قوبادی جەلیلزادە و خەڵەتاندنی ڕای گشتی
Friday, 09/09/2022, 20:40
لەدوای ئەو بابەتەی کە دەربارەی هاوکاری کردنی ڕژێمی بەعس وەکو لێکۆلەری دادی لە لایەن قوبادی بەعسیزادە بڵاومان کردەوە چەندین کەس و لایەن بەمەبەست و بۆ بە لارێدا بردن و شێواندنی راستیەکان پەنایان بۆ ڕێگای سەیروسەمەرە بردوە کە زۆرێکیان لەلایەن خودی قوبادەوە ئاراستە کراون.
لێرەدا بە چەند خاڵێک وەڵامی هەموو ئەوانەو بەڵگەو وردەکاری زیاتر دەخەینە ڕوو بۆ ئەوانەی بە ویژدانەوە شتەکان دەبینن ئەوەندە گومانەشیان نەمێنێ کە پێشتر هەیانبوە.
- قوبادی بەعسیزادە لە دوو جار وەڵامدانەوە بۆ ئەم بابەتەی ئێمە ( لینکەکەی لە خوارەوەیە) خۆی لە ناوەرۆکی بابەتەکە دەدزێتەوە و رەتی ناکاتەوە، بەڵکو شانازی بەو خزمەتەی لە بواری دادگا کردویەتی دەکا ئەوە بە کوردایەتی دەزانێ، دێت شەقام و هەوادارانی بەلارێدا دەبات سەرنج لەسەر ئەسڵی بابەتەکە دوور دەخاتەوە. لە هەمان کاتدا وەڵامی دوو لە پرسیارە سەرەکیەکان لەسەر خۆی ساغ دەکاتەوە.
- خەلکێکی زۆر پرسیاری کردوە ئەو خەلکی کۆیەیە لە سلێمانی دەوامی کردوە بۆیە باوەڕ ناکەین لە هەولێر بوبێ؟ کەچی ئێستا خۆی داندەنێ بەوەی کە لە ساڵی (1996) تا ساڵی (1982) لە دادگای هەولێر وەکو لێکۆلەری دادی دەوامی کردوە وەزیفەی خۆی بە دلسۆزی بەجێ گەیاندوە!
- دادوەری دادگای تاوانەکان بەرێز عبدلباست لەسەر داخوازی قوباد وەکو بەرگری لە قوباد هەندێک راستی باسکردو بە سوتفە دانیناوە بە چەند راستیەکدا وە گومانەکانی لەسەر قوباد ئیسپات کردوە، ئەوەی کە بەڵێ لە هەندێک حالەتدا ئەو کاتەو لە هەندێک داوادا گیراوی ئەمن و ئیسخبارات دەهاتنەوە دادگاکان و لێکۆلینەوەیان لەوێ لەگەل دەکرا. محمود عبدللە یەکێک بووە لەو حالەتانە. لەکاتێکدا ئەم دادوەرە خۆی لە بەرپرسیارەتی دزیوەتەوە دەڵێ من قوباد لە ساڵێ ١٩٨٤ وە دەناسم ئەو کات نەقلی دادگای هەولێر کرام چونکە دەزانێ کە ئەم روداوە هی ساڵی ١٩٨٣ یە بەو شێوەیە خۆی لە شاهیدی دزیوەتەوە.
- زۆر پرسیار لە شێوازو شوێنی بەرێز محمود عبدللە کراوە کە دیارە خەلکێک هەیە گومانی لەسەر شێوازو شوێنی گرتنەکەی هەبوە چونکە ئێمە نەچوبوینە وردەکاریەوە بەڵام بۆ وەڵامی ئەوانیش ئەمە وردەکاری گرتنەکەیەتی: عومەر حسنی مەفرەزە خاسی موشتەرەکە کە ئێستا ماڵەکەی شوێنی ساردەمەنی (من و تۆیە) لە ئیسکان لە تەنیشت قوتابخانەی کامەرانی سەرەتایی نزیک شەست مەتری کۆڵانی بیرۆکەیان سێتاقانی سەرو چەند سەد مەترێک لە مزگەوتی حاجی مرادیەوە دورە، محمود عبدللەی دەستگیر کرد و دوای لێدان و پێدادان تەسلیمی ئەمنی کرد. ئینجا لەوێوە بۆ لێکۆلینەوە و گواسترابویەوە دادگا و لەوێ قوبادی بەعسیزادە ئیفادەکەی وەرگرتبوو ئەم روداوە ڕویدا.
- سەبارەت بە پرسیار لەسەر شێواز و هۆکاری ئازاد بوونی بەرێز محمود عبدللە دیارە ئێمە لە وەشیاندا نەچوبوینە تەفاسیلەوە پێشتر بەڵام ئەویش بەو شێوەیەیە: دوای ئەوەی تاوانەکەی لەسەر ساغ دەبێتەوە بەهۆی زیرەکی لێکۆلینەوەکانی قوبادی بەعسیزادە ئەوکات محمود عبدللە بەرێ دەکرێ بۆ کەرکوک بە تاوانی خیانەت دژی نیشتمانی داوای لەسێدارەدانی دەکرێ چونکە بنەماڵەی محمود عبدللە بنەماڵەیەکی دیار و چەندین کەسایەتیان هەیە و عیلاقەیان لەگەل هەر دوو برا شێخ کاکە و شێخ ئیسماعیل شێخ عبدلکریمی دارەخورما هەبوو کە ئەوان لەرێی تەریقەتەکەیانەوە دۆستایەتیان لەگەل عیزەدوری هەبووە بە واستەو سەرفکردنی پارەیەکی زۆر و تەنانەت فەرشێکی کاشانیان دەبێ لە واستە بۆ بەردانی کورەکەیان دەیبەخشن و رێگایەک دەدۆزنەوە و دەستوەردان لە رێکارەکانی دادگا دەکەن مادە حوکمیەکەی بۆ دەگۆرن لە لەسێدارەدان بۆ مادەی ٢٢٥ قانون عقوبات کە پێنج ساڵ سزا دەدرێ ئینجا هەر بەواستە و بە هێزی پارە بە لێبوردنێکی خاس محمود عبدللە ئازاد دەکرێ. ئەگەر محمود عبدللە خاوەنی کەسایەتی و بنەماڵەیەکی دیار و باری مادیان باش نەبا ئەو کات وەکو هەزارن گەنجی ئەوکات بەهۆی کەسانی وەکو قوبادی بەعسیزادەوە توشکرابوون ئێستا لەسێدارە دەدراو لەژیاندا نەدەما.
ئەم دوو برایە شێخ کاکە و شێخ ئیسماعیل شێخ عبدلکریمی دارەخورما دەیان کەسی تریان ئاوا لە پەتی سێدارە رزگار کردوە.
- سەبارەت بە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایە بۆچی ٣٢ ساڵە ئەم بابەتە پێشتر نەوروژێندراوە، بەڵێ ئەم بابەتە پێشتر وروژێندراوە لە ساڵانی دوو هەزارەکان هەوڵدرا کە لە دادگای ئیدارەی سلێمانی شکاتی لێبکرێ بەڵام بەحوکمی ئەوەی (بەعسیزادە) خۆی دادوەر بوو وە نزیک بوو لە حیزبێکی دەسەڵات شکاتکار قەرزدار کرایەوە دۆسیەکەش داخرا و هەرەشەی لێکرا بەوەی کە تۆ چۆن شکایەت لە دادوەرێک دەکەی کە پیاوی خۆمانە. ئێستا کە رۆژگار گۆراوە پێویستە ویژدانی کۆمەڵگا دادگای ئەم جۆرانە بکات وە خۆیشی بەر لەوەی بمرێ پێویستە بزانێت کە مێژوو لەو تاوانەی خۆش نابێ ناتوانێ لەوە زیاتر رای گشتی بەلارێدا ببات و گلەیی لە گەنجەکانمان بکات لەکاتێکدا خۆی پاڵی وەدەسەڵات داوە بەڵام دەیان گەنج لەپێناو ئازادیدا بونەتە قوربانی دەستی ئەم دەسەڵاتە و بە دەیانیان لە زیندانن لە ئێستادا کەچی ئەو بە دژە نیشتمان ناویان دەبا و خۆیشی گورگە و لە پێستی مەڕدا خۆی نیشان دەدات.
هێرشە بێ بنەمایانەی کە لەڕێی قوباد و سوپایەک لە بەلارێدابراو بۆ خۆ پەرینەوە لەو راستیانە باسمان کردون ئەمانە.
- قوبادی بەعسیزادە دەڵێ ئەو بابەتەی دژ بەمنە دەستی ئیسلامیەکان و خەلکانی دژە ئازدیە. بۆیە سوپایەک لە بێ ئاگا کەوتونەتە هێرش و جنێودان بە ئیسلام لەکاتێکدا ئەمە بابەتە رەبتی بەئیسلامەوە نیە منیش باکگراوندم دیارە پێویست ناکات باسی خۆم بکەم هەم لەبارەی ئازادی و هەم مەسەلەی دینیەوە نوسینەکانم شاهیدمن.
- قوبادی بەعسیزادە و کۆمەڵێک لە سەرچۆپی کێشەکان و کەسێکی وەکو زایەر عەبدوڵا لە پۆستێکدا ویستویانە وا نیشان بدەن کە ئەم بابەتە پەیوەندی بە دژایەتی بیری نوێگەری و حاجی قادر و شاری کۆیە و کۆییەکان هەیە واتە منیان بە دژایەتیکردنی کۆیە ناساندوە. لەکاتێکدا کۆیە لەوە گەورەترە کەسێکی وەکو بەعسیزادەی بخرێتە تای تەرازووی شارێکی وەکو کۆیەوە. کۆیە لای ئێمە لانکەی خەلکانی قوربانیدەر و ئازاو چاو نەترسە من خۆم ساڵانی زانکۆم لە زانکۆی کۆیە تەواو کردوە لەوێ ژیاوم شانازیشی پێوە دەکەم، ئەم بەلارێدا بردنە بێ بنەمایە و هەمومان شاهیدین کە کۆیی و کۆیەکان ئێستاش قوربانی دەدەن دژی گەندەل و کۆنە بەعسیەکانی هاوشێوەی بەعسیزادە.
- قوباد لە لایەک لەوەلامدانەوەیەکی هاتوە باسی شورشی ئەیلول ماستاو بۆ پارتی دەکات چونکە پێی وایە یەکێتی تڕۆی کردوە لەلایەکی تر سوپا بێ ئاگاکەی وا نیشان دەدەن کە ئەمە دەستی پارتی لەپشتە چونکە قوباد شاعیری نزیک لە جەلال تالەبانی بوە شیعری بۆ مردنی تالەبانی گوتوە لە کاتێکدا نە من ئاگام لە شیعرەکانیەتی بۆ تاڵەبانی و نە محمود عبدللەش پەیوەندی بە هیچ حیزبێکەوە هەیە تەنانەت ئەو کات ئەو شانەی نهێنی شۆرشی نوێ بوەو گیراوە قوبادیش لێکۆلەرێک لە دادگاکەی حیزبی بەعس کەچی ئێستا قوباد یەکێتیایەتی و کوردایەتی پێدەفرۆشێتەوە!
بەڵگەکانی ئەم ڕووداوە :-
١- وەک لە خوارەوە دیارن پێناسەی کۆمەڵەی زیندانە سیاسیەکانی بەرێز محمود عبدللە دانراوە ئەمەش گومانی کۆمەڵێک کەس دەرەوێنێتەوە کە پرسیاریان کردبوو.
٢- وێنەیەک لە قائیمەی زیندانە سیاسیەکان دانراوە کە ماوەی حوکم و شوێنی دادگا و رەقەمی کتابی دادگای لەسەرە تەنانەتە لە ناو کتابی دادگا و دۆسیەکانیان لە زیندانە سیاسیەکان وردەکاری و ناوی لێکۆلەر و شوێنیش باسکراوە هەر کەسێک کە بەدواداچوونی زیاتر بکات ئەم وردەکایەی بۆ دەردەکەوێ یان ئەوەی گومانی لەبەڵگەکە هەیە با لە بەڕێز ( احمد مام رەسوی) سەرۆکی زیندانە سیاسیەکان پرسیار بکات.
٣- وێنەی بەرێز محمود عبدللە کە لە سجنی بەرامبەر محافەزەی ئێستای هەولێرێ هی ساڵی ١٩٨٣ ئەو کات سجنی شورتەی بوو خەلکیان لە دادگاوە دەبردەوە ئەوێ دوایی دەیانگواستنەوە بۆ ئەمن ئەو کات محمود عبدللە لەوێ چەند رۆژێک هێشتراوەتەوە تا لێکۆلینەوەی لە دادگاو لای لێکۆلەری دادی لەگەل بکرێ ئەوێ رۆژێ محمود عبدللە خۆڕاگرانە بەرامبەر هەموو ئازار و تەعزیبدانێک وەستایەوەو ناوێ هیچ یەکێک لە هەڤاڵەکانی نەدرکاند کەچی ئەمڕۆ قوبادی بەعسیزادە شورش گێرو کورد پەروەر و محمود عبدللەی شۆرشگێر و خۆراگریش پیاو خراپ و ئێمەش بوختان چی وێنا دەکرێین!
٤- ئەو کات محمود عبدللە لای هاوەلانی زیندانی دەیدرکێنێ کە ئەگەر لەسێدارە درا خەتای قوباد ناوێکە کە لێکۆلینەوەی لەگەل کردوە. ئەو هاوەڵانە لە ژیاندان و ئێستاش شاهیدن وە ئەو دوو کەسەی کە ساڵێ ١٩٩٠ لە دادگا بۆ شاهیدی ژن مارەکردن لەگەل محمود عبدللە بوون کاتێک قوباد دەبینێتەوە پێی دەڵێ سەگباب تۆ بەواستە بەربووی دەبێ بگیرێ و لە سێدارە بدرێی ئەویش رادەکا، ئێستا ئەوانیش لەژیاندان و شاهیدن بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم بابەتە لە پرۆسەی دادگادایە ناکرێ ناوی ئەو شاهیدانە بهێنین.
٥- وردەکاری زیاتر لەبارەی ناوەرۆکی ئەم بابەتە لە دادگای هەولێرە لە ئێستادا بۆیە نامانەوێ لەوە زیاتری لەسەر بدوێین بەتایبەتی ناوی شاهیدەکان ، بەڵام پێویستە ئەوە بڵێین کە داواکاری گشتی بەرێز دکتۆر محمد ڕێکانی ئاگاداری زیاتری ئەم قەزیەیە و دەتوانرێ پرسیاری لێ بکرێ.
دەتوانم بڵێم جنێودان بە ئیسلام لەلایەن هەندێک کەس کە لەسەر داوای قوباد کە بەرگریان لێکردوە جگە لە یاریکردن بە شعوری عام بە لارێدا بردنی شەقام هیچی تر نیە هەر ئەوەش هۆکارە کە قوبادی بەعسیزادە دێت بە ئاشکرا درۆ دەکا و دەڵێ نوسەری بابەتەکە ( من) بابەتەکەم رەشکردۆتەوە.. وەکو بەرێز عومەر عبدللە لە بابەتێکدا لەڕوی لۆجیکیەوە جوان ئەو نیەتەی قوبادی ئاشکرا کردوە لینکی بابەتەکەی ئەو لە خوارەوەیە.
لە کۆتایدا بە قسەیەکی بەرێز مامۆستا عبدللەی حسن زادە کە لەبارەی هەندێک دەنگخۆش و شاعیرەوە گوتویەتی کۆتایی دەهێنم دەڵێ دەنگ خۆشی و گۆرانی گوتن و جوانی وشە هۆنینەوە و کاری ئەدەبی تێکەڵ مەکەن لەگەل هەلوێست و کردەوەی نیشتمان پەروەری زۆر گۆرانی بێژ و شاعیر هەبونە خزمەتی زمان و هونەری کوردیان کردوە بەڵام پیاوی ساواکی ئێران یان دژی شۆڕش بونە. ئەو بەجێی خۆ و ئەمیش بەجێی خۆی …
جا ئەو هەلهەلە چیانەی کە کوێرانە و بێ ئاگایانە بەرگریان لە قوباد کرد و وێنەی بەشێکیان لە خوارەوەیە. ئێستا دوای ئاشکرا بونی راستیەکان دەڵێن چی؟ چونکە دڵنیاتان دەکەم قوباد بچێتە بەردەم دادگا تاکە بەرگری ئەوە دەبێ با موعتەمیدی دائیرەی ئەمن بوبین ئەوکات، ئێمە کاتی خۆی بەقەرارێکی بەرەی کوردستانی عەفو کراوین بۆیە هیچ سزایەک نادرێ.
بەڵام ئێوە چیتان بۆ مایەوە؟
تێبینی / مەبەستمان لە نازناوی بەعسیزادە تەنها قوبادە نەک ناوی بنەماڵەی جەلیزادەکانی تر چونکە دەزانین لەم تایفەیەدا خەلکانی نیشتمان پەروەریش زۆرە بەڵام کەس بەمەلەی بابی لە روبار ناپەریتەوە.
—————
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست