ئاشقیانم
Friday, 23/09/2022, 21:07
من ئاشقی ئەو کچانەم
کە ئاشقی
خاک و وڵات و ئازادین،
لە دڵەوە
ئەشقی ئەو شۆخ و شەنگانەم
لە سەنگەردا
دژی ستەم و نادادین،
ئەوینداری
تاڵ بە تاڵی ئەو پرچانەم
کە دوژمنان
لەبەرچاویان وەکو مارە،
شێت و شەیدای
ئەو گەردنە بڵندانەم
لێی دەترسن
جەلاد و پەتی سێدارە،
من حەیرانی
ئەو بەژن و باڵا زراڤەم
کە بوو بە بەگڕ
تۆپ و تانگ وەک چیلکەو دارە،
ئەوکچانە
لە ناو دڵما شوێن پێکانیان
یەک یەک دیارە،
لێم مەپرسن
ئەوانە کێن نە یەک و دوو
نەسێ و چوارە،
سەرشێتانە
ئەشقی ھەموو ئەوکیژانەم
کە نازانم
بڵێم چەندن بەژمارە،
بەڵام ئێستا
ئەوڕاستییەی کە لێم دیارە
لەم وڵاتە
لەت لەت و پڕ لە ئازارە،
(کەو)ی کەوی
چەندە زۆر بێ بە ئاشکرا
بە پەنھانی
سەدان ئەوەندە تەوارە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست