کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کورد ئەمڕۆ دوای 500ساڵ و سی ساڵ دەسەڵاتڕانی کوردی

Wednesday, 07/09/2022, 22:31


بەدرێژایی مێژووی دەوڵەتی عوسمانی ،هەتا ڕوخانی لە شەڕی جیهانی  یەکەم سیاسەتی "پەرتکە و زاڵبەی بەکاردێنا" و کوردەکانی دەکرد بەشورا لەبەرامبەر دوژمنەکانی. دەوڵەتی عوسمانی پشتگیری میرە لاوازەکانی دەکرد دژی میرە بەهێزەکان،ئەو سیاسەتە لە سەردەمی سلێمانی قانونیە وە جێ بە جێ دەکرا هەتا کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە.
 هەڵبەت ئەو ڕەوشەی کوردەکانی تێدابون ئەگەر هەستی ئاینی تاکە هۆکار نەبوبێت،ئەوابێگومان هۆکاری سەرەکیبووە وەک گەل،بەڵام ئەوەی کە سەرکردە خێڵەکیەکان شانازی و پێشبڕکێ دەکەن بە کەوتن لەدەرباری سوڵتانەکان کلکە لەقێ بۆ بەدەستهێنانی دڵی سوڵتان دەکەن ،ڕەوشێکە کە تایبەت نییە بەکورد بەتەنیا،بەڵکو پەیوەستە بە مێنتەلێتی خێڵ و ڕق وکینەو کەش وفشی ناوخۆیی،ئەمڕەوشە لە ناوخێڵە بەهێزەکانی عەرەبیشدا هەبوو ،لەدەرباری سوڵتانی ساسانی و بێزەنتیەکاندا ،بە هۆی کاسەلێسی و گەدایی لەدەرباری سوڵتانەکان ی فارس و ڕۆم پێگەیەکیان لەناوخۆدا بەدەست هێنابوو،هەمان ئەوشتەی ئەمڕۆ خێڵی بارزانی بەدەستی هێناوە لە ڕێگەیی جاشایەتی بۆ سوڵتانە خوێڕیەکەی تورکیا،ئەردۆگان. بونە خاوەن کۆیلەی مۆدێرن.کۆیلەیەک کە تەنها بە  چەند دۆلارێک   ئینسانیەتی لێ زەوتکراوە. ڕەوشێکە کە لەڕاستیدا هێزەکەی لە جاشایەتی سێ بارزانیەکە  وە دێت،کە بۆتورکیا دەیکەن.بەڵام مێژوو ئەوەی تۆمارکردوە،چەندە  میرەکوردەکان زیاتر کەوتبنە بن دەست وپێی سوڵتان،زیاتر لەبەر چاویان سوک دەبوون.ئاشکرایە کە مرۆڤی کۆیلە و بچوک لە بەرچاوی دوژمنیش سوکە،هەر کات ئیشی پێنەما شەقی تێهەڵدەدات. ئەو جاشایەتیەی مسرور و مسعود و نێچیر دەیکەن،تەنها بەهۆی بونی پەکەکەوەیە،بۆیە دەبێت سوپاسی نیعمەتی پەکەکە بکەن،ئەگەرنا ئەو کەڵتە کۆنانە دەکرێنە صفری پاش فاریزە.
لەو کاتەدا کە هەموو میرنشینەکان لەناوبران،کوردستان ڕاستەو خۆ لە لایەن والیەکانی عوسمانی بەڕێوە دەبرا.ئیتر وردە وردە دەرەبەگی کورد ،بۆ گێڕانەوەی پێگەی جاران دەستدەکەن بە تێکۆشان دژی دەوڵەت و کوردستانی سەربە خۆ ،بەڵام لە ڕاستیدا سەربەخۆیی تەنها پاساوێکبو،ئەگەرنا ئەوانە بەمیرایەتی و گەدایی دوبارە ڕازی دەبون،بەڵام ئیدی پێویستی دەوڵەت ئەوەی دەخواست کە  دەسەڵاتی میرەکان نمێنێت.بەڵام لەوکاتەوە تا ئێستا لەناو ئەم ناسیۆنالیزمە سەرەتاییە تاعونی"هەرمن دوای من هیچ" لە بزتنەوەی کوردایەتی داوەو لێی جیانەبۆتەوە. ئەمەش هۆکاری لاوازی بووە بە ئێستاشەوە. لەبەر ئەم تاعونە، بۆ ناسیۆنالیزمی سەرەتایی کە شێخ و ئاغاکان ڕێبەرایەتییان دەکرد ، سەرۆک خێڵ و ئاغاکان زۆرجار ویستویانە پشتگیری دەوڵەت بەدەست بێنن بۆ سەرکەوتن بەسەر خێڵە ڕکابەرەکان. بۆیە جاشایەتی بۆتە بەشێک لەو بزوتنەوەیە کە پێی دەڵێن کوردایەتی ساختە. کاتێک بەریتانیەکان هاتن بۆ کوردستان هەر ئاغاو سەرۆک خێڵێک لە ئاستی خۆی هێرشی دەکردە سەربەریتانیەکان و هەر ڕۆژەی کاپتنێکی ئینگلیزیان دەکوشت ئەم یاخیبونانەش ناونرا شۆڕش،یان لەژێر ناوی ڕزگارکردنی نیشتیماندا ئەنجام دەدرا. برایم خانی دەلۆ ، عەشیرەتی گۆیان، بارزانیەکان ، محمود خانی دزڵی،شێخ محمود، هەمەوەندیەکان، حەشریان بە بەریتانیا کرد،ئەی بۆچی پێشتر ئەمەیان نەدەکرد دژی تورک؟لە ڕاستیشدا هەستی جیاوازی ئاینی ئەودەرەبەگانە، و کاریگەری ئۆزدەمیر لەسەریان ، تاڵان و بڕۆ، هۆکاری ئەوڕەفتارانەبوون لەگەڵ ئینگلیزەکان. 
شێخ محمود لە دوای ڕوداوی کوشتنی باوکی لە ڕوداوەکەی موسڵ"فیتنەی موسڵ" لە دەوڵەت توڕەبوو، بەڵام کە ڕوس و بەریتانەیەکان هاتن،شێخ ڕوسەکانی شکاند و لە پێنجوێنەوە روسەکانی دەدیوی ئێران کردنەوە،پاشان چو بۆ شوعیبە و لەوێش شەڕی ئینگلیزە کافرەکانی کرد!هێشتا هۆشی نەهاتبوە بەر و هەر لەخزمەت خەلیفە دابوو،بۆیە کە ئینگلیزەکان لە موسڵ نزیکبونەوە ،دەوڵەتی عوسمانی شێخیانکردە بەرپرسی پاراستنی سلێمانی و کرایە  سەرلەشکری مەدەنی .بەڵام کاتێک بەریتانیەکان گەیشتنە کەرکوک شێخ ڕوی وەرگێڕا و داوای لە ئینگلیزەکانکرد حکومەتی کوردی بۆدروستبکرێت و نامەی بۆ ئینگلیز نارد،وەلێ نامەکە ی بۆ دەوڵەتی عوسمانی ئاشکرا دەبێت و ئەوانیش دەیگرن و بڕیاری لەداردانی ئەدەن. شێخ سەعیدی باوکی شێخ محمود لەلایەن خەلیفەی عوسمانی شفرەی موخابەرەی پێدرابو،موچەشی بۆبڕابوەوە،شێخ خۆی سەردانی ئەستەمبوڵیکردبوو و ئەویش بۆ زاڵبونی لە کوردستان پەیوەندی خۆی لەگەڵ سوڵتان پێک هێنابوو، چەندین جار هێرشی کردبوە سەر خێڵەکانی جاف و هەمەوەند و،لەبەر ئەوە ڕاپەڕینی شێخ بۆسەربەخۆیی نییە.ئەمەی شێخ محمود دەیکات بۆ مەرامی ترە،بەڵام بەهۆی ئازایەتی لەشەڕ دژی خێڵەکانیتر و ناوبانگی ئاینی بنەماڵەیی  و پەیوەندیان بە سوڵتانەوە پێگەیەی بەرچاویا ن هەبو،خەڵک شوێنیان دەکەوت،بەداخەوە ئەمڕۆش هەروایە،خەڵک دوای ئەو بنەماڵانە دەکەوێت،دوای ئەوسرکردانە دەکەوێت کە پێگەیەکیان هەیە،با ئەوکەسانە ساختەچی و خەڵەتێنریشبن،وەک بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی ،علی قەرەداغی و باپیرو تەواوی ئیسلامی سیاسی"
هەموو ئەیزانین کە تەنانەت ئیمڕۆش لەناوخەڵکا لەوڵاتەکەمان-با پوچ و بێکەڵک و نەخوێندەوار و نەفام خەڵەتێنەریش بن بەناونیشانی میری یان خانەوادەیی فریودەخۆن زیاتر شوێن ئەوجۆرە کەسانە ئەکەون " رەفیق حیلمی وادەڵێت.
سەرکردە خێڵەکیەکانی کورد ،هەمویان لەیەک دەچن،لە شێخ محمودە وە تابارزانی،وەک ئارچی ڕۆزفیڵد دەڵێت:ئەو شێوازەی کوردەکان پێی ناسراون ئەوەیە چاوەڕێ دەکەن تا شۆڕشێک لەناو دەچێت و یەکێکیتر شۆڕش هەڵگیرسێنێت. کاتێک شێخ محمود ڕائەپەڕێ ،لەبارزان هیچ دەنگ و سەدایەکی شۆڕشی ڕزگاری کوردستان نییە.  هەرلەودەمەدا ئینگلیز لەگەڵ سەید تەها گفتوگۆدەکەن تا دوای شێخ بیکە نە بەحاکمی کوردستان.بۆیە دوای گرتنی شێخ و کۆتایی هاتنی شۆڕشەکەی ، ئینگلیز سەید تەها ڕادەسپێرن دەوڵەتێکی بودروستکەن،ئەو مەرجیان بۆدادەنێ،ڕەنگە مەرجە قوڕسەکانی سەید تەهاش هەر بەهانە بوبێت، بەهانەیەک کە هەستی دژە کافربون خۆی لەپشت مەڵاس دابێت. ئەم ڕەوشی چاوەڕێکردن تایەکێک دەکەوێت و دواتر خۆم شۆڕش دەکەم ،هەتا خیانەتیش لەشۆڕش بۆئەوەی"هەر من "بم، زۆر لەمێژە بۆتە کلکی تەورو  داری هیواو خواستی سەربەخۆیی دەبڕێتەوە. یەزدان شێر کە خۆی دژی بەدرخان بو دوای ئەو خۆی دەستیکردە شۆڕش و ڕاپەڕین. لە کاتێکی زۆر پێویستیش پشتیکردە بەدرخان
ئێ خۆ هەموو ئەمانە بۆ ئەوەیە کورد عیبرەت وەربگرێت نەک نکۆڵی لەبونی خۆی بکات. ئەم بەسەرهاتەنە بۆ ئەوەیە کە ئیتر،کورد دەبێت بگۆڕێت،کەسێتی کورد کە بەرهەمی ژینگەو پەروەردەیەکە کە داگیرکەر تێدا باڵادەستبوە دەبێت تێپەڕێت. کەسێتی کورد دەبێت بکوژرێت،ئەو کەسێتیە فسفس پاڵەوانەی کە شەڕی سەرخێڵ و تاڵان و بڕۆی سەرۆک خێڵ و سەربەخۆیی لێ تێکەڵبووە، ئەوکەسێتیەی کە وا ئەزانێت پەیوەندی سەرۆک خێڵێک لەگەڵ تورکیا  کوردستان دەگەیەنێتە مەقامی سەربەخۆیی.دەوڵەتی عوسمانی لە سەردەمی سوڵتان سلێمانەوە خەریکی نانەوەی دوبەرەکیبو"پشتگیری میرە لاوازەکانی دەکرد بەرامبەر بەهێزەکان"بەم شێوەیە لە کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە کۆتاییان بەهەمو میرەکان هێنا. ئەمە ڕەوشێک بو ،بو بەمێژو .بەڵام ئەمڕۆ جۆرێکیتر لە خیانەت و بێ ئەقڵی هاتۆتە کایەوە،کە ئیسلامی سیاسی بەتایبەت اخوان ڕێبەرایەتی دەکات،هێڵێکی فیکری جاشایەتی کۆنە پارێز  لەبەرامبەر هێڵی فیکری ئازادیخوازی تێدەکۆشێت ،بە دژایەتی کردن و بیانوگرتن .جاران خەڵک هێندە جێگای باس نەبو،ئەوەی هەبو سەرخێڵ و ئاغا بڕیاریان ئەدا،بەزۆریش هۆکار پارەو دەسەڵات بو،بەڵام ئەمڕۆ جودایە. خیانەتەکە لەسەربنەمای ئایدیۆلۆژیە،پەیوەستە بەخەڵکەوە، هێڵی فیکری بەکرێگیراوی اخوانی بەهۆی باگراوندی دینی خەڵک و کۆنە پارێزی ئاسانتر خەڵک چەواشە دەکات و جارێکیتر ڕاپێچی کۆیلایەتیان دەکات.مەلا ئیدریس بۆ خوێنڕێژێکی وەک سولتان سەلیم تاڕاددەیەکیش وەک ناچاری لەبەرامبەر شا اسماعیل میرەکانی ڕزگارکرد،ئەمڕۆ عەلی قەرەداغی و یەکگرتو هەمان ڕۆڵ دەبینن بۆ ئەردۆغانی خوێنڕێژ و زیندو کردنەوەی خەلافەتەکەی.هەزاران گەنج و خوێندەواریش بۆ ئەو مەبەستە خەریکی جوانکردنی مێژوی خەلافەتی سوڵتانە بیژو و خوێڕیەکانن کە لەسەردەمی ئەوان بازاڕی کۆیلە فرۆشی لە اسلامبول هەبو،کۆیلەی ژن. جا ئەم هێڵە فیکریە خائینە،لەگەڵ بارزانیەکان بەردەوام باسی ئەو سەربەخۆییە دەکەن کە میرەکان هەیان بو،کە بێگومان پەیوەستبو بە سروشتی کوردستان لەلایەک،لەلایەکیتر ئەو خۆبەختکردنەی کورد لەپێنا و عوسمانیەکان.لە ئەفریقا،ئەوروپا ،عربستان، گۆڕی هەزاران جەنگاوەری کورد هەیە کە خۆیان دەکردە قوربانی بۆ سوڵتان،بەڵام ئەم جاشان فیکریانە باسی ئەوەناکەن ئەڵێن:عوسمانیەکان مافی کوردیان دابوو. ئەوە لەوەگەڕێ کە ئەو میرانە لەبەرامبەر ئە و نیمچە خۆبەڕێوەبەرییە،خەڵکیان دەچەوساندەوە و دەوڵەت لەڕوی بەڕێوەبردن قەت شتێکی وای نەکردووە بۆ دواڕۆژ بەکەڵک بێت،جگە لەسەپاندنی یاسا و باجی زۆر و چەوساندنەوەی خەڵک . 
تاکیکورد کۆنە پارێزە،پیاو سالارە ، فشۆڵ و کەش و فشکەرە ،عینادو قین لەدڵ بەرامبەر بە میللەتی خۆی،ئامادەیە شۆڕشێک تێک بدات لە پێناو توڕەبونێکی خۆی،کەسێتیەکی دۆگما و نەزان و خوڕافییە ،قیامەتیی و کورت بینە،لە بەرامبەردا وەک ڕۆژنامەنوسێکی تورک دەڵێت"ئاپۆ وەک بلدۆزەر دەچێتە ناو سەری تاکیکورد و دەیکاتە باخی گوڵ" کەسێتیەکی نوێ ،خۆڕاگر، بە ئاگاو هۆشیار ئازادیخواز ،لێبوردە لەناوخۆ توند لەگەڵ داگیرکەر،بە ئیرادە ،نوێخواز ، هەمو ئەو خەسڵەتانەی کە پێویستە تاکێک هەیبێت لەناو میللەتێکدا کە داگیرکراوە. 
هەربۆیە پێویستە گەلیکورد لەوە تێبگای نیوەی هێزی داگیرکەر، لە میللی گەرایی سەرەتاییەوە دێت،بەرلەهەر شت دەبێت ڕوو لەو میللی گەراییە کۆنە پارێزە وەربگێڕێت.چونکە ئەنجامەکەی ئاش بەتاڵە.بەڵام دەبێ ئاگاداری ئەو ئیخوانیە،جاشفیۆکریانەبین،کەدەیانەوێت گەندەڵی و برسیکردنی خەڵک و فەشەلی حوکمڕانی بارزانی و تاڵەبانی بکەنە بیانوی تەسلیمبون وپاشکۆیەتی بۆ حوکمی بێگانە.ئەوانە  لەڕاستیدا جێگایەکیتریان دێشێت و ئەمانە پاشماوەی نۆکەرە کانی سوڵتانن.ئەمانە  هێڵی فیکری خیانەتن،ئەوانە ئاسیمیلەبوون.بەهۆی باکگراوندی دینی پێیان وایە کورد دەبێت هەر بگەڕێتەوە سەر نۆکەرایەتی خەلافەتی ئیسلامی.لەناو کورد بەردەوام نۆکەری دینی و نەتەوەیی هەبوون. دەرەبەگ و  مەلا،ئیستاش سەرخێڵ و مەلا،بەنمونە مسعود و قەرەداخی،ئەمدوانە چارەننوسیان پێکەوە گرێدراوە.
 بۆ ڕزگاربون لەم  دۆخە،دەبێت تاکیکورد ڕو لەجێگایەکی دیکە بکات. دەبێت سەرلەبەری کەسایەتی بداتە بەر ڕەخنە .
دوای سەتساڵ ،لە دابەشکردنی کوردستان و داگیرکردنی،دوای سەتساڵ لە تێکۆشانی بۆ ئازادی،جارێکیتر ئەوەی بەدەست هاتوە،خەریکە لەدەست دەچێت بەهۆی عینادی و کەللە ڕەقی سەرخێڵە فشۆڵەکەی خێڵی بارزان.دوای سەتساڵ و فرۆشتنی چەندین هە وڵدان و تێکۆشانی گەلەکەمان هێشتا کەللە پوتێکی وەک بارزانی چاوەڕێیە بە کلکە لەقێی بۆ ئەردۆگان بزوتنەوەی ئازادیخوازی لەناوبەرێت،عەلی قەرەداخیش وەک نوێنەری هێڵی فیکری نۆکەرایەتی بەنۆبەی خۆی،تەنها لە پێناو پارێزگاری پێگەیی عەشیرەییو دینی خۆیان. دوای سەتساڵ کارەسات و ماڵوێرانی هێشتا بارزانی تینوی جاشایەتییە بۆ تورکەکان .لەدوای ڕاپەڕینیشەوە لە سەر حیسابی ڕەنج و تێکۆشانی گەلیکورد،لەسایەی خوێنی هەزاران کەس ستاتۆیەک لەباشور دروستبو،بەڵام بارزانی و تاڵەبانی خستیانە خزمەت داگیرکەران،لەجیاتی ئەوەی باشور ببێتە بەهەشتی تێکۆشەرانی بەشەکانیتر  و هەوڵدان بۆ ڕزگاربون لە نوشتانەوە بۆ ئێران و تورکیا،ئەوا ئەوان هەرێمیان کردە دۆزەخ بۆیان، دوو حکومەتیان پێکهێناوە، کە هەر بەشێک نوێنەری پاراستنی بەرژەوەندی ئێران و تورکیان لە عیراق و هەرێم.ئەم دۆخەیان ناوناوە سیاسەتی واقیعی،وەلێ لەڕاستیدا سیاسەتی پاراستنی بەرژەوەندی بنەماڵەییە و ڕەوشێکە کە لەسەردەمی سوڵتان سەلیمەوە دەرەبەگ و سەرخێڵ و ئاغای کورد درێژەی پێ دەدەن. دوای سی ساڵ لە دەسەڵاتدارێتی بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی، بەسەد ڕێگا هەوڵدەدەن تاکیکورد و کۆمەڵگای کوردی بەداخراوی بمێنێتەوە. بۆ ئەمەش هەردولا هەوڵیاندا سەرخێڵ و عەشایەر لەخۆیان ڕازیبکەن،بە گونیە پارە ئەدەنە سەرخێڵ و کۆنە دەرەبەگ،بەڵام  موچەی فەرمانبەر نادەن،هەردولا سوپایەکیان لەچەکداری بنەماڵەیی دروستکردوە بۆ پارێزگاری لە بەرژەوەندی خۆیان لەهەرشوێنێ ویستیان شەڕ دەکەن لەهەرکوێش نەیانویست یان بەویستی داگیرکەر ئەوشوێنە دەفرۆشن. جاران میرەکان مەلا خەڵکی بۆ بەنج دەکردن،ئێستاشبەناو ڕۆشنبیران ،ئەگەر جاران مەلا کان بەرپرسی دواکەوتویی کوردبون،ئەوا ئەمڕۆ ڕۆشنبیرو ئەکادیمیە نۆکەرەکانی بنەماڵە،کە پێیان خستۆتە سەر اخلاقی  زانستی و فودەکەنە  سەرکردە پوچەڵەکانی خێڵ.
لەبەر ئەوە تاڕۆژێک زوتر تاکیکورد لە بەندی خێڵ و عەشیرەت دەرچێت،ڕۆژێک زوتر ئازاد دەبێت و دەبێتە کەسێتیەکی دیکە،کەسێتییەکی ژیاندۆست و بەئیرادە و نوێخواز .پارتی و یەکێتی لەڕێگای پەروەردە،راگەیاندن پەروەردەی حیزبی،تاکێک دروستدەکەن کە ناموس لەناوگەڵی ژن دا دەبینێتەوە،مرگ دۆست وبێ ئیرادەو ناچالاکە، کەش و فشکەر و لوبەرز و لەهەمان کات بەتاڵ ،لەسەر فول لایت مرۆڤ دەکوژێت ،بە سەت دۆلار دەنگی دەفرۆشێت، مێبازو نێرسالارو   بێکەڵک و بێ مەعریفەیە ،هەمو وڵاتەکەی بفرۆشرێت نقەی لێنایە.بێ هەڵوێستە  هێز پەرستە،هەرکەس هێزی هەبێت دەستی ماچ دەکات و ڕێزی دەگرێت،گاڵتەبە بێهێزدەکات. ڕقاوی و نەخۆشە، کۆیلایەتی و نەزانیەکەی بە ئاستێک گەیشتوە  کە ڕقی لە مرۆڤی ئازادیخوازو  هۆشیار دەبێتەوە.
ڕەوشێک وەک ڕەوشی سەردەمی جاهیلییە،لەقۆناغێکدایە کە پێویستە دەستبەرداری ڕابردو بێت و ڕو وەر گێڕێت. قیبلەی کردایەتی و ئیسلامەتی بگۆڕێت، ببێتە تاکێکی نوێ و بەمرۆڤ  بێت و ڕووەو بنیاتنانی  ژیانێکی نوێ . بۆ ئەم مەبەستە تەنها  پێویستی بەوەیە  ،دونیابینی خۆی بگوڕێت و  بە پێی توانا ڕوبەڕوی عەقڵیەت و هێڵی فیکری خیانەت و نۆکەرانی سوڵتان بێتەوە. 
هەردو هێڵی  میللی گەرایی سەرەتایی و ئیسلامی بەکرێگیراو تێپەڕێنێت. بە عەقڵیەتی  سەتساڵ  لەمە و بەر کوردایەتی و ئیسلامەتی  مەکەن

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە