سلێمانی شاری فرە حاكمی بێ خاوەن و پاشاگەردان
Thursday, 13/10/2022, 21:36
ئەو هەموو شكۆ و سەروەرییانەی سلێمانی لە مێژووی خۆیدا هەیەتی لەم ساڵانەی دواییدا لە هەوڵی تەوریسی سیاسی لەلایەك و لە ململانێی گردۆڵكەكان و وردە سەركردە فرە چەشنەكاندا كەوتووەتە بەردەم ڕەشەبا. ئەم شارە كە هەرجار خۆیان دەلێن "هەڵمەت و قوربانییە" لەپاش هەرای باڵی ڕیفۆرم و یەكێتییەوە لە 2006 نەك خێری نەدی و ئاهی بەبەردا نەهاتەوە، بەڵكە بەردەوامە لە پاشەكشە، جگە لەوەی چەندین ساڵیش لە ئاوەدانیدا لە هەولێر بەجێما، ئێستا خەریكە وەك شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەر ناوچەیەكی دەبێتە جێگە نفوزی یەكێك لە گرد و سەركردە بچووكەكان كە هەندێك لەوانەش پیرۆزی ئاینییان هەیە یان میدیا یان نفوزی ئەمنی، خەڵكە ئاساییەكەشی سەر دەرناكات هانا بۆ كێ ببات و ڕوو لە كێ بكات.
نوێترین داهێنانی سیاسی لە سلێمانیدا، بەكارهێنانی هێزەكانی كۆماندۆیە بۆ سەپاندنی یاسا! لە كاتێكدا ئەم هێزانە لەبنەڕەتدا خۆیان كێشەی شەرعیەت و یاسایان هەیەو بەشێكن لە هێزەكانی حەفتا كە لەگەڵ هاوتاكانیان لە هێزەكانی هەشتای پارتی لە هەولێر، بەپێوەرە یاساییە دروستەكان نزكترین لە میلیشیاوە تا ئەوەی پارێزەری یاسابن. باشە كە حكومەت و حیزب ئاسایش و دژە تیرۆر و هێزی پێشمەرگەی فەرمییان هەیە و بەڕواڵەت كەڤەری یاساییان بۆ دروستكردوون بۆ شاردنەوەی ناوەڕۆكە حیزبییەكەیان، چ مانای هەیە بۆ سەپاندنی یاساو بنەبڕكردنی دیاردەی زیادەرۆیی و سەرانە و قاچاخچێتی پەنا دەبرێتە بەر هێزێكی بەدەر لە یاسا!!
پاش تیپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێك بەسەر گفتەكانی هێوركردنەوە و ئارامكردنەوەی سلێمانی (8ی تەمووز)، تازە بەتازە سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان مژدەی سەردەمێكی نوێ لە ئارامی و ئۆقرەیی دەدات، لەكاتێكدا سەرچاوەكانی هێز و یاساشكێنی و ئەوەی جورئەت بكات بەرەنگاری یاسا ببێتەوە هەر لەژێر چەتری حیزبدایە و خۆ ئیشەڵڵا خەڵكی ئاسایی جورئەتی ئەوەیان لە بەڕەی خۆیان زیاتر پێ ڕاكێشن. لەماوەی ئەم ساڵەشدا ئەوانەی ساڵانێكی زۆر بریاربەدەست و خاوەن نفوزی ئەمنی بوون هیچیان تا ئێستا نەدراون بەدادگا!
جێگری سەرۆكی حكومەت لە دوا پەیامیدا سەركۆنەی سیستمی دادوەری دەكات، چونكە تۆمەتبارێكی بە كوشتنی كچەكانی ئازادكردووە، بەڵام ساڵانێكی زۆرە لیستێكی درێژ داواكراو و سزادراویش پارێزبەندی یاساییان هەیە بەبێ ئەوەی هیچ كەس رۆژێك خەمی خواردبێت كە بیانهێتە بەردەم یاسا. كاتێكیش كە دادوەر بەڵگەی پێویستی نەبووە بۆ بڕیاردان، ئەوە بەشێك لە خەتاكەی هی دەزگای لێكۆڵینەوەیە كە بەدەست حیزب و حكومەتەوەیە كە نەیتوانیوە بەڵگەی پێویست دەستبخات، یان بەمیكانیزمی هێندە كلاسیكی و كۆن كاردەكات كە ناتوانێت تاوان ئاشكرا بكات، یان بەشێك لە ئەفسەر و پلەدارەكانی هێشتا لەگەڵ لۆژیكی شەرەف پارێزیدان.
لە مەسەلەی ئاوەدانی و بێسەروبەرەیی خراپتر لەدەستدانی هەست بە ئارامی كردنە لە "پایتەختی رۆشنبیری كوردستان"، جگە لەوەی بەم دواییانە سەروەری ئازادی و بیروڕای جیای لەبەردەم سەركوت و گرتنی چالاكواناندا بووە بلقی سەرئاو، ئەگەر كەسێك دووچاری هەڕەشە یان پەلامار بوویەوە نازانێت پەنا بۆ كێ ببات، ئەی ئەوە نییە پاسەوانی پەرلەمانتار و هێزی چەكداری نایاسایی لە گەرمیان ڕووبەڕووی یەك بوونەوە، ئەی ئەبێت چالاكوان و رۆژنامەنووسی دەست و پێ سپی پەنا بۆ كێ ببات و كێ بیپارێزێت؟
ناڕەزایی و ترس و دڵەڕاوكێكانی سلێمانی ناكاتە ئەوەی هەولێر شامی شەریفە و ئێمە لەكاروانی ئازادی و دیموكراسییەتی تەوریس و حوكمڕانی یەك بنەماڵە دواكەوتووین كە ئێستا لەولا بازاڕی گەرمە، ئەوەتا لە سایەی ئەو بەهەشتەشدا بە كۆمەڵ وەزیرەكان لە چاوەڕوانی كوڕی سەرۆكدا ڕیز دەبەستن و كادری باڵای حیزبییش دەخرێتە تاریكایی زیندان لەسەر تەكەتولات، بەڵكە بریار بوو سلێمانی جیاواز بێت و شاری ئازادی و كرانەوە بێت لە كوردستان، ئەوەنەش بەسە لەسەر دۆخی ئەم شارە كە بزانین خەڵك لەسەردەمی سەرۆك تاڵەبانی كۆچكردوودا دەیتوانی هەر هیچ نەبێت رەخنە بگرێت و مانشێتەكانی هاوڵاتی و ئاوێنەی جاران شایەتی ئەم راستییەن، كەچی ئێستا لەسەردەمی باڵادەستی كوڕەكانیدا سەرباری ئەو هەموو كرانەوەی دنیا، خەڵك ناچارم دەست بە كڵاوی خۆیانەوە بگرن بۆ ئەوەی با نەیبات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست