کورد لە نێوان پیرۆزکردنی میژووی ئیسلام و رخنە لێگرتنیدا
Tuesday, 09/08/2022, 10:02
بە کورتیەکەی، ئەوەی ئێستا بە شێوەیەکی رارا و ترس و زۆرجار بە نهێنیەوە باس و خواس لەسەر مێژووی ئیسلام و پیرۆزیەکانی دەکرێت ئەوەیە، کە سەرەرای چەندین کتێب و نوسینی بە نرخ بەڵام لە رووی زانستیەوە مێژووی ئیسلام لەوەدا دەبینرێت دوور لە قورئان تەنها بە شێوەی زارەکی گواستراوەتەوە و ئەوەی هەیە تەنها حیکایەتە و دوورە لە بەڵگە باوەرپێکراوەکان و راستی و تەنانەت زۆرێک لە پێداگرتن لەسەر حەقیقەتی ئەو میژووە ناروونە و بە پیرۆزکردنی رێرەوی مێژووی ئایینی ئیسلام، خاڵە نادیار و کەموکورتیەکانی داپۆشیوە و قسەوباس و رەخنەگرتنی بڤەکردووە، بە تایبەتی لە جیهانی ئیسلامیدا خەڵک بە وریایی و راراییەوە خۆی لەقەرەی ئەم شێوە باسانە دەدات و، بۆ سەلامەتی گیانی بێدەنگی هەڵدەبژێرێت.
لە پاش شەپۆلی هاتنەئارای رەوتی ئیسلامی سیاسی و فشارەکانی و راوبۆچۆنی توند و زبر تا رادەی تیرۆری ئەوانەی خۆیان لەقەرەی ئەم مێژووە و حەقیقەتەکان دەدەن، وایکردووە کە زۆر بە دەگمەن خەڵکانێک دەرکەون باوەر و بیرکردنەوە و رای خۆیان لەسەر حەقیقەتەکانی مێژووی ئیسلام و پەیوەندیی بە نەتەوەکانی ئەم ناوچەوە دەربرٍن .
ئەوەی جێگەی سەرسورمانە کە کورد لە هەموو نەتەوەکانی دیکە زیاتر لەوبارەوە کەمتەرخەمە و خۆی بەدوور دەگرێت لە مەسەلەیەکی چارەنوسسازی گرنگی زانستی لەم شێوەیە سەرەرای ئەوەی زەرەمەندی یەکەمی دەردانەکانی میژووی ئیسلامە و تەنانەت وەکو نەتەوە لە ژێر هەرٍەشەی لەناوچوونی رەسەنایەتی سەرجەم بوارە کۆمەڵایەتی و کەلتوری و فەرهەنگی و دابونەریت و تایبەتمەندیکانی خۆیەتی.
هۆکاری سەرەکی ئەم بارەی کورد زیاتر بۆ چەند خاڵێک دەگەرٍێتەوە :
*لەگەڵ مەبوونی دەوڵەتدا، نەبوونی سەقامگیری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەراهەمبونی رێگەی پان و بەرین بۆ سەپاندنی سەرجەم بیر و باوەرەکانی ئەویتری نەگونجاو و هەبوونی رێگری هەمەلایەن لە رۆشنبیران و خەڵکی بەتوانا بۆ روونکردنەوەی حەقیقەتە مێژووییەکان و خەفەکردنی وێستگە دروستەکانی بەرەنگاری و رووبەروبونەوەی هاوردە نەگونجاو و زیانبەخشەکانی کاروانی میژووی گەلی کوردستاندا.
* کەمی بوێری و نەبوونی ئازایەتی رۆشنبیران بۆ خۆ لەقەرەدانی مەسەلەیەک کە هۆکاری سەرەکی دواکەوتن و مالًوێرانی و بەدبەختی گەلی کوردستانە و زیاتر خۆسەرقاڵکردنێتی بە شتی لاوەکیەوە.
* حزبایەتی تەسک و کێبرٍکێ و کاری پۆپۆلیستانەی هەمووان بۆ رازیکردنی رای گستی و کۆی خەڵک لە پێناو بەرژەوەندی تەسک و کاری هەمەجۆری سیاسی و کۆەمەڵایەتی و ئابووری کورتخایەن و ئامانجی تەکتیکی لەسەر حسابی بەرژەوەندیی ستراتیجیی میلەت و دوورکەوتنەوە لە مەسلە فەلسەفییەکان و حەقیقەتە میَژووییەکان.
* نەبوونی پرۆژە و دامودەزگای فەرمی بۆ لێکۆڵینەوە و دەرخستن و باسکردنی حەقیقەتە مێژووییەکانی لەمەر کورد و کوردستان و رێرٍەوی رەوتی ئیسلامی لەم ناوچەیەدا.
* پاشکۆیەتی و کلکایەتی زۆر لایەن بۆ ئەویتر لە زۆر بواردا و بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بەم مەسەلەیوە هەیە.
* تەرخاننەکردنی هیچ توانایەکی مادی و مەعنەوی بۆ زیادکردنی مەعریفەت و زانینی مێژووی کوردستان و هاتنی ئیسلام و حەقیقەتە شاراوەکانی بە درێژایی مێژووی ئەم ناوچەیە و باسنەکردنی بۆ خەڵک و پەندلێوەرگرتنی.
* ترساندنی خەڵک بە پیرۆزکردنی ئەم بابەتە و نەهێشتنی خۆ لەقەرەدانی لە لایەن هیچ کەسێکی دیارەوە.
* نەهێشتنی هیچ بوارێک لە هیچ کونجێکدا، بە تایبەتی شوێنە ئەکادیمیەکان هەرچەند کارەکە زانستیش بێت بۆ توێژینەوەی و زاڵبونی فکر و عەقڵی ئایینی پەرٍگیر و لاتەریک لە ناوەندە زاستیەکانی کوردستان.
* بە گرنگ دانەنانی ئەم بابەتە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی پەراوێزخستنی دەدرێت لە پێناو خۆسەپاندنی عەقڵی دواکەوتوویی بەسەر زۆربەی بریاربەدەستانی کوردستاندا .
بۆ فریاکەون و دەرچوون لەم چەقبەستوویەی ئەم بوارە هەیە، پلانێکی هەمەلایەن و خەڵکانی دڵسۆز و بریار بەدەستی دەوێت بۆ ئەوەی گرنگێتی ئەم مەسەلەیە لەبەرچاو بگیرێت و باری سیاسی و ململانێی حزبی زاڵنەکات بەسەر پرسێگی گرنگی لەم شێوەیە ، هەر هیچ نەبێت بۆ هەڵگیرسانی مۆمێک لە رێگەی نەوەکانی ئایندەی گەلی کوردستاندا ،سەرەرای ئەو هەموو کەموکورتیەی لە سەرجەم بوارە رۆشنبیریەکاندا لە ئارادایە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست