کێ بەرپرسیارە لە کوشتارەکەی زاخۆ

Sunday, 24/07/2022, 10:39

3424 بینراوە


دکتۆر مایکڵ روبین، نوسەر و لێكۆڵەری بەناوبانگی ئەمریکی، لە وتارێکدا باس لە رووداوەکەی زاخۆ دەکات کە چۆن تورکیا تۆپبارانی کردووە و  ئارامی هەرێمی شێواندووە. هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان بە هاوکاری هەواڵگری سوپای تورکیا تۆمەتبار دەکات.

مایکڵ روبین لە نوسینەکەیدا بە ناونیشانی "کێ بەرپرسە لە کوشتارەکەی زاخۆ" دەڵێت، "زاخۆ یەکێکە لە شارۆچکەکانی باکووری کوردستانی عێراق، هەم ناوەندێکی بازرگانییە و هەم ناوەندێکی گەشتیارییە. بەو پێیەی دەروازەی سنووری نێوان عێراق و تورکیایە و دووری نێوانیان تەنها حەوت میل دوورە، زاخۆ شارۆچکەیەکی گەورەیە و لە دەرەوەی شارەکە پردی دەلال هەیە کە مێژووەکەی هەزار ساڵ دەبێت. بە شێوەیەکی گشتی کورد و عەرەب بۆ گەشتوگوزار سەردانی هاوینەهەوار و شاخ و کێوەکانی دەکەن و شوێنێکی ئارامە و چێژبەخشە."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەو ئارامییە لە 20ی تەمموزی 2022دا شکێندرا، کاتێک تۆپخانەکانی تورکیا هاوینەهەوارێکی قەرەباڵغییان تۆپباران کرد و هەشت کەس کوژران و 20 کەسیش برینداربوون. لەنێو کوژراوەکاندا سێ ژن و دوو منداڵ هەبوون."
مایکڵ روبین  رەخنەی تووند لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران دەگرێت و دەڵێت، "کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستبەجێ ئیدانەی هێرشەکەی کرد بەڵام قسەکانی بەتاڵە و بێسوودە. تورکیا بەردەوام بە هێرشی ئاسمانی و لە رێگەی تۆپخانەکانییەوە ناوچە کوردییەکان و ئێزدییەکانی عێراق دەکاتە ئامانج. سەرەڕای ئەم هێرشانە، کازمی لە بری ئەوەی سەروەری عیراق بپارێزێت، کەچی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا دەپارێتەوە."
ئەو لێكۆڵەرە پێی وایە، "کۆشکی سپی نابێت بێدەنگ بێت، چونکە رازیبوونی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە فرۆشتنی فرۆکەی جەنگی F-16 بە تورکیا، ئەو وڵاتە وای لێکدایەوە مانای هەڵکردنی گلۆپی سەوزە بۆ بەردەوامبوون لە دەستدرێژییەکانی لە عیراق و سووریا."
لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا لێکۆڵەرەکە دەڵێت، "ئەوە تەواوی چیرۆکەکە نییە. تورکیا بە پاساوی پاراستن و بەرگری لە سنوورەکانی و و دژی رێکخراوی "تیرۆریستی" پەکەکە تۆپبارانەکان دەکات، بەڵام راستییەکە ئەوەیە كە ئۆپەراسیۆنە سنووربەزێنەكان لە هەردوو عێراق و سووریاوە زیاتر لە 10 ساڵ لەمەوبەر وەستاوە و تورکیا کێشەی نەماوە. هەروەها پەکەکە چیتر هەوڵی دارشتنی نەخشەی کوردستانێکی سەربەخۆ نادات، بەڵکو بەدوای "کۆنفیدڕاڵی"دا دەگەڕێن کە تێیدا پەیوەندییەکی تایبەت لە نێوان یەکە فیدراڵیەکان لە سنوورە نێودەوڵەتییەکان هەبێت."
سەبارەت بە دیدگای هاوڵاتیان بەرامبەر پەکەکە و پارتی دیموکراتی کوردستان، مایکڵ روبین ئەوەی خستووەتەڕوو، "لە ناوخۆی عێراقدا پەکەکە نەک وەک هێزێکی شەڕکەر، بەڵکو وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی ناوبانگیان بەدەستهێناوە. بەپێچەوانەی پارتی دیموکراتی کوردستان کە کەمتر بووەتە بزووتنەوەیەکی سیاسی زیاتر وەک "ئیمپراتۆرییەتی بازرگانیی بارزانی" دەبینرێت، هەروەها پارتی خۆی لە دەوری عەشیرەت و خێڵ کۆنەکردووەتەوە. دەشڵێت، کوردەکانی عێراق زیاتر بە ئاراستەی لایەنگری لە پەکەکە دەرۆشتن کاتێک بینییان لە رووبەرووبوونەوەیان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام "داعش"ـدا، لە بری بەرگری، ئێزیدییەکانی جێهێشت بۆ چارەنووسیان، لە بەرامبەردا پەکەکە مایەوە و شەڕی دژی ئەو رێکخراوە کرد."
رەخنەی تووندیش لە بنەماڵەی بارزانی دەگرێت بەوەی، "تا ئەمڕۆ بنەماڵەی بارزانی رەتیدەکەنەوە دۆکیۆمێنتەکانی فڕۆکەخانە بڵاوبکەنەوە و نیشانی بدەن کام بەرپرسی پارتی یاخود ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی لە کاتێکدا داعش بەرەو هەولێر دەهات، هەڵهاتووە!"
ئەو لێکۆڵەرە پێی وایە پارتی ناتوانێت رکابەری پەکەکە بکات و ئاشکرایکردووە، "بارزانییەکان باوەریان بەوە نییە بتوانن کێبرکێی پەکەکە بکەن، چونکە ئەنجامدانی ئەو کارە بە مانای ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و خۆدزینەوە لە خزمایەتی دێت، بۆیە لەبری ئەوە، هەوڵدەدەن لەڕێگەی هاوپەیمانی لەگەڵ تورکیادا بەرپەرچیان بدەنەوە."
هەروەها، "ئەمە لە کردەوەدا بەو مانایەیە کە دەزگای ئاسایشی پارتی لە ژێر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، پێش ئەنجامدانی هێرشەکانی تورکیا، زانیاریی هەواڵگیرییان پێدەدەن."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "زۆرجار ئەم هەواڵگرییە کەموکوڕی تێدایە بۆ لایەنی بازرگانی و سیاسی، پارتی بۆردومانی تورکیا بەکاردەهێنێت، یاخود بۆ سزادانی ناوچەیەک کاتێک دەزانن دڵسۆزی تەواوییان بۆ بارزانی نییە، وەک ئەوەی لە شەنگال روویدا.
لە کۆتاییشدا جەخت دەکاتەوەی لەوەی، "ئەمە ئەو فەزیحە راستەقینەیە کە پێویستە لە دوای کۆمەڵکوژییەکەی زاخۆ لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. بۆردومانەکەی تورکیا دڕندەیی بوو، بەڵام ئەو لایەنە سیاسییە کوردەی کە زانیارییەکانی بەئامانجکردنی بە تورکیا بەخشی، بە هەمان شێوە تاوانبارە بە کوشتن. سەبارەت بە کازمی، کاری سەرەکی سەرکردەی عێراق پاراستنی سەروەری خاک و وڵاتەکەیەتی. ئەگەر بۆ ئەو کارە ئامادە نییە، پێویستە دەست لەکار بکێشێتەوە."

هێڤار هیوا

دەقی نووسینەکەی مایکل رۆبین بە زمانی ئینگلیزی لەو لینکەی خوارەوە بخوێنەرەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە