وەفیق سامەڕائی وەك تاوانباری جینۆساید مرد
Monday, 05/09/2022, 14:47
وەفیق عەجیل حەمود سامەڕائی 1-7-1947-30-8-2022, سوپا سالاری خانەنشین و جێگیری بەڕێوەبەری هەواڵگری عێراقی و تۆمەتباری ژمارە یەكی لیستی داواكراوانی ئەنفال لە كۆی 423 كەسی داواكراوو, سێشەمە 30-8-2022 لە لەندەن بە نەخۆشی شێر پەنجە مرد.
جێی خۆیەتی وەفیق سامەڕائیش وەك عزەت دوری, ئەرشەد زێباری, هادی شاوەیس , مەلا عوزێر, لە كوردستان بمرێت یان پرسەی بۆ دابندرێت, یان لەسەر گۆڕەكەی مەزارگەی بۆ بكرێت و ساڵانە یاد بكرێتەوە.
كەمن ئەوانەی لە جیهاندا وەك تاوانباری جینۆساید و تاوانە گەورەكانی دی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی دەمرن, وەلێ لە عێراق و كوردستان زۆرن, مردن وەك تاوانبار بۆ خۆی سزایەكی ئەبەدییە, هەرچەندە لە ژیاندا لە سزا رزگاری بووە, بۆتە هۆی ئازار و ناخۆشی بۆ كەسوكاری قوربانی, وەلێ هەر مردنێكی نەنگییە.
وشەیەكی لەسەر چارەنووسی ئەنفالكراوان نەوت
لە یەكەم ڕۆژەكانی هاتنی بۆ كوردستان لە دیسەمبەری 1994, پاش ئەوەی پاڵەپەستۆكان لەسەر ڕژێم توند دەكرانەوە, ئومێدێك بە مانی ئەو ڕژێمە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ كەمتر دەبوو, وەفیق سامەڕائی وەك فریاد ڕەسێك بۆ سەرتاسەری عێراق سەیر دەكرا, هێزە سەربازییەكان لە كوردستان دەخرانە بەردەستی گوایە سەدام دەڕوخێنێت, بەتالیۆن و تیپ و هێزەكانی پێشمەرگە لە خزمەتیدا بوون, بۆ ئەوەی كودەتای سەربازی لە بەغداد ئەنجام بدات, لایەنە سیاسییەكان دواڕۆژی سیاسی خۆیان لەسەر نەخشەكانی ئەو بنیات دەنا, لەو كاتەدا ئێمە لە" ڕێكخراوی ئاوارەو ئەنفالەكانی كوردستان"كەمپینمان لە دژی رێكخست بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەنفالكراوەكانمان بۆ ئاشكرا بكات, تا ئەوكات ئەو كەمپینە بەرفراوانترین هەڵمەت بوو دژ بە كەسایەتییەكی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لە پێناو دیاریكردنی چارەنووسی ئەنفالكراوان و بێسەروشێنكراوان بەڕێوە ببردرێت " ئەوانەی ماندوو بوون بەو كەمپینەوە سەرباری خۆم ( بەدرەدین حەمە ساڵەح, مامۆستا فەرهاد خالید, فەلاح حەسەن , سەرهەد تۆفیق , عادل قەشقە, ڕزگار مام بۆرە .... " لە هەڵمەتەكە داوامان كرد, ئەگەر وەفیق سامەڕائی ئەمڕۆ زانیارییەكان لەسەر تاوانی ئەنفال ئاشكرا نەكات, سبەی لە بەعس خراپتر بە كورد دەكات, دیارە دەربڕین و ئاشكرا كردنی زانیاری لەسەر تاوانی ئەنفال, لە لایەن كەسێكەوە بە گووتەی تاوانبارانی ئەنفال, یەكێك لە ئەندازیارانی سەرەكی و نەخشە داڕێژەری ئۆپەراسیۆنەكە بوبێت ئەستەمە هیچ ئاشكرا بكات, هەر واشیكرد.
ئەم واژۆیانەی خوارەوە, بەشێكن لە دەقی ئەو هەڵمەتە, بۆ فشار خستنە سەر وەفیق سامەڕائی, بۆ ئاشكرا كردنی چارەنووسی ئەنفالكراوان ئەنجاممان دا, كە لە ساڵەكانی 1995-1996 لە رۆژنامەكانی " كوردستانی نوێ, ئەمڕۆ, ڕێگای كوردستان -عەرەبی" بڵاوكراونەتەوە:
ئەم واژۆیانە پارتی عێراقی و كوردستانی, پارتی دەسەڵاتدار و دەرەوەی دەسەڵات, بە كوردی و عەرەبی و زمانەكانی دیكەش بڵاو كرایەوە, ڕجا و تكای دنیامان لە كەسی نزیكیەوە بۆی نارد, تەنها لەسەر چارەنووسی ئەو كەسوكارانەمان لێدوانێك بدات, نهێنیەك ئاشكرا بكات و بدركێنێت, ئەگەر ماون كەسوكاریان دڵنیا بكاتەوە, ئەگەر مردوون دیسانەوە با ئەو چاوەڕوانییە ئەبەدییە كۆتایی پێ بێت, تاكو بەشێك لە كەسوكاریان ژیانێكی سەرلەنوێ دەستپێبكەنەوە و لە چاوەڕوانی ئەبەدیدا نەژێن, وەلێ ئەم تۆمەتبارە تەنها وشەیەكیشی نەدركاند, ئاوڕێكی لێمان نەدایەوە, خۆی كەڕ و لاڵ كرد‌و گوێبیستی داواكارییەكان نەبوو, كەچی لەولاوە هەزاران هەزار كوڕ و كەسوكاری ئەنفالكراو خرانە خزمەتییەوە بۆ كردە سەربازیەكانی, نە ڕجا دادی هەبوو, نە فیغان و پاڕانەوەی كەسوكاری قوربانیان, لە كەلی شەیتانی بەعسیانە نەهاتە خوارەوە, نهێنی رفەقای خۆی نەدركاند, تاوانەكانی ئاشكرا نەكرد, باسی یەك گۆڕی بە كۆمەڵیشی نەكرد, یەك وشەشی لەسەر ئەنفال نەوت, ئادرەسی یەك گۆڕی نەدركاند, ئەمە چ دڵڕەقیەكە, ئەمە چ بەعسیەتێكە نهێنیەكان تا ناو گۆڕ بپارێزیت, بۆیە هەوڵەكانمان سەری نەگرت.
لە پاڕانەوەوە بۆ شەرمەزاركردن
وەفیق سامەڕائی بە پەیوەست بوونی بە ڕیزەكانی ئۆپۆزسیۆن پێش روخانی بەعس لە هەموو تاوانەكانی پاك نابێتەوە, ئەگەر لایەنی سیاسی كوردی لە مافی خۆیان بە بەرژەوەندی خۆیان خۆش بن, كە بەوەشەوە نەوەستان, كرایە راوێژكاری سەربازی سەرۆك كۆمار, ئەوە دادگاییە دەتوانێت پاكی ئەو و بێبەری بوونی لە تاوانەكان یەكلا بكاتەوە لە بەرامبەر مافی قوربانیان, لێبوردنی كەسوكاری قوربانیان تەنها لە ئەنجامی بڕیاری دادگایەكی سەربەخۆی ئازادەوە دەبێت بەوەی بڕیار لەسەر بێتاوانی گومان‌لێكراو بدات, یاخود لە پرۆسەی ئاشتەوایی وەك باشوری ئەفریقا, ئەویش دوای داننان بە سەرجەم تاوانەكان و داوای لێبوردن كردن, لە پرۆسەی ئاشتەواییدا هەر كەسە وەك خۆی دەردەكەوێت, تاوانبار وەك تاوانبار, قوربانیش وەك قوربانی, رۆڵ گۆڕینەوە بوونی نییە, وەك لە ئێستای كوردستان بۆتە دیاردە, تاوانبار بە مەراسیم و ئاڵای كوردستانەوە دەنێژرێت.
ئاشكرا كردنی تاوانەكان
لە ساڵی 2002 ەوە گەشت و هەڵمەتی ئاشكراكردنی تاوانەكانی وەفیق سامەڕائی لە لایەن كەمپینی هەڵەبجە و ئەنفالەوە دەستیپێكرد, كە دواتر ناوەكەی گۆڕا بۆ ناوەندی چاك و دواتر چاودێری كوردۆساید, كە بەندە بە هاوكاری بەڕێز پرۆفیسۆر ج ق بەڕێوەی دەبرد, هەر لەو كاتەشدا لایەنە شیعەكان بەهۆی پشكداری ناوبراو سەركووتكردنی راپڕینی ساڵی 1991دا, دەستیانكرد بە هەڵمەتی كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر تاوانەكانی ناوبراو و شەرمەزاركردن و بەرەو بە دادگاییبردنی, بۆ ئەو مەبەستەش ئەو فایلانەی پەیوەست بوون بە تاوانەكانی وەفیق سامەڕائی دران بە كەمپینی هەڵەبجە و ئەنفال " هاوكات پەیوەندی بە پارێزەرەوە كرا لە لەندەن بۆ تۆماركردنی سكاڵای فەرمی لەسەری, لەو كاتە هیچ كەس و لایەنێك پشتیوانیان لەو هەڵمەتە ناكرد بگرە بەهۆی نزیكی ناوبراو لە ینك ەوە زۆر تانە و تەشەر و بووختانیش بۆ هەڵمەتەكە هەڵدەبەسترا, جگە لە كاك دكتۆر ج ق نەبێت كە هاوكاریەكی زۆری كردین لە وەرگێڕانی بەڵگەنامەكان بۆ زمانی كوردی و نووسینەوەی بەیانامەكان بە زمانی عەرەبی و بڵاو كردنەوەو داڕشتنەوەیان.
ئاشكرا كردنی چەند نموونەیەك لە تاوانەكانی وەفیق سامەرشائی
لە خوارەوە نموونەیەك لەو تاوانانەی وەفیق سامەڕائی, كە لە كاتی خۆیدا بڵاومانكردەوە دەخەمە بەردەستتان :
" به‌ناوی خوای گه‌وره و میهره‌بانه‌وه ئیفاده من رائیدی پیاده عه‌بدولستار حوسێن عه‌بود ئهلحمیرییه كه له فرقه‌ی (28) دانراوم سه‌ر به‌لیوای پیاده(705) ی فه‌یله‌قی یه‌كه‌م ، به‌و پێیه‌ی كه وه‌كیلی ئامر فه‌وجی یه‌كه‌م و ئه‌فسه‌ری په‌یوه‌ندی به كه‌رته‌كانه‌وه بووم ، به‌ڵێن ده‌ده‌م له‌به‌رده‌م دادگای نێوده‌وڵه‌تی بۆ دادگایی كردنی تاوانبارانی جه‌نگ وقهڵاچۆكردنی ره‌گه‌زی مرۆڤ ئاماده بم بۆ ئیفاده دانم، چونكه من شایه‌ت حاڵی پرۆسه‌كانی له‌ناوبردن و كوشتن و وێرانكردن بووم له‌شاری هه‌ڵه‌بجه‌و له كرده‌وه‌كانی ئه‌نفال و ئاماده‌شم بۆ زانیاریدان و بهناوهكانهوه له‌باره‌ی ئه‌و تاوانانه‌وه. ئیفاده پله: رائید( پیاده) ناو: عه‌بدولستار حوسێن عه‌بود ئهلحمیری پۆست: وه‌كیلی ئامر فه‌وجی یه‌كه‌می ئه‌فسه‌ری په‌یوه‌ندی كه‌رته‌كان یه‌كه : لیوای (707) فرقه‌ی (28) فه‌یله‌قی یه‌كه‌م ده‌مانه‌وێت ته‌واوی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه تایبه‌تن به تاوانه‌كانی لیوای روكن وه‌فیق سامه‌راییه‌وه رابگه‌یه‌نین: * له‌ساڵی (1990) وه‌كو به‌رپرسی لێژنه‌و هۆبه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد دامه‌زراوه‌و كاتێكیش راپه‌رین كراوه ، سه‌دام فه‌رمانی پێكهێنانی ( لێژنه‌ی ئیعدامات) ی له ناوچه‌كانی باكوور به‌سه‌رۆكایه‌تی لیوای روكن وه‌فیق سامه‌رایی داوه، ئه‌و لێژنه‌یه ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ری ئیستخباراتی له‌خۆگرتبوو له‌وانه‌ش عه‌مید مه‌روان خزه‌یر كازم كه ناوبراو به فه‌رمانی وه‌فیق سامه‌رایی ژماره‌یه‌كی زۆری هاوڵاتیانی كوردی له ئافره‌ت و منداڵا هێناوه كه ژماره‌یان زیاتر له (450) كه‌س بووه و له مهعسكهری خالید ئیعدام كراون و بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و گۆره بهكۆمهڵهش باره‌گای قوتابخانه‌ی كۆشتنكاری مهعسكهری خالیدیان له‌سه‌ر بنیاتنناوه . *
له‌دوای ده‌رچوونی سوپای عێراقی له كویت ئه‌ركی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئیستخباراتی عه‌سكه‌ری به لیوای روكن وه‌فیق سامه‌رایی سپێردرا له‌جێگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوو ( ته‌ڵعه‌ت نووری )، یه‌كه‌م كرده‌وه‌ش كه وه‌فیق سامه‌رایی ئه‌نجامی دا گومان كردن بوو به سه‌ركرده عهسكهرییهكانهوه له‌وانه‌ش لیوای روكن ( عیسمه‌ت سابر) سه‌رۆكی ئه‌ركانی كرده‌وه‌كانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی ، و به‌هۆی ئه‌و راپۆرتانه‌ش كه سامه‌رایی له‌سه‌ری نووسیوه و بۆسهدامی به‌رزكردۆته‌وه ، لیوا روكن عیسمه‌ت سابر ئیعدام كرا‌و كۆمه‌ڵێك ئه‌فسه‌ری دیكه‌ش ده‌ستگیركران له‌وانه‌ش لیوای روكنی ئه‌وكات كامل ساجت ئه‌لجه‌نابی. * له‌باره‌ی راپه‌رینه‌كه‌ی قه‌زای سدهتولهیندییهوه ، ئه‌وا لیوا روكن وه‌فیق سامه‌رایی سرییه‌ی یه‌كه‌می له سه‌ركردایه‌تی هێزه‌كانی ئه‌لعابد ( حه‌ره‌س جمهوری) ئیعدام كرد به‌هۆی ئه‌و گۆمانه‌ی كه‌له ئامری سرییهكه موقه‌ده‌م ( عه‌بدوڵڵا تركی حتحوت ) هه‌یبوو ، بۆیه ئه‌و ته‌واوی سه‌ربازانی سرییهكه ئیعدام كران.
ئیفاده‌ی موسته‌شاره كورده‌كان ئیفاده‌ی (م. گ. ش) : له به‌راوی (10/6/1988) موختاری گوندی كهندك جه‌لال له قه‌زای زاخۆ به رائید ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن مسته‌فا ئه‌فسه‌ری ئیستخباراتی سه‌ركردایه‌تی هێزه‌كانی عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز راگه‌یاند كه (19) هه‌ڵاتوو ئه‌وانه‌ی كه‌ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه گۆندهكانیان به‌گوێره‌ی بڕیاری لێبوردنی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆرشه‌وه. رائید ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌هێزێك كه له چوار سرییه‌ی مغاویر پێكهاتبوو گه‌یشتنه گونده‌كه‌و داوی ئه‌وه‌ی به‌فێل ئه‌وانه‌ی له‌وه دڵنیا كرده‌وه كه بڕیاری لێبوردن ده‌یانگرێته‌وه ، هه‌ر (19) كه‌سه‌كه ته‌سلیم بوون ، رائید ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن مسته‌فا رێنماییه‌كانی ئامری مه‌فره‌زی ئیعدام ( وه‌فیق سامه‌رایی ) خوێنده‌وه‌و هه‌ر له‌وێش ئه‌و (19) كه‌سه ئیعدام كران.
ئیفاده‌ی موسته‌شار (ا.ا. ح. الب): له‌سه‌ره‌تای قه‌سابخانه‌كانی ئه‌نفاله‌وه ، وه‌فیق سامه‌رایی فه‌رمانی دا به عه‌مید محه‌مه‌د یاسین ئه‌لجبوری ئامری هێزی دووه‌می له ته‌ق ته‌ق به وێرانكردنی گونده‌كانی سه‌ر به كۆیه و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی مه‌ڕو ماڵات و كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكانی ئه‌و گوندانه و گواستنه‌وه‌یان بۆ باره‌گای سه‌ركردایه‌تی فه‌یله‌قی یه‌كه‌م، ژماره‌ی ئه‌و گوندانه‌ش (20) گوند ده‌بوون . رائید سلێمان به‌ڕێوه‌به‌ری هۆبه‌ی مه‌نزوومه‌ی باكوور له هه‌ولێر (1984-1991) له‌نێو ئه‌و ده‌ستبه‌سه‌رانه‌ی ئه‌و گوندانه‌وه ده‌گه‌ڕاو گومانی له كوێ بكردابوایه ده‌ستگیری ده‌كرد و به‌پێی فه‌رمانه‌كانی وهفپق سامهراییهوهش یه‌كسه‌ر حوكمی ئیعدامی به‌سه‌ر جێبه‌جێ ده‌كرد ، بۆیه له‌پێش چاوی خه‌ڵكی و به وجوودی منیش دوو كه‌س ئیعدام كران به‌ناوی: 1ـ حاجی جاجی ئاغا. 2ـ مه‌عرووف ئیسماعیل ره‌زا. "
بڵاوكردنەوەی چەند جارەی ئەم ئیفادانە, بە زمانی كوردی و عەرەبی, ویژدانی پارتە كوردیەكانی نەجوڵاند, واداریانی نەكرد بەوەی دەست لە هاوكاری و پشتیوانی ئەو تۆمەتبارە هەڵبگرن تاكو لە ڕێگەی دادگاوە ئەم گومانانە یەكلا دەبنەوە.
بۆچی دان بە تاوانەكاندا نانێن ؟
ئەم تاوانانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێیان دا, لەگەڵ ئەو بەتاوانباركردنەی لە دادگا لەسەر زاری تاوانكارانی ئەنفالەوە ڕاگەیەنران, دەكرێت لە دادگا یەكلا بكرێنەوە, وە خاوەند ئیفادەكان بانگ بكرێن بۆ دادگا بۆ ئەوەی شایەدییەكانیان دوبارە پێشكەش بكەنەوە, لە ڕاستی و دروستی شایەدییەكانیان بكۆڵرێتەوە, مەرجیش نییە هەموو ئەم ئیفادانە لە دوای لێكۆڵینەوە ڕاست دەرچن, یاخود وەفیق سامەڕائی تاوانباری یەكەم بێت لە ئەنجامدانیان و بكەریان بووبێت, وەلێ لە ئاكامی لێكۆڵینەوەو دەركەوتنی ڕاستییەكان, كەسانێك دەردەكەون لە پشت ئەنجامدانی ئەم تاوانانەوەن, گرنگ ئەوەیە خودی تاوانەكان ئاشكرا بكرێن, تاوانبار هەر كێیەكە سزای خۆی وەربگرێت, لە رێگای دادگاوە تاوانەكان بە دۆكۆمێنت بكرێن, هیچ كەس كێشەی كەسی نە لە گەڵ وەفیق سامەڕائیدا هەیە نە كەسی دی, ئەوەی هەیە تاوانكار نابێت لە سزا رزگاری بێت, پێگەو پلەو پۆست لە سەردەمی بەعس گومان دەخاتە سەر بەشدارییان لە تاواندا.
ژمارەیەكی ئێجگار زۆر لە بەرپرسانی سەربازی و ئەمن و ئیستخبارات و بەعسی گلاونەتە ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە كورد ئەنجامدراون, یەكێك لەوانەی گریمانەی ئەوەی لێدەكرێت ڕۆڵی پێشەنگانەی لە ئەنجامدانی ئەو تاوانانەدا هەبوبێت, بە حوكمی جێگە و پێگەكەی لە هەرەمی دەسەڵاتداریدا وەفیق سامەڕائییە, بێشك لەو پێگە گرنگەوەی و دەسەڵاتیش بەو هەموو دڕندەیەوەی هەر گلاوەتە بەشێكیەوە, ئەمە دادگا یەكلای دەكاتەوە, وەلێ تا ئەوكاتەی بە هەڵاتووی لە بەرامبەر دادگا دەمێنێتەوە ئەوا گومانەكان زۆرن و زیاتر وەك تاوانبار دەرە كەوێت.
گەیشتن بە پۆستی باڵای هەستیار بە بێ تاوان بەدەست ناهات لەسەردەمی بەعسدا.
سكاڵا تۆماركردن لە وەفیق سامەڕائی
دیسەمبەری ساڵی 2006 لە سەردانم لە هۆڵەنداوە بۆ كوردستان كە هێشتا لە ماندوویەتی ڕێگا دوور‌و درێژە 4000 كم یەكە بە ئۆتۆمۆبیل نەحەسابومەوە, ماندویەتی ئەو رێگا دورو درێژە دەرنەچوبوو لە جەستەم, لە ئاكامی 4 ڕۆژ گەشتی بەردەوامی شەو ڕۆژ ڕێكردنی بێ پشوو و بەردەوامی ناو ئۆتۆمۆبێل, لە ناكاو زەنگی تەلەفۆنەكەم لێی دا, وتیان ڕاستە بەڕێزت هاتوویتەتەوە بۆ كوردستان بۆ بە دادگایی گەیاندنی وەفیق سامەڕائی؟, وەك لە مانشێتی ڕۆژنامەی كوردستان ڕاپۆرتدا نووسراوە ", گوایا وەفیق سامەڕائی لە لایەن ئیوەوە دەدرێتە دادگا " پرسیارێك لە ناكاو بوو بۆ من و قەت لەو لەحزەیە چاوەڕوانیم ناكرد, ئاوا بە خێرایی بەرەو روی ببمەوە, وە خۆشم ئامادە نەكردبوو بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری قورسی لەو چەشنە, هەرچەندە پێشتر لە كۆبونەوەی ناوەندی چاك لە پاڵتاك ئەو بڕیارەمان دابوو وە منیش ئەو بەڵێنەم دابوو بگەڕێمەوەو جێبەجێی بكەم, بەڵام بەو خێراییە نا, لە وەڵامدا بێ دوو دڵی وتم: بەڵێ ڕاستە, هەرچەندە من ئەو ژمارەیەی كوردستان ڕاپۆرتم بەرچاو نەكەوتبوو كە هەواڵەكەی بڵاوكردبوەوە, وە ئاگام لە بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵە بەهیچ جۆرێك نەبوو كە كاك قادر نادر پێیانی دابوو, چاوەڕوانیشم ناكرد شتی وا بەو زوییە بڵاو بكرێتەوە, ئەگەر پرسیان پێم بكردایە نام هێشت, بەتایبەتیش لە مانشێتی ڕۆژنامەیەكەوە ڕابگەیەنرێت, هەواڵەكە زۆر گران بوو بۆ من و خستمیە بەردەم هەوڵی جدییەوە بۆ بە پراتیككردنی, بۆ هەنگاوی یەكەم دەبوایا پارێزەر پەیدا بكرێت, ئەمەش گران بوو بتوانرێت پارێزەرێك پەیدا بكرێت, بۆ بە دادگایی گەیاندنی كەسایەتیەك " موستەشاری سەرۆك كۆمار بێت" لەو كاتەدا كە ترس زیاتر بوو وە هێشتا مانگی هەنگوینی جەماوەر لەگەڵ ئەو پۆستە لە پۆپەدا بوو, كەس لە پارێزەران ئامادە نەبوون شان بدەنە شانی ئەو كەیسە گەورەیە, بەرێزێك كە زۆر قسەی گەورە لە بارەی ئەنفالەوە دەكات, پێم وت: خەریكی كارێكی وام, وتی تەداخولی كاری وا ناكەم و ناوێرم, ئەوكات هێشتا سامی دەسەڵات نەشكابوو, تەنها چەند كەسێكی یاخی بوون خۆمان لە قەرەی ئەو شێوە كارانە دەدا, بە پەلە گەڕامەوە هەولێر بۆ ڕاپەڕاندنی كارەكە.
كاك قادر نادر كە سەرچاوەی مانشێتەكەی رۆژنامەی كوردستان ڕاپۆرت و هاندەر و پاڵنەری سەرەكیم بۆ ئەو كارە, وێڕای چالاكوانان و ستافی ناوەندی چاك لە دەرەوە كە هەموو بە سەرو ماڵ لە گەڵ ئەو كارانەدا بوون زۆریان, وتی كاك گۆڤەند بابان ئامادەیە پارێزەریمان بۆ بكات بە خۆڕایی, بەم شێوەیە توانی پارێزەریش دابین بكات, منیش لە دوای گەڕانەوەم بۆ هەولێر, یەكسەر چووم بۆ لای كاك گۆڤەند كە زۆر ئازایانە هاتە پێشەوە و وەكالەتێكم بۆی كرد:
نابێت بۆ مێژوو ئەوەشم لە یاد بچێت, هاوڕێی خۆشەویستم " رزگار مام بۆرە " لەو كارە , وەك هەمیشە تا سەر هاوڕێم بوو, یەك لەحزەش لێم دانەبڕا, تاكو تەواوی كارەكانم ئەنجامدا, رزگار نووسین و شتی وای لە بواری جینۆساید نییە, بەڵكە غیرەتی لە بوارەكە هەیە. واتا لە دەرەوە جگە لە تەواوی رێكخراوەكەمان چاودێری كوردۆساید بە تایبەتیش قادر نادر لە ناوەوەش رزگار مام بۆرە و كاكە گۆڤەند بابان تاكە پشتیوانم بوون, كەسی دی شانی نەدایە بەر, لەو رۆژگارە كارەكە مەترسیدارو قورس بوو, هەرچەندە ئێستاش قسە زۆرە بەلام پشت دانە بەر كاری وا بە تایبەت دادگایی تاوانباران هەر نییە یان زۆر كەمە.
كەس هەقی خۆی نەسەند
لە گەڵ رزگار مام بۆرەدا لە بازاڕەوە چووین بۆ سەر ڕێێ كۆیە بۆ فەرمانگەی دادنووسی دووەمی هەولێر, شۆفێری تاكسیەكە كرێی ڕێگاكەی لێمان نەسەند, وتی دەتناسم و دەست خۆش بۆ قسەكانت هەموو جارێك لە تەلەفزیۆنەوە دەیانكەیت, چوینە لای عەریزە نووس هەقی دەستیان نە سەند وتی سەربەرزم بە نووسینی ئەم عەریزەیە, خاوەند فۆتۆكۆپی بە هەمان شێوە وتی: لە ئاست ئەم كارە گەورەیە چۆن پارە وەردەگرم , ڕێمان دەكەوتە لای هەر كێیەك بۆ تەواوكردنی كارەكە, هەمووی دەرگای دڵیان بۆمان دەخستە سەر گازی پشت و كارەكەیان بێ بەرامبەر بە خۆڕایی ئەنجامدەدا, هەموو لە ئێمە گەرمتر بوون بۆ دۆزەكە, بە پەرۆشتر بوون بۆ ئەنجامدانی كارەكە, هەڵوێستكانیان هێز بەخشین بوو بۆمان .
ڕۆژی 6-12-2006, كاتژمێر 10,37 خولەك لە دادگای هەولێر و كابینەی عەریزە نووسی و فۆتۆكۆپیەكانەوە, سكاڵامان نووسی , بە هەمان شێوەی ئەوانی پێشووتر, تایپێست و خاوەند كۆپیەكە بێ بەرامبەر ئەنجامیان دا.
عەریزەیەكی سادەو بەلام كاریگەر
هیچ كات دەستكەوتەكانی بواری جیۆساید بە پارە بەدەست نەهاتوون, بوێری و دڵسۆزی كاری خۆیان كردووە, وەك لە خوارەوە دەیبینن, عەریزەیەكی تاكو بڵێی سادە, وەلێ كاریگەر, عەریزەیەك لە دەرگایەكی بەرینەوە چووە مێژووی دادگایی تاوانبارانەوە, بۆ هەتا هەتایە سكاڵا لێكراوی خستە ڕیزی تاوانبارانەوە, دوای مردنی چووە ریزی ئەوانەی بە تاوانی جینۆساید تۆمەتبارن , بە پێی وتەی حوسێن تكریتی وەفیق سامەڕائی خاوەند بیرۆكەی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال, كە كەماڵ ساجت دواجار ناوی ئەنفالی بەدناوی لێ نا, دیارە ناوبراو لە كوشتنی تاوانبار كەماڵ ساجتیش گومان لەسەری هەیە:
چوون بۆ دادگا
چەند خولەكێك لە كاتژمێر 12 ی نیوەڕۆ لایداوە, لە ترسی تەواو بوونی دەوام, لەگەڵ "ڕزگار مام بۆرە ", بە پەلە تاكسیەكمان گرت و سكاڵاكەمان برد بۆ نووسینگەی هەولێری دادگای باڵای تاوانەكان , لەوێندەرێ سكاڵانامەكەیان زۆر بە سارد و سڕی و سادەیی لێمان وەرگرت, لە كارەكە كەوتمە گومانەوە, لە دڵی خۆمدا وتم ئایا بەم سادەییە سكاڵا لە سەر كەسایەتیەكی وا كاریگەر و گەورە دەكرێت؟, بەو بەڕێزەی سكاڵاكەی لێم وەرگرت وتم: پارچە كاغەزێكم بدەنێ لە بەرامبەر ئەم سكاڵایەی تۆمارم كردووە, بۆ ئەوەی بینێرمەوە بۆ هاوڕێكانم لە رێكخراوەكەمان, چونكە من نوێنەری ئەوانم, ئەو بەڕێزەی سكاڵانامەكەی لێم وەرگرت وتی: بە سەرچاو, خەمت نەبێت دەیگەیەنینە جێگەی خۆی, ئەم پارچە كاغەزۆكە بچوكەی خوارەوەشی پێ دام, كە بینیم یەكجاری متمانەم نەما :
لێ ئێستا 6-12-2006 كاتژمێر 12,43 خولەكەو بە فەرمی سكاڵا لە ئەندازیاری ئەنفال وەفیق سامەڕائی تۆمار كراوە, دادگا ڕەوتی ئاسایی خۆی وەرگرتووە.
دەركردنی بەیاننامە
لە دوای گەڕانەوەم لە كوردستانەوە بۆ هۆڵەندا, ناوەندی چاك بەیاننامەیەكی لەسەر ئەم سكاڵایە بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی بڵاو كردەوە, كە كاك هیشام ئاكرەیی بە لێزانی خۆی نووسی, خۆشبەختانە ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەتی لەندەنی و الیومی سعودی, ڕۆژی دواتر بەیاننامە عەرەبیەكەیان بڵاوی كردەوە, هاوكات منیش چەندین جار پەیوەندیم كرد بە دادگای باڵای تاوانەكانەوە, ڕایان گەیاند سكاڵاكەمان گەیشتووەتە شوێنی مەبەست.
تۆمەتباری ژمارە 1
حوسێن رەشید كە جێگیری سەرۆكی ئەركانی سوپای عێراقی بای ئەوە زانیاری هەیە كە كێ خاوەند بیرۆكەی تاوانە گەورەكەیە كە دواتر ناوی لێ‌نرا ئەنفال, وەلێ بەهۆی نزیكی لە دەزگا سیخوڕییەكانەوە پاكیان كردەوە لە تۆمەت, بە وتەی حوسێن تكریتی وەفیق سامەڕائی رۆڵی هاینیش هیملەری گێڕا لە پلانی دوا چارەسەری هۆلۆكۆست بۆ ئەنفال, كەچی دواتر هەر بە دەنگی ئەنفالكراوان گەیشتە بەرزترین پۆست, بردیانە كۆشكی سەلام, كۆشكی سەلام دەبێت چەند جەلادی دیكەی تێدا بووبێت؟
كاتێك دادگای باڵای تاوانەكان بڕیاری دادگای لەسەر تاوانباران خوێندەوە , لیستی بانگ كراوان بە وەفیق سامەڕائی دەستی پێكرد, ئەمەش دەربڕی ئەوە بوو , سكاڵای هەموو هاووڵاتیەك لە بەرامبەر هەر دەسەڵاتدارێك چەندە بەرز بێت شوێن خۆی دەگرێت, ئەگەر دادگاكە كەمێك جدی بێت.
لە دوای ئەوەی وەفیق سامەڕائی ناوی لە ڕیزی لیستی تاوانكاران وەك تۆمەتباری ریزبەندی 1 هاتەوە, لە ترسان لە عێراق هەڵات و پۆستە باڵاكەی بەجێهێشت, لە سەرەتادا لە هەموو بۆنەو دانیشتن و چاوپێكەوتنەكان بزر بوو, لە ژیانی سیاسی ئەم وڵاتە فڕێدرایە دەرەوە, شوێن ژیان خۆی گۆڕی, بەڵام دوایی كە بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكان كاری پێ نەكرا, ئەویش وردە وردە هاتەوە سەر خەت و لە راگەیاندنەكان دەركەوتەوە, دواتر لە دادگاییەكی روكەش و لە پێشدا بەڵێن پێدراودا لە رێكەوتی 6-3-2008 بێ تاوانیان كرد لە تاوانەكانی, لێ تازە بۆ هەتا هەتایە تارمایی ئەنفالكراوان بەسەر سەرییەوە دەبن وەك تاوانباری جینۆساید چووە مێژووەوە.
لە كۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم هەموو ئەوكارانەی كردمان وەك ئەندامی رێكخراوێك پێی هەڵساین, هەموو ئەندامانی ئەوكات خاوەند دۆسیەكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست