فازل میرانی هێزی شەقام و جەماوەری پێ کەمە!
Saturday, 06/08/2022, 14:22
مێژوو پێمان دەڵێت، کە بڕبڕەی پشتی هەموو سەرکەوتنێکی سیاسی، جوڵانەوە نیشتمانی و نەتەوەیەکان و چینایەتییەکان، هێزی لەبن نەهاتووی جەماوەر بووە. چارەکە سەدەیەکە فازل میرانی بەرهەمی خەبات و ماندووبوون و خوێنی کوڕی هەژاری کۆمەڵگەی کوردیی باشوور دەخوات. دیارە چنگ گیربوون لە بیرە نەوتەکانی باشووری کوردستان و بوون بە میلیۆنێر، ئەم ڕاستیەی لەبیر فازل بردۆتەوە، بۆیە ئەمڕۆ گاڵتەی بەوە دێت کە سەدر گەڕاوەتەوە بۆ هێزی جەماوەریی خۆی و پارتەکەی، بۆ سەپاندنی مەرجە مەزهەبی و نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی و لەو بارەیەوە فازل لە میدیاکاندا ڕایگەیاند کە:
"سەدر تەنها شەقامی بەدەستەوە ماوە و کشانەوەشی لە پەرلەمان بڕیارێکی هەڵە بوو".
هەموو پارتە کوردیی و عەرەبیەکان بە پارتەکەی فازلیشەوە لەگەڵ هەڵبژاردنەوەی دووبارە نین بۆ پەرلەمانی عیراق، لەبەرئەوەی بڕوایان بەخۆیان نییە، کە توانیبێتیان پێگەی جەماوەرییان پاراستبێت، ئەگەر ئەوجارە هەڵبژاردن بکرێتەوە بتوانن تێیدا سەرکەوتوو بن، ئەوان وەک جاری پێشوو دڵنیا نین کە ئەو جارە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا بتوانێت ئەوان لە ڕوو زەردی ڕزگار بکات.
فازل لە میدیاکاندا ڕایگەیاند کە:
" سەدر دوو چەکی بەدەستەوە بوو، یەکەم ٧٣ کورسی پەرلەمان، کە دوای بڕیاری کشانەوەی لە پەرلەمان ئەو چەکەی بەدەستەوە نەماوە. سەدر ئێستا دەستی بۆ چەکی دووەم بردووە، کە ئەویش شەقامە".
فازل دەیەوێت خۆی لەو ڕاستییە بدزێتەوە کە، پەرلەمانی عیراق بەو جۆرەی کە هەبووە و هەیە، بۆ میللەتانی عیراق لە نەهامەتی بەولاوە هیچی دی بەرهەم نەبووە، ئەڵبەتە تەنیا بەرهەمی بۆ ئەو تاکانە هەبووە، کە تەنیا بۆ مسۆگەر کردنی مووچەی پەرلەمان هەوڵیان دەدا و ئێستا خانەنشینی پەرلەمانتاری وەردەگرن. پەرلەمانی عیراق و دامەزراندنی حکومەتەکەی هەمیشە بەردەوامیی دان بووە بە حکومەتی گەندەڵ و دزی و وێران کردنی عیراق، بۆیە سەدر بەو هەڵوێستانەی هیچی نەدۆڕاندوە.
ئەگەر فازیل پێ وابێت، سیاسەت کردن تەنیا ئەوەیە کە لەگەڵ چەوتدا بڕۆیت، گیرفان پڕ بکەیت و دەست بە کورسیەکەتەوە بگرێت و هێزی جەماوەریی فەرامۆش بکەیت، ئەوا بێ گومان ئەگەر سەدر ئەوەی بکردبوایە، هەنووکە پێگەی سەدر و حزبەکەشی، وەک پێگەی سەرانی (ینک و پدک)ی لێ دەهات، کە ئەمڕۆ گەلی کورد لە باشوور تەنیا تف و نەعلەتیان دەکات. فازل دەیەوێت خۆی لەو ڕاستییە بدزێتەوە، کە جاران جەماوەر چەند داخ لە دڵ بوون دژی ڕژێمی سەدام، ئەمڕۆ هەزاران بەرابەر دژی سەرانی ینک و پدک و ئەمسالی فازل داخ لە دڵن!
سەیرە کە فازل دەیەوێت، لە گرنگی هێزی جەماوەر فەرامۆش بکات، لە قودرەتی ئەو هێزە کەم بکاتەوە و پێ وابێت، تەنیا دۆلار و کۆکردنەوەی خەڵکی ڕاڕا و بەرژەوەندیی پەرست و بوون بە جاشی تورکیا و ئێران، ئەو لەسەر کورسی دەسەڵاتدا دەهێڵێتەوە، لە کاتێکدا بە ڕۆژی ڕووناک دیارە، کە ئەوە زێتر لە شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عیراقدا ڕەت بووە، بەڵام سەدر تەنیا بە بەکارهێنانی پێگەی جەماوەریی خۆی، هۆڵی پەرلەمانی کردووە بە مزگەوتی لایەنگرانی، تێیدا نوێژ دەکەن و نان دەخۆن و هەڵدەبەزنەوە، بەبێ ئەوەی کەس بوێرێت پێیان بڵێت لەسەر چاوتان برۆ هەیە. جەماوەریی سەدر پرۆسەی سیاسیی عیراق و دامەزراندنی حکومەتی عیراقییان ئیفلیج کردووە، ئەو هەلەشیان لەدەست ینک و پدک دەرهێناوە کە بتوانن پۆستی سەڕۆک کۆمار مسۆگەر بکەن. سەدر بە بەکارهێنانی پێگەی جەماوەریی خۆی، بەرامبەر ئیرانێکی زلهێزی ناوچەیی ڕاوەستاوە، کە خاوەن سوپا و میلیشیای هەرە بەهێزی ناوچەکەیە. سەدر بەو هەڵوێستانەی ئەمریکاشی تووشی ڕیانێکی پڕ بەربەستی بەستراو کردووە!
ئەزموونی بەهاری عەرەبی و هەزاران ئەزموونی دی لە مێژوودا، ئەو ڕاستیەیان سەلماندوە کاتێک کە زلهێزە ناوچەیەکان و دنیا، ویستوویانە پشت لە سەرۆکێک بکەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یەکەم ئامراز کە بەکاریان هێنابێت، توڕەیی پەنگ خواردووی جەماوەر بووە، بۆ ڕووخانی ڕژێم و حکومەت و سەڕۆکەکانی ئەو ناوچەیە وەکو، حوسنی موبارەک لە میسر، مەعمەر قەزافی لە لیبیا و سەدام لە عیراق، کە بێگومان ڕۆژێک دێت ئەو ئەزموونە لە باشووری کوردستانیش دووبارە دەبێتەوە و توڕەیی پەنگ خواردووی کوردی باشوور وەک چەکێک بەکاردەهێنرێت بۆ ڕاماڵینی ئێوەش!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست