موقتەدا سەدر ئیبلیسێکی دینباز
Monday, 05/09/2022, 11:59
دیارە شتێکی حاشا هەڵنەگرە کە دونیای سیاسەت پڕیەتی لە دووڕوویی و درۆو تەکنیکی چاوشارکێن. بەڵام لانیکەم ئەبێت ئەخلاق و ویژدان تێیدا غایب نەبێت. هەموو سیاسییەک کۆمەڵێک تەکنیکی دووڕوویی بەکاردێنێت بۆ چاوبەستەکردنی تەڕەفی بەرامبەر، بۆئەوەی لایەنی نەیار نەتوانێت بیخوێنێتەوەو پێشبینی ئامانجەکانی داهاتووی نەکات. بەڵام موقتەدا سەدر تەنها سەرکردەو سیاسیی عێڕاقە کە بەڕادەیەک دووڕوو و ناڕوون و فێڵبازو فیتنەبازو دین بازە، کە تەنانەت لایەنگرانی خۆیشی لێیتێناگەن و سەریان لێشێواوە. هەروەها باشترین چانسیشی هەیە لەوەی کە خاوەنی ناهۆشیارترین و گەمژەترین و دڵسۆزترین جەماوەرە. موقتەدا سەدر سەرکردەیەکی فیتنەچی و تێکدەرەو جاسوس و پیاوی وڵاتانی نەیاری عێڕاقەو ئەجندای وڵاتانی نەیار لەعێڕاق جێبەجێ دەکات. کەسێکە باوەڕی بە دیموکڕاسی و ئازادی سیاسیی و هەڵبژاردن نییەو هەموو ئەنجامەکانی هەڵبژاردنێکی ئازادو دیموکڕاسیی ڕەتکردەوەو پەڕلەمانی عێڕاقی داخست و بە قازیفەو چەکی قورس هێرشی کردە سەر ناوچەی سەوزو کۆشکی سەرۆککۆمارو پەڕلەمانی داگیرکرد، کە ئەم ناوچەیە بە دڵی سیاسیی عێڕاق هەژمار دەکرێت. ئێستاش کاتێک دڵنیابوو لەڕێگای هەڵبژاردن ناتوانێت ئەم دەنگە پێویستە بەدەستبێنێت کە بتوانێت حوکمی عێڕاق بکات، ئەوەتا هەوڵی کودەتای سەربازی دەدات و ماوەی یەک ساڵە هەڵبژاردنی عێڕاق کراوەو هێشتا حکومەت تەشکیل نەکراوەو گێرەشێوێنییەکی خوڵقاندووە کە عێڕاقی بردۆتە سەر لێواری دیواری دۆزەخ.
لایەنگرانی رەوتی سەدر كە خەڵكە هەژارەكەی پێكهاتەی شیعەی عێراقن، زیاتر لەژێر كاریگەری موقتەدا سەدردان و بەردەوام ڕووی رەخنەو قسەكانیان لە كۆماری ئیسلامی ئێرانە، پێیانوایە لە ململانێی ناوخۆی شیعەكاندا، كۆماری ئیسلامی پاڵپشتی لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی كردووە، بۆیە پێناچێت بەو ئاسانییە خۆیان رادەستی مەرجەعەكەی ئێران بكەن.
موقتەدا سەدر بە راگەیاندنی وازهێنانی لە كاری سیاسی، دەرفەتی بە لایەنگرەكانی بەخشی پەلاماری سەرۆكایەتییەكانی عێراق بدەن.
سەدر كە لەدوای هەڵبژاردنی 2018وە ناكۆكییەكانی بەشێوەیەكی زیاتر لەگەڵ نەیارە ناوخۆییەكانی شیعەدا تەقییەوە، دوای كشاندنەوەی (73) پەرلەمانتارەكەی لە پەرلەمان، دروشمی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی بەرزكردەوە، كاتێك لە جێبەجێكردنی ئەم دروشمە شكستی هێنا بانگەوازی بۆ پێكهێنانی حكومەتێك كرد بەبێ بەشداری هیچ یەكێك لەو حزبە سیاسییانەی كە لەدوای رووخانی رۆژێمی پێشووی عێراقەوە لە 2003وە بەشدارن لە پرۆسەی سیاسیدا، ئەم بانگەوازەشی وەكو پێویست وەڵام نەدرایەوە، هەموو ئەو بارودۆخەش توشی پەراوێزخستنی كرد.
لەئێستادا پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن لەژێر ناوی نوێدا خۆی بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی ئامادە بكاتو بەم هەنگاوەی لایەنگرەكانی زیاتر لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە، هەڵبەت ئەگەر بارودۆخەكە سەرنەكێشێت بۆ پێكدادانی چەكداریی لەنێوان لایەنە ناكۆكەكانی شیعەدا. کە ئەمە ئەگەرێکی بەهێزە، چونکە موقتەدا سەدر سەرکردەیەکی توندئاژۆو دەرون نەخۆش و سەرشێتە. لە حەفەتی ڕابردوشدا پیلانێکی مەترسیداری هەبوو کە ویستی کودەتایەکی سەربازی بکات و لە پیلانەکەیدا ئەوە هەبووە، کە بەشێکی زۆر لە سەرکردە نەیارەکانی خۆی دەست بەسەر بکات یان بیانکوژێت و بە ترس و تۆقاندن و زەبرو زەنگ هێزو دەسەڵاتی خۆی بچەسپێنێت و هەموو نەیارە سیاسییەکانی ملکەچ بکات و ئەمەش بکات بە ئەمری واقیع.
موقتەدا سەدر سیاسییەکی مەترسیدارە بۆ ئێستاو داهاتووی عێڕاق. چونکە شوێنکەوتوویی مەزهەبیی زۆرەو لایەنگرانیشی گوێڕایەڵی موقتەدان تا ڕادەی مردن. لایەنگرانی موقتەدا هەم لایەنگری سیاسیین و هەم مەزهەبیی، وە پێیانوایە کە جێبەجێکردنی فەرمانە سیاسیی و سەربازییەکانی سەرکردەکەیان، وەکو نوێژ و ڕؤژو واجبێکی ئەخلاقیی و ئایینییە. بۆیە شوێنکەوتووانی موقتەدا سەدر هاوشێوەی خۆی توندئاژۆ و پڕ مەترسین. وە باوەڕیان بە چەمکی دیموکڕاسی و ئازادی و هەڵبژاردن نییە. ئینجا ئەوان کە لەبەرامبەر گروپەکانیتری شیعە مەزهەب بەو ڕادەیە توندڕەو خوێنڕێژن، ئەوا بەرامبەر سوننە دوو هێندە مەترسین و بۆ کوردیش سێ ئەوەندە. هەروەها بەداخەوە وەک لە تیڤی و شۆسیال میدیاوە بینیمان لەناو لایەنگرانی موقتەدا سەدردا چەند گروپێکی کوردی شیعەش هەیە کە حاشایان لە کوردبوونی خۆیان کردووەو بوون بە دەروێش و ملکەچی موقتەدا سەدرو بە زمانی کوردی سۆرانیش قسە دەکەن. ئەم گروپانە سەد جار زیاتر لە شوێنکەوتووانی شیعەی عەڕەبی پیسترو خائینتر و دڕندەترن. چونکە نەتەوەی ئەوان کوردەو نیشتیمانی ئەوان کوردستانە. کەچی ئەوان کوردبوون و نیشتیمان و خۆیشیان فرۆشتووە بە شیعەی دواکەوتووی و نەخوێندەوارو بوون بە داردەست و کۆیلەی موقتەدا سەدر.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست