خەمی پارتی و بونیادی خێڵ لەناو پارتیدا
Tuesday, 23/08/2022, 18:49
بونیادی حیزب و ڕێکخراوی سیاسی گۆڕانێکی گەورەی بەسەرداھاتووە ، لە ڕۆژگاری ئێستادا هەر حیزبێکی سیاسی جگە لەوەی خاوەنی کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و ژمارەیەک ئینشانووسە خاوەنی تەلەفیزیۆن و رادیۆو و سایت و چەند پەیجێکی فەیسبووکیشە ، لەپاڵ هەبوونی ئەمانەدا حیزبەکانی کوردستان لەوە کەوتون ھەڵگری بەرنامە و ستراتیژ و دونیابینییەکی عەقڵانی سەردەمیانە بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا و گۆڕانکاریی لە سیستەمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوورییدا ، ئەم حیزبانە سیاسەت بە پرسێكی حیزبی تێگەیشتوون نەك گشتی، بەو مانایەی هەموو ناكۆكی و دانوستاندنەكانی نێوانیان، پەیوەندی بە خواستی حیزبەوە هەیە نەك خەڵك و ئەم تێگەیشتنەیان شۆڕکردووەتەوە بۆ هەناوی کۆمەڵگاو کۆمەڵگاش بووە بە بەشێك لەو دابەشبوونە و بە بەشێك لەو فەزایەی کە حیزبەکان دەستیان بەسەردا گرتووە .
پارتی وەک حیزبێکی فەرمانڕەوایی سیاسی ژینگەیەکی پڕ لە ترس و دڵە ڕاوکێی بۆ خەڵکی کوردستان بونیاد ناوەو لەناو ئەو ژینگەیەدا بازاڕی پارتی لە هەموو حیزبەکانی تر گەرمترە و باوەشی کردووەتەوە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە ویژدانی خۆیان دەفرۆشن ، بەڵام ئەم تابلۆیە لە ناوەوە جیاوازەو خوێندنەوەی تر هەڵدەگرێت ، لەناوەوە هیچ شتێکی پارتی لە شوێنی خۆیدا نەماوەو خودی پارتیش لەوە کەوتووە کە حیزب بێت و زیاتر وەک کۆمپانیایەک مامەڵە لەگەڵ خەڵکدا دەکات و خاوەنی پشک و موڵکی تایبەت بەخۆیەتی ، ململانێی نێوان (مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی) دیوێکی تری تابلۆکەیە لەناوەوە کە پارتیەکانی دابەشکردووەو هەموو جومگە ئەمنی و سەربازی و هەواڵگرییەکان لەلایەن کەسایەتیەکی بارزانی و نزیک لە سەرۆکی پارتی قۆرغ کراوە.
خەمی ئێستای پارتی خەمی خاکێکی لەتکراو و داگیرکراو میللەتێکی پەرتەوازە و لێکدابڕاو نییە ! خەمی پارتی زیندانیانی بادینان و نان و موچەو قوتی خەلک نییە ! هیچکاتیش پارتی باکی بە کوشتن و شکاندنی شکۆی ئینسان نەبووە و نابێت ،خەمی پارتی پاراستن و قایمکردنی پێگە و ڕووبەرە جوگرافیی و رەمزییەکانی خێڵە کە لەسەری دەژی ، خەمی پارتی هێنانە پێشەوەی دەموچاوی تازەیەکە وەکو میراتی سیاسی بناسرێن ، جیاواز لە ململانێکانی نێوان (نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی) کە کار بۆ بەهێزکردنی پێگەی کوڕەکانیان ( ئیدریس و ئاریین )دەکەن، مەسعود بەرزانیش سەرۆکی پارتی نەیتوانیوە بێلایەن بێت و گرنگی زۆریشی داوە بە کوڕە گەورەکەی وپاڵپشتی و چاودێری دەکات ، بەڵام لەناو ئەم تابلۆیەو نەوەکانی خێزانەکەیدا کوڕە بچوکەکەی بەناوی (مستەفا) ناسراو بە (بابۆ) لە هەمووان خۆشتر دەوێت و ناو بەناو هێناویەتیە پێشەوە بۆ پێشبڕکێ و لە زۆربەی کۆڕو کۆبونەوەکانیدا یان لەگەڵیدایە یانیش نوێنەرایەتی دەکات .
پارتی جگە لەوەی لەئاستی نیشتیمانیدا بۆ ھیچ پرسێکی سیاسیی خاوەن پرۆژەیەکی نیشتیمانیی و پێکەوەکارکردنی ستراتیژیی نییە لەگەڵ هێزەکانی تردا لەئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتییدا سەنگی دیپلۆماسیی زۆر لاوازە ، ئەم حیزبە لە ئاستی ناوخۆیشدا لە دۆخی نامتمانەییەکی گەورە و نێرجسییەتێکی کوشندەی سیاسی دایە ، ئەوەی شایستەی باسکردنە ئەوەیە پارتی لەناو روداووەکاندا خۆی بە هیچ پرسێکەوە نەبەستۆتەوە، ئەوە پێرەو دەکات کە لە بەرژەوەندی تەسکی حیزبەکەدایە، پارتی لە سیاسەتدا هیچ دابونەریت و یاسا و رێسایەک و هیچ بەهایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە بەرچاوناگرێت ، دۆخێکی سۆسیۆـ سایکۆلۆژی بونیاد ناوە کە رۆژ لە دوای ڕۆژ كەلتوری خێڵ لەناو کۆمەڵگادا زەقتر دەکاتەوە و بەڕۆحیەتی خێڵیش مامەڵە لەگەڵ هیزو لایەنە سیاسیەکانی تردا دەکات ، لەکاتێکدا حیزب خۆی پەیكەرێكی سیاسیی مۆدێرنەیە و لۆژیک و عەقڵی خێڵ لە ناو فۆڕم و دونیای مۆدێرنەدا تەواو جیاواز و دژ بەیەکن ، مۆدێرنەو خێڵ پێکەوە ناتوانن گۆڕانكاریى كەلتوری و عەقڵی بونیاد بنێت ، بەڵام فۆڕمی خێڵ دەتوانێت فاشیزمی تایبەت بە خۆی بەرهەمبێنێت کە هەمووان ملکەچ بە خۆی بکات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست