه‌ند دانه‌یه به‌ره‌و چه‌ند خودایی و هاوهڵدانانیان بردن. هاوه‌ڵدانان به‌زمانی عه‌ره‌بی (الشرك)و به‌ئینگلیزی Poltheism و به‌یۆنانی Polys ناسراوه‌و به‌مانای فره‌خودایی دێت و به‌مانایه‌كی دیكه‌ش خواوه‌نده‌کان. به‌زمانی یۆنانی (Theos) هاتوه ئه‌م هاوه‌ڵدانانه له‌گه‌ڵ باوه‌ڕبوون به‌رۆح و جنۆكه Polydaem onism جیاوازی هه‌یه.
هه‌ندێك كۆمه‌ڵ و هۆز دیارده سروشتیه‌كانیان ده‌په‌رست به‌و وه‌همه‌ی كههێزێكی رۆحی تێدایه, خۆر‌و مانگ و هه‌ندێك لهئهستێرهكانیان كرده خوا. خۆر‌و مانگ یه‌كه‌م دیارده‌ی ئاسمانی بوون كه‌سه‌رنجی ئاده‌میزادیان بۆلای خۆیان راكێشاوه به‌تایبه‌تیش خۆر كه‌كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر زه‌وی و كشتوكاڵ و ژیانی مرۆڤایه‌تی به‌شێوه‌یه‌كی ره‌ها هه‌بووه. هه‌روه‌ها (مانگ)یش كه‌كاریگه‌ری له‌سه‌ر خودی مرۆڤ هه‌بووه‌و رێنیشانده‌ری شه‌وانی بووه، كاتێكیش مرۆڤ به‌ره‌و پێش چوو له‌هه‌ندێك كاری ئه‌ودیو سروشتدا زانیاری په‌یداكردو واهاته خه‌یاڵییه‌وه كههێزێكی نهبینراوو رۆح و هه‌ندێك شتی دیكه له‌پشته په‌رده‌وه هه‌ن به‌تایبه‌ت ئه‌و شتانه‌ی كهسیفهتی خودایی هه‌ڵده‌گرن، به‌م هۆیه‌وه له‌سیفه‌ته مادیه رووت و سروشته زانراوه‌كه چونه ده‌ره‌وه‌و شێوازێکی دیكه‌یان دایه هێزه‌كانی رۆح كه‌هه‌ستی پێنه‌كرێت به‌ڵكو له‌رێگه‌ی كار‌و كرده‌وه‌كانی ئه‌م گه‌ردوونه‌وه هه‌ستی پێبكرێت, به‌م هۆیه‌وه خۆر‌و مانگ و ئه‌ستێره‌یان په‌رست.
ده‌ڵێن خێڵێك له‌هۆزی (بنی تیمیم) له‌نیوه دورگه‌ی عه‌ره‌بدا (الدبران)یان ده‌په‌رست و هه‌ندێك هۆزیش له(لخم و خزاعه) (الشعرى)یان ده‌په‌رست ئه‌وه‌ش لهقورئاندا، (سوره‌تی النجم -49)دا هاتووه وَأَنَّهُ هُوَ رَبُّ الشِّعْرَى
كاتێك مرۆڤایه‌تی به‌ره‌وپێش چوو، بوونه جوتیار, ئاو‌و باران و رووباریش بوونه سه‌رچاوه‌ی هێزو نیعمه‌ته‌كانى ئه‌وان، پشتیان به‌لافاوی رووباره‌كان به‌ست. میسرییه كۆنه‌كان قوربانیان پێشكه‌ش به‌رووباری نیل كردوه، بۆ نمونه كچیان ده‌كرده قوربانی به‌ڵكو رووباری نیل لێیان رازی بێت و چاكه‌و نیعمه‌تیان بۆ زۆر بكات.. به‌م شێوه‌یه زۆرێك لهكۆمهڵهكانی دیكه ئه‌م رێگه‌یه‌یان گرتۆته‌به‌ر.
بیرۆكه‌ی به‌رهه‌مهێنانی چاكی زه‌وی كشتوكاڵیان به‌و دایكه‌وه به‌سته‌وه كه‌منداڵی زۆر به‌رهه‌م دێنێت. له‌مه‌شه‌وه بیرۆكه‌ی خوداوه‌ندی دایك Mother Goddess هاته ئاراوه. (نحاتون) ناوێك چه‌ند په‌یكه‌رێكی له‌وێنه‌ی ژنانی سكپڕو ڕووت تاشى. هه‌رله‌م جۆره په‌یكه‌ره له‌چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپاو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هیند دۆزراونه‌ته‌وه. خوداوه‌ندی دایكیش به‌چه‌ندین جۆر ناونراون ئینانا لهسۆمهرو عه‌شتار له‌بابل و عهننات له‌خاكی كه‌نعان له‌فه‌له‌ستین و ئیسیس لهمیسرو ئه‌فرۆدایتی له‌یۆنان.
ده‌وروبه‌ری (4000) ساڵ پێش زایین شارستانیه‌تێكی گه‌وره به‌ناوی میزۆپۆتامیا له‌ناوچه‌ی نێوان هه‌ردوو روبار ده‌ركه‌وت, نه‌ته‌وه‌یه‌ك دروستی كردبوو بهسۆمهرییهكان ناسرابوون و چه‌ند شارێكیش (ئور)و (كیش)و چه‌ند پهرستگایهكیشیان بۆ خوداوهندهكانیان دروست كردبوو.(2) له‌دوای ئه‌وانیش كلدانیه‌كان و ئه‌كه‌دییه‌كان هاتن و گه‌وره‌ترین شاریان به‌ناوی (بابل) دروست كرد كه‌به‌مانای (ده‌رگای ئیل) دێت و (ئیل)یش خواوه‌ندی سامییه دێرینه‌كان بوو. شاری بابل به‌شاری به‌هه‌شته هه‌ڵواسراوه‌كان به‌ناوبانگ بوو كهپاشا نه‌بوخوزنه‌سر بۆ ژنه‌كه‌ی دروستی كردبوو.
ئه‌م به‌هه‌شته ههڵواسراوانه به‌یه‌ك له‌حه‌وت سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی جیهان ده‌ژمێردرێت. كلدانییه‌كان پێیان وابووه كهخواوهند له‌ئاسماندا كۆشكی گه‌وره‌و باخچه‌ی زۆری هه‌یه, له‌به‌رئه‌وه له‌شێوه‌ی ئه‌وآ بابلیه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌خه‌یاڵیاندا وێنایان كردبوو ئه‌و به‌هه‌شته ههڵواسراوانهیان دروست كرد.
هه‌روه‌ها پێیان وابوو هه‌موو خواوه‌نده‌كان یه‌كیان گرتووه‌و توانیویانه به‌سه‌ر ئه‌و هێزه ئاژاوه‌یه‌دا زاڵ ببن كه‌به‌سه‌ر جیهاندا زاڵ بووه، له‌به‌ر ئه‌مه ساڵانه بۆماوه‌ی یانزه رۆژ ئاهه‌نگیان ده‌گێڕاو تێیدا پیاوانی ئایین چه‌ند دروشمێكی ئایینیان ده‌خوێنده‌وه, وه‌ك قه‌سیده درێژه‌كه‌ی (انیوما الیش) كه‌تێیدا سه‌ركه‌وتنی خواوه‌ندی به‌سه‌ر هێزی ئاژه‌وه‌دا شكۆدار كرد‌و چیرۆكی دروستبوونی گه‌ردوونی گێڕایه‌وه.
چیرۆكه‌كه به‌وه ده‌ستپێده‌كات كهخواوهندهكان خه‌ریكی دروستكردنی خۆیانن, گوایه هه‌موویان له‌ئاوێكی پیرۆز ده‌ركه‌وتون كهلهدێر زه‌مانه‌وه هه‌بووه‌و ئه‌و سێ خواوه‌نده‌ی له‌هه‌موویان گه‌وره‌تربوون ئه‌مانه بوون (ئهپسۆ Apsu) خودای ئاوی شیرین و به‌تام و ژنه‌كه‌ی (موممو-Mummu) خودای ئاژاوه. دواتر ئه‌و خواوه‌ندانه په‌ره‌یان سه‌ندو ههرخواوهندێك دوو خواوه‌ندی لێپهیدا بوو (لاهمو و لاهامن Lahmu and Lahamn) خودای ئاو‌و خودای زه‌وى, دواتر (انشر و كشر Ansher and Kisher) خودای ئاسمان و خودای ده‌ریا. دوای ئه‌وانیش خودای خۆر (ماردۆخ Marduk) كه‌دواتر به‌سه‌ر خودای (تیمات)دا سه‌ركه‌وت و هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی دروست كرد كه‌جیهان ئاسته‌نگ ده‌كات ئینجا مرۆڤیشی دروست كرد. (2)
واده‌رده‌كه‌وێت كهداستانی ماردۆخ كاریگه‌ری به‌سه‌ر خاكی كه‌نعان (فه‌له‌ستین)ه‌وه هه‌بووبێت، چونكه خواوهندێكیان بۆخۆیان دروستكردبوو ناوییاننابوو (بعلBaal) خودای گه‌رده‌لوول و به‌فه‌ڕ، هه‌روه‌ها خواوه‌ندێكی دیكه‌ش به‌ناوی (یام-Yam) خودای ده‌ریاكان، گه‌وره‌ترین خواوه‌ندیش (أل –EL).
له‌یه‌كێك له‌دانیشتنه‌كانی (أل)ی خواوه‌نددا (بعل)ی خواوه‌ندا له‌گه‌ڵ (یام)دا كه‌وتنه شه‌ڕه‌وه‌و هیچی وای نه‌مابوو یام بكوژرێت (اشیره) ژنی (أل)ی گه‌وره‌ترین خواوه‌ند ده‌خاله‌تی تێدا كرد‌و پێیوت: هیچ شههامهتێك له‌كوشتنی دیلدا نییه، به‌م قسه‌یه‌ش (بعل) له(یام) خۆش بوو، به‌م هۆیه‌وه (یام) خواوه‌ندی ده‌ریاكان باو‌و بۆرانی به‌رپا كرد‌و كهشتیهکانی پێ وێران ده‌كرد، له‌ولاشه‌وه (بعل) خواوه‌ندی گه‌رده‌لوول ره‌شه‌بای ده‌نارد تا زه‌وی ره‌ق و رووه‌ك وشك بكات.(3)
. Karen Armstrong, A History of God, 1993, Vintage, P. 12
2 . Karen Armstrong P 14
3 . Karen Armstrong p 17
سێیەم:
بۆئه‌وه‌ی مرۆڤی سه‌ره‌تایی له‌هه‌موو ئه‌و خواوه‌ندانه نزیك ببێته‌وه كهلهزهنیدا هه‌بوون، له‌خه‌یاڵیدا چه‌ند وێنایه‌كی كردن و له‌شێوه‌ی وێناكهدا بتی دروست كرد‌و وه‌ك هێمایه‌ك له‌سه‌ر زه‌وی داینان. به‌تێپه‌ربوونی كات مرۆڤ پێی وابوو ئه‌و بتانه هێزیان تێدایه، كه‌واته پێویسته قوربانی پێشكهشبكرێ تاكاری چاكه‌ی بۆبكات و زیان به‌دوژمنانی بگه‌یه‌نێت.
جائه‌گه‌ر پیاوێك له‌گه‌ڵ دراوسێكه‌یدا ده‌نگی هات ئه‌وه ده‌چووه لای بته خۆشه‌ویسته‌كه‌ی و نوێژی بۆ دهكردو لێی ده‌پاڕایه‌وه تا زیان بهدراوسێكهی بگه‌یه‌نێت. دراوسێكانیش وه‌ك ئه‌م بتیان هه‌بوو، له‌كاتێكدا كهدهپارایهوه كه زیان به‌دوژمنی بگه‌یه‌نێت له‌هه‌مان كاتیش‌دا هه‌ستی بهرارایی ده‌كرد له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و زیانه‌ی كه‌بتی دوژمنانی به‌خۆی و كه‌سوكاری ده‌گه‌یه‌نێت، له‌به‌رئه‌م هۆیه خه‌ڵكی بیریان له‌شتێك ده‌كرده‌وه كهلهبهرامبهر بتی دوژمنان‌دا بیانپارێزێت، بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ند په‌یكه‌رێكی بچوكی بته‌كانیان له‌گه‌ردنیان دهئالآند تا له‌و رۆحه شه‌ڕانیانه خۆیان بپارێزن كهلهریزی دوژمنان‌دا ده‌ژیان و ده‌جه‌نگان. ئه‌م په‌یكه‌ره بچووكانه بوونه ته‌وته‌م (الطوطمTotem) له‌م رێگه‌یه‌شه‌وه هه‌ندێك خه‌ڵك پێیان وابوو له‌م تهوتهمانه له‌توانایاندا هه‌یه ئامۆژگاری ترسێنه‌ریان له‌سه‌ر كه‌سانی دیكه هه‌بێت و وایان لێبكات موماره‌سه‌ی سحر بكه‌ن. هه‌ندێكیشیان وای بۆده‌چوون كهپهنابردن بۆ ئه‌م تهوتهمانهو به‌ناوهێنانی راستییانه‌ی هه‌ندێك رۆح ده‌توانن ده‌رگای دوارۆژ له‌خۆیان بكه‌نه‌وه‌و پێشبینی چاره‌نووسه شاراوه‌كه‌یان بكه‌ن.(1)
سه‌رباری ئه‌و په‌یكه‌رو تهوتهمانه مرۆڤه سه‌ره‌تاییه‌كان هه‌میشه له‌بیركردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م دروستكه‌ردا بوون و وایان بینیوه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی هێزو خوڵقاندنه، هه‌یمه‌نه‌تی به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا هه‌یه‌و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌ر چوار گۆشه‌ی گه‌ردووندا هه‌یه، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌مه‌ش پێویستی به‌یارمه‌تی هه‌یه تابتوانێت ژیان رێكبخات و خه‌ڵكی به‌گشتی بتوانن په‌یوه‌ندی به‌م خواوه‌نده گه‌وره‌یه‌وه بكه‌ن. وێنای ئه‌م مهخلوقهش به‌شێوه‌ی جیاواز له‌زهنی ئاده‌میزاددا دروست بوو. تێیاندا خواوه‌ندیان به(نێر)و تێشیاندا به(مێ)یان ده‌زانى.
گه‌شه‌سه‌ندنی ئایینه‌كان له‌گه‌ل گه‌شه‌سه‌ندنی مرۆڤه‌كان به‌رده‌وام بوو تا بیرۆكه‌یه‌ك ده‌ركه‌وت كهخواوهند ده‌توانێت په‌یامبه‌رێك بنێرێت كاری چاك و خراپ بۆ خه‌ڵكی شی بكاته‌وه‌و ئه‌م بیرۆكه‌یه به‌رده‌وام بوو تا په‌یامبه‌رێكی وه‌ك ئیبراهیم ده‌ركه‌وت.
ئینجیل ده‌ڵێت: ئیبراهیم (ابراهام) له‌شاری (أور)ی عێراق كۆچی كرد بۆ خاكی كه‌نعان (فه‌له‌ستین) له‌ده‌وروبه‌ری سه‌ده‌ی بیسته‌می پێش زایین، مێژوونوسانیش ده‌ڵێن كۆچه‌كه‌ی له‌ساڵی 1850 پێش زایین بووه‌و له‌شاری خه‌لیل نیشته‌جێبووه‌و به‌زمانی عیبری قسه‌ی كردووه. كاتێك كه‌خاكی كه‌نعان دووچاری برسێتی ده‌بێته‌وه ئیبراهیم و سارای ژنی بۆ خاكی میسر كۆچ ده‌كه‌ن و دواتر ده‌گه‌رینه‌وه كه‌نعان و له‌ناوچه‌ی Beith –el))(2) خێوه‌تیان ده‌خه‌ن.
ابراهیم له‌ته‌مه‌نی گه‌وره‌ییدا ئیسماعیلی ده‌بێت، كهمیسۆلۆجیا به‌باوكی عه‌ره‌بی داده‌نێت, له‌دایكێكی میسری به‌ناوی هاجه‌ر كه‌خزمه‌تكاری ژنه‌كه‌ی ئیبراهیم (سارا) بووه‌و منداڵی له‌مێرده‌كه‌ی نه‌بووه. به‌م هۆیه‌وه سارا هاجه‌ری پێشكه‌ش به‌ئیبراهیم كرد تا له‌گه‌ڵی جووت ببێت به‌ڵكو كوڕێكیان ببێت. دوای ئه‌وه‌ی هاجه‌ر ئیسماعیلی ده‌بێت ساراش دووگیان ده‌بێت و منداڵێكی ده‌بێت ناوی ده‌نێن ئیسحاق، ئیسحاقیش یه‌عقوبی ده‌بێت كه‌دواتر ناوی ده‌گۆڕێت بۆ ئیسرائیل.
نه‌وه‌كانی یه‌عقوبیش چه‌ندین هۆزو دواتر كوڕه‌زاو كچه‌زا دروست ده‌كه‌ن و موسای په‌یامبه‌ر له‌خاكی میسره‌وه به‌ره‌و خاكی كه‌نعان كۆچیان پێده‌كات. هه‌رچه‌نده ئیسرائیلیه‌كان چه‌ندین خواوه‌ندیان هه‌بووه‌و ده‌یانپه‌رستن, مو‌سا یه‌كه‌م كه‌س بووه بڵێت له‌لایه‌ن خواوه‌نده‌وه به‌ناوی (یه‌وی (Yahweh نامه‌ی له‌ئاسمانه‌وه بۆ هاتۆته خواره‌وه. له‌هه‌ندێك ریوایه‌تی دیكه‌دا ناوی ئه‌م خواوه‌نده گۆڕاوه بۆ (الوهیم Elohim). به‌ڵام دواتر په‌یمانیاندا به‌موسا كه‌ته‌نها (یهوى) بپه‌رستن. مو‌سا بانگه‌وازی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه جگه له‌ئیسرائیل بۆ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه هاتبآ, له‌به‌رئه‌مه مژده‌ی به‌ئاینێكی نوی نه‌داوه, زۆر به‌كه‌می نه‌بێت له‌ده‌ره‌وه‌ی به‌نی ئیسرائیلیش بڵاونه‌بووه‌ته‌وه.
له‌دوای تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی هه‌زارو پێنج سه‌دو حه‌فتا ساڵ عیسای كوڕی مریه‌م له‌فه‌له‌ستین ده‌ركه‌وت و وتی من بۆ به‌نی ئیسرائیل نێردراوم.(3) مژده‌ی دا ئه‌م ئایینه‌ى هێناوه له‌کاتێکدا جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆی له‌گه‌ل یه‌هودییه‌تدا نییه، به‌ڵام دواتر به‌مه‌سیحییه‌ت ناسرا. عیسا بانگه‌وازی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه‌خه‌ڵكی یه‌ك خودا بپه‌رستن كهلهئاسماندایهو ناوی نا باوك (الاب)و جارجاریش پێی ده‌گوت (لورد –Lord) به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی یههودییهتهوه مه‌سیحیه‌ت نه‌ك ته‌نها بۆ گه‌لێكی دیاری كرا‌و به‌ڵكو بووه ئایینێكی جیهانی بۆ گشت خه‌ڵكى. به‌هۆی تهبشیرییهكانهوه مه‌سیحیه‌ت بڵاوبوه‌وه‌و گه‌یشته خاكه‌كانی دراوسێ هه‌ر له‌نیوه‌دورگه‌ی عه‌ره‌به‌وه تا ئه‌وروپا به‌تایبه‌ت یۆنان و ئیمپراتۆریه‌تی رۆمانی دانیشتووی نیوه دورگه‌ی عه‌ره‌بى، وه‌ك هه‌ر خه‌ڵكێكی دى، په‌رستشیان هه‌بووه هه‌ر له‌په‌رستنی رۆحی باو‌و باپیرانه‌وه تا په‌رستنی ئه‌ستێره‌و هه‌ساره تا گه‌یشتۆته بته‌كان..!! هه‌تا هاتنی ئایینی ئیسلام کهتاكه ئایینێك بووه په‌یامبه‌ره‌كه‌ی له‌به‌نی ئیسرائل نه‌بووبێت.
لێره‌دا خوێنه‌ر تێبینی ئه‌وه ده‌كات كه‌هه‌موو ئایینه ئاسمانیه‌كان له‌نیوه دوورگه‌ی عه‌ره‌بیدا ده‌ركه‌وتوون، وڵاتانی وه‌ك هیندو چین و یابان و خوارووی رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا وه‌ك كۆریاو ڤێتنام و لاوس كۆبونه‌ته‌وه‌و پێكه‌وه ئه‌مڕۆ رێژه‌ی دانیشتوانیان زیاتر له‌نیوه‌ی دانیشتوانی جیهان ده‌بێت، واته نزیكه‌ی دوو ملیار‌و نیو كه‌س ده‌بن، هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكانه قه‌رزارو شوێنكه‌وته‌ی ئایینه‌كانی بوزی و هیندۆسین كه‌ئه‌م ئایینانه ئایینێكی زه‌مه‌نین و له‌ئاسمانه‌وه دانه‌به‌زیون, كۆی دانیشتوانی عه‌ره‌بیش له‌سه‌د ملیۆن كه‌س ئێپهڕ نابن، ئه‌گه‌ر به‌رێگه‌یه‌كی پێچه‌وانه‌وه ژماره‌ی دانیشتوانی جیهان بژمێرین ده‌توانین بڵێین پێش نزیكه‌ی (4000) چوار هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌گه‌ر كۆی دانیشتوانی دورگه‌ی عه‌ره‌ب یه‌ك ملیۆن كه‌س بوایه، ئه‌مه‌ش مه‌زه‌نده‌یه، كه‌واته كۆی دانیشتوانی هیندو چین و یابان ژماره‌یان له(250) دوو سه‌دو په‌نجا ملیۆن كه‌س نزیك ده‌بوه‌وه. ئه‌و پرسیاره‌شی لێره‌دا قووت ده‌بێته‌وه ئه‌وه‌یه: بۆچی خودا ئه‌و هه‌موو په‌یامبه‌ره‌ی بۆ یه‌ك ملیۆن كه‌س له‌ناوچه‌ی فه‌له‌ستین و دوورگه‌ی عه‌ره‌ب ناردووه له‌ولاشه‌وه دووسه‌دو په‌نجا ملیۆن كه‌سی دیكه‌ی پشتگوێ خستووه؟؟!! چونكه هیچ په‌یامبه‌رێكی ئاسمانی بۆ چین و هیندو یابان ده‌رنه‌كه‌وتوون.
پرسیاری دووهه‌م: ئایا دانیشتوانی نیوه دورگه‌ی عه‌ره‌ب له‌گه‌ل دانیشتوانی دیكه‌ی جیهاندا لهكهنارگیرییهكی ته‌واودا بوون و هیچ یه‌كێك لهئایینهكانی یه‌هودی و مه‌سیحییان نه‌ناسیوه‌و ته‌نها بتیان په‌رستووه؟؟. به‌دڵنیاییه‌وه عه‌ره‌ب له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌رده‌وامدا بووه به‌تایبه‌ت عه‌ره‌به‌كانی خوارووی نیوه دورگه له‌رێگه‌ی ده‌ریای سوره‌وه‌و عه‌ره‌به‌كانی باكووری نیوه دوورگه‌ش له‌رێگه‌ی ده‌ریای سپی ناوه‌راست و له‌رێگه‌ی ده‌ریای رهشیشهوه به‌ره‌و هه‌موو جیهان، به‌تایبه‌تی ئیمپراتۆریه‌تی رۆمانی كه‌چه‌ند به‌شێكی له‌دوورگه‌كه داگیركردبوو. به‌حوكمی ئه‌م تێكه‌ڵاوییه‌ی له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌دا عه‌ره‌ب مه‌سیحییه‌ت و یه‌هودیه‌تی ناسیوه‌و له‌ناو خۆشیاندا یه‌هودیه‌كانی شاری مه‌دینه‌و یههودهكانی خه‌یبه‌رو ژماره‌یه‌ك لهتهبشیریهكانی مه‌سیحی ژیاون
سليمان مظهر: قصة الديانات، مكتبة مدبولي، القاهرة 2002، ص 23
( سفر التكوين، الاصحاح 12، ألآية Genesis, Chapter 12:8
3 . سفر ماثيو، الاصحاح 15، ألآية24
(Mathew 15:24)
چوارەم:
ئایینه‌كان له‌لای عەرەب
نهسرانیهتی مه‌سیحی له‌پێش ئیسلامدا له‌لایه‌ن هه‌موو نیوه دوورگه‌ی عه‌ره‌به‌وه ناسراو بووه، لهباكورهوهو له‌ڕێگه‌ی شامه‌وه هاتونهتو ناو دوورگه‌كه‌وه كهئهکات له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆریه‌تی ڕۆمانیدا بوو په‌یڕه‌ویان له‌ئایینی مه‌سیحی ده‌كرد. ڕۆمانیهكانی ئه‌وكاته مه‌سیحی بوون. ئه‌گه‌ر چی عێراق له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی فارسهكاندا بوو به‌ڵام له‌شامه‌وه مه‌سیحیه‌ت گه‌یشته عیراق و بڵاوبوه‌وه. هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی ده‌ریای سوره‌وه مه‌سیحیه‌ت له‌ڕۆمان و حه‌به‌شه‌وه گه‌یشته یه‌مه‌نیش.
نه‌سرانیه‌ت له‌دوای شام و عێراق و یه‌مه‌نه‌وه چووه چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ش كهلهدهوروبهری نیوه دورگه‌ی عه‌ره‌ب وه‌ك ڕۆژئاوا‌و ڕۆژهه‌ڵات شێوه‌ی چوونه‌ناوه‌وه‌ی مه‌سیحیه‌ت بۆ ئه‌م شوێنانه ئاشكرایه ئه‌ویش ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌یه له‌ڕێگه‌ی كاروانه ووشكانی و ده‌ریاكانی ئه‌و وڵاتانه‌وه كهنهسرانیهتی تێدا بڵاوبوبوه‌وه. به‌هۆی په‌یوه‌ندی حیجاز بهفهلهستینهوه ڕێگه بۆ نه‌سرانیه‌ت خۆشكرا بگاته ئه‌و شوێنانه‌و ناوچه‌كانی دیكه‌ی شام. له‌به‌ر ئه‌وه سروشتی بوو كهنهسرانیهت بێت و بچێته ناو ئه‌م وڵاته‌وه، له‌كتێبی (اخبار الفتوح)دا ئاماژه به‌چه‌ند ناوێك له‌ئه‌میره عه‌ره‌به‌كانی ئه‌و كاته ده‌كات كه‌له‌سه‌ر ئه‌م ئایینه بوون و له‌باكوری حیجازدا حوكمی ئه‌و به‌شه‌یان ده‌كرد, په‌یامبه‌ریش له‌گه‌ڵیان رێكه‌وت له‌سه‌ر دانی سه‌رانه (جزیه)
له‌و ناودارانهش وه‌ك (دومة الجندل)و (ايلة)و (تيماء) لهمهدینهو مه‌ككه، له‌شاری تائفیش له‌سه‌ره‌تاكانی سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامدا كه‌سێك هه‌بوو له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی دی له‌ئه‌هلی كتێب (واته یه‌هوودی مه‌سیحى) بوونه موسڵمان.
ڕۆمه‌كان نه‌سرانی بوون. مێژوونووسان چه‌ند ناوێكیان بۆ تۆمار كردوین كه‌دانیشتوی مه‌ككه بوون و نه‌سرانی بوون. تێیاندا هه‌بوو بنه‌ماكانی ئایینی شی ده‌كرده‌وه‌و هیچ دوور نه‌بوو كه‌له‌ناویاندا چه‌ندین ته‌بشیری هه‌بووبن چونكه چه‌ندین ته‌بشیری به‌ته‌واوی دوورگه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕان و بانگه‌وازی خه‌ڵكیان بۆ نهسرانیهتی مه‌سیحی ده‌كرد. ئه‌مه‌ش حكومه‌تی ڕۆمی هاندا چه‌ند تهبشیرییهك بنێرێته ئه‌و ناوچانه به‌مه‌به‌ستی سیاسی دووره ئاوات و ڕاكێشانی خه‌ڵكه‌كه تا له‌دژی فارس جه‌نگیان پێبكات.
له‌قورئانیشدا چه‌ند ئایه‌تێك هه‌ن كه‌ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن له‌مه‌ككه‌دا نه‌سرانی هه‌بوون و قسه‌یان له‌سه‌ر كار‌و باره‌كانی ئایینی كردووه له‌وانه:
وَلَقَدْ نَعْلَمُ أَنَّهُمْ يَقُولُونَ إِنَّمَا يُعَلِّمُهُ بَشَرٌ لِّسَانُ الَّذِي يُلْحِدُونَ إِلَيْهِ أَعْجَمِيٌّ وَهَذَا لِسَانٌ عَرَبِيٌّ مُّبِينٌ. النحل 103
ئێمه به‌راستی ده‌زانین بێباوه‌ڕان ده‌ڵێن كه‌سێكی تر فێری ئه‌م شتانه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێن عه‌جه‌مییه, به‌ڵكو زمانێكی عه‌ره‌بیی پاراوو روونه.
وَقَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا إِنْ هَذَا إِلَّا إِفْكٌ افْتَرَاهُ وَأَعَانَهُ عَلَيْهِ قَوْمٌ آخَرُونَ فَقَدْ جَاؤُوا ظُلْمًا وَزُورًا . الفرقان4
ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان نه‌هێنا وتیان: ئه‌م قورئانه درۆیه‌ك نه‌بێت كه‌موحه‌ممه‌د دایڕشتووه هییچیكه نییه‌و كه‌سانی دیكه‌ش یارمه‌تیان داوه, ئه‌وانه بوختانێكی گه‌وره‌و قسه‌یه‌كی ناره‌وایان هێناوه.
وَقَالُوا أَسَاطِيرُ الْأَوَّلِينَ اكْتَتَبَهَا فَهِيَ تُمْلَى عَلَيْهِ بُكْرَةً وَأَصِيلًا. الفرقان 5
هه‌روه‌ها وتویانه ئه‌م قورئانه داستانی پێشینهكانهو نوسیونییهتهوهو به‌یانیان و
ئێواران به‌سه‌ریدا ده‌یخوێننه‌وه
پێنجه‌م:
وه‌ك قورئان تێمانده‌گه‌یه‌نێت، یه‌كێك له‌و نه‌سرانیه مه‌سیحیانه، كه‌زمانی عه‌ره‌بی نه‌زانیوه‌و بهئهعجهمی قسه‌ی ده‌كرد. ڕاڤه‌كان به‌چه‌ندین شێوه‌ی جیاواز ناویان هێناوه، (ابن هشام) لهشهرحهكهیدا ده‌ڵێت: په‌یامبه‌ری خوا، وه‌ك پێشتر زۆر باسمان كرد له‌نێوان مه‌روه‌و موبیعهدا له‌گه‌ڵ لاوێكدا داده‌نیشت كه‌پێیان ده‌گوت (جبر) ئه‌م جه‌بره كۆیله‌ی به‌نی حه‌زره‌می بوو، هه‌بوو ده‌یانگوت: (سوێند به‌خودا موحه‌ممه‌د له‌چاو جه‌بردا زۆر نازانێت ئه‌و جهبرهی كهغولامێكه له‌به‌نی حه‌زره‌می). (تاريخ العرب قبل الاسلام، د/ جواد علي/ مطبوعات المجمع العلمي العراقي- بغداد- المجلد الرابع، ص 200)
هه‌روه‌ها یه‌هودییه‌تیش له‌نیوه دورگه‌دا ناسرا بوو ته‌نانه‌ت له‌پێش ساڵی زاینیشه‌وه. ئه‌وه‌ش زۆر ڕاسته كه‌پێش ئه‌وه‌ی یه‌هودی و نه‌صرانی بێنه دوورگه‌كه، عه‌ره‌بی بێباوه‌ڕ له‌ناوچه‌که‌دا هه‌بوون بتیان ده‌په‌رست. له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌یان به‌رده‌وام بوون تادهركهوتنی ئیسلام، به‌ڵام به‌شی هه‌ره زۆری عه‌ره‌بی جاهلی بیرۆكه‌ی یه‌كانه‌یی خوا‌و ته‌نیای خوا‌و خواوه‌ندی ئاسمانیان له‌لا هه‌بووه. هه‌ندێك پێیانوابووه كه‌عه‌ره‌بی جاهلی یهكڕابوون له‌سه‌ر هه‌بوونی یه‌ك خودای باڵا كه‌ئه‌ویش ئه‌ڵڵایه. ئه‌مه‌ش لهقورئاندا باس كراوه
وَلَئِن سَأَلْتَهُم مَّنْ خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ لَيَقُولُنَّ اللَّهُ. الزمر 38
گه‌ر پرسیاریان لێبکه‌یت کێ زه‌وی و ئاسمانه‌کانی دروست کردووه، ده‌ڵێن خوا.
هه‌روه‌ها كاتێكیش (ابو طالب) مرد په‌یامبه‌ر چووه تائف و سكاڵای كه‌سێكی سه‌قیفی گه‌یانده سێ براو پێیوتن: (من په‌یامبه‌ری خوام بۆ ئێوه یه‌كێكیان پێیوت: سوێند به‌خودا هه‌تا هه‌تایه یه‌ك ووشه قسه‌ت له‌گه‌ڵ ناكه‌م، ئه‌گه‌ر تۆ په‌یامبه‌ری خودا بیت وه‌ك خۆت ده‌یڵێت كه‌واته تۆ خه‌ته‌رترین كه‌سیت گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت قسه‌ت له‌گه‌ڵدا بكات، ئه‌گه‌ر درۆش به‌سه‌ر خواوه بكه‌یت ئه‌وه پێویست ناكات قسه‌ت له‌گه‌ڵ بكه‌م) (تاريخ الطبري، المجلد الاول ص 554) ئه‌م قسه‌یه بێ گوومان قسه‌ی كه‌سێكه خودا (الله) ده‌ناسێ و به‌گه‌وره‌ی ده‌زانێت.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بڕوایان به‌خودا هه‌بوو، خودایه‌كی تاكو ته‌نیا، كوڕه‌كانیان ناو ده‌نا عه‌بدوڵڵا، عوبه‌یدوالله له‌م شێوه ناوانه. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شوێنی خودا لهئاسماندایهو په‌یوه‌ندیكردن پێوه‌ی به‌بێ ناوه‌ندێك تا بڵێی زه‌حمه‌ته, هاتن وه‌ك ناوه‌ندێكی خودایی بتیان په‌رست، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی سه‌ره‌تاییه‌كان و میلله‌ته كۆنه‌كان وابووه مرۆڤ ناتوانێت گوێی له‌ده‌نگی خودایه‌تی بێت و به‌بێ ناوه‌ندێك یان حه‌كیمێك كهپلهو پایه‌ی له‌ئاستێكی باڵادا بێ و هێزێكی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری هه‌بێت كه‌وا خه‌ڵكانی دیكه نه‌یانبێت، به‌بێ ئه‌م ناوه‌نده كه‌س ناتوانێت سكاڵای خۆی بگه‌یه‌نێته خودا چونكه ئه‌وانه شه‌فاعه‌ت كه‌رن و له‌لای خودا پله‌و پایه‌یان هه‌یه كه‌كه‌سی دیكه نیه‌تی و به‌پشتی ئه‌وانه‌وه ده‌توانرێت په‌یوه‌ندی بهخوداوهندهوه گرێ بدرێت. ئه‌مانه ته‌نها ناوه‌ندێكن له‌نێوان كه‌سانی ئاسایی و هێزو هه‌یمه‌نه‌تی خوا.
پێویست ناكات ئه‌م بۆ چوونهمان دوور بخه‌ینه‌وه چونكه ته‌نها به‌تێڕوانینێكی كورت بۆ هه‌ر وڵاتێكی عه‌ره‌بی ئیسلام له‌وه دڵنیا ده‌بینه‌وه كه‌عه‌ره‌ب هه‌تا ئێستاش بڕوایان بهناوهندێك هه‌یه كهپاڕانهوهیان بگه‌یه‌نێته خوا..! ته‌نها بهزیارهتێك بۆ مه‌رقه‌دی (السيدة زينب) له‌قاهیره، یان گۆڕی (حسين) له‌كه‌ربه‌لا ئه‌م ڕاستیه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێت ئه‌گه‌ر چی زیاتر لهههزارو چوار سه‌د ساڵ له‌هاتنی ئیسلامه‌وه به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕیوه.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست