بۆچی دەسەڵات لەڕێگەی مێدیا پیسەکانێوە شکۆی تاکی گەلەکەمان دەشکێنێت !؟
Monday, 18/07/2022, 22:01
دەسەڵات لەماوەی ئەم ٣١ساڵەی تەمەنیدا خەڵکی فێرکرد کۆڵ بەهیوا بدەن . نیشتمان ببێتە جێگەیەک وەک سەربازگەیەکی جەنگ و تۆسقاڵێک دڵت نەسوتێت بەو ژیانەی کەتێدا زیندوویت و لەڕێگەی کڕوزانەوەو خۆ بچکۆلەکردنەوە بتەوێت ژیانێکی پڕ مەینەتی بەرێکەیت و وابزانیت خوا سزای داویت و دەبێت بەهەموو مەینەتێکانی ژیان ڕازی بیت .
زۆری ئەم کەناڵە بەدانە بۆتە بەڵایەک کە خەڵکی لەسەر قبوڵکردنی ستەم و کڕوزانەوە پەروەردەکەن ، خەڵکی هیچ شەرم لەوەنەکەن لەبەردەم کەناڵێکی زۆڵەوە بەتەمەنێکەوە دەست بکات بەکڕوزانەوە و لاڵانەوە بۆ ئەوەی زەفێک لەخۆراکی بەسەرچوو یان چەند دینارێکی پیس بچنێتەوە.
ئەم پیاوە پیرە کە ڕۆژگار پشکی کۆم کردوە ، دەبوو ئێستا وەک قەدیسێکی مەزن دەربکەوتایە ، نەک وەک دەرۆزەکەرێکی داماو کە شادمان بێت بەوەی کە دەستی یارمەتی بۆ درێژکەن و لەچیرۆکە دامەوەکەیدا بڵێت چەند جەژنە گۆشتی بۆ ناکڕێت . ئەمە تراژیدایای زۆری ئەو خەڵکەیە کە کاتێک هەیانە هیچ حورمەتیان بۆ سامانەکەیان نییە ، کاتێکیش کە نیانە هێندە بچوک دەبنەوە شەرم ئیتر شەرم دەکات خۆی دەربخات .
مرۆڤ هەمیشە دەبێت لەگەڵ خۆیدا لەشەڕدابێت ، تا بەجوانی ئەم دنیایە بەجێ بهێڵێت . ئەوەی لای من نامۆیە ئەوەیە کە بەڕاستی بۆچی خەڵکی بەتەنگ نەفس و کەسایەتی خۆیانەوە نین !؟
ئەم دەسەلاتە بەدە بەسەر بێگانەکاندا پارەدەبەخشێتەوە و لەنمایشەکانیاندا خۆیان بەدەولەمەند پیشان دەدەن ، جل و بەرگ و پێڵاو ئۆتۆمبێلەکنیان و پێداویستیە کانیان هەمووی نیشانەی ئەوەیە کە کورد ووتەنی تازەگی فێری پڵاو خواردن بوون .
بەڵام لەگەڵ ئەم هەموو بەدڕەوشتیانەیاندا دێن و لەڕێگەی تورک و فارس و عەرەبەوە شکۆی گەلێک و تاکەکانی لەڕێگەی مێدیاکانیانەوە تێک و پێک دەشکێنن و لەڕێگەی مزگەوت و کەناڵە بەدئەخلاقەکانیانەوە هێرشی خراپ بۆ تاک بەتاکمان دەکەن و ڕۆژانە زەرفە عەلاگەی خەیارو ئاردو شەکرو زۆپاو هیڵکەو پەنیر بەسەر خەڵکی بەش مەینەتدا دابەش دەکەن و ناویان ناوە خێرو سەدەقەو فۆڕمێکیان داوە بەم تەرزە لەژیان بەناوی خێر لێرەوەیە کە ئاین ڕۆڵێکی خراپ لەکۆیلەبونی خەڵکدا دەبینێت . وەک چۆن خوایان کردۆتە دڕندە و دەبێت لێی بترسی و لە تاو ترسی خوا نەتوانی هەناسە بدەیت . ئۆشۆ ووتەنی گەر ئەوە خوابێت هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ جەنگیزخان و هێتلەرو ستالیندا ، دواجار کۆمەڵگای کوردیان کردۆتە کۆیلەی چەند کیلۆ ئاردو برنج و خۆراک و نمایشیان دەکەن و خۆشیان وەک فریاد ڕەس پیشان دەدەن .
من قا یلم بەو بەشەی خوا پێی داوم ، ئەوە بەو مانایە دێت کەمن قایلم بەکۆیلەبوون . مرۆڤ لەژیانیدا گەر یاخی نەبێت شەرمە پڕوپاگەندەی ئەوە بکات کە ژیاوە . لەکاتێکدا من لەڕێگەی یوتوبەوە هەندێک دیمەنم دی کە چۆن کەناڵە بەدڕەوشتەکان نمایشی پیاوی پیرو ژن و خەڵکانی هەژار دەکەن کە دەکڕوزێنەوە ، دەڵێم سوپاسگوزارم ئەمانە باوک یان دایک و نەنک و باپیری من نین . چونکە ئەم ژیانە زۆر لەوە بەنرخ ترە تۆ بێت لەپێناو کیلۆیەک یان چەند دینارێکدا کە ڕەنجت بۆنەداوە بچوک بیتەوە . بجەنگە چونکە لایەنی کەم بەهیچ و پوچی ژیان بەڕێ ناکەیت ، من خۆکوژی دەکەم کاتێک خۆراک لەکەسێک وەرگرم کە بەدزی و بەدڕەوشتی بوبێتە خاوەنی سەرمایە .
یان لەناو زەرفەکەی کەدەم داتێ وێنە ی بەدێک ببینم کە ژینگەی نیشتمانم پیس دەکات و منیش نزای بۆ بکەم کە تەمەن درێژ بێت . وەرگرتنی دوودەبەزەیت و کیلۆیەک نیسک و نۆک یان برنج مایەی شەرمەزاریە ، چونکە تۆی سواڵکەر مافی ئەوەت نییە باس لەخراپی نیسکە نەکڵۆکەکە بکەیت یان ئاردە ئەسپتێدراوەکە ، تەنها مافێک کە پێت درابێت مومارەسەی بکەیت دەستە داماوەکانتە ڕووەو ئاسمان و نزاو ستایشی دزێک نیشتمان فرۆشێک بکەیت .
کۆمەڵگای ئێمە بۆ وای لێهات ؟
ئەنفال کە کۆمەڵگای ئێمەی لەبەریەک هەڵوەشاند و شەرم و حەیاو حورمەت و کەسایەتی نەهیشت بۆمان ، ئەوەتانی بەدڕەوشتێکی وەک نزار خەدرەجی ئەنفالچی چیرۆکی ژیانی دەگێڕێتەوەو پێمان دەڵێت کە تاڵەبانی چۆن دووجاران چۆتە دانمارک بۆلای و لەڕێگەی حیزبەکەیەوە چۆن ئەنفالچیەکی بەمرۆڤێکی پاک و نیشتمان پەروەر وێنەکردوە و لەدادگا لەڕێگەی فواد مەعسوم و کابرای فەیلی نامەیان ناردوە بۆ دادگای لاهایی و دادگای دانمارکی و بەوەشەوە نەوەستاوە هێناوێتی لە سلێمانی نیشتە جێی کردوەو پاسەوانی بۆ داناوە .
من کە سەیری ئەو دیاردەیەدەکەم دەڵێم بەڕاستی شەرمە لەمێژوویەکی ئا وادا ژیان دەکەم و ڕۆژانە خۆم ڕادەهێنم لەگەڵ ئەم هەموو دیاردە قێزەونەدا کەبەسەر گەلەکەمدا دێت .
بۆیە شەرمەزاریە پیاوێک ژنێکی داماو یان خێزانێک نمایش دەکەن کاتێک دەستی یارمەتیان بۆ درێژ دەکەن ، شەرمەزاریشە خەڵکانێک لەسەرەی وەرگرتنی کیلۆیەک برنجا کاتی خۆی بەهەدەر دەدات ، لەباتی ئەوە ئەوکاتە بچێت داوای مافی خۆی بکات ، لەهەمووی شەرمەزاری تر ئەوانەن لەسەر گۆڕی خائینەکان سێڵڤی دەگرن و شانازی دەکەن کە کۆیلەیەکن سوک و لەسەر سێرکی ژیان خۆیان نمایش دەکەن . کاتێک ژیان دەبێتە سواڵ وسەدەقە ئیتر پیاوە بازرگانە ئاینێکان بازاڕیان گەرمە ..چ شەرمەزاریەکە مرۆڤ بچێت گوێ لە ژن دزێک فاسیدێک منداڵێکی کۆلکە مەلا بگرێت و لەشەقامەکانیشدا چاوەڕوانی ڕەحمی حیزبێت یان دەوڵەمەندێکی دزو چروک بێت خێری پێبکات و لەکەناڵەکانەوە نمایشی بکات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست