بهرهو نووسینهوهی پێناسهیهک بۆ جاش و کهواسوور (بەشی سێیەم)
Tuesday, 23/08/2022, 19:34
پاش بڵاو بوونەوەی بەشی دوهەمی ووتارەکەم .بەسزمانێک کۆمێنتێکی لەفەیسبووکدا بۆ نوسیبووم زۆر جێگەی سەرنج بوو کەدەڵێت : " نوسینەوەی ناوێت مەواسفاتی خۆتان و برادەرەکانتان بنوون " نەم دەزانی پێبکەنم یان بگریم بۆ داماوی گەلەکەم !؟ ئەم بەسزمانە پێی وایە کە دەسەڵاتدارانم جیا کردۆتەوە لە جاش و کەواسورو خۆفرۆشان و خاک فرۆشان ، پاشان ئەوانەکەی چۆن برادەری منن ؟
بەرلەوەی گفتوگۆی من و سەرەک جاشێک بگێڕمەوە ، لام باشە باسی باوکێکی جاشتان بۆ بکەم کە دووکوڕی لەگەڵدابوو ، کاتێک لەفەوجێکی جاشمان درا ، باوک و یەکێک لەکوڕەکانی دیل بوون ئەوی تریان کوژرابوو . لەنێوان کوژرانی جاش و شەهید بوونی پێشمەرگەداتاڵەموویەکە ، وەک تەرم و کەلاک خەڵکی بەجاشەمردۆکانمیان ئەووت کەلاک ، یان کەلاکی جاش . باوکێک بەڕدێنێکی ماش و برنجێوە فرمێسکی هەڵدەڕشت و فرمێسکە گەرمەکانی بەسەر ڕدێنەکەیدا دەهاتەخوارێ ، لەوکاتەدا من ویژدانم قوڵپی دەدا نەم توانی زیاتر لەمرۆڤێک بڕوانم بەو زەلیلییە ...هەربۆیە بەرەولای چووم و لەبەردەمیدا نوشتامەوە و لێم پرسی .
مامەگیان ئازارت هەیە ؟
برینداری ، چیت پێویستە ..!؟
دەنگی گریانەکەی بەرزتر بۆوە ، لەپەنا ئەو نماشاخەدا کە پاڵی پێوەدابوو ..ووتی :بم کوژن منشایستەی ژیان نیم ، من دووکوڕم لەگەڵ بوو قامکی دۆشاو مژەی درێژکرد بۆگەنجێکی درێژکەلانە ی باریک کە چەند شەقاوێک لەباوکیەوە دووربوو ، لەگەڵ دیلەکانی تردا دانیشتبوون کە ژمارەیان ١٤ جاش بوو ، هەموویان سەریان شۆڕکردبۆ ناو باوەشیان و خۆیان بەتاوانبار دەزانی و ئێمەش ئەوانمان وەک خۆفرۆش سەیردەکرد.
مامەپیرەکەووتی : ئەوەکوڕمە ، کوڕەکە دەستی لەملیدابوو گولە بەرشانی کەوتبوو خۆشی لەخوێن هەڵکێشرابوو لیک خۆڵ دەمووچاوی سواغ دابوو .
من لەبیرمە ، باشترە بڵێم بینیومە کە چۆن پێشمەرگە دەچوون پارەی ئاسنیان لەناو دەمی جاشی مردوو دەنا ، من ئەودیمەنەم لەنزیکەوە بینیوە و لەیەکێکیش توڕەبووم کە ئەو کارەی کرد .گەرچی ژوان بۆوە کاتێک قسەم بۆکرد .
مامەجاشەپیرەکەووتی : کوڕەکەی ترم کوژرا کە ناوی" بەختیار" بوو بەرلەمردنی بەگیانەڵاوە پێی ووتم : ئەها باوکە ووتم نابم بەجاش..! تەقەکان بواریان نەدام داوای لێبوردنی لێبکەم و ڕۆحی لەئامێزما دەرچێت .
ئەوەی سەرەوە قسەی سەرەک جاشێک نەبوو ، بەڵکو قسەی باوکێکی جاشبوو ، کە کوڕەکەی لەناو لەشکری جاشدابوو و کوژراوە .لەوکاتەدا هەربەڕاستی من بیرم چوبۆوە کەپێشمەرگەم بێئەوەی بەخۆم بزانم فرمێسک بەری هەوکی منیشی گرت و ڕندووک کەوتە سەر ڕوومەتەکانم ، باشە ئێوە بوونایە چیتان دەکرد ؟ یان من دەبوو چیم بکردایە، ئەی چۆن لەپرسەی جاشێکدا سەرخۆشی خۆم ڕابگەیەندایە ؟
بۆیە دوایی دەفتەری یاداشتەکەم کە تۆمارم دەکرد دەرهێنا و نوسیم "ئەمڕۆ بۆ مەرگی تراژیدیایی جاشێک گریام " بەخێرایی دەفتەری یاداشتەکەم داخست و خستمە بەرباخەڵە ئارەقاوێکەم و ووتم نەک هاوڕێکانم بم بینن و تانەم لێبدەن و بڵێن ئەی لەوە بۆ جاش دەگری ..ڕاستی من بۆ مرۆڤێکی گەنجی کوردی داماو گریام کە هێشتا گەشتی ژیانی دەست پێنەکردبوو.
پاشان چەند پێشمەرگەیەک هاتن و دیلەکانیان لەگەڵ خۆیاندا برد ، ئێمەش بەلای چیاکەدا کەسەری لەهەورەکان دەدا ڕێچکەیەکی درێژ وەک ڕووبارمان گرتەبەر ،لەرێگادابووین تەرمی دووپێشمەرگەی شەهیدیتر بەسواری دووهێسترەوە گەڕانەوە ئەمانە لەو برینارانەبوون کە لەلێدانی فەوجەکەدا زامارببوون کە بڕیاربوو بەرەو سنور بڕۆن بۆ چارەسەر، بەڵام سەختی برینەکانیان بواری نەدابوون و گیانیان
بەگەلەکەیان سپارد لەژێر خۆری بەتینی تەموزدا .
تۆ چۆن بوویت بەسەرۆک و فەوجت وەرگرت ؟
ئەوە ئەوپرسیارەبوو کەیەکەمین جار لەموستەشارێکی جاشم کرد لە نیگابانیدا .
لەوەڵامدا سەرەک جاشەکە ووتی : وەک هەمووکورد .
جاکوا هەمووکورد جاشە ؟
بزەیەکی تاڵی کرد ووتی : چۆن ، بۆنازانی بەس فەوجەکەی من ٧٠٠ پیاوبوو ؟
قسەیەکی جان جاکڕۆسۆم بیرکەوتەوە کەدەڵێت :"پیاو هەندێ کات پیاوە، بەڵام مێیینە هەمووکات مێینەیە ".
ئەوسەرەک جاشە هەموو ڕۆژێک دەیان کەس دەهات بۆلای ، خواردنیان بۆدەهێنا ، زۆرجار بیری دەچۆوە کەلای ئێمە زیندانییە . ئێمەش ڕێگەمان پێدابوو ، کەدەڵێم" ئێمە" لەخۆمانەوە نەبوو کەڕێگەمان پێدابوو بەڵکو دەمان ویست و ئاواتمان ئەوەبوو کەسەرەک جاش دڵی نەرم بێت و بێتە ناو شۆڕشەوە . ئەمە بیرکردنەوەی ئێمەبوو چونکە زۆربەی بزاڤەکان لەسەر ژمارە کاریان دەکرد ، ئەووت کێبڕکێ گوریس ڕاکێشان دەکەین پێویستمان بەژمارەبوو .
رۆژێکی تر لێم پرسی ووتم دەکرێ بزانم بۆ بوویت بەسەرۆک جاش ؟
لەوەڵامدا ووتی : من لەبەر عەشرەتەکەم ئەوکارەم کرد .
ووتم دەکرێ بزانم عەشرەکەی تۆ چەند مرۆڤ دەبێت ؟
ووتی : زیاتر لە ٥٠٠ پیاوە ..
قسەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە لە مرۆڤانە ئاسان نییە ، لای ئەم سەرەک جاشە تەنها نێرینە مرۆڤی عەشرەتەکەیەتی منداڵ ژن دایک خوشک ، ئەوانە لەخانەی نەبوانن ، چونە ناو دنیای ئەمانە کەوتنە ناو مەنۆڵێکی پیسە و چۆن هەوڵی قوتاربوون بدەیت هەر گواوی دەبیت .
بۆیە بەنیمچە توڕەبونێکەوە ووتم : دەکرێ بزانم ٤٠ ملیۆن مرۆڤ گرنگە یان ٥٠٠ پیاو ی عەشرەتەکەت ؟
تۆزێ دەستی بەسەرو سمێڵیدا هێنا ، ئەوت جامولکەیەک بەفراوم کردوە بەسەروچاویدا ، تۆزێ وەستا هەستم کرد تەنگە نەفەس بوو پاشان ووتی : من زوو پێشمەرگە بووم ، بەڵام هۆکارێک هەبوو کە چوومەوە و چەکم هەڵگرت . ئەو هیچ هۆکارێکی بۆمن باس نەکرد ، بەڵام ئاگاداری چیرۆکی ژیانی بووم و دەشم زانی ڕاست دەکات کە پێشمەرگەبووە . ئەوەتانێ ئێستا مێرد منداڵێک لەتاریکیدا دادگایی دەکات ، ئەو لەژوورەکەی جگەرەی بەبادەکرد و منیش لەهەوا پاکەکەدا سەیری ئەستێرەو ئاسمانم دەکرد و قسەم لەگەڵ نیشتمان فرۆشێکدا دەکرد و بەپرسیارکردن وەک دووکەڵی جگەرەکەی دەستی قانم دابوو.
هەربەڕاستی ئەمانە کە جەنەراڵی بێ ئەستێرەن چونەناو دنیاکەیانەوە وەک زەوی بەمین ڕێژ کراوە ، ترسناکە .
زۆر مەبەستی بوو بزانێت من خەڵکی کوێم کەس وکارم لەکوێ دەژین ؟ ئەم شێوەیە لە خائین و خۆفرۆشان لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا بوونەتە شتگەلێک ، کەئیتر بەشێکن لە نەریت و کەلەپوری نەتەوەکەمان ، بەداخەوە .
ئەو ماوە توانیم زۆرترین قسە لەگەڵ جاشەکاندا بکەم ، جاشيکان کە گیرابوون تەمەن و ئاینی جیاوازیان هەبوو ، هەر لەو ماوەیەدا دووجاشی کوردی ئێزیدەمان ئازادکرد و بەرەو شێخان ڕۆشتنەوە ، چونکە جەژنی ئێزیدان بوو هەر بەو بۆنەیەشەوە ئازادکران .
بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئێمە هیچ پڕۆژەیەکمان نەبوو تا ئەمانە بکەینە لایەنگر یان بتوانین ڕامیان بکەین بۆ ناو بزافی نیشتمانی کورد بیرمە یەک دوو فەلامان لابوو کە یەکێکیان تەمەنی کەم بوو ، یان چاکترە بلێم منداڵکاربوو لەژووری زیندانەکە دەرمان کردبوو دوایش بوو بەنان کەر و لە بارەگاکە هەڵدەسوڕا ،فەلاکان چەند دانەیەک بوون گەرچی بزوتنەوەی ئاشوری لەنزیکمان بوو ، پێشمان ووتگەر دەبنە پیشمەرگە لەگەڵیان ئازاداتان دەکەین ، بەڵام ملیان نەداو لەسەری ساڵی نوێدا ئەو کۆمەڵە لەفەلایانیش ئازادکران ، نازانم بوونەوەو بەجاش یان ڕێگەیەکی تریان هەڵبژارد ؟
کەسێکمان لابوو تەنها بەناو پێشمەرگەبوو سوکایەتی زۆری بەجاشەکان دەکرد بۆخۆشی کەسێکی بوردەڵەو ترسنۆک بوو ، جاشێک هەبووناومان نابووحاجی ، ئەو بەردەوام نوێژی دەکرد ، زۆر ئاسودە دەبوو کەمن نیگەبانی بەیانیان بوومایە ،ڕێگەم پێدەدا بەدڵی خۆی دەزنوێژ هەڵگرێ و نوێژی خۆی بکات بەڵام ئەو کابرابەدە فەرموودەی پەیام هێنی بۆدەهێنایەوەو پێی دەووت"خۆشەویستی نیشتمان لەئماندایە " عەرەبیەکی باشی دەزانی وەک خۆی . تاڕۆژێک ژنی ئەوجاشە کەدیاربوو زۆر هەژاربوو ٣٠٠٠دیناری هێناو حاجی بردەوە و ئازادکرا .
هات ماڵئاوایم لێبکات کەمنیش دەچووم بۆ جەولە کردن لێم پرسی دەچیتەوە چی دەکەیت !؟
هەناسەیەکی هەڵکێشا و ووتی ڕاستگۆبم ، لەبەر خاتری تۆ زۆر حەزم دەکرد و بیرم کردەوە بچمەوە گوندەکەی خۆمان .بەڵام لەبەر "...." بەڵام دەچمەوەو دەبمەوە بەچەکدار ، بەپێکەنینەوە وای ووت : منیش ووتم : بیرت نەچێت کورد دەڵێت : گۆزە هەمووجارێک لەکانی بەساغی ناگەڕێتەوە " باوەشی پێداکردم وکۆڵێ نزای بۆکردم لەچاوی چەپیدا یەک دوو فرمێسک خزان .
جارێک لەگەڕەنەوەمدا بۆ نیشتمان لەپەنای ماڵماندا کۆنە سەرەک جاشێک دەژیا ناوی" قادر" بوو یەکەمین ئێوارە هات بۆ سەردانم بەڕاستی من هەرگیز ناتوانم لە گەڵ خۆفرۆشاندا ئاسودانە چاکو چۆنی بکەم ، بەڵام لەبەر ڕێزی دایکو باوکم کە ئەوسا لەژیاندا بوون ئاسایی وەک میوان بەخێرم هێنا ، دوایی تۆزێک لێم پرسی کە چۆن فەوجی جاشی دامەزراندووە ؟
کوڕەکەی لەگەڵیدابوو باوکی چرپاندی بەگوێیدا و ڕۆی پیاوێکی ڕووخۆش بوو من زانیم دەیەوێت نهێنیەکم پێبڵێت تالێی ببورم و وەک خۆفرۆشێک تطت نەڕوانم . کوڕەکەی گەڕایەوە ماڵەکەیان هەمووی چەند شەقاوێک لەسەرو ماڵمان بوو ، جانتایەکی ڕەشی هێنا دایەدەست باوکی ئەویش کردیەوە و دووانامەی دایەدەستم و ووتی " من بەتەکلیف فەوجم کردۆتەوە" داوام لێکراوە کە هەستم بەوکارە پاشان سەدان گەنجم پاراستوە کە نەڕۆن بۆ ناو سوپا ، ئەوکاتانە مۆبایل نەبوو تاوێنەی نامەکان بگرم ، هەرڕاستگۆش بم هزی ئەوەم نەبوو ، نامەکان لەدوو سەرۆکی حیزبەوەبوو کە داوایان لێکردبوو فەوجی جاش بکاتەوە ، وردەکاری نامەکەم بیرنەماوە ، بەڵام بیرمە پێم ووت : ئەی تۆ نازانی ئەوە خیانەتە لە گەلێک ؟
ئەوەی مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوەو خۆمان وەک ئەزموون لەگەڵیدا ژیاوین ئەوەیە ، کە کورد هەستی نەتەوایەتی نییە و سنورێکی نییە بۆ پێناسەی خۆفرۆشی ،بەدیوەکەی تردا ونکردنی شوناس و هەستی نیشتمانی و بەرپرسیارێتی لای خۆفرۆشانی کورد شتگەلی سەیر نییە و بەگاڵتە گرتویانە چونکە دەزانن خەڵکی بیریان دەچێتەوە و وەک کەڕکەڕە دەتوانن هەموو ڕەنگێک لەهەموو سەردەمێکدا بپۆشن .
هەربەڕاستی ئێمە تاکە گەلی سەر ئەم ئەستێرەیەین کە تاکو ئێستا تێگەیشتنمان بۆ ئازادی ڕەها نییە ، ئێمە داوای ئازادی دەکەین کەچی نازانین ئازادی مانای چییە؟
ئێمە گەلێکین بیرکردنەوەو تێگەیشتنێکی سەیرمان هەیە و زوو زوو ڕوداوەکانمان بیردەچێتەوە لەنائاگایماندا و سۆز هەمیشە زاڵە بەسەر کاروکردەوەکانماندا ، هەرئەمەشە کە جاش و خۆفرۆشەکان ڕقیان لەهەمووشتێکی دەوروبەری خۆشیان دەبێتەوە ، چ جای نیشتمان و مێژوو بەرپرسیارێتیو ئابڕو نەتەوەو کوردبوونیش .
من لێرەدا دەوەستم هیوادارم ئەوسەرەک جاشانەی یان ئەو خۆفرۆشانەی کە کۆنن و وەک ئەنتیک ماون ، بەرلەوەی ماڵئاوای لەژیان بکەن ، بتوانن خۆیان بەگێڕانەوەی ئەزموونی جاشایەتیو خۆفرۆشیان لەبازاڕەکانی دوژمندا ئەدەبیاتی ژیانمان دەوڵەمەند بکەن .
لەبەشێکی تردا بەراوردێک دەکەم لەنێوان بزافی کوردی و شۆڕشی جیهاندا کەچۆن لەگەڵ سیخوڕو خۆفرۆشەکانیاندا بەرخوردیان کردوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست