فەرموون تاوانباری جینۆسایدی بارزانییەكان لە نەمسایە, ڕشتنی فرمێسكی پێ ناوێت!
Monday, 01/08/2022, 11:08
فارس نیعمە محیاوی Neama Hussain AL-mihiwai Faris لەدایك بووی 3-7-1940 دانیشتووی شاری ڤیەنای پایتەختی نەمسا, لە ساڵی 1983 ەوە فەرماندەی فەیلەقی 1 و 5, لە پاڵ بەشداریكردنی لە پرۆسەی ئەنفال لە سەردەمی فەجری دوو سەركردەی فەیلەقی 1 سوپای عێراقی بوو, فەرماندەیی گرتنەوەی چیای گردمەندی كرد لە پرۆسەی فەجری دوو بە هاوكاری جاشەكان, بارزانیش لە یاداشتەكانی خۆیدا ئاماژەی پێ دەدات"هێزەكانی ئێران لە لایەن شیرازی و موحسین رەزاییەوە فەرماندەیی دەكران, هێزەكانی عێراقیش لە لایەن فەریق روكن, نەعمە حوسێن فارس ئەلمحیاوی, فەرماندەی فەیلەقی پێنجەوە سەرپەرشتیی دەكران. سەددام خۆیشی سەردانی دیانای كردبوو, لەم شەڕە عێراق چەكی كیمیایی بەكار هێنا-بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد - بەرگی چوارەم 1975-1990 شۆڕشی گوڵان- ل 205".
هاوكات لە پەلاماردانی بارزانییە سڤیلەكانی ناوچەی دیاناو شوێنبزركردنیان ناوبراو بڕیار دەربووە, وەك عەلی تەتەر ئاماژەی پێ دەدات" حكومەتی عێراق پاش ئەم تاوانە، لە ئابی ١٩٨٣، بە فەرمانی سەركردەی فەیلەقی یەكی سوپای عێراق، لیوای روكن نەعمەت فارس حوسێن بە هەماهەنگی لە گەڵ لقی باكووری لەشكری حزبی بەعس لیژنەیەكیان، بە سەرۆكایەتیی عەمیدی روكن ئیحسان كامل شەبیب پێكهێنا بوو، كە كارەكەیان بریتی بوو، لە ئەنجامدانی ئامارێكی ئەمنی لە سەر هەموو نیشتەجێبووانی قەزای سۆران و ناحیەی دیانا و گوندەكانی دەوروبەر، بۆ رێوشوێنی پێویست بۆ دانانی راددەیەك بۆ بزاڤی »خائین و بەكرێگیراوان « بە پێی دەربڕینی ئەوان و دۆزینەوەی جێگایەك، كە یەكەكانی لەشكری و ئیداری عێراق بۆی بگوازرێتەوە كە ئاسانتر بتوانن بیانپارێزین. هەروەها بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر كردەوەیەكی نائاسایی، لە ٩ی ئابی ١٩٨٣ هێزێكی تەواویان پێكهێنا بوو، و پیلانێكی ئەمنییان دانابوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر پێشهاتێك. بەم شێوەیە حكومەتی عێراق لاپەڕەیەكی نوێی لە سەر تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی و گەلی كورد لە بێدەنگی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی تۆمار كرد كە تا ئێستاش شوێنەوارەكانی بەسەر كومەڵگای كوردیدا ماوە. بەلام دوای ئازادكردنی عێراق، لەسەر كۆمەڵكوژی بارزانییەكان، هەر یەك لە عەلی حەسەن ئەلمەجید، تارق عەزیز عیسا، سەعدون شاكر مەحموود، سەفیان ماهرحەسەن، وەتبان ئیبراهیم حەسەن، حامد یوسف حەمادی و حكمەت مزبان ئیبراهیم لەلایەن دادگای بالای تاوانەكانی عێراق بە تاوانی كۆمەڵكوژی دادگایی كران -حكومەتی عێراق و جینۆسایدی بارزانییەكان پرۆفیسۆری هاریكار دكتور عەلی تەتەر-تایبەت بۆ گولان نوسیویەتی- كۆمەڵكوژی بارزانیەكان و بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگەی بۆ ئەنفالی گەرمیان و كیمیاباران خۆشكرد سیاسی ژمارە ( ٩٤٠ ) ٥/ ٨/ ٢٥ ٢٠١٣".
سەرباری تاوانەكانی لە پرۆسەی جینۆسایدی بارزانییەكان, الفریق الركن (نعمە فارس حسین) یەكێكە لە داواكراوانی كەیسی ئەنفال, یەكێكە لە تۆمەتبارە سەرەكییە داواكراوەكانی خولی یەكەمی دادگا, لە داوانامەی دادگای باڵای تاوانەكاندا ناوی 24 تاوانبار هاتووە" بە پێی نووسراوی ف2 1445 رێكەوتی 18-12-2005 ی دادگای باڵای تاوانەكان, ژمارەی فایل 9101 و 9102 لە كۆی 9302 فایلی ئامادەكراو بۆ دادگا لە كەیسی تاوانی ئەنفال, بڕیاری گرتن بۆ 24 تاوانبار دەرچووە لەسەر داوای دادوەری لێكۆڵینەوە, لەو داوا نامەیەدا, نیعمە فارس ژمارە 13ەیە, (ناوی لە لیستی 423 تۆمەتباری ئەنفال هاتووە بە ژمارە 86 -الفریق الركن (نعمە فارس حسین) معاون رئیس اركان الجیش للتدریب).
لیوا روكن فارس حوسێن محیاوی لە پاڵ كەماڵ ساجت و سوڵتان هاشم سەركردایەتی پرۆسەی ئەنفالی یەكی كردووە "23-2-1988 بۆ 19-3-1988", لە دانپیچنانەكانی سولچتان هاشمدا ناوی هاتووە 8147 بۆ 8179.
ناوبراو دواتر دەبێتە باڵوێزی عێراق لە نەمسا, لە لایەن رێكخراوی چاودێری كوردۆساید چاك ەوە, وەك تۆمەتبارێكی ئەنفال سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمار كرا, وەلێ بەهۆی پشتگوێ خستنەوە لە لایەن دادگای بالای تاوانەكانەوە كە هوكاری داواكاری گشتی نەمسایان نەكردووە لە پەیوەندییان بە دادگاوە, تەنانەت سەردانیان بۆ دادگا, ئەو سكاڵایەش وەك سكاڵا لەسەر 422 تۆمەتبارەكەی دیكەی ئەنفالی لێهات, پشت راستی ئەو تۆمەتانە نەكرانەوە كە خرابوونە پاڵی لە لایەن سكالاكەرانەوە, لە رێكەوتی 11-9-2007 سكالای سكاڵاكەران گەیشتبووە دەست دەزگاكانی نەمسا " ئەوانەی رۆڵیان هەبوو لە پرۆسەی سكالاكە: خوالێخشبوو ناجی عەقراوی, و ف هاوولاتییەكی عەرەب لە نەمسا زانیاری تایبەت بە تاوانباری كۆكردەوە, شاخەوان شۆڕش, گۆران هەڵەبجەیی, دەرسیم دیبەگەیی, قادر نادر, عەلی مەحمود", هەروەها كاك رەزا حەمەی شاعیر چەند بەڵگەنامەیەكی وەرگێڕایە سەر زمانی ئەڵمانی خۆبەخشانە.
نەبوونی ناوی فارس نعمە محیاوی لە لیستی تاوانبارانی بارزانی لە ئاستی نەبوونی ناوی نزار خەزرەجییە لە لیستی تاوانبارانی ئەنفال وە جێگای گومان و پرسیاریشە لەسەر كۆی پرۆسەی دادگاییەكە.
هاوكات هاوكارینەكردنی داواكاری گشتی نەمساوی و پرۆسەی دادگاییەكە لە لایەن سەرانی كورد بە تایبەتی پارتییەوە كە بۆ ددان ئێشەیەك سەفەری نەمسا دەكەن جیگای پرسیارە.
نیعمە فارس حوسێن هەمان ئەو ئەفسەرە دوو ئەستێرەییە بەعسیەیە بە پێوەنانی 9 گولە بە سنگی سەرۆك وەزیران عەبدالكەریم قاسمەوە, لە ناوەندی رادیۆی بەغدا, كۆتایی بە ژیانی هێنا لە پرۆسەی كودەتا شومەكەی 8-3-963, ناوبراو ئێستا بە پلەی لیوا خانەنشینە لە عێراق.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست