کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چۆن كارەساتی ڕوداوەكانی هاتو چۆ كەمدەكرێنەوە؟

Thursday, 13/10/2022, 21:59


ماوەیەكە مشتو مڕو قسەی زۆر دەكرێت لەسەر دانانی كامیراكانی چاودێری بۆ سەرپێچی شۆفێران گوایە بۆ كەمكردنەوەو ڕێگری لە ڕوداوەكانی هاتو چۆ.   حكومەت بڕیاریداوە كامیڕای چاودێری پۆینت تو پۆینت  لەسەر شەقامەكان دانێت. ئەم سیستەمی كامیرأی چاودێریە سیستەمێكی زۆر پێشكەوتوەو لە وڵاتانی پێشكەوتوی دنیاش زۆر بەكار نەهێنراوە . بەرپرسانی حكومەت بۆچونیان وایە بە دانانی ئەم كامیڕانە  كارەساتی ڕوداوەكانی هاتوچۆ زۆر كەم دەبنەوە .
 هاوڵاتیانیش پێیان وایە ئەمە تەنها بۆ بەتاڵ كردنەوەی گیرفانكانیانە . ئەگەر داهاتی سزای كامیڕانە بۆ باشكردن وچاككردنی شەقامەكان خەرج بكرێتەوە ، ئەوە كارێكی باشە.بەلام  هێشتا كامیراكان دانەنراون و هیچ جۆرە سزایەك وەرنەگیراوە ، وەكو باسدەكرێت چەندین سەیارەی مۆدێل بەرز بۆ بەرپرسانی حكومەت كڕاون لەسەر حسابی كۆمپانیاكە  . ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانیش لە سەر ئەوە هاتنە دەنگ و دانانی كامێڕای چاودێری بە چارەسەرێكی باش نازانن بۆ كەمكردنەوەی ڕوداوەكانی هاتوچۆو ئەوانیش پێیان وایە  پارەی سزای كامیڕأكان ناخرێتە خزمەتی گشتییەوەو دژی دانانی كامیڕأكان وەستانەوە . 
بەڵام حكومەت هەر سوورە لەسەر دانانی كامیڕاكان . بەلام با بزانین حكومەت كێیە لەم وڵاتە . حكومەت لەم وڵاتەی ئێمە نوێنەری خەڵك نییەونوێنە ری دوو حیزبی دوو بنەماڵةیە ، بۆیە هەموو بڕیارەكان دەبێ لە بەرژەوەندی ئەواندا بێت . لە ولاـانی پێشكەوتوی جیهاندا كامیڕای چاودێری هەیە لەسەر شەقامەكان بەلام ئەوە لە دستی حكومەت خۆیدایە نەك كەرتی تایبەت . كامیراكان بۆ سەلامەتی گیانی هاولاـیان دانراون نەك بۆ كۆكردنوەی پارە بۆ خۆیان چونكە دواجار داهاتی ئەو كامیڕانە هەر  بۆ چاككردنی ڕێگاو بانەكان خەرج دەكرێتەوە . بەڵام ئەو كامیڕأنەی  كە  بڕیارە دانرێن دراون بە 3 كۆمپانیا لە هەرسێ پارێزگاكانی هەرێم . بەو پێیەی كە زۆرینەی داهاتی ئەوكامیڕانە بۆ كۆمپانیاكانە گومانی تێدا نییە كە داهالتەكەی بۆ هەندێك بەرپرسی ناو ئەودوو حیزبەیە . بۆ زیاتر بەرچاوڕونی هاولاتیان بە بێ تەندەرو بە دزیەوە خۆیان داویانە بە كەسانی سەربە خۆیان .  هەندێك لە ئەندام پەرڵەمانان كە یەكێك لەوانە عەلی حەمە ساڵح بوو لەگەڵ زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان  دژی دانانی كامیڕاكانن .
 بەڵام  بەرپرسانی دوو حیزبی بنەماڵە سورن لەسەر دانانی كامیڕاكان . ئەگەر بەرپرسانی ئەم دو بنەماڵەیە پێیان وایە ئەو كارە بۆپاراستنی سەلامەتی هاوڵاتیانەو ئەمە لە ئەوەلیاتی چارەسەرەكانە بۆ كەم كردنەوەی ڕوداوەكانی هاتو چۆ ، ئەوەش زۆر دوورە لە ڕاستییەوەو زۆر كاریتر هەن كە زۆر گرنگتر و لە پێشترن كە دەبێ بكرێن بۆ كەم كردنەوەی  ڕوداوەكانی هاتو چۆ . 
ئەو چارەسەرو كارانەی كە لە وڵاتانی پێشكەوتوی جیهان كردویانن بە ئەوەلیاتی ئیشی خۆیان بۆ پاراستنی سەرو ماڵ و گیانی هاوڵاتیان ئەمانەن كە لە خوارەوە ئاماژەیان بۆ دەكم :
1-پیش هەموو شتێك دەبێ پانی و باشی ڕێگاوبانەكان  بگونجێن لە گەڵ ژمارەی ئەو ئوتومبێلانەی كە ڕۆژانە لەسەر شەقامەكان هاتوچۆ دەكەن . واتە ئەگەر ژمارەی ئوتومبێڵ زۆر بون دەبێ شەقامەكانیش باش و فراوان ڕێك و ثێك بن . چۆن ناكرێـت ئوتومبێلێكی شەخسی كە بە زەحمەت  جێگای 5 كەسی تێدا دەبێتەوە 10 كەسی تێكەی ، هەر بەو شێوەیەش ناكرێت  شەقامی باریك و ناڕێك و پڕ لە چاڵ و چۆڵ ڕۆژانە بەهەزاران سەیارە هاتوچۆی بەسەردا بكەن .  باشترین نمونە ڕیگأی سلێمانی كەلارە  كە بە ڕێگای مەرگ ناسراوەو ڕۆژنییە كارەساتی دڵتەزێنی  تێدا ڕونەدات. 
ئەو ڕێگایە مەرزێ پەروێزخانی لەسەرە ڕۆژانە بە ملیار دینار  داهاتی هەیە . باشە بۆچی ڕێگاكە چاك ناكەن ؟. بچن بە دوادا چون بكەن بۆ ئەوەی  بزانن چەند كۆمپانیای بەناو كەرتی تایبەت كە سەر بە برپرسانی حیزبن لەو مەرزەدا دانراون و پارەی موفت بۆخۆیان و ئاغاكانیان وەردەگرن . كەواتە دانانی كامیڕای چاودێریش  پارەكەی  هەر بۆ بەرپرسانی حیزبی دەبێـت نەك چاككردنی ڕێگاو بانەكان .  بۆیە ئەگەر حكومەت سەلامەتی هاوڵاـیانی بەلاوە گرنگە با هەنگاوی یەكەم ڕێگاو بانەكان  باش بكات .
2-لە وڵاتانی پێشكەوتوی جیهاندا ، ئەو وڵاتانەی بەرپرسەكانی لە خەمی خەڵكدان یاسای زۆر توندیان دەركردوە بەرامبەر بە شۆفێران كە لە كاتی سەرپێچی كردندا دەیگرنە بەر . یەك لەو یاسایانە ، لێسەندنەوەی  مۆڵەتی شۆفێرییە لە كاتی سەرپێچی كردندا . ئەمە بە یاسا ڕێك خراوە . واسیتەو واسیتەكاری نایخوات  لە كاتی سەرپێچی كردندا چونكە یاسا سەروەرە و مەسئول و كوڕە مەسئولیش وەكو كوڕە فەقیرو بێ كەسەكان سزاكەیان وەكو یەكە . بۆ نمونە تێپەڕاندنی ترافیك لایتی سوور ئەوە سزاكەی لێسەندنەوەی  مۆڵەتە . ئەگەر 20 كیلۆمەتر زیاتر لێخوڕێت  لەوەی كە ڕێگای پێدراوە  ئەوەش سزاكەی لێسەندنەوەی  مۆڵەتە. 
بە پێی سەر پێچیەكە سزاكە دیاریكراوە . بۆ نمونە جگە لە سزای مادی و زیندانی لە كاتی سەرپێچی كردندا لێ سەندنەوەی مۆڵەتی شۆفێری  بۆ 3 مانگ و 6 مانگو تا ساڵێك هەیە. كە ماوەكەی تەواو كرد ئۆتۆماتیكی مۆڵەتەكەی پێ دەدەنەوە بێ تاقیكردنەوە . بەڵام ئەگەر لێ سەندنەوەی مۆڵەتەكە لە ساڵێك زیاتر بوو دەبێ سەر لە نوێ بچێت لە نوسینەگەی فێر بونی شۆفێرییەوە دەست پێ بكاتەوە . ئەم سزایە گەورەترین  چارە سەرە بۆ ئەوەی وا لە شۆفێر بكات ئاگاداری خۆی بێت و خۆێ  بەدوور بگرێت لە ڕوداوی هاتو چۆو لە ئەنجامدا  كارەساتی  ڕوداوی هاتوچۆش كەم دەبێتەوە . 
ئەوە ماوەی 30 سالة جوت حیزبی بنەماڵە لە ڕێگای پەڕلەمانە كارتۆنیەكەیانەوە نەك یاسایەكی لەو جۆرەیان دەرنەكردوە بەڵكو هەر بیریشیان لێ نەكردۆتەوە . ئەگەر حكومەتی جوت حیزبی جوت بنەماڵة  لە خەمی خەڵكدان با یاسایەكی لەو شێوەیە دەركەن  نەك كامیرای چاودێری دانێن بۆ بەتال كردنەوەی گیرفانی خەڵك ودەوڵەمەند كردنی  خۆیان .
3- وڵاتە پێشكەوتوە دنیا جگە لەوەی ژماریەكی زۆرلە سەیارەی شەخسی بەكار دەهێنن و ڕێگاو بانی زۆر  تازەو باشیان دروست كردوە بۆ ئەوەی ڕوداوی هاتو چۆ كەم بكەنەوە،  هەموشارو شارۆچكەكانی وڵاتەكەی خۆیان بە  تۆڕێكی چرو پڕلە خەتی  قیتارو پاسی گەورەی تازەو مۆدێرن بە یەكەوە بەستۆتەوە . ئەمانە دەبنە هۆكار بۆ ئەوەی خەڵك سەیارەی شەخسی كەم بەكار بهێنێت.  لە كاتێكدا تۆ لەناو شارێك بژی و بەردەوام پاس و قیتار لەبەردەستدابێت  بۆ هاتوچۆ ، چ پێویست بەوە دەكات سەیارەت هەبیـێت . كە ژمارەی سیارەش لەسەر شەقامەكان كەمبۆوە  ، ڕوداویش كەم دەبێتەوە . لەو وڵاتانە بەدەگمەن ڕوداوی هاتو چۆ ڕو دەدات . 
كاتێك حكومەت هۆكارەكانی گشتی هاتوچۆی بۆ هەموان فەراهەم كردو دڵنیا بون لەوەی كە هەموان لە كاتی خۆیدا دەگەنە شوێنی  خۆیان ، ئەو كات حكومەت بەرنامە دادەنێت بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی سەیارەی شەخسی  لەم ڕیگایانەوە :  گرانكردنی نرخی بەنزین ، دانانی باجی زۆر لەسەر هاوردەكردنی سەیارە . گرانكردنی نرخی تەئمینی سەیارە ، گرانكردنی پاركینگی سەیارە . 
ئەمانە هەموو دەبنە هۆكار بۆ ئەوەی خەڵك واز لەوە بهێنێت  سەیارەی خۆی هەبێـت . چونكە حسابی دەكات  ئەگەر بە ڕێگای پاس و قیتارەوە هاتوچۆ بكات ، هەرزانتری بۆ دەكەوێت و خۆشی بەدوور دەبێـت لە ڕوداوی هاتوچۆ. حكومەتی هەرێم ئەگەر بیەوێـت بەڕأستی خزمەتی هاوڵاتیان بكات و بە تەنگ ژیان و سەلامەتیانەوبێت ، دەبێ هەرچی زوە هەوڵەكانی بخاتە كار بۆ دامەزراندنی تۆڕێكی بەرفروانی هاتو چۆ لە ڕێگای پاسی گەورەوە . 
سەرەتا تۆڕی هاتوچۆی ناو شارەكان دامەزرێنێـت بە شێوەیەك زوربەی گەڕەكەگەورەكان بگرێتەوە. دوای ئەوە ئەمە پەرە پێ بدەن و هەوڵ بدەن  شارو شەرۆچكەكان بە یەكەوە ببەستەنەوە . ئەوەش لە ڕێگای دامەزراندنی كۆمپانیای گەورەی گواستنەوەو دروستكردنی تەرمیناڵی گەورەو مۆدێرن لەناوشارەكدان .  دەكرێت ئەمە  بكرێت بە ڕێكەوتن لەگەڵ سەرمایدارانی گەورەی كەرتی تایبەت ڕێكەوتن بكەن  . وڵاتی ئێران شارەزایی باشیان هەیە لەو بوارەداو دەتوانن وەڤد بنێرن و زانیاری باش وەرگرن . 
ئەگەر حكومەت ئەمەی كرد ئەوكات دەتوانێت باجی زۆر بخاتە سەر سەیارە بە شێویەك هەموو كەسێك بە ئاسانی بۆ نەكڕێت .نرخی بەنزین بەرز بكاتەوە . حەقی پاراستنی ژینگە زیاد بكات . دەتوانێـت ناو شارە گورەكان بكات بە زونی جیاواز سیستەمی تاك و جوت پەیڕةو بكرێــت. پارەی پركرینگ زۆر زیاد بكات وڕاگرتنی سەیارە لەقەراغ شەقامەكان و ناو كۆڵانەكان قەدەغە بكات و بۆ ئەم سەرپێچیانەش سزای قورس دانێن.   ئەمانە هەمویان دەبنە هۆی كەمبونەوەی سەیارەی شەخسی و لە هەمان كاتیشدا كەمبونەوەی  ڕوداوەكان . 
4-دەرهێنانی مۆڵەتیشۆفێری قورس بكرێت و مامۆستای باش پەروەردە بكەن  بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی باش شۆفێران فێربكەن و بە ئاسانی مۆڵەتی شۆفێری نەدەن بە كەس چونكە ئەوە پەیوەندی بە ژیانی خەلكەوە هەیە . بەداخەوە  تا ئێستا مۆڵەتی شۆفێری  لە زونی دوو بنەماڵەدا جیاوازی هەیە . كەواتە ئەمە حالێ حكومەتەكەمان بێت ، دەبێ چاوەڕوانی چی لەمانە بكرێت بۆ پارێزگاری كردن لە ژیانی هاوڵاتیان .
 من خۆم سەرنجی زۆر شتم داوە  شتم داوە  كە زۆر نامۆیە لە بواری هاتوچۆدا . یەكەم : ئەو كەسەی دەكەوێتە ناو فولكەوە ئەوەلیاتی هەیە بۆ ڕۆیشتن و  دەبێ  ئەوانەی دەرەوە بۆ ی بوەستن . بەلام لێرە بە پێچەوانەیەووسەرنجم داوە ئەوانەی لەناو فولكەدان بۆ ئەوانەی دەرەوە دەوەستن . من نازانم ئەوە هەر وافێ كراون  یان هەڵە دەكەن . لە هەردوك حاڵەتدا ئەولێ تێنەگەیشتنە كارەسات بەدوای خۆیدا دێنێت .
 دووەم: یاسای لای ڕاست  لای چەپ لە كاتی ڵێخوڕینی سەیارەدا . ئەگەر كەوتیتە تەقاتوعێكی  وەكو زائید و نە ترافیك لایەت هەبو نە پۆلیس . ئەو كات بە پێی یاسای نێو دەوڵەتی دەبێ هەموو شۆفێرێك  قاعیدەی ڕأست و چەپ ڕەچاو بكات . ئەمەش واتای ئەوەیە ئەوەی دەكەوێتە دەستە ڕأستەوە بۆی هەیە پێش تۆ بڕوات . ئەمە بۆ هەموان وەكو یەكە . بەڵام سەرنجم شۆفێر داوە  كەم كەس گوێ بەم یاسایە دەدات . سێیەم :زوربەی شۆفێران بیر لەوە ناكەنەوە پێش ئەوەی پێچ بكەنەوە  بۆ هەر لایەك ئەو كەسە پێش وەخت حسابی خۆی بكات و ئەو سایدە بگرێت كە بەرەو ئەو شوێنە دەڕوات . ئەگەرئەوە ڕەچاو نەكات پێكدادان ڕودەدات لە كاتی گۆڕنی فیلەكان واتە سایدەكان .  
5-نەبونی هێمای هاتوچۆی یێویست چ بۆ ناو شاەكان و چ بۆ دەرەوەی شارەكان  زۆر جار كێشەی گەورە دروست دەكات بۆ هاوڵاتیان بە تایبەتی  ئەگەر خەلكانێك لە خواروی عێراقەوە یان شارەكانی تری هەرێمی كوردستانەوە  سەردان بكەن   توشی ڕوداوی نەخوازراو دەبن . كەواتە  بونی هێمای هاتو چۆ  هیچی كەمتر نییە لە دانانی كامیڕای هاتوچۆ . 
6- بە ڕاستی لەم هەرێمەی ئێمە نە هاوڵاتی  پیادە  حەقی خۆی دەزانێت و نە شۆفێرەكان . هاوڵاتی لە كوێوە ئارەزو بكات لە شەقام دەپەڕیـتەوە و شۆفێریش بۆ كەس ناوەستێت .  ئەمەش پێویستی بە یاسا و هوشیاركردنەوەی خەڵك هەیە ڵة ڕێگای  تەلەفزیۆن و میدیاكانەوە . دەبێ هوشیار كردنەوەی هاتو چۆ  لە قوتابخانەكانەوە دەست پێ بكات و وانەیەكی خوێندن، یان ڕۆژانە یان  هەفتانە چەندخولەكێك  بۆ هوشیار كردنەوەی قوتابیان دانرێت .
 من لە كاتی تواوبونی دەوامی قوتابخانەكان قوتابیانی پۆلی شەشی ئامادەیم دیوە بە پۆل بە ناوەڕاستی شەقامەكاندا دەڕۆن كە بەڕاستی ئەمە كارەساتە كە دەبینی لەبەر  زۆری ژمارە سەیارە شار خنكاوەو ڕێگاو بانەكان  بۆتە گەراج ، چونكە حكومەت ئەوەی بیری لێ دەكاتەوە ئەوەیە بەردەوام سەیارەی زۆر هاوردە بكرێت  بۆ ئەوەی باجی زۆر وەرگرن .   كەواتە  دەبێ ڕۆژانە چاوەڕوانی كارەساتی دڵتەزێن بكەین .
حكومەت دەبوو هەموو ئەوانەی لە سەرەوە  باسمكردون جێ بە جێی بكردنایە ئەو كات بیری لەوە بكردایەوە  كامیرای چاودێڕی  پۆینت تۆ پۆینت  دانێت تەنها بۆ بەتاڵ كردنەوەی گیرفانی خەڵك . بۆیە ئێستا خەڵك  تێگەیشتوە كە حكومەت ئەمە بۆ خاتری پارە دەكات نەك سەلامەتی خەڵك ، حكومەتەكەی جوت بنەماڵە ئەوەی بیری لێدەكاتەوە تەنها ئەوەیە ڕێگای تازە بدۆزنەوە بۆوەرگرتنی زۆرترین باج .  لەو كاتەوە كۆمپانیاكە  خەریكی دانانی كامیراكانە لەسەر ڕێگای تاسڵوجە دوكان . هەرچی كامیرایەك دانراوە لە لایەن هاوڵاتیانەوە  شكێنراوە . 
باچاوەڕوان بكەین ئەنجام بەچی دەگات وكام لایەنە دەبەزێت و كام لایەنە سەردەكەوێـت. هەمومان دەزانین هاوڵاتیان لەسەر حەقن و جوت حیزبیش لەسەر ناحەق . ئەوەی لە كۆتایی ئەم باسە دا ماوە باسی بكەم ئەوەیە كە دەڵێن: دیكتاتۆرەكان لە بێدەنگی خەڵكەوە  دروست دەبن . واتە كاتێك خەڵك لەسەر حەقی خۆی بێدەنگ دەبێت بەرامبەرەكەت  دەبێتە دیكتاتۆر و  بڕیاردەر بەسەرتەوە . بۆ ئەوەی  كەس نەبێتە دیكتاتۆر بەسەر تەوە ، هەرگیز دەست بەرداری مافەكانی خۆت مەبە . 
ئەو كاتەی كە گەراجی بەغدایان لە ناوچەی پیشەسازی سلێمانی گواستەوە بۆ تاسڵوجە  لەبەر خاتری هەندێك چاو چنۆك و بێ ئەوەی  گوێ بدەنە ئەو هەموو ماندوبون و زیانەی بەر هاوڵاتیان دەكەوێت   ئەگەر هەموو ئەو خاوەن تەكسیانەی لەو گەراجە كاریان دەكرد  تەنها بهاتنایە تەكسیەكانیان  لە دوڕیانی سەرچنار و بەردەمی پارێزگا ڕاگرتایەو  بچونایەوە ماڵەوە ، ئەو بڕیارە سەری نەدەگرت و پەشیمان دەبونەوە . ئەگەر جاران كەسێك لە سلێمانیەوە بە چوار هەزار دینار چۆبێتە چەمچەماڵ ، ئێستا دەبێ 9 هەزار دینار بدات . چونكە لەناو شارەوە بۆ تاسڵوجە دەبێ 5 هەزار دینار بدات .  ئێستا سەیركەن چۆن ئەم هەموو زیانانە بە هەموو ئەوانە دەگەیەنن كە ڕۆژانە  سەفەر دەكەن لەبەر چەند چاوچنۆكێك ، دانانی كامیراكانیش هەر بۆ ئەوەیە چەن چاو چنۆكێك دەوڵەمەند ببن .       

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە