کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


نوخبه‌ى سیاسی و ڕۆشنبیرى له‌ هه‌رێمى كوردستان

Thursday, 11/08/2022, 0:57


له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كان و دێموكراته‌كانى جیهاندا نوخبه‌ى سیاسى و ڕۆشنبیرى دوو كۆڵه‌كه‌و دوو بنه‌ماو دوفاكته‌رى زۆر به‌ هێزى ئیداره‌دان و پێشكه‌وتنى وڵاتن له‌ هه‌موو بواره‌كاندا. نوخبه‌ى سیاسى واته‌  كه‌سایه‌تیه‌ دیاره‌كانى ناو حیزبه‌ سیاسیه‌كانى وڵات ئه‌وانه‌ى كه‌شاره‌زاییه‌كى باشیان هه‌یه‌ له‌ بوارى سیاسیدا.  زانستى سیاسى بوارێكى زۆر فراوانه‌و هه‌موو كه‌سێك ناتوانێت ببێته‌ كه‌سێكى سیاسى شاره‌زاو لێزان . هه‌ر حیزبێك خاوه‌نى ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ كه‌سایه‌تى سیاسى و شاره‌زاو دیارى ناو كۆمه‌ڵگا بێت ، زۆرترین شانسى هه‌یه‌ كه‌ براوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان بێت ، چونكه‌ ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ سیاسیانه‌ باش ده‌زانن چۆن جه‌ماوه‌ر بكه‌نه‌ دۆست و پشتیوانى خۆیان . به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نها بۆ وڵاته‌ دێموكراته‌كان ڕاسته‌ .    
ئه‌و حیزبه‌ى كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا سه‌رده‌كه‌وێت  به‌ ماناى ئه‌وه‌ نییه‌  كه‌ پشتى لێ بكاته‌وه‌و وابزانێت هه‌ر خۆى هه‌یه‌و چۆنى بوێت و چۆن بۆى باش بێت بۆ خۆى بیكات و كۆمه‌ڵگا له‌ بیر بكات . حیزبه‌ سیاسیه‌كانى تریش كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا  سه‌رنه‌كه‌وتون ، به‌رده‌وام له‌به‌رامبه‌ر  حیزبى فه‌رمان ڕه‌وادا ده‌وه‌ستنه‌وه‌و خاوه‌نى دیدو بۆچونى خۆیانن و به‌رده‌وام جه‌ماوه‌ر له‌ كه‌م و كورتى حیزبى فه‌رمان ڕه‌وا ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه‌ . بۆیه‌ نوخبه‌ى سیاسى ناو حیزبى فه‌رمان ڕه‌واش زۆر به‌ ئاگاییه‌وه‌ كار ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات له‌ سیاسه‌تى حیزبه‌كه‌ى  له‌ ئاستى داواكاریه‌كانى جه‌ماوه‌ر دابێت  بۆ ئه‌وه‌ى پشتیوانى جه‌ماوه‌ر له‌ ده‌ست نه‌دات . 
له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌ دێموكراته‌كاندا حیزبه‌كان و نوخه‌به‌ى سیاسى ناو حیزبه‌كان به‌ حیزبى فه‌رمان ڕه‌واو ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ ، هه‌مویان له‌ پێناوى خزمه‌تى هاوڵاتیان و پێشكه‌وتنى وڵاته‌كه‌یاندا كار ده‌كه‌ن نه‌ك هه‌ر یه‌كه‌ى بۆخۆى وه‌كو هه‌رێمى كوردستان . هه‌ر حیزبێك به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى وڵات و هاوڵاتیان پشت گوێ بخات و له‌ بیرى بكات ، جه‌ماوه‌ر قبوڵى ناكات و له‌ نزیكترین هه‌ڵبژاردنى داهاتودا  تۆَله‌ى خۆیان له‌و حیزبه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌و له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌رناچێت . له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌ دێموكراته‌كاندا خه‌ڵكانێى  زۆر كه‌م سیاسه‌ت ده‌كه‌ن و به‌ باشترین شێوه‌ وڵات به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن ، به‌ڵام له‌ وڵاته‌ دواكه‌وتوه‌كانى وه‌كو ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست زۆرینه‌ى خه‌ڵك سیاسه‌ت ده‌كه‌ن و خۆشیان به‌ سیاسى ده‌زانن و وڵاتیش به‌رده‌وام به‌ره‌و وێرانى ده‌ڕوات چونكه‌ ئه‌وانه‌ى وڵات به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن نه‌سیاسین و نه‌ سیاسه‌ت ده‌زانن و نه‌ بۆ جه‌ماوه‌ریش كار ده‌كه‌ن .  
له‌ به‌رامبه‌ر  نوخبه‌ى سیاسیشدا نوخه‌به‌یه‌كى زۆر ڕۆشنبیر و به‌ ئه‌گا هه‌یه‌و ئه‌م نوخبه‌یه‌ به‌رده‌وام چاویان له‌سه‌ر نوخبه‌ى سیاسى  ده‌سه‌ڵاتداره‌و هه‌ر كه‌م و كورتییه‌ك و هه‌ڵه‌یه‌ك له‌ شێوازى حوكمڕانى و سیاسیه‌كان به‌دى بكه‌ن  خێرا دێنه‌ ده‌نگ و له‌ ڕێگاى میدیاكانه‌وه‌ هۆشداریان پی َده‌ده‌ن و له‌ مه‌ترسیه‌كان و  هه‌ڵس وكه‌وته‌كانیان ئاگاداریان ده‌كه‌نه‌وه‌و له‌ هه‌مان كاتیشدا ڕێگاى ڕاستیشیان نیشان ده‌ده‌ن .
 نوخه‌به‌ى ڕۆشنبیرى وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كان  نوخبه‌ى سیاسى و ده‌سه‌ڵاتى حوكمڕانى به‌ دوژمنى خۆیان نازانن و ڕه‌خنه‌كانیان بۆ ڕۆخاندنى ده‌سه‌ڵات نییه‌ چونكه‌ ئه‌وانیش خۆیان به‌ به‌رپرس ده‌زانن له‌به‌رامبه‌ر وڵاتداو ده‌یانه‌وێت ئه‌ركى خۆیان جیى َبه‌جی بكه‌ن  كه‌ ئه‌ویش ئاگادار كردنه‌وى لایه‌نى حوكمڕانیه‌ له‌ له‌مه‌ترسیه‌كانى داهاتودا .  له‌ به‌رامبه‌ردا نوخبه‌ى سیاسى ناو ده‌سه‌ڵات ڕه‌خنه‌و هۆشداریه‌كانى  نوخبه‌ى رشۆشنبیر، به‌ ئه‌رێنى وه‌رده‌گرن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌ڵه‌و كه‌م وكورتیه‌كانى خۆیان چاك بكه‌ن  له‌ پێناوى به‌رژه‌وه‌ندى گشتیدا .
 ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ى له‌و وڵاتانه‌ ئه‌و هه‌موو پڕۆفیسۆر و مامۆستاى زانكۆ شاره‌زایانه‌ هه‌یه‌ ، به‌ڵام زۆر به‌ كه‌مى و  له‌كاتى زۆر پێویستدا نه‌بیت  و داوایان لی َنه‌كرێت ، كه‌س نابینى له‌خۆیه‌وه‌ لێدوان بدات و ئه‌وان له‌ بوارى زانست و زانیاریدا كار ده‌كه‌ن و سیاسه‌تیان  جێ هێشتوه‌ بۆ نوخبه‌ى سیاسى و ئه‌وان نایانه‌وێت ده‌ست بخه‌نه‌ سیاسه‌ته‌وه‌ .  به‌ڵام له‌كاتى پێویستدا  نوخبه‌ى سیاسى و حوكمڕانى  هه‌وڵ ده‌ده‌ن ڕاو بۆچونى مامۆستایانى زانكۆ له‌سه‌ر بابه‌تێكى هه‌ستیار ڕۆژ  بزانن ، یان زۆر جار مامۆستاكان خۆیان  هه‌ست به‌ مه‌ترسى ده‌كه‌ن بۆ سه‌ر وڵات و له‌ ڕێگاى لێدوانه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه‌ . 
له‌وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كانى  دنیادا له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتى حوكمڕانیدا  نوخبه‌ى ڕۆشنبیر و میدیایه‌كى به‌هێزو ئۆپۆزسیۆنێكى كاراش هه‌یه‌ . ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌  به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان دژى یه‌كترین . واته‌ به‌ره‌ى ڕۆشنبیر و میدیاو به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆن به‌رده‌وام به‌دواى كه‌م و كورتیه‌كانى حكومه‌تدا ده‌گه‌ڕێن و بۆ جه‌ماوه‌رى باس ده‌كه‌ن . حكومه‌تیش  بۆ مانه‌وه‌ى خۆى ده‌بێ به‌رده‌وام داواكاریه‌كانى جه‌ماوه‌ر جێ به‌جێ بكات . به‌ لایه‌كى تریشدا ئه‌م دژایه‌تیه‌ى نوخبه‌ى ڕۆشنبیر و میدیاو  حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان  به‌رامبه‌ر به‌ حیزبى  حوكڕان به‌ ئه‌رێنى  بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ چونكه‌ به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆن كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتن زیاتر كه‌م و كورتییه‌كانى حیزبى ده‌سه‌ڵاتدار ده‌زانن و كاتێك ئاشكرایان ده‌كه‌ن ، حیزبى ده‌سه‌ڵاتداریش هه‌وڵ ده‌دات  ئه‌و كه‌م و كورتیانه‌ نه‌هێلێت و به‌هانه‌ى ڕه‌خنه‌ گرتن نه‌هَێلنه‌وه‌ بۆ كه‌س . له‌ ئه‌نجامدا دژایه‌تى به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات بۆ یه‌كترى به‌ قازانجى كۆى كۆمه‌ڵگا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ چونكه‌ هه‌ردوك به‌ره‌كه‌  له‌ خزمه‌تى پێشكه‌وتنى وڵاتدان و هیچ لایه‌كیان  كار ناكات بۆ ئه‌وه‌ى زیان به‌ ئاینده‌ى وڵاته‌كه‌یان بگات .  
دواى ئه‌م ڕونكردنه‌وه‌یه‌ ده‌مه‌وێت  شێوازى حوكمڕانى و نوخبه‌ى سیاسى و ڕۆشنبیرى هه‌رێمى كوردستان  به‌وڵاتانى پێشكه‌وتوى دنیا به‌راورد بكه‌م و كه‌مێك ڕونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر  شێوزاى حوكمڕانى و نوخبه‌ى سیاسى و ڕۆشنبیرى هه‌رێمى كوردستان بده‌م . له‌ هه‌رێمى كوردستان ماوه‌ى 30 ساڵه‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و  په‌ڕله‌مان و حكومه‌ت و دام وده‌زگاى حكومه‌ت و هێزى چه‌كدارى حكومه‌ت هه‌یه‌ و له‌ به‌رامبه‌ریشدا ئۆپۆزسیۆنیش هه‌بوه‌ . به‌ڵام ئه‌م هه‌موو دام و ده‌زگایانه‌ى به‌ناوى حوكمڕانیه‌وه‌ هه‌بون هه‌مویان هه‌ر به‌ناوهه‌بون و شكلى و ڕه‌مزى بون نوێنه‌رى  جه‌ماوه‌ر نه‌بون و ب جه‌مماوه‌ر كاریان نه‌كردوه‌ . 
ماوه‌ى 30 ساڵه‌ حكومه‌ت و په‌ڕله‌مان له‌ ژێر ده‌ستى یه‌كێتى و پارتیدایه‌ . هه‌ر یه‌كه‌یان هێزى پێشمه‌رگه‌و ئاسایش و  پۆلیسى خۆیان هه‌یه‌ . هه‌ر یه‌كه‌یان په‌یوه‌ندى تایبه‌تى خۆیان به‌وڵاتانه‌وه‌ هه‌یه‌ . هه‌ر یه‌كه‌یان   خاوه‌نى سامانى خۆیانن . حكومه‌ت هیچ كه‌ناڵێكى ته‌لفزیۆنى نیه‌ به‌ڵام یه‌كێتى و پارتى  چه‌ندین كه‌ناڵى ته‌له‌فزیۆنى و  سایتى ئینته‌رنێت و  كه‌ناڵى ڕادیۆیان هه‌یه‌و . سه‌رۆكى حكومه‌ت و سه‌رۆكى هه‌رێم هه‌ر یه‌كه‌یان به‌جیا  كه‌ناڵى ته‌له‌فزیۆنى خۆیان هه‌یه‌ .
 هه‌موو حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانیش  كه‌ناڵى ته‌له‌فزیۆنى تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌ . ئه‌م هه‌موو میدایانه‌ به‌ جۆرێك خه‌ڵكیان چه‌واشه‌ كردوه‌ ، خه‌ڵك بڕواى به‌ هیچ میدیایه‌ك نه‌ماوه‌ . زۆر به‌ زه‌حمه‌ت هه‌واڵێكى ڕاستت ده‌ست ده‌كه‌وێت  ، چونكه‌ هه‌رلایه‌نه‌و به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندى خۆى  هه‌واڵه‌كان بڵاو ده‌كاته‌وه‌ .  هه‌رچى كارمه‌ندى حكومه‌ت هه‌یه‌ هه‌ر له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمه‌وه‌و وه‌زیر و گوزیر و به‌ڕیوه‌به‌رى گشتى و گشت پۆسته‌ ئیداریه‌كانى تر هه‌ر له‌ دادگاكان و سه‌رۆكى زانكۆكان و ڕاگرى كۆلێجه‌كان و  به‌ڕیوه‌به‌رى قوتابخانه‌كانه‌وه‌ تا خوارى خواره‌وه‌ زۆرینه‌ى هه‌ره‌ زۆریان  به‌ تایبه‌تى ئه‌و پۆستانه‌ى گرنگن ئه‌وه‌  له‌ده‌ستى حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانن و ده‌درێنه‌ كه‌سانى حیزبى نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌ماى  كه‌سى شیاو بۆ شوێنى  شیاو  .
كه‌واته‌ نوخبه‌ى سیاسى و نوخبه‌ى ڕۆشنبیرى هه‌رێمى كوردستان بریتین له‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرى حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و ئۆپۆزسیۆنه‌كان.  ئه‌وانه‌ش بۆ مانه‌وه‌ى خۆیان و له‌ ده‌ست نه‌دانى ئه‌و پاروه‌ چه‌وه‌ره‌ى  به‌ حازرى  و بێ عه‌ره‌ق هاتۆته‌ به‌رده‌میان  هه‌مویان بونه‌ زوڕناژه‌ن و كۆیله‌ى حیزبه‌كان.  سه‌ركردایه‌تى حیزبه‌كانیان  چۆنیان فه‌رمان پی َبكه‌ن  ئه‌وان جێ به‌جێى ده‌كه‌ن  بی َكه‌م و زیادو هه‌رگیز ڕه‌خنه‌یان له‌سه‌ر  حیزبه‌كانیان نییه‌ ئه‌گه‌ر خیانه‌تیش بكه‌ن .  ئه‌و به‌ناو نوخبه‌ سیاسیه‌ى كه‌ هه‌یه‌  نوخبه‌یه‌كى  به‌ كۆیله‌ كراوى خه‌سێنراوى وابه‌سته‌یه‌ به‌ فه‌رمانى حیزبه‌وه‌ . ئه‌و نوخبه‌ به‌ناو سیاسیه‌  كاریان ئه‌وه‌یه‌ كاره‌ ناشیرین و قێزه‌ونه‌كانى سه‌ركردایه‌تى حیزبه‌كانیان  مكیاج بكه‌ن و جه‌ماوه‌ر چه‌واشه‌ بكه‌ن . ئه‌و به‌ناو سیاسى و رۆِشنبیرانه‌  هیچ شتێكى به‌سودیان پێ نییه‌  بۆ جه‌ماوه‌ر .
 ئه‌وانه‌ نه‌ك پشتیوانى له‌ جه‌ماوه‌ر ناكه‌ن ، به‌ڵكو دوژمنى ڕاسته‌قینه‌ى جه‌ماوه‌رن . ئه‌وحیزبانه‌ى له‌ده‌ره‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتیشن .ناو به‌ناو به‌شدارییان  پێ ده‌كه‌ن له‌ ده‌سه‌ڵاتدا له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ندێد پۆست و ئیمتیازاتدا و به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ ڕێگاى قسه‌ كردنیشیان لێ ده‌گرن . خۆ ئه‌گه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتیش بن وه‌كو ئۆپۆزسیۆن ، ئه‌گه‌رچى بۆچونى باشیشیان هه‌بێت و له‌ په‌ڕله‌مان خاوه‌نى قسه‌ى خۆیان بن ئه‌وه‌ هه‌ر سودى نییه‌  چونكه‌ كه‌مینه‌ن و قسه‌یان هیچ بڕناكات . 
ئه‌ندامانى په‌ڕله‌مان  به‌ تایبه‌تى  پارتى كه‌ زۆرینه‌ن و دواى پارتى  یه‌كێتى  له‌ برى ئه‌وه‌ى به‌رگرى له‌مافى هاوڵاتیان بكه‌ن ، ئه‌وان ته‌نها به‌رگرى له‌ حیزبه‌كانى خۆیان ده‌كه‌ن . هه‌رئه‌ندام په‌ڕله‌مانێك  قسه‌ له‌سه‌ر حیزبى فه‌رمان ڕه‌وا بكات  یه‌كسه‌ر لێى دینه‌ده‌نگ و زۆر جاریش وه‌كو به‌ڵتـه‌جى په‌لاماریان ده‌دن . هه‌رپڕۆژه‌    یاسایه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندى حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كاندا نه‌بێت  ناخرێته‌ به‌رنامه‌ى دانیشتنى  په‌ڕله‌مانه‌وه‌ . 
لێره‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان  حیزبه‌ده‌سه‌ڵاتداره‌كان حكومه‌تن و ئه‌وانیش چۆنیان بۆ خۆیان باش بێـت ئاوا ده‌كه‌ن . هه‌موو ئه‌و كارمه‌ندانه‌ش له‌ سه‌رى سه‌ره‌وه‌ تا خوارى خواره‌وه‌ وه‌كو به‌كرێگیراوى خۆیان سه‌یریان ده‌كه‌ن و ده‌بێ حیزب چى بوێت ئه‌وانیش ئه‌وه‌ بكه‌ن .  ئه‌وانه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتیشن له‌ هه‌موو بواره‌كاندا  كه‌ ژماره‌شیان زۆره‌ ئه‌گه‌رچى خاوه‌نى تواناو هه‌ڵوێستى خۆیانن و خه‌ڵكانى زۆر ڕۆشنبیر له‌ ناویاندا هه‌یه‌، بۆچۆنى باشیان هه‌یه‌ .به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌ندامى ئه‌و حیزبانه‌ نین هیچ حسابێكیان بۆ ناكرێت و گوێیان بۆ ناگیرێت و  له‌ برى ئه‌وه‌ى  كاریان پێ بسپێرن ، به‌تاواوى پشت گوێ خراون و كه‌س لایان لی َناكاته‌وه‌ . 
له‌ ئه‌نجامدا به‌شێكیش له‌م كه‌سانه‌  كه‌ گه‌یشتتنه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى ئه‌گه‌ر نه‌بنه‌ ئه‌ندامى حیزبێك هه‌رگیز پێش ناكه‌ون ، ده‌بنه‌ لایه‌نگرى یه‌كێك له‌ حیزبه‌ده‌سه‌ڵاتداره‌كان  له‌ پێناوى وه‌رگرتنى پله‌و پۆست و  به‌رژه‌ندى  تایبه‌تى و ئه‌وانیش  له‌ بیر ده‌چنه‌وه‌ .    له‌ هه‌رێمى كوردستان چه‌ندین حیزب و حیزبۆڵه‌ هه‌یه‌ كه‌ هیچ ڕۆڵێكیان نییه‌ و حیزب هه‌یه‌ هه‌ر ناوه‌و هه‌موو ئه‌ندامه‌كانى به‌ مه‌نجه‌ڵێك یاپراغ تێر ده‌خۆن ، ئه‌مانه‌ له‌ بونه‌كانداو كاتى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ، ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ مامه‌له‌ له‌ گه‌ڵ حیزبه‌ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له‌ پێناوى بڕێك پاره‌ یان دامه‌زراندنى چه‌ند كه‌سێك  ده‌بنه‌پشتیوانیان . 
خه‌ڵكه‌كه‌ش  فێرى ئه‌وه‌ بون چۆن بۆخۆیان كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى مه‌رامه‌كانیان بێته‌ دى . بۆ نمونه‌ گۆڕان دروست بوو جه‌ماوه‌رێكى زۆرى لی َكۆبۆوه‌ . به‌و هۆیه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك  بونه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان و وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى و زوربه‌شیان  دواى ته‌واو بونى ده‌وره‌كانیان  وازیان له‌گۆڕان هێنا . ئێستا گۆڕان  گڕۆڵه‌ى له‌ لێژیدایه‌و به‌ره‌و نه‌مان ده‌ڕوات ، ئه‌وه‌تا شاسوار ئه‌و ڕڵه‌ ده‌بینێت و كۆمه‌ڵێكیش بۆ مه‌ستى خۆیان ده‌چنه‌ لاى شاسوار و دوایی ئه‌ویش جێ ده‌هێلن . كه‌واته‌ سیاسه‌تكردن له‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌كو بازرگانى كردنى لێ هاتوه‌ .
دواجار له‌م جه‌نجاڵیه‌ سیاسیه‌ وێرانه‌ى  هه‌رێمى كوردستان چى به‌رهه‌م دێت ؟.  هه‌موو ئه‌وانه‌ى سه‌ربه‌ حێزبێكى سیاسین  له‌ وه‌زیره‌وه‌ تا ئه‌وانه‌ى بچوكترین پۆستیان هه‌یه‌ خۆیان به‌ نوخبه‌ى سیاسى و رۆشنبیر ده‌زانن و لێكدانه‌وه‌ى سیاسى ده‌كه‌ن . كاتێكیش به‌شێك له‌وانه‌ خانه‌ نشین ده‌بن له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان و وه‌زیر و ئه‌وانه‌ى  كه‌ پۆستى تریان هه‌یه‌ كه‌ كاتى خۆى به‌ هۆى حیزبه‌وه‌ ئه‌و پۆستانه‌یان وه‌رگرتوه‌و خه‌ڵكى وایان تێدایه‌  شایانى ئه‌وه‌یه‌ بیكه‌یته‌ شوانى حوشتر له‌ ده‌شتى عوزێم ، بێزیان نایه‌ت له‌گه‌َلأ هاۆڕێ كۆنه‌كانى خۆشیان قسه‌ بكه‌ن چونكه‌ خۆیان به‌ گه‌وره‌تر له‌وان ده‌زانن . 
ئاخر مه‌عقوله‌  تۆ به‌رپرسێكى حیزبى و حكومى گه‌وره‌بیت له‌ حیزبێكداو به‌ به‌رچاوى خۆته‌وه‌ سه‌رۆكى حیزبه‌كه‌ت یان به‌رپرسانى باڵاى حیزبه‌كه‌ت  كارى زۆر ناڕه‌وا ئه‌نجام بده‌ن ، گه‌نده‌ڵى بكه‌ن ، ده‌ست له‌ ناوده‌ستى دوژمن بكه‌ن و زیان به‌ گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌ت  بهێنن و كار بگاته‌ ئه‌وه‌ى ده‌ست بۆ خیانه‌تیش به‌رن ، تۆش هیچ بۆچونێكت نه‌بێت و پشتیوانیشیان لێ  بكه‌یت . سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش خۆت له‌ناو نوخبه‌ى سیاسى و چینى رۆِشنبیران حساب بكه‌ى ؟. 
كه‌واته‌ ده‌توانین بڵێین له‌ هه‌رێمى كوردستان نوخبه‌یه‌كى سیاسى و ڕۆشنبیرى ڕاسته‌ قینه‌ى وانییه‌ كه‌ كاریگه‌رى  ئه‌رێنیان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاو ده‌سه‌ڵاتى حوكمڕانى  هه‌بێت . ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ى خۆیان وه‌ك ئه‌ندامى حیزبه‌كان وێنا ده‌كه‌ن و له‌ هه‌مان كاتیشدا خۆیان به‌ نوخبه‌ى سیاسى و ڕۆشنبیر ده‌زانن ، ئه‌وه‌ ته‌وا دووره‌ له‌ ڕاستییه‌وه‌  ، چونكه‌ نه‌هه‌موو كه‌سێكى حیزبى نه‌ سیاسیه‌و نه‌ ڕۆشنبیرێكى ته‌واوه‌ . نوخبه‌ى ڕۆشنبیر زیاتر ئه‌وانه‌ن  كه‌ بیلایه‌نن و له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتن و  دواى به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان ناكه‌ون و ئه‌وه‌ى ده‌ینوسن زیاتر بۆ به‌رژه‌وه‌ندى گشتییه‌ نه‌ك حیزبى . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە