ئەنجومەنێکی مەزن
Thursday, 21/07/2022, 21:17
لە ساڵی ١٩٢١ دا بۆ یەکەمجار حکومەتی عیراق دادەمەزرێت . لە هەمان کاتدا بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ، دەستەیەک بەناوی دەستەی دامەزرێنەرەوە پێکدەهێنرێت . کە بە گشتی کارەکانی بریتی بووە لە : دانانی پادشای عیراق لەسەر تەختی پادشایەتی ، دامەزراندنی وەزارەت و دامەزراوەکان و دۆزینەوەی کەسانی شایستەی ناو هەموو نەتەوەکانی وڵات بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکان . دانانی دەستور و یاسای هەڵبژاردنی ئەندامانی پەڕلەمان و ڕێکخستنی پەیماننامەی نێوان عیراق و بەریتانیا . جا لەگەڵ ئەوەشدا لە نێوان ساڵەکانی ( ١٩٢١ تا سەرەتای ساڵی ١٩٥٠ ) چلوپێنج جار حکومەت گۆڕڕاوە ، بەڵام لەو ماوەیەدا و لە هەموو بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و پەروردە و پیشەسازی و کشتوكال و ژیانی خەڵکیدا ، نەیانتوانیوە دارێک بخەنە سەر بەردێک و هیچ ئاسەوار و یادگارییەکی جوانیان لە دوای خۆیان بەجێ نەهێشتووە . بە گشتیش هۆکارە سەرەکییەکانیشی بریتی بوون لە :
١ – دانانی وەزیری نەشارەزا و نەشیاوی دەست و پێ سپی لە وەزارەتەکاندا ، کە نەیانتوانیوە یەک بکەن بە دوو .
٢ - لاوازی پلان و بەرنامەی وەزارەتەکان بە هۆی بێ توانایی وەزیرەکانەوە .
٣ - بارودۆخی ناجێگیری سیاسی و ئابوری عیراق و گۆڕینی کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەت بەزوویی .
٤ – لەو سەردەمەدا داهاتی سەرەکی وڵات بریتی بووە لە نەوت ، بەهۆی قۆرخکردنی بواری نەوتیشەوە لە لایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە ، ڕێژەیەکی کەمی داهاتەکەی گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت .
ئەوەی شایانی باسە لە ساڵی ١٩٥٠دا و لە حکومەتی چلوشەشهەمیندا گۆڕانکارییەکی ئێجگار گەورە ڕوودەدات ، بیر لەوە دەکرێتەوە ئەنجومەنێکی ئاوەدان کردنەوە دابمەزرێت ، بەجۆرێک پێگە و قورسایی هاوشانی پێگە و قورسایی حکومەتی عیراق بێت . سەربەخۆ کاربکات و ئەندامەکانی کەسانی پاک و شارەزا و لێهاتوو بن ، بەشێوەیەکی ڕەمزیش سەرۆک وەزیران سەرۆکی ئەنجومەنەکە و وەزیری داراییش ئەندامی بێت ، بەبێ ئەوەی ڕۆڵیان هەبێت و دەستبخەنە کارەکانییەوە. هەموو داهاتی نەوتیش بە تەنها بۆ ئەنجومەنەکە تەرخان بکرێت ، داهاتەکانی تری وڵاتیش وەک : داهاتی کشتوکال و باج و ... هتد بۆ مووچە و ڕاپەڕاندنی کارەکانی دەوڵەت بەکاربێت . بێگومان ئامانجەکانی ئەنجومەنەکەش بە پلەی یەکەم بریتی بووە لە :
١- دروستکردنی ئەو پڕۆژانەی سوودیان بۆ ئابوری گشتی هەیە .
٢ – گرنگیدان بەو پڕۆژانەی ئاستی ژیان و گوزەرانی تاک بەرزدەکەنەوە.
٣ – چارەسەرکردنی قەیرانەکانی نیشتەجێبوون و کارەبا و ئاوی خواردنەوە .
٤ – قەدەغەکردنی داگیرکردنی موڵکی گشتی .
٥ – گرنگیدان بە پەروردە ، بە تایبەتی بوارەکانی پیشەیی و تەکنیکی ، بە مەبەستی پەرەپێدان و ڕێکخستنی ژیانی ئابوری بە شێوەیەکی باشتر .
٦ – گرنگیدان بە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە ، بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی هەژموونی بازاڕەکانی دنیای دەرەوە .
٧ – لاکردنەوە لە پڕۆژەی پیشەسازی . چ لە ڕێگای پڕۆژە دیاریکراوەکانی ئەنجومەمنەکەوە ، چ لە ڕێگای بانکی پیشەسازیی نێودەوڵەتییەوە .
٨ – بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوری جوتیاران ، لە ڕێگای پێشکەشکردنی یارمەتی دارایی و هونەرییەوە بۆیان .
٩ – باشکردنی ڕێگاکانی گواستنەوەی وشکانی و دەریایی ، بە هۆی دروستکردنی پرد و تۆڕی ڕێگاوبان و کۆمپانیاکانی کەشتیوانییەوە .
١٠ – کردنەوەی پڕۆژەی گەورەی ئاودێری بۆ سودوەرگرتن لە ڕووبەرێکی فراوانی زەوییە کشتوکاڵییەکان .
جا چونکە ئەنجوومەنەکە لەلایەن کەسانی شارەزا و دڵسۆز و دەستپاکەوە سەرپەرشتی کراوە و پارەی تەواوی نەوت چۆتە خەزێنە خاوێنەکەیەوە و دزیی و ساختەی لێ نەکراوە ، ئەوا توانیویانە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا خزمەتی زۆر هێژا بە عیراق بکەن . چەندین پڕۆژەی زەبەللاح لە وڵاتدا تەواو بکەن و بارودۆخ و ڕووی عیراق بە تەواوی بگۆڕن . بێگومان جێگای خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بۆ هەندێکیان بکەین ، کە لە ڕێکەوتی هەفتەی یەکەمی مانگی نیسانی ساڵی ١٩٥٦دا تەواو بوون و کراونەتەوە :
١ – پڕۆژەی بەنداوی ئاوی سەرسار لە باکوری شاری ئەنبار ، کە یەکێکە لە پڕۆژە هەرە نایاب و گرنگەکان ، کە توانای گلدانەوەی ( ٥٩,٨٥ ) ملیار مەترە سێجا ئاوی هەیە و شاری بەغدادی بە تەواوی لە مەترسی لافاو ڕزگار کردووە .
٢ - پڕۆژەی بەنداوی حەبانییە بۆ ڕێگرتن لە مەترسی لافاو .
٣ – سەرباری ئەو دوو پڕۆژە زەبەڵلاحانە و لە هەمان هەفتەدا ئەم پڕۆژانەش کراونەتەوە : کردنەوەی دوو پرد ، یەکێکیان لە شاری حلە و ئەوەی تریشیان لە هندییە . ڕێگای نێوان شاری حلە- کوفە – نەجەف .
شان بە شانی ئەو پڕۆژانە و لە دوا هەفتەی مانگی مارتی ساڵی ١٩٥٧دا ، کە بە هەفتەی دووەمی ئاوەدانکردنەوە ناودەبرێت ، ئەم پڕۆژانەی خوارەوە کراونەتەوە :
١ – پردی شاژنە عالییە ، کە دوای شۆڕشی چواردەی گەلاوێژ ناوەکەی کراوە بە پردی جمهوری . پاشان کردنەوەی پردی ئەئیمە ، کە ناوچەکانی کازمییە و ئەعزەمییەی بە یەکەوە بەستۆتەوە .
٢ - دانانی بەردی بناغەی مۆزەخانەی تازەی عیراق لە ناوچەی ساڵحییە ، کە لە ساڵی ١٩٦٦ دا تەواو کراوە .
٣ – کردنەوەی کارگەی شیرەمەنی لە ئەبوغرێب .
٤ – دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی ٢٥ هەزار خانوو ( اسکان ) لە ڕۆژئاوای شاری بەغداد . لە هەمان پڕۆژەدا بڕیار دراوە تا ساڵی ١٩٨٠ ( ٤٠٠ ) هەزار خانوو لە سەرتاسەری عیراقدا دروستبکرێت ، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون .
٥ – کردنەوەی کارگەی چنیین لە موسڵ و دانانی بەردی بناغەی کارگەی شەکری موسڵ لە لایەن مەلیک فەیسەڵی دووەمەوە . پاشان هەر مەلیک هەستاوە بە کردنەوەی کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار لە سلێمانی و بەسەرکردنەوەی پڕۆژەی بەنداوی دوکان ، کە لە ساڵی ١٩٥٤ دا بەردی بناغەی دانراوە و لە ساڵی ١٩٥٩ دا تەواوکراوە .
ئەوەی شایانی باسە پڕۆژەکانی ئەنجومەنی ئاوەداکردنەوە لەو پڕۆژانە سەرەوە زۆر زیاترن ، کە هەندێکیان لە دوای شۆڕشی ١٤ ی گەلاوێژەوە تەواو کراون وەک : تەلاری پەڕلەمانی عیراق ، شاری پزیشکی ( مدینە الطب ) لە بەغداد و کولیجەکانی دەورووبەری ، نەخۆشخانەکانی کەڕادە و کەرخ ، زانکۆی بەغداد لە جادرییە ، بەنداوی دەربەندیخان و بەنداوی بێخمە ( کە هەتا ئێستا تەواو نەکراوە ) ، کارگەی کاغەز لە بەسرە و کارگەی ئاسن لە باشوری عیراق و ... هتد .
جا ئێستا پرسیار ئەوەیە : لە سایەی وەزیر و لێپرسراوی نەشیاو و نەشارەزادا ، چلوپێنج کابینەی یەک لە دوای یەکی عیراق نەیانتوانیوە لە ماوەی ٢٩ ساڵدا پڕۆژەیەک لەو پڕۆژانەی سەرەوە بنیات بنێین ، بەڵام کاتێک کەسانی شارەزای دڵسۆز و دەستپاک لە شوێنی شیاودا دادەنرێن و خەمی خەڵک و نیشتمانی خۆیان لە کۆڵ دەگرن ، توانیویانە وڵات ئاودان و میللەتەکەی بەختیار بکەن . ئەرێ بەڕاست کاتی ئەوە نەهاتووە دەسەڵاتە پاوانخوازەکەی هەرێم ، دوای سی ساڵ لە شکست و برسێتی و تاڵانی ، واز لە مێشکی خێڵ و شاخ و باڕ و باڵەخانە بێنێ و بیر لە ئەنجومەنێکی ئازا و ئازاد و شارەزا و دەستپاکی وا بکاتەوە ، بەڵکو ئەمە خوایە شان بە شانی پڕۆژەی تازە ، پڕۆژە وێرانکراوەکانی سەردەمی حکومەتی عیراقیش سەرلەنوێ بنیات بنێنەوە ، کە سەرچاوەی بژێویی و ئارامی هەزاران خێزان بوون ، وڵاتیش لە برسێتی و چەڕەدووکەڵی مولیدە و بێ ئاوی و زبڵ و خۆڵ و خاشاک ڕزگار بکەن و شتێکیش نەمێنی بە ناوی بێکارییەوە ، خەڵکە بەشەرەفەکەشی لـەسەر خـاکی خوێناوی خـۆیان ئاسودە و سەربەرزانە بژین ؟ .
تێبینی :
بۆ ئەم باسە سود لە چەند سەرچاوەیەکی عەربی وەرگیراوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست