شاعیر و نووسەری دەربار
Saturday, 13/08/2022, 20:44
وای لێهاتوە ئەڵێن فڵان شاعیری یەكێتی، فیسار نوسەری پارتی .
ئەوە تۆیت مێژو بۆ خۆت دروست ئەكەیت ، حیزب ناتوانێت مێژوت بۆ دروست بكات . رەوشتی نوسەران ئەوەیە یاخی بن ، دەستەمۆ و لارو مل و چاوشۆڕی سیاسەت نەبن ، بەئەقڵی خۆیان بیر بكەنەوە و خوڵقێنەر بن ، بەڵام بارودۆخەكە لە كوردستان خەریكە پێچەوانە ئەبێتەوە.
كابرا شاعیر بووە خەریكی شەڕە پەڕۆ بووە، لە گەندەڵی تێوەگلاوە و بەئەقڵی حیزبییەكی كۆمیتە و ناوچە بیری كردوەتەوە، كابرا نوسەرە بەحساب ، كەچی بە ئیعازی حیزب ئەنوسێت و لەسەرەوە بیری بۆ ئەكەنەوە، کە چی بنوسێت و چی نەنوسێت!
ئەو دەسەڵاتەی كە لە كوردستاندا بووە نەك هەر ڕۆژێك لە شیعری شێركۆ بێكەس نەترساوە، ئەو حیزبەی هەژار موكریانی تێیدا دەربار بووە، نەك هەر لە نوسینی هەژار نەترساوە ، بەڵكو ئەمانە بنیادنەر و هەڵخەڵەتێنەری خەڵك بوون، بەشێك بوون لەدروستكردنی ئەو بارو دۆخەی كەئێستا تۆ و باوكت و دایكت باجەكەی ئەدەن و بەشی ئەوەندەش قەرزارن مناڵەكەت باجی دزی و تاڵانگەرایی ئەمانە بدات !
ڕەنج سەنگاوییەك كە لە تەلەفیزۆنی ڕوداوا خەریكی ئەوا خزمەتكاری نێچیرەڤان بەرزانی و مردولاوانەوەیە ، خەریكی نوسینی دەردەدڵە بۆهەرزەكاران ، چی كاریگەرییەكی هەیە لەسەر ئەو دەسەڵاتە و مەعریفەی خەڵك ؟!
نوسەرانی مشەخۆرو دەستەمۆ، ئەوانەی كاتێك باسی مرۆڤی باڵای نیچە ئەكەن و ویژدانی خۆیان بەهەرزان ئەفرۆشن بە حیزب ، حیزب دەست ئەگرێت بەسەر بیركردنەوەیاندا و گەمژەیەكی نەخوێنەوار بۆیان دیاری ئەكات چۆن بیربكەنەوە، چی بنوسن و چی نەنوسن ، ئەمانە هەبن یان نەبن چی ئەگۆڕێت؟!
فەرهاد پیرباڵ كە جڕتی بۆ دەسەڵات لێئەدا ، كاتێك حیزب دایماڵی لەخۆی و خۆی خستە بندەستی پارتی بینێتان چی پێكراو چی لێدەرچوو؟!
تۆ كە نوسەر بوویت ئەبێت مرۆڤێكی باڵابیت ، یاخی بیت ، دەستكاری ناڕێكییەكان بكەیت ، داهێنەر بیت ، بەڵام كاتێك كە ئەبیت بەكۆیلە و شایەری حیزب ، كاتێك ئەبیت بەمرۆڤێك سەوداو مامەڵە بەخۆتەوە ئەكەیت ، كاتێك كە بۆ ئەوە ئەخوێنیتەوە ئەو خوێنەڕژاوە ناشیرین بكەیت لەبەر دڵی خەڵك ئەڕوات ، ئەوا لە شایەر و كاسەلێس و بەرماوەخۆرێكی حیزب زیاتر نیت .
كەم نین ئەو شایەرانەی وەك كلكی مەسولەكان ، خەریكی ڕازانەوەی مێزی بەرپرسن بە شیعر، خەریكی شەڕەپەڕۆن بە وتار، خەریكی ماستاون بە فەلسەفە، خەریكی ڕازانەوە و ئارایشتكردنی گوكاریەكانی حیزبن بە كتێب ، خەریكی پارە وەر گرتن و ڤێلا و كۆیلایەتین ، بەرلەوەی خاوەنی هزر بن، حیزب بیریان بۆئەكاتەوە چی بنوسن .
مرۆڤ كە چوە نێو چوارچێوەیەكەوە بیركردنەوەی هی خۆی نەبوو، كۆێلەیە نەك یاخی ، دەربارە نەك نوسەر ، شایەرە نەك شاعیر ....
ستایش و ماستاوی هەرچی نوسەرە بەقەد جڕتێك جوان نییە، مناڵە هەژارێك بۆ ئەو دەسەڵاتەی لێئەدات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست