کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جیاوازی راپەرینی ئێستای ئێران لەگەڵ جارانی پێشوودا چیە؟

Monday, 26/09/2022, 13:23


لەسەرەتای دروست بوونی حكومەتی ئیسلامی، ئەوانەی دژی بوون پارت و ڕێكخراوی سیاسی و جەماوەرەكانیان بوون، لەپێشەنگیان مجاهیدی خەلك و پارتە كوردیەكان و بزوتنەوە نەتەوەییەكانی گەلانی ناو ئێران وەك عەرەب، بەلوچ، ئازەری و توركمان، ئەمجارە ماوەیەك چەپەكان، كە سەرەنجام حكومەتی ئیسلامی لەكاتی خومەینی دا توانی بەهۆی پالنەری هێزی مەزهەبی و ناسیونالیستی ئێرانی زاڵ بیت بەسەر هەموانا.
دوای تێكشكاندنی هێزە نەیارەكان بەكوشتن و زیندانی كردنی سەدان هەزاران لێیان، ئیتر ترس لەپارتی سیاسی نەما كە ببنە هەڕەشە بۆ سەر رژێم. بەڵام پاش نەمانی هەڕەشەی پارتە سیاسیەكان لە سەرویانەوە مجاهیدی خەڵك، لەناو دەرونی ڕژێم خۆی نارەزایەتی بەناوی ریفۆرمخواز سە ری هەڵدا
نارەزایەتی ریفۆرمخوازاكان كەخاتەمی و نوری نوێنەرایەتیان ئەكرد لەچوارچێوەی پەرلەمان و ئۆرگانەكانی دەوڵەتا سنوردار كرا بوو جگە لە هەندێ نارەزایەتی سنوردار لەزانكۆكان لەساڵی 1999.
بەڵام ساڵی 2009 كە دوبارە ریفۆرمخوازاكان بە سەركردایەتی موسەوی كە ئەمیش كاتی خۆی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی ئیسلامی بوو نارەزایەتیەكان بەشێوەیەكی فراوان گەیشتە شەقام، بەڵام دوبارە رژێم توانی هێزی ریبراندۆمش تیك بشكێنێ.
ئیتر لە ئێران نارەزایەتی رێكخراو نەما بەوەی كەپارتێك یان بزوتنەوەیەكی ڕێكخراو ئاراستەی خەڵك بكات و سەركردایەتی بكات، بۆ نمونە لە سا{نی 2017 بۆ 2019 نارەزایەتیەكان بێ سەرپەرشتی و ئاراستەكردنی رێكخراوێكی سیاسی بەهۆی قەیرانی ئابووری و بەرزبونەوەی نرخی كالاكان دروست بوون بەلام زوو كۆتاییان پێ هێنرا.

ئەوەی ڕاپەرینی ئەم جارەی خەڵكی ئێران لەجارانی پێشوو جیا ئەكاتەوە گۆڕانی رەوش و هەلومەرجی سیاسی، كۆمەلایەتی، ئابووری و دیمۆگرافیە لەسەر ئاستی ئێران و پاشان لەسەر ئاستی جیهان، كە بە كورتی لەم خاڵانەی خوارەوەدا بەرجەستەئەبن:
1- لەكاتی ئێستادا سەرانی كۆماری ئیسلامی لەپرۆسەی بریاردان بۆ دیاریكردنی رابەری تازەی ئێران پاش خامنەئی و ناكۆكی باڵەكانی ناو دەسەڵات بریاری مامڵەی دەوڵەتی بێهێز كردوە لەگەڵ جەماوەری راپەریو، ئەگەر رەوشی تەندروستی خامنەئی دژوارتر بێت، ئەگەری دروست بوونی بۆشایی دەسەڵات زیاتر ئەبێت. و لەم كاتەدا هەموو ئەگەرێك كراوەیە، كە ئەمە بۆ خۆی باسێكە.
2- نەوەی تازەی ئێران وەك هەموو جیهان، بەهۆی كرانەوەی جیهان و جیهانگیریەوە، زیاتر و زیاتر خۆویستەو كەمتر و كەمتر پەیوەستە بە پەروەردەی لۆكاڵی و نەتەوەیی و ئایینی، كەمتر ئەتوانرێ گوتاری نەتەوەیی و ئایینی كاری تێبكات و وەك ئامرازێك بەكاربێت تا خۆی پێ لەبیربچێتەوە فریوبدرێت، واتە نەوەی تازە، ئەیەوێ خۆی، خۆی بێت لەناوەندی جیهانی بوون دا كە هەیە بەهەموو دوربینەكانیەوە. بۆ نمونە گوتاری ترساندنی خەڵك لەلایەن میدیای كۆماری ئیسلامی بەوەی كە ئەوانەی لە شەقامن جیاخوازن و ئێران دابەش ئەكەن(كە مەبەست كوردە)، نەیتوانی خەڵكی ئێران سارد بكاتەوە بەڵكو نارەزایەتیەكان زۆرترو فراونتر بوون .
3- زۆری و بەردەوامی فشارەكانی ئابووری و سەختی ژیانی خەڵك بە تایبەت گەنجان بۆتە هۆی دروستبوونی كەشوهەوای نائومێدی و بێچارەیی، بۆیە لای زۆری خەڵكی ئێران جیاوازی ژیان و مەرگ تەنها تاڵی موویەكە، هەر لەبەر ئەمەشە مەرگی ژینا لەسەر تاڵەمووی سەری، بوو بە بەهانە تا هاوار بۆ ژیانی خۆیان بكەن چونكە هەموویان لەڕوی دەرونیەوە خۆیان لەمەرگی ژینا دا ئەبینن نەك لەژیان.  
4- نەبوونی ڕۆڵی پارتی سیاسی ڕاستەوخۆ لە ئاراستەكردنی ئامانج، شێوەی چالاكی و دروشم ئاماژەیە كە ڕژێم لەگەڵ چینێكی دیاریكراو وەك مامۆستا یان كرێكار یان گروپێكی سیاسی دیاریكراو بەرامبەر نیە، بەڵكو لەگەڵ تەواوی كۆمەڵگا جگە لەوانەی كە بەشێكن لە دەسەڵات .
5- بەشداری سە رەكی و پێشەنگی ژنان لە دەربرینی نارەزایەتیەكان و راپەڕینا لەگەل گەنجانی پیاو خاڵی وەرچەرخانێكی تازەی مێژووییە لە خەباتی شەقام، و تین و گەرێیكی تری داوە بە نارەزایەتیەكان كە جیاوازە لەجارانی پێشوو.
6- ئاشتی بوونی جەماوەری ڕاپەڕیو لە دەربرینی نارەزایەتیەكان، و دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) هەموو گەلانی ئێرانی لەگەڵ یەكتردا كۆكردوە و جیاوازی نەتەوەیی و مەزهەبی تێپەڕاند، كە ئەمەش دوبارە بەڵگەیە بۆ خاڵی دوەم كە نەوەی تازە نەوەیەكی گەردونیە كە گەردونگەرایی و ژیان دۆستی زاڵە بەسەر رەهەندی نەتەوەپەرستی و مەزهەبگەرایی، و ئیتر فریوی پێ نادرێت.
7- رژێم لەروبەروبونەوەی لەگەڵ گەنجانی راپەڕیو، ناچار ئەبێ كە ئامرازی جەماوەری خۆی بەكاربێنێ لەبری دەزگاكانی دەوڵەت وەك پۆلیس، ئاسایش و هێزەكانی هەواڵگری، بەتایبەت كە نارەزایەتیەكان بەردەوام بێت، چونكە تا نارەزایەتیەكان زیاتر بەردەوام بن، پشتوانانی ڕژێم لەناو دەزگاكانی دەوڵەت بێهێزتر ئەبێ و نایەنەوێ دژی ڕۆڵەكانی خۆیان بكەونە شەڕێكی درێژخایەن، و لەناو جەماوەری ڕژێم زیاتر ئەبێ بۆ بەرگری لەبەرژوەندیەكانی خۆیان .

ئەنجامی ئەم رە وشە بەكوێ ئەگات؟

1- تا ئێستا ڕژێم لایەنی بەهێزە لە روبەروبونەوە، ئەگەر ڕاپەرین و نارەزایەتیەكان بەردەوام بێ، ئەشێت ڕژێم هەموو هێزی دەوڵەتی و جەماوەری خۆی بەكاربیێنی و رەوشەكە كۆنترۆڵ بكات، سزای هەموو ئەوانە بدات كە بەشداریان لە ڕاپەڕین كردوە.
2- بەردەوام بوونی رەوش و كۆنترۆل نەكردنی لەلایەن ڕژێ م ، دوو ئەگەر دروست ئەكات:
یەكەم: شەڕی ناوخۆ لەنێوان خەڵك و جە ماوەی رژێم
دووەم: ڕوخانی ڕژێم و پەیدابوونی دۆخێكی تازە لە ئێران.
لە هەردوو ئەگەرەكەدا، ئەمە گرنگە ڕژێم تا چەند ئامادەیی هەیە توندوتیژی زۆر بەكار بێنێت بۆ دامركاندنەوەی راپەرینی خەڵك، و خەڵك تا چەند ئامادەیی هەیە قوربانی بدات وە خۆراگر و سورتربێ؟ بۆ وەڵامی ئەمە، چاوەڕوانی ڕۆژان و هەفتەكانی داهاتوو ئەبین. هەڵبەتە وەڵاتانی دۆست و نەیاری رژێمیش ڕۆلیان ئەبێ و تێوەئەگلێن لە ئاراستەی روداوەكان، كە ئەمەش هەم بابەتێكی ترە و هەم ڕژێم سور ترئەكات بەئاسانی خۆی بەدەستەوە نەدات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە