لەپەنا دیواری ئەکادیمییەوە؛ سێرەگرتن لەتێکۆشانی ئازادیی
Thursday, 06/10/2022, 23:54
(گرفتە زیهنی- دەروونییەکانی د.بورهان یاسین)
وەڵامنامە
کوردستانپۆست:
نووسەری ئەم بابەتە وەڵامێکی دوور و درێژە داوەتەوە سەبارەت بەو کۆڕ و سیمینار و باس و نووسینانەی د. بورهان یاسین، کە وەک نووسەری ئەم بابەتە دەڵێت:
د. بورهان سەنگەری لە دژی گەریلایی تەڤگەری ئازادیی کوردستان لێداوە و بەردەوام هێرش دەکاتە سەریان.
لەبەر ئەوەی نووسینەکە لە توێێی 82 لاپەڕەدا بوو، بە باشمان زانی وەکو کتێبێک بیخەینە کتێبخانەی کوردستانپۆستەوە، لەو لینکەی خوارەوە دەتوانن بیخوێننەوە.
سەرەتاش وەک چوونە ناو باسەکە ئەو چەند دێڕەی خوارەوە وەک بەرکوڵێک چاولێبکە:
لەم ماوەیەدا و لەیادی قەڵەمبازی ١٥ی ئابی تێکۆشانی گەریلایی تەڤگەری ئازادیی کوردستان، د.بورهان یاسین لەنێو دوو کەوانەدا (توێژینەوە)یەکی بەناوی "بە لوبنانکردنی هەرێمی کوردستان" بڵاوکردۆتەوە. دیارە بڵاوکردنەوەی ئەو (توێژینەوە)یەی لەیادێکی وەهادا مسۆگەر بێ مەبەست نییە، د.بورهان پێشتریش لە ساڵانی رابردوودا لە ساڵوەگەڕەکانی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا زنجیرەیەک سیمینار لەسەر وازهێنانی رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دەوڵەتی سەربەخۆ رێکخستووە . کەواتە دەبێت لەبڵاوکردنەوەی وتار و سیمینار و توێژینەوەکانی لەسەر پەکەکە و رێبەر و بیرمەندی تێکۆشانی ئازادیی رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا، هیچیان رێکەوت نەبن. ئەوەشمان لەبیرە کاتێک کە پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکەی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ روویدا و لەمیانەیدا رێبەر ئۆجەلان رادەستی تورکیا کرایەوە، د. بوڕهان و چەند رۆشنبیرێکی تری باشوور بەیاننامەیەکی توندیان دژ بە پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان بڵاوکردەوە .
باشە دەبێت گرفتی د.بورهان یاسین چی بێت ئاوا زیاتر لە ٢٥ ساڵە بێوچان خەریکی سەنگەرگرتن و تیرهاوێشتنە لە تێکۆشانی ئازادیی پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان؟! ئەمە لەکاتێکدا مرۆڤی ئەکادیمی لەڕێگەی میتۆدی ئەکادیمییەوە دەبێت گرفتەکان شیبکاتەوە و هەڵسەنگاندنی بابەتیانەیان بۆ بکات، رێگە لەبەردەم چارەسەرکردنی گرفتەکان بکاتەوە، کە ئەمە لایەنی کەمی ئەرکی لەپێشینەی ئەکادیمیبوون و میتۆدی ئەکادیمییە. ئەی بۆ د.بورهان پەیوەست نییە بەم پرەنسیپە ئەخلاقی و زانستییەی ئەکادیمیبوونەوە؟! ئەمە پرسە بنچینەییەکەیە کە دەبێت بە وردی قسەی لەسەر بکرێت و بخرێتە ژێر پرسیارەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست