مەترسییەکانی دەزگای پاراستن
Wednesday, 29/06/2022, 22:07
لەهەرێمۆچكەى ئێمە دوو بنەماڵەى مافیا ئاسا دەمێكە بەوێنەى مەڕى گێژ كەوتونەتە خێروبێراتى ئەم دەڤەرە و لەتەڕى ئەخۆن و ئەمانكوژن و لەوشكى لێى ئەحەسێنەوە و لاقەى هەموو مافێكى سروشتیمان ئەكەن. دەزگاكانى پاراستنى پارتى و زانیارى یەكێتى بوونەتە دەزگایەك بۆخزمەتكردنى دەسەڵاتى بنەماڵەیی بارزانی و تاڵەبانی و چۆنیەتى مانەوەیان لەدەسەڵاتدا هاوشانى سەركووتكردن و تەنانەت تیرۆركردنى هەموو نەیاران و ناحەزانى ئەم دووبنەماڵەیە، لەم پێناوەشدا تاكە یەك هێڵى سوور نەماوە نەیبەزێنن و تاكە یەك مافى مرۆڤ نەماوە ژێرپێى نەنێن و تاكە یەك دەوڵەتى دراوسێ نەماوە چڵكاوخۆرى سیخوڕى بۆنەكەن و تاكە یەك بەرژەوەندى نەتەوەى نەماوە پەراوێزى نەخەن لەپێناو بەرژەوەندى حیزب و بنەماڵەدا، لە وڵاتان دەزگاى هەواڵگرى دەزگایەكى دەوڵەتیی یاساییە. لاى ئێمە دەزگاى هەواڵگرى دەزگایەكى حیزبى و خێزانییە، لەوێ بۆ پاراستنى ئابروو و ئاسایشى نەتەوەیى ووڵاتە. لاى ئێمە بۆ ئەتككردنى ئابروو و ئاسایشى نەتەوەییە.
زۆر بەپێویستم زانى كوورتیەكى پوخت و گرنگ لەسەر دەزگاى پاراستنى بنەماڵەى بارزانى لەم دەرفەتەدا بخەمە روو كەسەرتاسەرى پڕە لە شوورەى و تۆقاندن و چڵكاوخۆرى .
دەزگاى پاراستنى پارتى بۆیە بۆیەكەم جار لەم حیزبە خێڵەكیەدا ساڵى 1965 لەناوچەى (حاجى ئۆمەران) ى كوردستانى عێراق بەهاریكارى دەزگاى سیخوڕى ساواكى ئێرانى و مۆسادى ئیسرائیلى دامەزرێنرا و ئەوكات و ئیستاش پاراستن زیاتر پاشكۆیەكى چاوشۆڕى ئەو دەزگا سیخوڕیانە و هاوشێوەكانى بووە وەك ئەوەى دەزگایەكى سەربەخۆ و دامەزراوە بێت، هۆكارى هاریكارى دەرەكى ئەو دەزگا سیخوڕییە نێودەوڵەتى و ئیقلیمیانە زیاتر بەهۆى قوڵایى ستراتیژى عێراق بووە لەناوجەرگەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا هاوشانى ئامادەیى مەلا مستەفا بۆ قبوڵكردنى هەموو جۆرە هاریكارییەك لەهەر شوێنێكەوە بێت .
یەكەم سەرۆكى ئەو دەزگایەش پاش دامەزراندنى شەخسى (مەسعود بارزانى) بوو كە ئەوكات واتە ساڵى 1965 مەسعود تەمەنى تەنها نۆزدە ساڵ بوو
شایەنى باسە زۆرن ئەو بەرپرسە باڵایانەى پێشووى پارتى كە تیوەگلانى دەزگاى پاراستنیان لەگەڵ دەزگا سیخوڕیە نێودەوڵەتیەكان ئاشكرا كردووە، لەوانە دكتۆر [مەحمود عوسمان] كە پاش ئاشبەتاڵ لە دووتوێى پەڕتوكێكدا هەموو نۆكەریى و سیخوڕى پاراستنى پارتى و مەلا مستەفاى بۆ مۆساد و میتى توركى و ساڤاكى ئێرانى ئاشكراكرد و چەندین جار مەسعود بارزانى هەوڵى تیرۆكردنى دا پێش ئەوەى پاشگەزبوونەوەى خۆى ئاشكرا بكات، هەروەها [سامى عبدالرحمن سنجاریش] پاش جیابوونەوەى لە پارتى و پێكهێنانى پارتى گەلى كوردستانى عێراق لە چەندین نووسیندا رۆڵى سیخوڕى و ناونیشتیمانى دەزگاى پاراستنى بۆ جیهان ئاشكراكردووە، پێش ئەوەى بگەڕێتەوە ئامێزى بارزانى و لە بەروارى 1/2/2004 دا لە دووتەقینەوەكەى لقى پارتى و مەڵبەندى هەولێرى یەكێتیدا بكوژرێت [كە دواتر باس لەوە دەكەین كە چۆن ئەم كوشتنەشى بەپلانى ئاشكراى پاراستن بووە]،.
فەرەنسۆ هەریرى تاكو پاش راپەڕینى ساڵى 1991 وەك گەورەترین بەرپرسى ئەم دەزگایە مایەوە و دواتر کرا بەرپرسى لقى دووى پارتى لە هەولێر. لەبەروارى 18/2/2001 دا لەشارى هەولێر لەهێرشێكى چەكداریدا تیرۆر دەكرێت كە ئەنسار الاسلام بە ئەنجامدانى تاوانبار كرا و سەیر و سەمەرەش ئەوەبوو كە دەزگاى پاراستن و كەریم سنجارى هیچ جۆرە زانیارییەكیان لەسەر ئەم پەلامارە بڵاونەکردەوە، كە بە رۆژى نیوەڕۆ ئەنجامدراو و چەندین مانگ ئامادەكارى بۆكۆابوو. دواتر هەندێک نهێنی بڵاوکرانەوە کە دەزگای پارتی دیموکڕاتی کوردستان خۆی فەرەنسۆ هەریری تیرۆر کردووە، بۆئەوەی ئەو هەموو نهێنییانەی جاشایەتی بارزانییەکان لەڕابردودا بڵاونەکاتەوە.
نهێنییەکیتری پاراستنی پارتی وە پەیوەندى پاراستنى پارتی بە تەقینەوەكانى 1/2/2004 وە كە تیایدا بەدەیان كادر و بەرپرسى پێشكەوتووى یەكێتى و پارتى بەهۆى دوو تەقینەوەى خۆكوژی تیرۆریستییەوە كەللو پاچەبوون و كوژران، پەیوەندییەكەش بەمجۆرەیە :
لەهاوینى ساڵى 2003 دا، واتە پاش ئەنجامدانى پرۆسەى ئازادى عێراق و رووخاندنى رژێمى بەعس لەلایەن هێزە فرە رەگەزەكانەوە دەزگاى پاراستن بەپلانێكى ورد دەتوانن دزە بكەنە نێو رێكخستنە نهێنیەكانى رێكخراوى تیرۆریستى ئەنسار السونەوە، دیارە ئەو كاتە ئەم رێكخراوە هێشتا لایەنگری خۆى بۆ رێكخراوى القاعدە رانەگەیاندبوو و بەسەرۆكایەتى [ئەبو مسعب زەرقاوى] وەك رێكخراوێكى بەناو جیهادى ئیسلامى سەلەفى توندڕەو لەعێراق كارى دەكرد، ئەو كاتە بەهۆى ئەو كەسانەوە كەلەم رێكخراوانەدا بەنهێنى زانیاریان دەدایە پاراستنى پارتى بەرامبەر بڕە پارەى زۆر پارتى سەركەوتودەبێت كە چەندین پلانى پێشوەختى ئەم رێكخراوە لە هەولێر پوچەڵبكاتەوە و ئەنجامدەرەكانیشى یان ئەكوژرێن یان دەستگیردەكرێن، لەكۆتایى ساڵى 2003 دا زانیاریەكى ورد و نهێنى لە كەركوكەوە دەگاتە شەخسى [كەریم سنجارى] كە ئەو رێكخراوە تیرۆریستیە ئەیەوێت چالاكیەكى زۆر مەزن لە ناو هەولێردا دژ بە بەرژەوەندییەكانى یەكێتى و پارتى ئەنجامبدات، كە ئەوان وەك بەكرێگیراوى هێزى داگیركەرى ئەمریكا لە یەکێتی و پارتییان دەڕوانی. كەریم سنجارى چەندین هەفتە بەدواداچوونى ورد بۆ زانیارییەكان دەكات و یەك هەفتە پێش رووداوە خوێناویەكەى یەكى شوباتى 2004 بە زانیارییەكى زۆر نهێنى [كەریم سنجارى] بۆى ئاشكرا دەبێت كە ئامانجەكە ئامادەبووانى جەژنە پیرۆزەى هەردوو لق و مەڵبەندى یەكێتى و پارتییە و كەسە خۆكوژەكانیش لەگەڵ كەرەستەى خۆتەقینەوەكان و چاوساغى كورددا هەمووى ئامادەكراون، دیارە كەریم سنجارى و پاراستن ئەم رووداوە وەك هەلێكى مێژوویى خوێندنەوەى هەواڵگرى خۆیانى بۆ ئەكەن تاكو بە چەكوشى تیرۆریستان دوو چۆلەكە بكوژن هەم كۆمەڵێ كادرى پێشكەوتووى یەكێتى كە تاكو دوێنى لە شەڕى براكوژیدا تاكو سەرئیسك دوژمنى پارتى و بارزانى بوون و ئەبن .. هەم كۆمەڵێ كادرى پێشكەوتووى پارتى كە پاراستن گومانى لە وەلائیان هەیە و ئەتوانێ بەم هەلە لە كۆڵ خۆیانى بكاتەوە، پاش وەرگرتنى رەزامەندى [كەریم سنجارى] لەگەڵ نێچیرڤان كاردەكەن بۆ ئامادەكردنى لیستێك لە مەكتەب رێخستنەوە بە ناوى ئەو كادرە حیزبیانەى كە پێویستە لەو رۆژەدا لە بارەگاى لقى دووى پارتى ئامادەبن بۆ پێشوازیكردن لەو خەڵكە بێئاگایەیى كە دێن بۆ پیرۆزبایكردن، دیارە لیستەكەى مەكتەب رێكخستن زۆر بەوردى بە رەزامەندى و ئاگادارى شەخسى نێچیرڤان و فازڵ میرانى و كەریم سنجارى ئامادە دەكرێن، ئەو كات نێچیرڤان زۆر مەبەستى بوو، كە لە كۆمەڵێ دەم و چاو رزگارى بێت كە ئەو پێى وابوو ركابەرى ئەون لەسەر بوونى بە كەسى دووەم لەناو پارتیدا، تەنانەت هەندێكیان تەنها لەبەرئەوەى نزیكبوون لە مەسرورى كوڕى مەسعودەوە لەلایەن نێچیرەوە ناویان كرابووە لیستى ئامادەبووانى جەژنە پیرۆزەكەى لقى دووەوە .
لە رۆژى رووداوەكەدا كەریم سنجارى و نێچیرڤان و فازڵ میرانى بەتەوسەوە چاوەنواڕى دەرئەنجامى ئەو چالاكییە تیرۆریستییەیان دەكرد كە بەهۆیەوە دەرئەنجام زیاتر لە دوو سەد کادیری گەورەی حیزبى باڵاى پارتى و یەكێتى و خەڵكى بێتاوان كوژران و دەیانى تریش بریندار و كەم ئەندام بوون. ئامانجی سەرەکی پارتیش لەمەدا ئەوەبوو کە سامی عبدوڕەحمان بکوژرێت چونکە هەزارانی نهێنی گرنگ و مەترسیداری دەزگای پاراستن و پارتی لابوو. بە کوشتنی سامی عبدوڕەحمانیش بۆ هەمیشە ئەم نهێنیانە دەمرن....
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست