یادی نەوشیروان مستەفا
Wednesday, 18/05/2022, 11:28
ئەم پیاوە لە ژیانی خۆیدا خزمەتی گەورەی بە گەلەکەی کرد، تاکە سیاسیەکی خاوەن روئیاو ئیرادە بوو، تا مرد داکۆکی لە بیرو باوەڕەکانی خۆی کرد، راستگۆبو لە گەڵ دۆست و دوژمنیدا.
ئەگەر بە قسەی ئەم پیاوە بکرایە بێگومان دۆخی ئێستای هەرێم و حکومڕانی، لە ئاستێکی باشتردا دەبو، خاوەنی دامەزراوەی نیشتیمانی، دادگای سەربەخۆ و پەرلەمان و حکومەت و سوپای بەهێز دەبوین، خاوەنی ئابورییەکی بەهێزی پشتبەستو بەکشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری دەبوین.
ئەم پیاوە زۆر زوو پرۆژەی پێشکەش کرد بۆ گێڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان و دروستکردنی متمانەو خۆشەویستی لە نێوان پێکهاتەکانیدا.
زۆر زوو داوای کرد لە پرسی نەوتدا، لە گەڵ بەغدا رێکەوتن بکرێ و سەرکێشی بە ژیان و سەقامگیری گەلەکەمانەوە نەکرێ.
بە داخەوە پاش مردنی غەدرێکی گەورەی لێ کرا،
ژمارەیەک لە چواردەورە کۆنە هاوڕێ و گەنجە هەلپەرستەکان بە پێچەوانەی بیرو باوەڕەکانی کاک نەوشیروانەوە، چ لە ناو گۆڕان چ بە ئاڕاستەی رۆشتنەوە بۆ ناو حکومەت و تەسلیمکردنی گۆڕان بە پارتی، هەنگاویان نا.
ئەمانە هەم گۆڕانیان کردە قوربانی بەرژەوەندیە کەسیەکانیان، هەم مێژوی کاک نەوشیروانیان خستە ژێر پرسیارەوە.
من دەزانم کەسانێک رەخنەی توند لە کاک نەوشیروان دەگرن و پێیان وایە دەبو ئەو زاتە لە کاتی خۆیدا، لانی کەم گۆڕانی تۆکمە و کێشەی موڵک و ماڵی چارەسەر بکردایە، بەڵێ ئەم رەخنەیە دروستە.
خۆ رەنگە کەسانێک رەخنە لەم نوسینەی منیش بگرن و پێیان وابێت نەدەبو ئەمە بنوسم، بەڵام وتنی راستیەکان و دەربڕینی قەناعەتەکانی خۆمم بەلاوە گرنگترە لە رازیکردنی دڵی ئەم و ئەو.
دەرفەتی ئەوەم بۆ رەخسا لە مانگی ١١ی ٢٠٠٦ وە تا مانگەکانی پێش مردنی، لە نزیکەوە لە گەڵ ئەو پیاوەدا لە پەیوەندیدا بم، چەندین جار دانیشتنی درێژو کورت، گفتوگۆی بابەتی جیاجیا.
ئەزمونی ئەو ماوەیە، بە شێوەیەکی کۆنکریتی ئەو بروایەی لام چەسپاندووە، ئەوەی دوای مردنی رویدا ویستی ئەو نەبووە.
دڵنیام و زانیاریش هەیە، ئەو پیاوە پێش مردنی پرۆژەو پێشنیازو وەسێتی خۆی بۆ چارەسەری سەرجەم کێشەکان بەجێهێشتووەو ئەمڕۆ یا سبەی هەر دەبێ ئاشکرا بکرێت.
سبەی کە یادی وەفاتی نەوشیروان مستەفایە، ئایا وەک وەفایەک هاوڕێکانی، ئەوانەی کە گۆڕانیان بەم دەردە برد ئازایەتی ئەوەیان تێدایە بچنە سەر گۆڕەکەی و بە سەربەرزی و ویژدانێکی ئاسودەوە یادی مردنی هاوڕێکەیان بکەنەوە؟!
رۆحت شاد کاک نەوشیروان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست