کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نیشتیمان بۆ فرۆشتن!

Thursday, 06/10/2022, 22:15


وەتەن بەم خاکە پیرۆزە دەوترێت کە جێگای ژیانی مرۆڤەو فرۆشتنیشی بە واتای فرۆشتنی ژیانی خۆت دێت. نیشتیمان نە بۆ فرۆشتنە، نە جێگای مساوەمەیە، نە هەرزانفرۆش دەکرێت لەپێناو دەستکەوتی ماددیدا. نیشتیمان لە ئاستی شتە پیرۆزەکانە. ئەوانەی مامەڵە بەم بابەتەوە دەکەن و خاک و وڵاتیان بست بە بست و مەتر بە مەتر دابەش کردووەو تەنانەت ئەرزی کشتوکاڵی و دارستان و سەوزایی ژینگەشیان کرد بە ئەرزی تجاری و نیشتەجبوون و بە پارەیەکی زەبەلاح فرۆشتیان، کردیان بە شوێنی نیشتەجێبوونی عەڕەبە ئاوارەکان، ئەوانە بریتین لە سەرانی یەکێتی و پارتی. ئەوان کەسایەتی و ئیرادەو شەڕەفی خۆیشیان فرۆشتووە بۆیە ئاوا وڵاتیش دەفرۆشن. پێشتریش یەکێتی و بنەماڵەی ناپاکی تاڵەبانی تەواوی کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەرییان بە هێزە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی فرۆشت لە ٢٠١٧ . هەروەها پارتی و بنەماڵەی خائینی بارزانیش لە ٢٠١٤دا بە ڕێککەوتنێکی ژێربەژێر لەگەڵ داعش تەواوی شەنگال و ناوچە ئێزیدی نشینەکانیان بە داعش فرۆشت. 
یەکێتی و پارتی بە چەندین شێوازی جیاواز  خاکی کوردستان دەفرۆشن و  ئەوان بە شێکن لە بە عەڕەبکردنی کوردستان. چونکە هەر ئەوانن مۆڵەتی نیشتەجێبوون زۆر بە ئاسانی دەدەن بە خێزانە عەڕەبە پاشماوەکانی بەعس و داعش. ئەم کارەش بە پێدانی ڕشوە دەکەن و عەڕەبەکانیش مەبەستیانە کوردستان لەداهاتودا بکەن بە عەڕەبستان. 
ئەوەتا حاڵی حازر حکومەتی عێڕاق بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە هەر خێزانێکی عەڕەب خانو و مڵک لە کوردستان بکڕێت ئەوا پاداشتێکی ماددی بە بڕی پێنج ملیۆن دیناری عێڕاقی وەردەگرێت. 
یەکێتی و پارتی بە زەبری پارەیەکی زەبەلاح ڕازیکراون کە کارئاسانی بکەن بۆئەوەی بە تەدریجی لەلایەک ئینتیمای نەتەوەیی هاوڵاتیانی کورد کاڵ بکەنەوەو هەم لەلایەکیتر ڕێگەخۆشکەری بکەن بۆئەوەی زۆرترین خێزانی عەڕەب بێت بۆ کوردستان. ئەم پیلانەش لەلایەن حکومەتی عێڕاق و چەند حکومەتێکیتری عەڕەبییەوە جێبەجێ دەکرێت و لەداهاتوی ساڵی ٢٠٣٥دا نیوەی دانیشتوانی کوردستان لەنەتەوەی عەڕەب دەبن و بەشێکیش تورکومان دەبن و کوردیش کەمتر دەبێت لە نیوەی دانیشتوان. 
من خۆم کەسێکی نەتەوەییم، بەڵام قێزم لە راسیزم و نازیزم و هەموو ئەوانە دێتەوە کە مافی کەسانی دیکە دەخۆن و بەچاوی سووک سەیری مرۆڤەکان دەکەن. ئەوەیش لە بڕوایەکی مرۆڤانە و کوردانەمەوە هەڵقوڵاوە نەک بمەوێت پاساو پێنمەوە. 
لەم رۆژانەدا بەهۆی کێشەی کرێچێتی و گواستنەوەوە، گوێبیستی حیکایەتی دوو کەس بووم کە بەدەست نەبوونی خانووەوە گیریان خواردووە، نموونەی خەروارێکە لەو کێشانەی رووبەڕووی هاووڵاتیانی کوردستان بۆتەوە. دیارە کێشەی نیشتەجێبوون کێشەیەکی جیهانییە و تەنیا پەیوەست نییە بە کوردستانەوە بەڵام ئەمەش بەومانایە نایەت کە حکومەت کەمتەرخەمی بکات و پاساوی ناقۆڵا بهێنێتەوە. ئەمە دیوێکی دراوەکەیە، بەڵام بەدیوەکەی دیکەدا هاتنی بە لێشاوی عەرەبی عێراقی بۆ کوردستان بەناوی بازرگانی و مانەوە گرفتەکەی گەورەتر کردووە. ئێستا زۆر  خانوو و شوقە لە لایەن عەرەبەکانەوە کڕدراون و لەسەریشیان تاپۆکراوە و دەکرێت. هەندێکیان بە نرخێکی زۆر بەرز شوقەکانیان دەدەنەوە بەکڕی. بە گوێرەی قسەی دانیشتوانی ئەو گوندە نوێێانە، ئەگەر عەرەب زۆرینە نەبن ئەوا زۆری وایان فەرق نییە لەگەڵ رێژەی ئەو کوردانەی کە ئەو شوقانە دەکڕن. بێگومان ئەو عەرەبانەی لە کوردستان نیشتەجێ دەبن، منداڵەکانیان لە قوتابخانە نموونەیەکان دەخوێنن و هیچ گرنگییەک بە فێربوونی زمانی کوردی نادەن و کوردستان بە بەشێک لە خاکی عەرەب دەزانن. لەکاتێکدا لە وڵاتانی دیکە وانییە، ئەوانەی پەنا دەبەنەبەر وڵاتی دووەم ناچار دەبن خۆیان بگونجێنێن و فێری زمانی ئەو وڵاتە ببن، کار دەکەن، دەخوێنن و زمان فێر دەبن، ئاشنایەتی لەگەڵ فەرهەنگی ئەو وڵاتە نوێیە پەیدا دەکەن، دیارە لێرەدا من قسەم لەسەر زۆرینەی پەنابەرانە دەنا پەنابەری تەمبەڵ و کارنەکەریش زۆرن. پەنابەران ڕێگریان لێناکرێت و پەیوەندییەکی بەردەوامیان لەگەڵ وڵاتی دایک هەیە. بەڵام ئایا ئەو عەرەبانەی کە دێنە کوردستان وا دەکەن؟ لە وەڵامدا دەڵێم نەخێر.
بەگوێرەی زانیاریەکانی دائیرەی تاپۆ لە سلێمانی، هەر عەرەبێتک ناسنامەی عێراقی هەبێت دەتوانێت دوای وەرگرتنی پشتگیری ئاسایش، خانوو، دووکان یان هەر جۆرە موڵکێکی دیکە کە خۆی مەبەستی بێت بکرێت لە کوردستاندا. ئێستا لە مانگێکدا ١٠ تا ١٥ کەس پشتگیری بۆ دەکرێت، دیارە ئەمە تەنیا لە سلێمانی، دڵنیام ئەم رێژەیە لە هەولێر و دهۆک بەرزترە. واتە ساڵانە نزیکەی دووسەد ماڵی عەرەب لە سلێمانی نیشتەجێ دەبن، لە هەموو کوردستاندا رەنگە بگاتە هەزار ماڵ، ئەمە بێجگە لەو دەیان هەزار عەرەبەی کە بۆ گەشتوگوزار دێنە کوردستانەوە. ئەوەندی راگەیاندنی کورستان بەشان و باڵی ئەو گەشتیارانەدا هەڵدەدەن، یەک دەرسەدی باسی ئەو فەوازایە ناکەن کە خوڵقاندویانە. بەدەنگی بەرزقسەکردن، حسابنەکردن بۆ ژینگەی کوردستان و پیسکردنی بەشێوەیەکی نەشیاو کە رەنگە زۆرجار بە مەبەست ئەو کارەبکەن نەک لە نەزانییەوە، زۆربەی جاریش لە ناو سەیارەکانی خۆیان یانیش شوێنە گشتییەکاندا دەخەون و رەنگە لەگەڵ خۆیاندا شفتە و لەفەی فەلافلیش بێنن. پاشان ئەو بەشەشی کە شتکڕە چی دەکرێت و لەگەڵخۆیدا دەیباتەوە، کاڵای تورکی و ئێرانی! واتە ئەو دوو وڵاتە لە باری ئابوورییەوە سوودمەندی یەکەم دەبن. دیارە لێرەدا ناهەقیان نییە چونکە دەبێت ئێمە و ئەوانیش بپرسین کوا پرۆژە بەرهەمهێنەرەکانی حکومەتی کوردستان؟ ئاخۆ کوردستان شوێنی یەکلایکردنەوەی کاڵا بیانییەکانە؟ لەگەڵ ئەوەیشدا مانگ نییە گوێبیستی ئەوە نەبین کە فڵان قارداشی تورک ئەوەندە ملیۆن دۆلاری کوردی فڕان و فڵانە ئاغای ئێرانی بارزگانێکی کوردی هەڵخەڵەتاند.
لە هەمووی سەیرتر، گەشتکەرانی عەرەب لەناو ئەشکەوتەکەی جاسەندا کە دەکەوێتە دامێنی چیایی پیرەمەگروونەوە بە عەرەبی نووسیویانە "ئەم شاخە بۆ فرۆشتن"!
دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بەجددی هەڵوێستە لەسەر ئەم کێشانە بکات و هەوڵی چارەسەری بنەڕەتیان بۆ بدات! دەبێت کارێک بکرێت ئەو هەموو خوێندکارەی ساڵانە خوێندن تەواو دەکەن کەڵک لە تواناکانیان وەربگیرێت و نیشانی بدەن کە داهێنەرن و شتێک فێڕ بوون، دەنا ئاخۆ زانستگەکانی کوردستان ئیش و کاریان چییە؟
چاوخشاندنەوە بە مۆڵەتی خانووکڕین لە کوردستاندا لە لایەن بیانییەکانەوە، دەبێ بەگوێرەی یاسایەک ڕێکبخرێت کە بەرژەوەندی ئێستا و داهاتووی دووری کوردستان نەخاتە مەترسییەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە