ئەمریكا دەیەوێت دۆخی ئێراق قووڵتر بكاتەوە!
Sunday, 09/10/2022, 20:20
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەرێگەی شەڕ و هەڕەشە لەساڵانی نەوەدەكاندا لەزۆر شوێنی جیهان، باڵادەستی خۆی سەپاند و لەبواری سەربازی و سیاسی هێزی خۆی تۆكمەتر كرد. لەهەرێمی باڵكان بەشەڕ، و لەئەفغانستانیش بەشەڕ هەندێ ئەنجامی بەدەستخست. لەدوای ئەو پێشكەوتنانەی روویانداوە و لەم هەلومەرجەی شەڕی جیهانی سێیەمەدا ئیمكانی ئەوە نییە كە بتوانێت وەكو رابردوو بەكاریگەر بێت. لەبەر ئەوەش دەیەوێت رێگەیەكی نوێ تاقی بكاتەوە، ئەو هەنگاوەشی دەیەوێت لەرۆژهەڵاتی ناوین هەڵێنێت. لەبەر ئەوە لەئێستادا سەرقاڵە بەوەی كە رەوشی هەنۆكەیی عێراق زیاتر قووڵ بكاتەوەو هەرێمەكە بخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆیەوە. كاتێك توانی دەسەڵاتی رەهای سەپاند، ئەوا كاتە دەتوانێت لەپێشدا باشوری كوردستان و زۆرێكی لەهەرێمەكانی تری عێراقیش بەرێوە ببات.
لەئێستاشدا بەوەوە سەرقاڵە كە بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستانیش بخاتە ژێر رەكیفی خۆیەوە و هەوڵدەدات گەماروەكانی سەر بزوتنەوەی ئازادی توندتر و بەهێزتر بكات؛ بەڵام بۆچی دەیەوێت ئەمە بكات، بابەتێكە كە قاڵبوونەوەی زۆری پێویستە. كاتی خۆی بۆ رژێمی سەددام حۆسینیش هەر هەمان شتی كرد، دەبێت لەعێراقدا باڵادەستی خۆی بسەپێنێت. ئەگەر هەرێمەكە لەپەكەكە تەنگ نەكات و گەماروی زیاتر نەخاتە سەر، رەنگە پەكەكە كاریگەری بەسەر باشوری كوردستان دابنێت، هەر ئەمەش پێش بەو هەنگاوانەی ئەمریكا لەهەرێمەكە دەگرێت، بۆیەش ئەمریكا ئەمە بۆ خۆی بەمەترسی دەزانێت.
بۆیەش لەهەرێمەكە تەڕاتێنی دیبلۆماسی و ئیستخباراتی و سەربازی و ئەمنی و ئاسایشی چڕ كراوەتەوە. بەرپرسی ئیستخباراتی میتی تورك بەئاشكرا سەردانی میسر و سوریا و هەولێر دەكات و باڵۆێزەكەشیان بەدوایدا دەستی بەگەڕكردوە، تیرۆری شۆڕشگێڕان و ئەوانەی نزیكن لە هزر و فكر و رێكخستنەكانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان یا تیرۆر بكرێن، یا دەستگیر و گۆشاریان بخرێتە سەر، یا بەهەڕەشە و چاوسوركردنەوە لەریزەكانی تێكۆشان دووریان بخەنەوە. لەئێستاش دەیانەوێت ئەو هەنگاوەیان بەپشتیوانی ناتۆ و هەندێ هێزی بەكرێگیراوی هەرێمەكە و هەندێ كۆنەپارێزی ناوچەكە ئەو هەنگاوە نوێیەیان كردەیی بكەن، بەڵام ئامانجە سەرەكیەكانی پشت ئەم هەنگاوانە چین، ئەوە بابەتێكە كە قاڵبوونەوە و بیركردنەوەی زۆری دەوێت. یەكێك لەو ئامانجانەی دەیانەوێت لەم هەنگاوە مسۆگەر بكەن، زیاتر بەربەستكردنی پەلهاوێشتنەكانی ئێرانە بەرەو سوریا و لۆبنان و فەلەستین و عێراق و بەتایبەتی بێكاریگەر كردنی هەوڵەكانی ئێران لەعێراق و راستەوخۆ ئێراق بخەنەوە ژێر هەیمەنەی خۆیانەوە لەرووی سەربازی و سیاسی و ئەمنیەوە.
یا دووهەمین ئامانج لەم هەنگاوەی ئەمریكا، پێشگرتن بەهەوڵ و تێكۆشانی گەلان بۆ گەیشتن بەئازادی و دیموكراسی و مافە رەواكانیان. ئەمرۆكە هەر كەس باش دەزانێت گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین ئێدی وەكو رابردوو نایانەوێت بژین و دەیانەوێت لەژێر هەێمەنی داگیركەری و هەژەمۆنی سیستەمی مۆدیرنیتەی سەرمایەداری و كۆنەپارێزی دەوڵەت و هێزە ستاتۆپارێزەكانی ناوچەكە دەركەون، ئەمەش ئەو هەنگاوەیە كە زیاتر ئەمریكا و هێزە هەژەمۆنخوازەكانی نیگەران كردوە.
ئامانجی سێیەمیشیان بێكاریگەر كردن و بێچارەهێشتنەوەی پرسی كوردە و دەیانەوێت بەو هێرش و گەماروانەی بۆ سەر پەكەكە و بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان، برەو بەو هێڵە بەكرێگیراویی و سەركردە ساختەیە بدەن لەناو شەقامی كوردیدا. واتا دەیانەوێت ئەو كاریگەریەی ئەمڕۆكە بەهۆی فكر و فەلسەفەی رێبەر ئۆجالان زۆرینەی كوردی هەستاندۆتە سەر پێ و لەخەو رایچەڵەكاندوە بەربەست بكات. واتا بەو شێوەیەش ئەو پیلانگێڕییە نێونەتەوەیی لە پانزدەی شۆبانی 1999 لەكەسایەتی رێبەر ئۆجالان لەدژی كوردیان بەرێوە برد، بەئەنجام بگەینن.
ئامانجێكی تری قوڵكردنەوەی دۆخی ئێراقیش لەم كاتەدا لەلایەن ئەمریكاوە پەیوەستە بەو هەلومەرجە جیهانیەی كە سیستەم تووشی بووە. واتا قەیرانی سیستەمی جیهانی بابەتێكی ترە كە پەیوەستە بەم هەنگاوانەی ئەمریكاوە لەهەرێمەكە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست