Saturday, 25/07/2009, 13:43
به‌شی یەکەم: لەسەر ئاستی عێراق
ته‌وه‌ری
یه‌که‌م: بەنیشتمانیکردنی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ
ته‌وه‌ری
دوەم: به‌رکه‌وتی گەلی کوردستان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی فیدراڵ‌دا
ته‌وه‌ری
سێیەم: بەشداریی گەلی کوردستان لە دانانی ستراتیج و سیاسەته‌کانی دەوڵەتی فیدراڵ‌دا
به‌شی
دوەم: لەسەر ئاستی هه‌رێمی کوردستان
ته‌وه‌ری
یه‌که‌م: ئامانجه نیشتمانی و دیموکراتیه‌کان
- ئامانجه
نیشتمانیه‌کان
- ئامانجه
دیموکراتیه‌کان
- به‌یاساییکردنی
ئامانجه نیشتمانی و دیموکراتیه‌کان
- سنوردارکردنی
قه‌باره و جوڵه‌ی حیزبی سیاسی
- کاراکردنی
پەرلەمان و حكومەت
- به‌نیشتمانیکردنی
داموده‌زگا سه‌ربازی و ئه‌منیه‌کان
ته‌وه‌ری
دوەم: سیاسەتی ئابوری و بنیاتنانی ژێرخان
- رۆشنکردنەوەی
سیاسه‌تی دارایی و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی
- سامانی
سروشتی و دانانی سندوقی نه‌وه‌کان
- بنیاتنانی
ژێرخانی هه‌رێم و ئه‌نجامدانی پرۆژەی ستراتیجی
- هاندانی
به‌رهه‌مهێنان و سەرمایەگوزاری
ته‌وه‌ری
سێیەم: ئامانجی په‌روه‌رده‌یی، ته‌ندروستی، ژینگه‌یی و رۆشنبیری
- چاکسازی
له سیستمی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵادا
- چاکسازی
له سیستمی ته‌ندروستی و ژینگەپارێزیدا
- هاندانی
داهێنان و چالاکی فه‌رهه‌نگی
- ئازادکردنی
کۆمەڵگای مەدەنی و کاراکردنی رێکخراوه ناحکومیه‌کان
ته‌وه‌ری
چواره‌م: دادی کۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌شه‌دان به سامانی مرۆیی
- کارکردن
بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی رێژه‌ی هەژاریی و بێ‌کاری
- پێگه‌یاندنی
منداڵان و نەوجەوانان
- کارکردن
بۆ چاره‌سه‌رکرنی کێشه‌ی گه‌نجان
- دادی
کۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی له‌نێوان هه‌ردو ره‌گه‌زدا
- هاوکاریکردنی
پێشمەرگە، کەسوکاری شەهیدان، قوربانیانی ئەنفال و کیمیاباران
- هاوکاریکردنی
قوربانیانی قەیرانە كۆمەڵایەتی و ئابوریەكان
- چاککردنی
سیستمی خانه‌نشینی
- هاوکاریکردنی
خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان
- چاودێریکردن
و هاوکاریکردنی په‌ککه‌وته و به‌ساڵاچوان
- دابینکردنی
دۆخێکی دادپه‌روه‌رانه بۆ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران
- پشتیوانیکردنی
هه‌ردو چینی کرێکاران و جوتیاران
- دابینکردنی
که‌شێکی گونجاو بۆ بازرگان و کاسبکاران
- بایه‌خدان
به ره‌وه‌ندی کوردستانی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات
به‌شی
سێیەم: لەسەر ئاستی پارێزگاکان
ته‌وه‌ری
یەکەم: چەسپاندنی نەناوەندێتی کارگێڕی
ته‌وه‌ری
دوەم: کاراکردنی رۆڵی شارەوانیەکان
ته‌وه‌ری
سێیەم: پلانسازیی بەگوێرەی تایبەتمەندیی پارێزگا و شاره‌وانیه‌کان
پرۆگرامی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
به‌شی یەکەم:
لەسەر
ئاستی عێراق
ته‌وه‌ری
یه‌که‌م:
بەنیشتمانیکردنی
پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ
قه‌یرانی
نوێنه‌رایه‌تیکردنی گه‌لی کوردستان له‌سه‌ر ئاستی عێراق یه‌کێک بوه له‌و قه‌یرانه
ئاڵۆزانه‌ی، که له دروستبونی ده‌وڵه‌تی نوێی عێراقه‌وه تا ئه‌مڕۆ، هه‌ڕه‌شه‌ی
له قه‌واره‌ی کوردستانی باشور و به‌رهه‌می شۆڕش و قوربانیه‌کانی گه‌لی کوردستان
کردوه. زۆرجار ئه‌وه‌ی گه‌له‌که‌مان به شۆڕش و قوربانیدان به‌ده‌ستی هێناوه، له‌سه‌ر
مێزی دانوستان، یان له په‌یوه‌ندی ژێربه‌ژێر و ناڕۆشنی سه‌رکرده و شانده کوردیه‌کان
له‌گه‌ڵ حکومه‌ته یه‌ک له‌دوا یه‌که‌کانی به‌غدا، له‌ده‌ستچوه یان سازشی له‌سه‌ر
کراوه.
به‌ر
له راپه‌ڕینی ئاداری 1991، به‌هۆی نه‌بونی داموده‌زگای هه‌ڵبژێردراوی خاوه‌ن ره‌وایه‌تی
یاسایی، سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌کانی شاخ، له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕیی، ئه‌و
نوێنه‌رایه‌تیه‌یان له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان، وه‌ک حیزبی پێشڕه‌و، بهکاردەهێنا.
دوای راپه‌ڕینیش، سه‌رباری دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵێک داموده‌زگای بان حیزبی، وه‌ک
پارله‌مان، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، بەڵام باڵاده‌ستیی حیزب،
به‌تایبه‌تی ئه‌و حیزبانه‌ی که له شۆڕشه‌وه هاتبون، وه‌ک خۆی مایه‌وه، به‌جۆرێک
دامه‌زراوه نیشتمانیه‌کان بونه پاشکۆی دو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌ی هه‌رێم، قه‌یرانی
ره‌وایه‌تی نوێنه‌رایەتی نیشتمانیش وه‌ک خۆی مایه‌وه.
دوای
روخانی رژێمی دیکتاتۆری عێراق له ساڵی 2003دا، سه‌رباری ئه‌وه‌ی گه‌لی کوردستان
به‌پێی ده‌ستور و ئیستحقاقی نه‌ته‌وه‌یی چه‌ندین پۆستی گرنگی له به‌غدا وه‌رگرت،
که‌چی ئه‌و پۆستانه‌ش، هاوشێوەی دامه‌زراوه نیشتمانیه‌کانی هه‌رێم، له‌لایه‌ن حیزبه
ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه‌وه پاوانکران، ئیتر بڕیاری شه‌ڕ و ئاشتی، بایکۆت و په‌یوه‌ندیبەستن،
دانوستان و ململانێ له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌پێی مه‌زاجی حیزب و سه‌رکرده‌ی حیزبه‌کان،
له گێژاوی هه‌مان قه‌یراندا مایەوه.
هه‌رچه‌نده
لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە سەركرده‌کانی هه‌رێم بە هەمو قورسایی خۆیانەوە لە
بەغدا ئامادەن، چەندین پۆستی سه‌رۆکایه‌تی، سیادیی، وەزاریی و ئه‌منی هەستیاری
حكومەتی عێراقیان وەرگرتوه، كەچی په‌یوه‌ندیی هێزە كوردستانیەكان لەگه‌ڵ حکومه‌تی
فیدراڵ و هێزە عێراقییەكاندا به‌رده‌وام لە پاشەكشە و ئاڵۆزبوندایە. تائێستا
لایەنی كوردی لە بەغدا نەیتوانیوە شەراكەتی سیاسی رۆشن لەگه‌ڵ هێزە عێراقیەكاندا
بنیات بنێت، نەیتوانیوە گوشار بەئاڕاستەی چەسپاندن و جێبەجێكردنی ئەو مادە
دەستوریانەدا دروستبكات كە مافەكانی گەلی كوردستان دەستەبەردەکەن.
لەبری
ئەوەی لایەنی كوردی گوشار و ململانێ بە ئاڕاستەی چارەی پرسه هەڵپەسێردراوان
بخاتەگه‌ڕ، كە پەیوەندیدارن بە خاک و مافی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی ستراتیجی گەلی
كوردستانەوە...، که‌چی زۆربەی ململانێكانی لەسەر گرێبەستی نەوتی، بودجە و
وەرگرتنی پۆستی باڵا بوە. لایەنی كوردیی لەو ململانێیەدا نەیتوانیوە قەناعەت بە
بەغدا بكات سەبارەت بە رەوایەتیی داواكانی، تەنانەت نەیتوانیوە قەناعەت بە رای
گشتی كوردستانیش بکات كە لەسەر مافی هه‌رێم ململانێ دەكات. سه‌ره‌نجام ئەدای خراپی
نوێنه‌رانی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان له به‌غدا زیانی بە كۆی دۆزی گەلی كوردستان
گەیاندوە.
بزوتنه‌وه‌ی
گۆڕان پێیوایه قه‌یرانی نوێنه‌رایه‌تیکردنی گه‌لی کوردستان له به‌غدا یه‌کێکه
له‌و قه‌یرانه راسته‌قینانه‌ی، که هه‌ڕه‌شه له قه‌واره‌ی هه‌رێم و مافی چاره‌نوس
و مافه ده‌ستوریه به‌ده‌ستهاتو و بهدهستنههاتوهکان ده‌کا. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
بڕوای وایه ئه‌و قه‌یرانه ته‌نها به هه‌ڵبژاردنی روکه‌شی نوێنه‌رانی هه‌رێم له
به‌غدا، به لۆجیکی زۆرینه‌وه که‌مینه یان به‌پێی رێکه‌وتنی ناڕۆشنی نێوان حیزبه
ده‌سه‌ڵاتداره‌کان، چاره‌سه‌ر نابێ... به‌ڵکو پێویستی به میکانیزمێکی گونجاوه،
که ماف و به‌رپرسیارێتی و سنوری ده‌سه‌ڵاتی نوێنه‌رانی گه‌لی کوردستان له به‌غدا
و هه‌رێم دیاری بکا.
به‌ئامانجی
چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و قه‌یرانه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان کۆشش ده‌کا له‌پێناو:
1. به‌ده‌زگاییکردنی
په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی عێراقی فیدراڵ، دیاریکردنی
ژێده‌ر (مه‌رجه‌عیه‌ت)ی نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی کوردستان له به‌غدا، به‌نیشتمانیکردنی
پرۆسه‌ی دروستکردنی بڕیاری کوردستانی له‌باره‌ی شه‌ڕو ئاشتی، ململانێ و دانوستان،
توندکردن یان نه‌رمی نواندن و رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا و نوێنه‌رانی پێکهاته‌کانی
تری عێراقدا.
2. جگه
له‌و پرسانه‌ی که پێویستیان به ریفراندۆمی میللی هه‌یه، یان له سنوری ده‌سه‌ڵاتی
دیاریکراوی نوێنه‌رانی هه‌رێمدان له به‌غدا، دۆسیەی پرسه ستراتیجیەكانی هەرێم له
په‌یوه‌ندیدا به حکومه‌تی فیدراڵه‌وه بسپێردرێ به په‌رله‌مانی کوردستان.
پەرلەمان مافی ئەوەی هەبێ بڕیاری كۆتاییان لەسەر بدات، مافی ئەوەی هەبێ له‌کاتی
پێویستدا بیانخاتە راپرسیەوە، یان به سازانی نیشتمانی له‌نێوان ئه‌و هێزانه‌ی که
نوێنه‌رایه‌تیان له په‌رله‌ماندا هه‌یه بڕیاریان له‌سه‌ر بدا.
3. به‌پیشه‌ییکردن
و به‌یاساییکردنی ئه‌رکی دانوستان و چاودێریکردنی ئه‌دای نوێنه‌رانی گه‌لی
کوردستان له‌ناو ده‌سه‌ڵاته جیاوازه‌کانی حکومه‌تی فیدراڵ و وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه
و ده‌سته سه‌ربه‌خۆکانی عێراقدا، له‌ڕێگه‌ی دامه‌زراندنی ده‌سته‌یه‌کی نیشتمانییه‌وه
که له په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێ و له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانیشدا به‌رپرسیاربێ، ئه‌رکه
سه‌ره‌کیه‌که‌ی بریتی بێ له دانوستان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان،
له‌پێناو چاره‌سه‌رکردنی کێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانی نێوان هه‌رێم و بەغدا و
داکۆکیکردن له ئیستحقاقی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کوردستان به‌و شێوه‌یه‌ی له ده‌ستوری
عێراقدا هاتوه.
4. ئارشیفکردن
و به‌دۆکیۆمێنتکردنی دانوستان له‌نێوان نوێنه‌رانی گه‌لی کوردستان و حیزبه کوردیه‌کان
و نوێنه‌رانی حکومه‌ته یه‌ک له‌دوا یه‌که‌کانی عێراق له‌مێژوی دورو نزیکدا.
5. ئامانج
له به‌نیشتمانیکردن و به‌ده‌زگاییکردنی په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێم و حکومەتی
فیدراڵ بریتیه له:
- دیاریكردنی
سنور و دەسەڵاتەكان لەنێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ‌دا، رێزگرتن لە دەسەڵاتە
حەصریەکانی حكومەتی فیدراڵ، رێگری لە هەر پێشێلكارییەك بۆ سەر دەسەڵاتەكانی هەرێم
بەو جۆرەی دەستور بڕیاری لەسەر داوە.
- دیاریکردنی
سنوری جوگرافی هه‌رێمی کوردستان و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی ناوچه دابڕاوه‌کان به‌گوێره‌ی
ماده تایبه‌ته‌کانی ده‌ستوری عێراق و دۆکیۆمێنت و راستیه مێژویی و جوگرافیه‌کان،
به‌تایبه‌تی ناوچه‌کانی که‌رکوک، شه‌نگال، زه‌ممار، ته‌له‌عفه‌ر، شێخان، مه‌خمور،
خانه‌قین، دوز و مه‌نده‌لی و ناوچه دابڕاوه‌کانی تر.
- دامەزراندنی
بنه‌ماکانی وتوێژێکی شارستانی لەنێوان نوێنەرانی گه‌لی کوردستان و نوێنەرانی
توركمان و عەرەب‌و كلدۆئاشوریی لە ناوچە دابڕاوەکاندا، لەسەر بنەمای ئینتیمای
هاوبەش بۆ نیشتمان، هاوسێیەتی لە جوگرافیا‌و مێژودا، شەراكەت و بەرژەوەندیی یەك
تەواوكار، دور لە دەمارگیریی، دور لە هەر جۆرە گوتارێك كە بۆنی شۆڤێنیزم و توندڕه‌ویی
لێبێت.
- کارکردن
بۆ هه‌ڵگرتنی سته‌می نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی له‌سه‌ر کوردی فه‌یلی و ئێزیدییه‌کان،
بژاردنه‌وه‌ی زه‌ره‌ر و زیانه‌کانیان و په‌ره‌پێدانی ناوچه ئه‌سڵیه‌کانی نیشته‌جێبونیان
له‌ڕوی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیرییه‌وه.
- هاوکاریکردنی
نوێنه‌رانی هه‌رێم له ده‌سه‌ڵاته جیاوازه‌کانی ده‌وڵه‌تی عێراقدا، به‌تایبه‌تی
ئه‌وانه‌ی به‌پێی ئیستحقاقی نه‌ته‌وه‌یی پۆستی سه‌رۆکایه‌تی و سیادی و وه‌زاریی و
ئه‌مینیان وه‌رگرتوه، چاودێریکردنی ئه‌داو شێوازی کارکردنیان و ئاستی پابه‌ندبونیان
به داکۆکیکردن له مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی گه‌لی کوردستانەوە.
ته‌وه‌ری
دوەم:
به‌رکه‌وتی
گەلی کوردستان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی فیدراڵ‌دا
به‌و
پێیه‌ی عێراق وڵاتێکی فیدراڵه، گه‌لی کوردستان جگه له ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن
ئیستحقاقێکی تری هه‌یه که ئیستحقاقی نه‌ته‌وه‌یی و ئیستحقاقی هه‌رێمه له‌ناو په‌یکه‌ره‌ی
ده‌وڵه‌تی ئیتحادیدا، واته پێویسته له کۆی ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه ئیتحادیه‌کاندا
به‌رکه‌وتی گه‌لی کوردستان له پۆست و به‌رپرسیارێتی و رێژه‌ی به‌شداربونی
هاوڵاتیانی هه‌رێم له دامه‌زراوه‌کاندا مسۆگه‌ر بکرێ.
بزوتنه‌وه‌ی
گۆڕان به‌هه‌مان ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی کۆشش ده‌کا له‌پێناو مسۆگه‌رکردنی ئیستحقاقی
هه‌ڵبژاردنی خۆی وه‌ک قه‌واره‌یه‌کی سیاسی له‌سه‌ر ئاستی عێراق، کۆشش ده‌کا بۆ
مسۆگه‌رکردنی ئیستحقاقی نه‌ته‌وه‌یی هه‌مو گه‌لی کوردستان و سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی
هه‌رێمیش له‌ناو ده‌وڵه‌تی فیدراڵ‌دا. له‌و پێناوه‌دا پێویسته له دیدی بان حیزبی
و بان به‌رژه‌وه‌ندیی به‌رته‌سکه‌وه بڕوانینه پۆسته سه‌رۆکایه‌تی و سیادی و وه‌زاری
و ئه‌منیه‌کان، ده‌بێ ئه‌وانه‌ی کاندید ده‌کرێن بۆ ئه‌و پۆستانه نوێنه‌رایه‌تی هه‌مو
گه‌لی کوردستان بکه‌ن و پاش کاندیدکردنیان له لایه‌ن لیسته براوه‌کانه‌وه
سازانی نیشتمانی بۆ ناونانیان ئه‌نجام بدرێ. بۆ ئه‌و پۆستانه‌ش که سیاسی نین و به‌شێکن
له به‌رکه‌وتی هه‌مو گه‌لی کوردستان پێویسته له‌سه‌ر بنه‌مای لێوه‌شاوه‌یی و
کێبڕکێی عادیلانه دابه‌شبکرێن و هیچ هاوڵاتیه‌ک له مافی خۆپاڵاوتن بێبه‌ش نه‌کرێ.
له‌م
پێناوه‌دا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان کۆشش ده‌کا بۆ:
- بنیاتنانی
ده‌زگا و دامه‌زراوه ئیتحادیهکانی عێراق دور له به‌شبه‌شێنه‌ی حیزبی و ناوچه‌گه‌ری
و تایه‌فه‌گه‌ری، مسۆگه‌رکردنی به‌رکه‌وتی عادیلانه‌ی پێکهاته‌کانی عێراق له‌و ده‌زگا
و دامه‌زراوانه‌دا به‌بێ جیاوازی.
- ئه‌نجامدانی
سازانی نیشتمانی بۆ ناونانی ئه‌و کاندیدانه‌ی که به‌پێی ئیستحقاقی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی
کوردستان پۆست له به‌غدا وه‌رده‌گرن، به‌تایبه‌تی پۆسته سه‌رۆکایه‌تی و سیادی و
سەربازی و ئه‌منیه‌کان.
- زامنکردنی
به‌شداریکردنی رۆڵه‌کانی گه‌لی کوردستان، به‌تێکڕای پێکهاته‌کانیه‌وه، له وه‌زاره‌ت
و دامه‌زراوه و ده‌سته ئیتحادیه‌کاندا له‌سه‌ر بنه‌مای لێوه‌شاوه‌یی، دور له به‌شبه‌شێنه‌ی
حیزبی، به‌تایبه‌تی له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، سه‌فاره‌ت و کونسوڵگه‌ریه‌کانی
عێراق، نوێنه‌رایه‌تیه‌کانی هه‌رێم له ده‌ره‌وه.
- هه‌ڵبژاردنی
کاندیدی شاره‌زا و ته‌کنۆکرات و سه‌ربه‌خۆ بۆ ده‌سته سه‌ربه‌خۆکان و پۆسته قه‌زاییه‌کانی
دادگای فیدراڵ به‌پێی سازانی نیشتمانی.
- چاککردن
و گه‌شه‌پێدانی سیستمی ئه‌منیی ده‌وڵه‌تی ئیتحادی و عه‌قیده‌ی عه‌سکه‌ریی له‌سه‌ر
بنه‌مای پاراستنی ده‌ستور و پاراستنی پێناسی عێراق وەک وڵاتێکی فرەنەتەوە.
- چه‌سپاندنی
کۆڵه‌که‌کانی ده‌وڵه‌تی قانون و به‌رگرتن له پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و دور راگرتنی
ده‌زگا ئه‌منیه‌کان له ئینتمای حیزبی و ده‌سته‌گه‌ریی به‌رته‌سک.
- مسۆگه‌رکردنی
به‌شداریکردنی رۆڵه‌کانی گه‌لی کوردستان، به‌تێکڕای پێکهاته‌کانیه‌وه، له سوپای
عێراق، وه‌زاره‌تی به‌رگری، دامه‌زراوه فیدراڵییه ئه‌منییه‌کان، هه‌یئه‌ی ئه‌رکان،
هێزی زه‌مینی و ئاسمانی و ده‌ریایی.
- به‌شداریپێكردنی
سەرباز و پلەدارانی گەلی كوردستان لە هێزە چەكدارەكان و سوپای فیدراڵ‌دا بۆ
راگرتنی هاوسەنگیی لەنێوان پێکهاتەکانی عێراقدا وەك لە مادەی نۆیه‌می ده‌ستوردا
هاتوه.
- رێکخستنی
هێزی پێشمه‌رگه، مەشق پێکردن و چه‌کدارکردنی به‌شێوازی هاوچەرخ، بودجه‌ی پێویستی
وه‌ک به‌شێک له سیستمی به‌رگریی ده‌وڵه‌تی فیدراڵ بۆ دابین بکرێ له چوارچێوه‌ی
هێزی پاسه‌وانی هه‌رێم و هێزی پاسه‌وانی سنور، به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی گوزه‌رانی
مونته‌سیبه‌کانی بۆ ئاستی مونته‌سیبه‌کانی سوپای نیزامیی عێراق.
- ده‌ركردنی
یاسا فیدراڵییەكان و دامەزراندنی "ئەنجومەنی فیدراڵ" وەك لە هەردو
مادەی (58) په‌نجاو هه‌شت و (62) شه‌ست و دوی ده‌ستوردا هاتوه.
- کاراکردنی
رۆڵی دادگای فیدراڵ، دور له به‌شبه‌شێنه‌ی حیزبی و ده‌ستێوه‌ردانی سیاسی.
- دامەزراندن
و خستنەگەڕی دەستەی گشتیی چاودێریی داهاتی فیدراڵ و دەستەی راژەی فیدراڵ بۆ
بەرگریكردن لە بەركەوتی دارایی و كارگێڕیی خەڵكی كوردستان، وەك لە هەردو مادەی
(103) سه‌دو سێ و (104) سه‌د و چواری ده‌ستوردا هاتوە.
ته‌وه‌ری
سێیەم:
بەشداریی
گەلی کوردستان لە دانانی ستراتیج و سیاسەته‌کانی دەوڵەتی فیدراڵ‌دا
پته‌وکردنی
بنه‌ماکانی سیستمێکی دیموکرات و فیدراڵ، که زه‌مانه‌تی مافی هه‌مو پێکهاته‌کانی
عێراق بکا، رێگری له خراپ به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵات و ئەگەری زیندوبونه‌وه‌ی
دیکتاتۆریه‌ت و شۆڤێنیزم بکا...، پێویستی به جێگیرکردنی بنچینه‌ی شه‌راکه‌تی
راسته‌قینه‌یه له‌نێوان پێکهاته‌کاندا، پێویستی به سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی په‌یکه‌ره‌ی
ده‌وڵه‌تی عێراقه به‌جۆرێک گه‌لی کوردستان، وه‌ک پێکهاته‌یه‌کی سه‌ره‌کی خاوه‌ن
خاک، به‌شداری له دانانی سیاسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌تی فیدراڵ‌دا بکا، به‌تایبه‌تی له‌و
جومگانه‌دا که په‌یوه‌ندیدارن به سیاسه‌تی ئه‌منی و به‌رگریی، دیبلۆماسیه‌ت و
کاروباری ده‌ره‌وه، پلاندانان و سیاسەتی دارایی، سیاسه‌تی نه‌وت و گاز و سامانی
سه‌ر زه‌وی و ژێر زه‌وی.
له‌دوای
روخانی به‌عسه‌وه تائێستا، جگه له پۆسته سه‌رۆکایه‌تی و سیادی و وه‌زاریه‌کان،
چه‌ندین مه‌له‌فی گرنگی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی عێراق، به‌رده‌وام یان ناوبه‌ناو،
سپێردراون به وه‌زیر و به‌رپرسه کورده‌کان که کاندیدی دو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌ی
هه‌رێم بون... وه‌ک مه‌له‌فی دیبلۆماسی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه، مه‌له‌فی پلاندانان
و دارایی، مه‌له‌فی سامانی ئاو و کاروباری ئه‌رکانی سوپا و چه‌ندین مه‌له‌فی گرنگی
تر. به‌ڵام ئه‌و وه‌زیر و به‌رپرسانه جگه‌له‌وه‌ی نه‌یانتوانیوه به‌شدارای له
دانانی ستراتیج و سیاسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌تی عێراقدا بکه‌ن، نه‌شیانتوانیوه له
داڕشتنی ئه‌و سیاسه‌تانه‌دا به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بپارێزن.
له
سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقدا نه‌توانراوه عێراق وه‌ک وڵاتێکی فره‌نه‌ته‌وه به‌جیهان
بناسێندرێ، نه‌توانراوه چالاکی دیبلۆماسی له‌سه‌ر ئاستی نێودوه‌ڵه‌تی بخرێته‌گه‌ڕ
بۆ به‌فه‌رمی ناساندنی ئه‌و هه‌ڵمه‌تی کوشتارو وێرانکاری و جینۆسایده‌ی که له سه‌رده‌می
دیکتاتۆریه‌تدا ده‌رهه‌ق به گه‌لانی عێراق به‌گشتی و گه‌لی کوردستان به‌تایبه‌تی
ئه‌نجامدراوه، به‌دیاریکراویش "ناساندنی تاوانه‌کانی ئه‌نفال و کیمیابارانی
هه‌ڵه‌بجه و ناوچه‌کانی تری کوردستان وه‌ک جینۆساید و تاوان دژ به مرۆڤایه‌تی".
نه‌توانراوه سیاسه‌تێکی ئیقلیمی هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێدا پێڕه‌و بکرێ.
نه‌توانراوه نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمی کوردستان له سه‌فاره‌ت و کونسوڵگهریهکان
بکرێته‌وه، له کاتێکدا ئه‌وه مافێکی ده‌ستوریی هه‌رێمه. له سیاسه‌تی نه‌وت و
گاز‌و سامانه سروشتیه‌کاندا به‌رده‌وام ناکۆکی له‌نێوان سیاسه‌تی هه‌رێم و سیاسه‌تی
ده‌وڵه‌تی فیدراڵ‌دا له‌ئارادا بوه، هه‌رێم به‌هۆی ئه‌و سیاسه‌ته ناشه‌فافه‌ی که
له‌بواری نه‌وت و گاز و سامانه سروشتیه‌کاندا پێڕه‌وی کردوه، نه‌یتوانیوه قه‌ناعه‌ت
به وه‌زاره‌تی نه‌وت و حکومه‌تی عێراق بێنێ سه‌باره‌ت به ده‌ستوریبونی گرێبه‌سته‌کانی
له‌گه‌ڵ کۆمپانیا بیانیه‌کاندا. له سیاسه‌تی دارایی و بودجه‌شدا سه‌ره‌تای هەمو
ساڵێکی دارایی و له میانه‌ی گفتوگۆکردن سه‌باره‌ت به بودجه‌ی ئیتحادیی کێشه‌کانی
نێوان هه‌رێم و حکومه‌تی عێراق سه‌باره‌ت به به‌رکه‌وتی هه‌رێم له بودجه‌ی گشتی
و به‌رکه‌وتی هێزی پێشمه‌رگه له بودجه‌ی سه‌ربازی و ئه‌منی عێراق سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه.
به‌کورتی
سه‌رکردایه‌تی کورد هه‌میشه له پێگه‌ی به‌رگرییه‌وه ململانێی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی
به‌غدا و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانی عێراقدا کردوه، نه‌یتوانیوه هاوکێشه‌که
پێچه‌وانه بکاته‌وه، نه‌یتوانیوه دامه‌زراوه ئیتحادیه‌کان بکاته ئامرازی
ململانێ و سه‌نگه‌ری پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی هه‌رێم، نه‌یتوانیه‌وه له‌و
دامه‌زراوانه‌وه نمونه‌یه‌کی جوانی ئه‌دای کوردستانی پێشکه‌ش به عێراقیه‌کان به
گشتی و دانیشتوانی ره‌سه‌نی ناوچه دابڕاوه‌کانی کوردستان بکا، نه‌یتوانیوه
قورسایی خۆی له به‌غدا گرێبداته‌وه به دۆخی ئارامی هه‌رێم و هه‌رێم بکاته مه‌ڵبه‌ندی
گه‌شه‌ی ئابوری و راکێشانی سه‌رمایه‌ی ئابوری و زانستی و وه‌به‌رهێنان له‌سه‌ر
ئاستی هه‌مو عێراق.
له‌م
روانهگهیهوه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان کۆشش ده‌کا بۆ چالاککردنی رۆڵی هه‌رێمی
کوردستان له دانانی ستراتیج و سیاسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌تی عێراقدا له‌پێناو:
- جێگیرکردنی
پره‌نسیپه‌کانی سیستمی دیموکراتی فیدراڵ له‌سه‌ر بنچینه‌ی شه‌راکه‌تی راسته‌قینه
له‌نێو پێکهاته‌کانی گه‌لی عێراقدا له بواره‌کانی به‌ڕێوه‌بردنی داموده‌زگاکانی
ده‌وڵه‌تی فیدراڵ و وه‌رگرتنی بڕیاره ستراتیجییه‌کان و دابه‌شکردنی سامان به‌شێوه‌یه‌کی
عادیلانه.
- به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی
ته‌نگبینی، تیرۆر، ره‌گه‌زپه‌رستی و ده‌مارگیری، هه‌ڵگرتنی جیاکاری له‌نێوان
هاوڵاتیاندا له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه، ئاین، مهزهەب، بیروباوه‌ڕ، ره‌گه‌ز،
ئینتیمای حیزبی و پایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی.
- چه‌سپاندنی
زمانی کوردی وه‌ک زمانێکی فه‌رمی له‌سه‌ر ئاستی عێراق له دامه‌زراوه فیدراڵییه‌کان
و له‌و کاروبارانه‌ی که ده‌ستوری عێراق دیاری کردون.
- زامنکردنی
به‌شداریی خه‌ڵکی کوردستان، به تێکڕای پێکهاته‌کانیه‌وه، له رێکخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان،
نوێنه‌رایه‌تیه‌کانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان، کۆمکاری عه‌ره‌ب و رێکخراوی کۆنگره‌ی
ئیسلامی‌دا.
- دامه‌زراندنی
نوێنه‌رایه‌تییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له باڵوێزخانه و کونسوڵگه‌ریه‌کانی عێراق
و کاراکردنی رۆڵیان دور له به‌شبه‌شێنه‌ی حیزبی ته‌سک.
- کاراکردنی
سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق به‌ئاراسته‌ی ناساندنی عێراق به جیهان وه‌ک وڵاتێکی
فره نه‌ته‌وه، ناساندنی ئه‌و تاوانانه‌ی که له سه‌رده‌می دیکتاتۆریه‌تدا ده‌رهه‌ق
به گه‌لانی عێراق به‌گشتی و گه‌لی کوردستان به‌تایبه‌تی ئه‌نجامدراوه وه‌ک
جینۆساید‌و تاوان دژ به مرۆڤایه‌تی، به‌تایبه‌تی تاوانه‌کانی ئه‌نفال و خاپورکردن
و کیمیابارانی هەڵەبجە و ناوچه‌کانی تری کوردستان.
- بایه‌خدان
به ره‌وه‌ندی عێراقی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، خۆشکردنی زه‌مینه‌ی کۆچی پێچه‌وانه‌ی
ئاره‌زومه‌ندانه بۆیان، به‌تایبه‌تی بۆ زانا و پسپۆڕ و شاره‌زاکانیان، له پێناو
به‌شداری پێکردنیان له دروستکردنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابوری و زانستی و مرۆیی وڵات‌دا.
- زامنکردنی
پشکی کوردستان له پرۆژه ستراتیجیه فیدراڵیه‌کانی که‌رتی گواستنه‌وه‌ی زه‌مینی و
ئاسمانی و هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر، که‌رته‌کانی نه‌وت و گاز‌و کانزا و ئه‌مبارکردنی
ئاو.
- کاراکردنی
رۆڵی (دامه‌زراوه‌ی گشتیی چاودێری و تەرخانکردنی داهاته فیدراڵییه‌کان) له‌پێناو
دابینکردنی پشکی هه‌رێمی کوردستان له به‌خشیش و کۆمه‌ک و داهاته داراییه
فیدراڵییه‌کان و زامنکردنی رۆشنی و عه‌داله‌ت، هه‌روه‌کو له ده‌ستوری هه‌میشه‌یی
عێراق دا هاتوه.
- پێڕه‌وکردنی
پره‌نسیپی رۆشنی له مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ بودجه‌ی گشتی، له‌بواره‌کانی: ورده‌کاریه‌کانی
بودجه، سه‌رچاوه‌کانی و چۆنێتی خه‌رجکردن و دابه‌شکردنی به‌سه‌ر که‌رته ئابورییه‌کان
و ناوچه‌کان و هه‌رێمه‌کاندا.
- په‌ره‌دان
به که‌رته‌کانی ئابوری و به‌ڕێوه‌بردنی گشتی و سامانی گشتی، رزگارکردنیان له
پاوانکردن و گه‌نده‌ڵی. هاندانی وه‌به‌رهێنان و تەکنەلۆجیای زانیاری و پێشخستنی که‌رته
به‌رهه‌مهێنه‌کانی کشتوکاڵ، پیشه‌سازی، سامانی ئاژه‌ڵ، هاندان و په‌ره‌پێدانی که‌رتی
گه‌شتوگوزار.
- دانانی
پلانی ستراتیجی بۆ چاککردن و نوێکردنه‌وه‌ی که‌رته‌کانی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده
و فێرکردن.
- جێبه‌جێکردنی
پرۆژه‌ی ستراتیجی له بواره‌کانی رێگاوبان، نیشته‌جێکردن، هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر،
کاره‌با، نه‌وت، گاز ، ئاو و ئاوه‌ڕۆ، پرد و به‌نداودا.
- کارکردن
بۆ نه‌هێشتنی هه‌ژاری و قه‌یرانی بێ‌کاری له رێگه‌ی دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی کار بۆ
هاوڵاتیان و ئه‌نجامدانی پرۆژه‌ی بوژاندنه‌وه و په‌ره‌پێدان، ته‌رخانکردنی پاره‌ی
پێویست بۆیان له بودجه‌ی ئیتحادی.
- بژاردنه‌وه‌ی
ئابوری ئه‌و ناوچانه‌ی به‌ر تاوانه‌کانی کۆمه‌ڵکوژی، ئەنفال و کیمیاباران و
خاپورکاری کەوتون و سه‌رله‌نوێ دروستکردنه‌وه‌یان به‌شێوه‌یه‌کی هاوچه‌رخانه.
- پاراستنی
ژینگه‌و کارکردن بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی رۆشنبیریی ژینگه‌پارێزی سه‌باره‌ت به مه‌ترسیه‌کانی
پیسبونی ژینگه، بەبیابانبون و سوێربونی زەوی، پاراستنی سروشت، فراوانکردنی روبهریسهوزایی
و قه‌ده‌غه‌کردنی ژاکاندنی سروشت.
به‌شی
دوەم:
پرۆگرامی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
لەسەر ئاستی هه‌رێمی کوردستان
ته‌وه‌ری یه‌که‌م:
ئامانجه
نیشتمانی و دیموکراتیه‌کان
بزوتنەوەی
گۆڕان لەسەر بنەمانی ئینتما بۆ نیشتمانی کوردستان دامەزراوە، کوردستانیبون لەدیدی
بزوتنەوەی گۆڕاندا ناسنامەیەکی کۆکارە، هەمو هاوڵاتیەکی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
کە دانیشتوی هەرێم بێت، سەر بە هەر نەوتەوە و پێکهاتەیەکی ئیتنی و ئاینی و مەزهەبی
بێت.
بزوتنه‌وه‌ی
گۆڕان ئامانجی نیشتمانی له ئامانجی دیموکراتی جیاناکاته‌وه، بنیاتنانی قه‌واره‌ی
کوردستان له بنیاتنانی قه‌واره و کەسایەتی تاک جیاناکاته‌وه. دامەزراندنی
هەرێمێكی بەهێز، كە بەرگەی هەڕەشە دەرەكیەكان بگرێت، بە ئازادكردنی تاك و
چەسپاندنی سیستمی دیموكراتی لە ناوخۆدا دەستپێدەكات، چونکه نەتەوەی ئازاد بەرهەمی
مرۆڤی ئازادە، تا بڕی هەستكردنی مرۆڤ بە ئازادیی و دادپەروەریی لە وڵاتەكەی خۆیدا
زیاتربێت، پەیكەرەی كۆمەڵایەتی و قەوارەی نیشتمانی بەهێزترە و توانای
بەرەنگاربونەوەی زیاتر دەبێت.
وەفاداریی
بۆ رەنج و قوربانیدان و گیانبەخشینی گەلەكەمان لە مێژوی دورو نزیكدا، ئەوە
دەخوازێت كە بەری رەنج و قوربانیدان و گیانبەخشین، بەیەكسانی، بەسەر هەمو
هاوڵاتیانی كوردستاندا دابەش ببێت و هیچ كەس و لایەنێك بۆی نەبێت بەتەنها خۆی
بكاتە خاوەنیان. پاوانكردنی بەرهەمی سەروەرییەكانی رابردو، پاوانكردنی پیرۆزیەكانی
گەلەكەمان، لەلایەن هەر هێزو كەس و خێزان و بنەماڵەیەكەوە بێت، دژی سەرەتاكانی
دیموكراسی و نیشتمانپەروەرییە.
بزوتنه‌وه‌ی
گۆڕان له‌سه‌ر بنه‌مای هاوڵاتیبون مامه‌ڵه‌یه‌کی یاسایی و دیموکراتی له‌گه‌ڵ چه‌مکی
نیشتمان و نیشتمانپه‌ره‌وری ده‌کا، هاوڵاتیانی کوردستان سه‌ر به هه‌ر ناوچه و
خێڵ و پێکهاته و بنه‌ماڵه‌یه‌ک بن، له هه‌ر ته‌مه‌نێکدا بن و سه‌ر به هه‌ر ره‌گه‌زێک
بن، هه‌ڵگری هه‌ر فیکر و عه‌قیده‌یه‌ک بن، خاوه‌نی هه‌ر پێگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و
ئابوری و هه‌ر پێشێنێکی سیاسی بن، لەبەردەم یاسا و لەبەجێهێنانی ئەرک و زامنکردنی
مافەکانیاندا یه‌کسانن.
کۆمەڵگەی
كوردی مێژویەكی تاڵی لەگەڵ دیارده‌ی پاوانكردنی نیشتمانپەروەری، بەشینەوەی خیانەت
و تۆمەت لەنێوان هێزە سیاسیەكاندا هه‌یه، ئه‌م دیارده‌یه هۆكاری سەرەكی
هەڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆ بوە، هۆكاری پێكدادانی نێوان ئەو پارت‌و هێزانە بوە كە
ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی حیزبیان تێكەڵكردوە، هۆكاری لێكترازانی پەیكەرەی
كۆمەڵایەتی و لاوازبونی هوشیاریی نیشتمانی بوە. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بڕوای وایه
لەبری حیزبە سیاسیەکان دەبێت پەرلەمان و دەزگا شەرعیەکانی نوێنەرایەتیکردن،
مەرجەعی نیشتمانی و یاسایی بن بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە نیشتمانیەکان، لە بابەتی
پرسی چارەنوسی سیاسی، ئاسایشی نەتەوەیی، پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و
بەغدا، پەیوەندیی نێوان هەرێم و وڵاتانی دراوسێ و جیهانی دەرەوە بەگشتی.
ئازادی
گه‌لی کوردستان و مافی بڕیاردانی چاره‌نوس، به بڕیاردانی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیشه‌وه،
ئامانجێکی باڵا و ستراتیجیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه. گه‌لی کوردستان له‌پێناو ئه‌و
ئامانجه‌دا چه‌ندین شۆڕشی به‌رپاکردوه، چه‌ندین جار روبه‌ڕوی جینۆساید و ئه‌نفال و
کیمایاباران و وێرانکاریی بۆته‌وه. به‌ڵام ئه‌و ئامانجه نیشتمانیه باڵایه ته‌نها
به دروشم به‌دی نایه‌ت، به‌ڵکو پێویستی به‌هه‌نگاوی کرده‌ییه له‌سه‌ر زه‌مینی
واقع، پێویستی به نیشتمانیکردنی داموده‌زگاکانی هه‌رێم و پاککردنه‌وه‌ی هەمو ئه‌و
داموده‌زگایانه‌یه له وه‌لای حیزبی و شه‌خسی و بنه‌ماڵه‌یی به‌رته‌سک، پێویستی
به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی که‌رکوک و ناوچه دابڕاوه‌کانه بۆ سه‌ر خاکی هه‌رێم. ترساندنی
داگیرکه‌ران به ئەگەری راگەیاندنی کوردستانی سه‌ربه‌خۆ به‌بێ زەمینەسازی لەسەر
زەمینی واقع، بەبێ گەڕاندنەوەی کەرکوک و ناوچه دابڕاوه‌کان، به‌بێ بنیاتنانی دامه‌زراوه‌ی
نیشتمانی بان حیزبی، ته‌نها دروشمێکی کرچه، نه داگیرکه‌ران ده‌ترسێنێ، نه رۆحی
به‌ره‌نگاریش له‌ناوخۆدا دروستده‌کات.
هه‌ڕه‌شه‌ی
بێ ناوه‌ڕۆک و روپامایی ساخته بۆ داگیرکه‌ران ئه‌و دو گوتاره بون که سه‌رکرادایه‌تی
دو حیزبه باڵاده‌سته‌که‌ی هه‌رێم به‌رده‌وام پێڕه‌ویان کردوه، چ له‌ناو عێراقداو
چ له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی دراوسێدا که کوردستانی گه‌وره‌یان به‌سه‌ردا دابه‌ش
کراوه. ئه‌و گوتاره دو فاقه‌ی سه‌رکردایه‌تی کورد، جگه له‌وه‌ی هاوڵاتیان له‌ناوخۆی
هه‌رێمدا متمانه‌یان پێ نیه، له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمیش هیچ ئیلهامێکی نه‌به‌خشیوه‌ته
کوردانی پارچه‌کانی تر.
سه‌باره‌ت
به‌کێشه‌ی ره‌وای کورد له باکور و خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوای کوردستان، بزوتنه‌وه‌ی
گۆڕان هوشیارە لەئاست ئەو پەیوەندییە تێكڕژاو و ئاڵۆزەی که هەرێمی كوردستان
دەبەستێتەوە بە وڵاتانی دراوسێوە، لەئاست ئەو واقیعەی كە هەرێمی كوردستانی خستوەتە
بەردەم دو ئەركی جیاواز؛ لەلایەكەوە دەبێت پابەندی خزمایەتیی و هاوسۆزیی نەتەوەیی
بێت لەگەڵ گەلی كوردی دابەشبو بەسەر ئەو وڵاتانەدا، لەلایەكیشەوە دەبێت وەك
هەرێمێكی سەر بە كۆماری عێراقی فیدراڵ، پابەندی یاسا نێودەوڵەتیەكان بێت و رێز لە
سنور و سەروەریی ئەو وڵاتانە بگرێت. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بڕوای وایه گەشەدان بە
دامودەزگا دیموكرات و سیاسیی و كولتوریی و نیشتمانیەكانی ناوخۆی هەرێم، هاوكات
لەگەڵ دامەزراندنی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ دەرەوە لەسەر بنەمای هاوسێیەتی هاوبەش
و بەرژەوەندیی هاوبەش، دور لە بەكارهێنانی زمانی روپامایی ساختە یان هەڕه‌شه‌ی وه‌همی،
زەمانەتێكی سیاسیی و یاساییە بۆ دڵنیاكردنەوەی ئەو وڵاتانە سەبارەت بە ئاشتیخوازیی
قەوارەی هەرێم، لە هەمان كاتیش‌دا ئیلهام دەبەخشێتە كوردانی ئەو وڵاتانە تا خەباتی
دیموكراتی لەپێناو هاتنەدیی ئامانجەكانیان پێڕهوبكەن، بەو جۆرەی خۆیان بڕیاری
لەسەردەدەن، بێئەوەی حیزبه‌کانی هەرێمی كوردستانی عێراق مافی دەستێوەردان و
بڕیاردانیان لەوبارەیەوە هەبێت.
بنیاتنانی
هه‌رێمێکی به‌هێز پێویستی به نیشتمانیکردنی داموده‌زگاکانه، به‌تایبه‌تی داموده‌زگا
سه‌ربازی و ئه‌منی و ههواڵگریەکان، بۆئه‌وه‌ی ببنه ئامرازی بەرگریكردن لە خاك و
قەوارە و دابینكردنی ئاسایشی هاوڵاتیان، نه‌ک ئامرازی سەركوتكردن و پاکتاوکردنی
حساباتی سیاسی و حیزبی و سیخوڕی‌کردن به‌سه‌ر هاوڵاتیانه‌وه. راستیه‌ک که
ناتوانین بازی بەسەردا بدەین ئەوەیە كە تائێستا سیستمی ئەمنی له هه‌رێم سیستمێكی
نادیموكرات و ناشارستانیە، تائێستا هێزی چەكدار و دەزگای نهێنی، لەبری ئینتیما
بۆ نیشتمان و گەل، ئینتیمایان بۆ حیزب، لەناو حیزبیشدا ئینتیمایان بۆ دەستەو گروپی
نهێنی، لەناو ئەوانەشدا ئینتیمایان بۆ که‌سانی دەستڕۆیشتو هەیە.
بزوتنه‌وه‌ی
گۆڕان له‌و بڕوایه‌دایه دڵسۆزیی بۆ نیشتمان به دروشمبازی و بەشینەوەی تۆمەت و
ترس بەسەر بەرهەڵستكارانی سیاسی‌دا دروست نابێ، بەڵكو پێویستی بە گۆڕینی ریشەیی
سیستمی سیاسییە، پێویستی بەنیشتمانیکردنی دەسەڵاتەکانی حکومەت و پەرلەمان و
دادوەرییە، پێویستی بەنیشتمانیکردنی هێزە چەكدارەكان و دامودەزگاكانی ئاسایشە.
پێویستی بە سەرلەنوێ ئامادەكردنەوەی ئەو دامەزراوە و هێزانەیە بەجۆرێك ببنە
قەڵغانی پاراستنی قەوارەی نیشتمانی، كۆمەڵگەی شارستانی، دەوڵەتی یاسا و سیستمی
دیموكراتی.
له‌م
سۆنگەیەوە بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خه‌بات ده‌کا له‌پێناو:
1. به‌دیهێنانی
"ئامانجه نیشتمانیه‌کان" له‌ڕێگای:
- تێگه‌یشتنێکی
نوێ بۆ چه‌مکی كوردستانیبون لەسەر بنەمای هاوڵاتیبون، به‌جۆرێک هەمو دانیشتوانی
کوردستان بگرێته‌وه، سەر بە هەر نەتەوەو ئاین و مەزهەب و بیروباوەڕێكی سیاسی
و ناسیاسی بن.
- پێناسه‌کردن
و دەستنیشانكردنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە باڵاكان بەشێوەیەكی رۆشن
(شەفاف) لە پەرلەمان و دەزگا فەرمیەكاندا، دور لە زمانی دروشم و پاوانكردنی بەها
نیشتمانیەكان، دور لە گوێرایەڵیی بەرتەسك بۆ تاكە سەركردە، تاكە حیزب، تاكە گروپ
و تاكە بیروباوه‌ڕ.
- به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی
هەمو ئەو بڕیار و دیاردە و ئاكارانەی كە رۆحی نیشتمانپەروەریی لاوازدەكەن، وەك
تاكڕەوی لە دەسەڵاتدا، ناڕۆشنی لە وەرگرتنی بڕیاری چارەنوسسازدا، ناوچەگەریی،
خێڵگەریی، گەندەڵی، بێدادیی لە دابەشكردنی سامانی نیشتمانی و پۆست و بەركەوتی
هاوڵاتیاندا، لەنێوان بەركەوتی شار و شارۆچكەو گوند و ناوچە جیاوازەكاندا.
- به‌رپه‌ڕچدانه‌وه‌ی
هەمو ئەو بڕیار و دیاردە و ئاكارانەی كە جیاكاریی لەنێوان هاوڵاتیانی كوردستاندا
دروستدەكەن، وەك جیاكاری لەسەر بنەمای سیاسی، حیزبی، پێشینەی شۆڕشگێڕیی، ناوچەیی،
ئاینی، مەزهەبی، دەوڵەمەند و هەژار، گوندیی و شاریی، نێر و مێ، هاوڵاتیانی
ناوخۆ و رەوەندی هەندەران، نەوەی كۆن و نەوەی نوێ.
- پابه‌ندبون
بە هەر بڕیارێکی نیشتمانیەوە كە كۆی هێزە كوردستانیەكان و نوێنەرانی گەل لەسەری
رێكدەكەون لەئاست كێشە چارەنوسسازەكاندا.
- دامه‌زراندنی
پهیوەندیەكانی هەرێم بە دەرەوە لەسەر بنەمای رۆشنیی، لەڕێی كەناڵە یاسایی و
دەستوریەكانەوە. یەكخستنی گوتاری فەرمی لەگه‌ڵ دەرەوەدا، جیاكردنەوەی گوتاری حیزبی
و دیدی شەخسیی سەركردەكان لە گوتاری فەرمیی هەرێم.
- سازش
نه‌کردن له‌سه‌ر کوردستانیه‌تی که‌رکوک، شه‌نگال، زه‌ممار، ته‌له‌عفه‌ر، شێخان، مه‌خمور،
خانه‌قین، دوز و مه‌نده‌لی و ناوچه دابڕاوه‌کانی تر.
- خستنهگهڕێ
هه‌مو کۆششێکی ده‌ستوری، په‌رله‌مانی، جه‌ماوه‌ری، سیاسی و مه‌ده‌نی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی
که‌رکوک و ناوچه دابڕاوه‌کان بۆ سه‌ر خاکی هه‌رێم.
- په‌نابردن
بۆ بایکۆتی سیاسی، کشاندنه‌وه‌ی نوێنه‌رانی گه‌لی کوردستان له دامه‌زراوه‌کانی
عێراق، خۆسازدانی جه‌ماوه‌ی، سیاسی، دیبلۆماتی و سه‌ربازی له کاتی هه‌ر سه‌رپێچیه‌کی
مه‌ترسیداری ده‌ستوری عێراق سه‌باره‌ت به که‌رکوک و ناوچه دابڕاوه‌کان... ئاماده‌باشی
فه‌رمی و میللی له کاتی هه‌ر سه‌رکێشیه‌کی سیاسی و سه‌ربازی حکومه‌تی عێراق و
لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان بۆ سه‌ر ئه‌و ناوچانه به ئامانجی پاراستنی خاکی هه‌رێم
و گه‌لی کوردستان، به کورد و تورکمان و کلدۆئاشوری و عه‌ره‌بی ره‌سه‌نه‌وه، له‌و
ناوچانه‌دا.
- به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی
هەر گوتار و رەفتار و ئاكارێكی شۆڤێنی و ناشارستانی دەرهەق به توركمان، عەرەب،
كلدۆئاشوری و هاوڵاتیانی سەر بە نەتەوە و ئاینەكانی تر لە كوردستاندا.
- سه‌لماندنی
مافە سیاسی و كارگێڕی و كولتوریی و پەروەردەییەكانی توركمان، عەرەب و
كلدۆئاشورییەكان، دابینكردنی قوتابخانەی تایبەت بە زمانی دایك بۆ منداڵ و نەوە
نوێیەكانیان.
- په‌ره‌دان
بە فەرهەنگی لێبوردەیی، پێكەوەژیان و گفتوگۆی ئاشتیانە لەنێوان هێزە سیاسییە
كوردستانیەكان، لەنێوان ناسیۆنالیست و چەپ و ئیسلامی و لیبراڵ و
دیموكراتەكاندا، لەنێوان كورد و توركمان و عەرەب و كلدۆئاشوریدا، لەنێوان
مسوڵمان و مەسیحی و ئێزدی و شەبەكدا، لەنێوان شیعە و سوننەدا، لەنێوان گروپە
مەدەنی و رۆشنبیرییە جیاوازەكاندا، لەنێوان خاوەن بیروباوەڕه بەكۆمەڵەكان و
خاوەن بیروباوەڕه فیكری و دنیایی و شەخسییە تایبەتەكاندا.
- به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی
هەر گوتار و رەفتار و ئاكارێكی شۆڤێنی و ناشارستانی دەرهەق به گه‌لی کورد له‌و
وڵاتانه‌ی که کوردستانی به‌سه‌ردا دابه‌شکراوه.
- پێشکه‌شکردنی
هاوکاریی کولتوری و سیاسی و دارایی پێویست بۆ کوردانی باکور و خۆرهه‌ڵات و
خۆرئاوای کوردستانی گه‌وره، له چوراچێوه‌ی نه‌ریته دیموکراتی و نێوده‌وڵه‌تیه‌کاندا،
به‌ڕه‌چاوکردنی مافه‌کانی هاوسێیه‌تی له‌نێوان عێراق و ئه‌و وڵاتانه‌ی کوردستانیان
به‌سه‌ردا دابه‌شکراوه.
- خستنه‌گه‌ڕی
چالاکی دیبلۆماسی هه‌رێم و په‌یوه‌ندیه دیبلۆماسیه‌کانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی
کۆماری عێراقی فیدراڵ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و نێوه‌نده دیبلۆماسیه‌کانی جیهاندا
به‌ئاراسته‌ی داکۆکیکردن له مافه ره‌واکانی گه‌لی کورد له پارچه‌کانی تری
کوردستاندا.
2. به‌دیهێنانی
"ئامانجه دیموکراتیه‌کان" له‌ڕێگای:
- پەرەدان
بە دیموکراسی، رێزگرتن لە سەربەخۆیی دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن و
دادوەریی، جیاكردنەوەی ئەركی حیزبی لە فەرمانی حكومی، دەسەڵاتی سیاسی لە دەسەڵاتی
كۆمەڵگەی شارستانی، دەسەڵاتە ناوەندیەكانی هەرێم لە دەسەڵاتی پارێزگاكان،
دابەشكردن و وردكردنەوەی دەسەڵاتەكان لەسەر هەمو ئاستە کارگێڕی و ناوچەییەكان.
- دامەزراندنی
دەوڵەتی یاسا و رێزگرتن لە سەروەریی یاسا كە بەسەر هەمواندا بەشێوەیەكی یەكسان
جێبەجێ ببێت. پێڕه‌وكردنی لێپرسینەوەی یاسایی بێ جیاوازیی لە پلەوپایەی حكومی،
بێ جیاوازیی لە ئینتیمای حیزبی و كۆمەڵایەتیدا.
- پاراستنی
ئازادیی و مافە سیاسی و مەدەنییەكان، ماف و ئازادییە تاكەكەسییەكان، ئازادیی
نیشتەجێبون، ئازادیی ویژدان و رادەربڕین و بیروباوەڕ.
- پاراستنی
ئازادی دینداری و سروتی مەزهەبە دینیەکان، رێزگرتن لە ئاینی ئیسلام وەک ئاینی
زۆرینەی خەڵکی کوردستان و عێراق.
- پهرهدانبە
فەرهەنگی دیموكراتی، هەڵبژاردن، كاراكردنی ژیانی پەرلەمانی، كاراكردنی
ئەنجومەنەكانی نوێنەرایەتی لەسەر ئاستی پارێزگا و وردكردنەوەیان لەسەر ئاستی قەزا
و ناحیە و گوندەكان.
- په‌ره‌دان
بە فەرهەنگی بەرهەڵستكاریی مەدەنی، ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و رۆشنبیریی، رەخنەگرتن وەك
مافێك كە دیوی دوەمی بەرپرسیارێتییە.
- دانانی
سیستمێكی هەڵبژاردنی دیموکراتی و رۆشن به‌گوێره‌ی پێوەرە یاسایی و نێودەوڵەتی و
تەكنیكییەكان بۆ رێگرتن لە پێشێلكاریی و ساختەكاریی لە پرۆسەكانی دەنگداندا.
- په‌ره‌دان
بە فەرهەنگی پەسەندكردنی جیاوازیی لەسەر ئاستی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی،
پەسەندكردنی شكست لە هەڵبژاردندا، ململانێی ئاشتیانە و دەستاودەستكردنی دەسەڵات
لەسەر هەمو ئاستە سیاسیەكان، دەستاودەستكردنی بەرپرسیارێتی لەسەر ئاستی كارگێڕیی و
كۆمەڵایەتی، لەنێوان كەسە شیاوەكاندا، لەنێوان رەگەز و تەمەنە جیاوازەكاندا.
- به‌گژاچونه‌وه‌ی
هەر رەفتار و ئاكار و هزرێكی توندڕەو و تیرۆریستانە، لەژێر هەر ناو و هەر
پاساوێكدا بێت.
- زەمینەسازیی
بۆئەوەی لە فەرهەنگی سیاسی‌دا زمانی دایەلۆگی رۆشن و ناونانی بەرژەوەندیەكان جێگەی
زمانی دروشم و موزایەدە و گوتاری لاستیكیی بگرێتەوە.
- چه‌سپاندنی
چەمكی هاوڵاتیبون و ئامادەكردنی هاوڵاتی وەك كەسێكی ئازاد، یەكسان بەوانی تر،
بەرپرس، خاوەن ماف و ئەرك.
- پابەندبون
بە جاڕنامەی گەردونیی مافەكانی مرۆڤ و رێگریی لە هەر پێشێلكارییەك دژی بەندهکانی.
- کاراكردنی
رۆڵی سیاسیی، شارستانیی، كارگێڕیی، كۆمەڵایەتی و نوێنەرایەتی ئافرەتان و گەنجان
لەسەر هەمو ئاستە جیاوازەكان.
3. به‌یاساییکردنی
ئامانجه نیشتمانی و دیموکراتیه‌کان له‌ڕێگای:
- گه‌ڕاندنه‌وه
و هه‌موارکردنه‌وه‌ی پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان بەشێوازێك كە سیستمی سیاسی
هەرێم سیستمێكی پەرلەمانی بێت، پرنسیپی نه‌ناوه‌ندێتی کارگێڕی و جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان
و پاراستنی ئازادییه سیاسیه‌کانی تێدا چهسپیبێت.
- هه‌موارکردنه‌وه‌ی
هه‌مو ئه‌و یاسایانه‌ی که ره‌هه‌ندی نیشتمانی‌یان هه‌یه له‌ڕێگای سازانی
نیشتمانییه‌وه، به‌تایبه‌تی ئه‌و یاسایانه‌ی که کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژیانی
دیموکراتی و رێساکانی گه‌مه‌ی سیاسی هه‌رێم جێ‌دێڵن.
- کارکردن
به‌و بنەما یاساییەی كە دەڵێت: «لە هەر شوێنێك بەرپرسیارێتی هەبو لێپرسینەوەش
هەیە»، واتە تا پلەی بەرپرسیارێتی بەرزتربێتەوە، باری لێپرسینەوەی پەرلەمانییش
لەسەر كەسی بەرپرس قورس‌تر دەبێت.
- کاراكردنی
یاسای سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی لەڕوی كارگێڕی، دارایی و وەزیفیەوە.
- کاراكردنی
رۆڵی دادگاكان و دەسەڵاتی دادوەریی بۆ چاودێریكردنی هەردو دەسەڵاتی جێبەجێكردن و
یاسادانان، بەجۆرێك بۆیان هەبێت بڕیار و یاسا نادەستوریەكان هەڵبوەشێننەوە.
- پوچەڵكردنەوەی
ئەو یاسا و رێنمایی و بڕیار و نەریتانەی حەسانەت دەبەخشنە بەرپرسە سیاسی، حیزبی،
سەربازیی و ئەمنیەكان و كەسە دەستڕۆیشتوەكان بەگشتی.
- پێڕه‌وکردنی
سزا ده‌رهه‌ق بە هەر پێشێلكارییەكی سیاسی، حیزبی، كۆمەڵایەتی و نهێنی بۆ سەر
دەسەڵاتی دادگاكان.
- هاندان
و هاوكاریكردنی دەزگای دادوەریی و دادگاكان بۆ پاككردنەوەی بنیاتی خۆیان لە هەر
جۆرە دیاردە و ئاكارێكی مەترسیدار، وەك گەندەڵی، خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتی
دادوەری، بەرتیلخۆری و ملكەچبون بۆ گوشارە سیاسی و حیزبی و كۆمەڵایەتیەكان.
- کاراكردن
و بەنیشتمانیکردنی دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی نەزاهە و لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ی په‌رله‌مان
بۆ بەدواداچون و ناونان و سزادانی گەندەڵكاران. سپاردنی هەمو دەسەڵاتێك بەو
دیوان و دەستانە تا بۆیان هەبێت، بەپێی یاسا، لە هەمو كەس و بەرپرس و لایەنێك
بپرسنەوە، داوای ئاشكراكردنی پارە و ماڵ و موڵكی هەر كەسێك بكەن كە بیانەوێـت.
- سه‌رلەنوێ
دامەزراندنەوەی فەرمانگەی داواكاری گشتی بەو جۆرەی لە سیستمی دیموكراتی دنیای
شارستانیدا هەیە، بۆ بەرگریكردن لە مافی گشتیی خەڵك لەئاست پێشێلكاریی و خراپ
بەكارهێنانی دەسەڵاتە سیاسی و كۆمەڵایەتی و كارگێڕی و حیزبیەكاندا.
4. کاراکردنی
پەرلەمان و حكومەت له‌ڕێگای:
- دامەزراندنی
حكومەتێكی كارا، بچوككردنەوە و تەرشیقكردنی وەزارەت و دامودەزگاكانی لەسەر
بنەمای چوستی نەك قەبەیی، دور لە بیرۆكراسی و هەڵاوسانی كارگێڕیی. هانگاونان بەرەو
خێراكردن، نە-ناوەندێتی، بەئەلیكترۆنیكردنی پەیوەندییە كارگێڕییەكان، رزگاركردنی
هاوڵاتی لە بەشێكی زۆری مەسرەف و ماندوبونی هاتوچۆی نێوان فەرمانگەكان و هاتوچۆی
نێوان پایتەخت و مەڵبەندی شار و ناوچە جیاوازەكان.
- لێپێچینهوهوپرسیاركاریی
پەرلەمانی لە هەمو بەرپرسەكان، لە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتەوە تا وەزیر و
هەمو پلەدارەكانی بەرپرسیارێتی، سزادان و سەندنەوەی متمانە لێیان لەكاتی سەرپێچیی
دەستوریی و یاساییدا.
- دیاریکردنی
رادەی باڵای نەسریە و ژمارەی پاسەوانی بەرپرسەكان بەپێی یاسا، لە سەرۆكی هەرێمەوە
تا بچوكترین بەرپرس، بەجۆرێك له‌گه‌ڵ نه‌ریته‌کانی دنیای شارستانیدا بگونجێت و
ئەوە بسەلمێنێت كە هەرێمی كوردستان لەباری ئەمنیی ئاسایی‌دا دەژێت و متمانەی
هاوبەش لەنێوان هاوڵاتی و بەرپرسدا هەیە.
- هەڵوەشاندنەوە،
یان هه‌موارکردنی هەمو ئه‌و یاسا و رێنمایی و بڕیارە تایبەتانەی که پەیوەندیدارن
به سیستمی موچه، خانه‌نشینی و ئیمتیازاتی به‌رپرس و وه‌زیرو په‌رله‌مانتاران، به
جۆرێک هەمان تەمەنی یاسایی خانەنشینی راژەی مەدەنی بەسەریاندا جێبەجێ ببێت، دادی
کۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێوان خاوه‌ن موچه به‌رز و نزمه‌کاندا له‌به‌رچاو بگیرێت.
5. سنوردارکردنی
قه‌باره‌و جوڵه‌ی حیزبی سیاسی له‌ڕێگای:
- دیاریكردنی
سنوری دەسەڵات و چالاكیی حیزب وەك رێكخراوی سیاسیی پەتی، كە بۆی نەبێت هێزی
چەكدارو دەزگای نهێنیی تایبەتی هەبێت.
- حیزبەكانی
ناو دەسەڵات ته‌نها بۆیان هەیە كارنامەی هه‌ڵبژاردنی خۆیان جێبەجێ بكەن، بێئەوەی
مافی پاوانكردنی دارایی وڵات و بەكارهێنانی پۆستی گشتیان هەبێت بۆ ترساندن و
کڕینی ده‌نگ و ویژدانی هاوڵاتیان.
- ئاشكراكردنی
پارە و موڵك و عەقار و بەرژەوەندی ئابوریی كۆمپانیا بازرگانییەكانی حیزب و
رێگریی لە هەر پاوانكارییەكی حیزبیی بۆ سەر بازاڕ‌و تەندەرو كەرتی تایبەت.
- حیزبەكان
بەگوێرەی یاسا هاوکاریان لە حكومەتەوە بۆ دیاریده‌کرێ بەپێی قەبارە و ژماره‌ی
کورسیه‌کانیان لە ئەنجومەنەكانی نوێنەرایەتیكردندا دور لە هەر ئیعتبارێكی پێشینەی
شۆڕشگێڕی.
6. به‌نیشتمانیکردنی
داموده‌زگا سه‌ربازی و ئه‌منیه‌کان له‌ڕێگای:
- گه‌ڕاندنه‌وه‌ی
ئه‌و یاسانه‌ی که په‌یوه‌ندییان به ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمه‌وه
هه‌یه، که تاک لایه‌نه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه تێپه‌ڕێندراون، هه‌موارکردنه‌وه‌یان
له‌ڕێگه‌ی سازانی نیشتمانییه‌وه به‌جۆرێک له‌گه‌ڵ سیستمی دیموکراتی و فره‌یی و
مافه‌کانی مرۆڤدا بگونجێن.
- ئاماده‌کردنی
ئەفسەر، پله‌دار، سەرباز، پۆلیس و مونته‌سیبه‌کانی ده‌زگا ئه‌منی و سه‌ربازیه‌کانی
هه‌رێم به‌پێی عه‌قیده‌یه‌کی نیشتمانی و دیموکراتی و شارستانی نوێ، پاككردنەوەی
دەرون‌و بیریان لە هەر بوغز و كینە و لایەنگرییەكی پێشوەخت، بەتایبەتی ئەوانەی
پێشتر ژیانی میلیشیایی ژیاون، لە رێگەی خولی ئامادەكاریی تایبەتەوە، بە ئەزمون
وەرگرتن لە وڵاتانی جیهانی شارستانی.
- پێکهێنانی
هێزی پاسەوانی هەرێم، بە سودوەرگرتن لە مادە پەیوەندیدارەكانی دەستوری عێراق،
بەشێوازێكی نیزامیی مۆدێرن، بە سودوەرگرتن لە ئەزمونی هێزی پێشمەرگەی ئێستا،
موتوربەكردنی ئەو هێزە بە نەوەی نوێ و كردنەوەی دەرگای پەیوەندیکردنی
ئارەزومەندانە (تطوع)، دور لە لایەنگریی سیاسیی، حیزبیی، ناوچەیی و خێڵەكی.
- قهدەغەكردنی
رێكخستنی حیزبی و سیاسی لەناو هێزی پاسەوانی هەرێم و وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه سه‌ربازی
و ئه‌منی و هه‌واڵگریه‌کاندا.
- گۆڕینی
پرۆگرامی خوێندن و مه‌شق له خول و پەیمانگا و كۆلێژەكانی سەربازیی و پۆلیس به‌شێوه‌یەکی
هاوچه‌رخ، موتوربەكردنی پرۆگرامه‌کان بە وانەكانی مافی مرۆڤ و ئاكاری شارشتانی.
- ئامادەكردن
و رێكخستنەوەی هەمو ئەو هێزە چەكدارانەی كە ئینتیمایان بۆ حیزب و گروپ و تاكەكەس
هەیە، سەرلەنوێ دامەزراندنیان لە هێزی پاسەوانی هەرێمدا، یان خانەنشینكردنیان بە
ئاستێكی دارایی شیاو، یان دۆزینەوەی دەرفەتی كاری نوێ بۆیان و دابینكردنی بیمەی
كۆمەڵایەتی و ئابوریی بۆ خۆیان و خێزانەكانیان.
- دابەشكردن
و جێگۆڕکێ له‌نێوان هێزە چەكدارەكانی هەرێم بەسەر ناوچە و دەڤەرە جیاوازەكاندا،
بە ئاگاداریی پێشوەختی پەرلەمان، بۆئەوەی لەبری ئینتیما بۆ ناوچەیەكی دیاریكراو،
ئینتیمایان بۆ كوردستان هەبێت و لە لایەنگیریی لۆكاڵیدا گیرنەخۆن.
- پێشخستنی
سیستمی هاتوچۆ و دامه‌زراوه‌ی پۆلیسی هاتوچۆ به‌شێوه‌یه‌کی شارستانی، به‌سودوه‌رگرتن
له ته‌کنه‌لۆجیای نوێ و ئه‌زمونی وڵاته پێشکه‌وتوه‌کانی جیهان، دابینکردنی رێز و
موچه و هاوکاری دارایی پێویست بۆ ئه‌فسه‌ر و مونتهسیبه پله جیاوازەکانی پۆلیسی
هاتوچۆ به‌ئامانجی جێبەجێكردنی یاسا به یەك پێوەر بەسەر هەمو هاوڵاتیاندا.
ته‌وه‌ری
دوەم:
سیاسەتی
ئابوری و بنیاتنانی ژێرخان
1. رۆشنکردنەوەی
سیاسه‌تی دارایی و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی
بەگوێرەی
راپۆرته‌کانی "رێکخراوی رۆشنی (شه‌فافیه‌ت)ی نێوده‌وڵه‌تی"، دەوڵەتی
عێراق به هه‌رێمی کوردستانیشه‌وه، یه‌کێکه له هه‌ره وڵاته گه‌نده‌ڵه‌کانی
جیهان له‌ڕوی سیاسه‌تی دارایی، شکستی گەشەی ئابوری، لاوازی و گەندەڵی لە
ئەنجامدانی پرۆژەکانی ئاوەدانی و بنیاتنانی ژێرخاندا، خراپ به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی
سیاسی بۆ مه‌رامی ئابوریی و نەبونی داتای پێویست سەبارەت بە جوڵەی پارە. سه‌ره‌کیترین
هۆکاری گه‌نده‌ڵی بریتیه له نارۆشنی له سیاسه‌تی دارایی و ئابوری، تاریکاندنی
بڕی داهات و خه‌رجی گشتی، لاوازیی رۆڵی په‌رله‌مان و دادگاکان و ده‌سته‌و ده‌زگاکانی
چاودێری و نه‌زاهه، تاریکاندنی ئه‌و زانیاریانه‌ی که په‌یوه‌ندییان به بودجه‌ی
گشتی و کۆمپانیا ئیحتکاریهکانەوە هەیە، لەپاڵ بەکارهێنانی ماڵ و موڵکی گشتی لە
بەرژەوندیی بەرپەسە سیاسیەکان.
تائێستا
سه‌رچاوه‌کانی زانیاری ده‌رباره‌ی بودجه و سیاسه‌تی دارایی هه‌رێم نه‌ک ته‌نها له‌به‌رده‌م
هاوڵاتیاندا، به‌ڵکو له‌به‌رده‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و به‌رپرس و فه‌رمانبه‌ره‌کانی
بواری چاودێریی داراییشدا واڵا نیه، ئه‌و پرۆسه‌ی تاریکاندنهی که به به‌رنامه
له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێمه‌وه پێڕه‌و ده‌کرێ یه‌کێکه له کهندهکانی
بەردەم چاكسازیی ئابوری و گه‌شه‌دان به سه‌رمایه‌ی مرۆیی و بنیاتنانی ژێرخانی هه‌رێمی
کوردستان.
له‌پاڵ
ئه‌و قه‌یرانه به‌رده‌وامه‌دا که چه‌ندین ره‌هه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی مه‌ترسداری
هه‌یه، پارەی گشتی و سامانی نیشتمانیی ئەم وڵاتە پاواندەكرێت و بەفیڕۆ دەدرێت،
وردەكاریەكانی بودجەی هەرێم دەشاردرێنەوەو وندەكرێن، چەندین تۆڕی گەندەڵكار،
لەناوەوە و دەرەوەی كوردستان، بەشێوەیەكی رێكخراو لە تاریكی‌دا كاردەكەن و
بەرژەوەندیی یەكتر، ژێربەژێر، دەپارێزن.
بزوتنه‌وی
گۆڕان بڕوای وایه بودجەی هەرێمی کوردستان، که له به‌رکه‌وتی بودجەی فیدراڵ و
داهاتی ناوخۆی هه‌رێم پێکدێ، موڵكی هەمو هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانە بێ
جیاوازیی. هەر هاوڵاتییەك، لە دەسەڵاتدا بێت یان بەرهەڵستكار، حیزبی بێت یان
سەربەخۆ، نیشته‌جێی هه‌ر شوێنێک بێ، مافی خۆیەتی لە بودجە و وردەكاریەكانی
بپرسێتەوە، مافی خۆیەتی ده‌ستی رابگا به سه‌رچاوه‌کانی زانیاری میدیایی و
زانیاریی فه‌رمی سه‌باره‌ت به‌شێوازی بەکارهێنانی ماڵ و موڵکی گشتی لەلایەن
دەسەڵاتدارانەوە، مافی خۆیه‌تی لە رێگەی نوێنەرەكانیەوە لە پەرلەمان، ئاگاداری
وردەكاریەكانی سیاسەتی ئابوری بێت و قەناعەت بكات كە بەركەوتی خۆی‌و خێزان و
منداڵەكانی لە ماڵ و موڵک و سامانی نیشتمانی پارێزراوە.
له‌م
پێناوه‌دا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خه‌بات ده‌کا به‌ئامانجی:
- رۆشنکردنه‌وه‌ی
بودجه و دابینکردنی سه‌رچاوه‌کانی زانیاریی پێویست له‌باره‌ی ورده‌کاریه‌کانی به‌پێی
سێکته‌ر و وه‌زاره‌ته جیاوازه‌کان.
- سپاردنی
پرسی په‌سه‌ندکردنی بودجه به په‌رله‌مان پاش پێشنیازکردنی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی
وه‌زیرانه‌وه، پابه‌ندکردنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به به‌خشینی زانیاری پێویست به
په‌رله‌مانتاران، به‌رپرسیارکردنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران لە جێبه‌جێکردنی هه‌مو
ورده‌کاریه‌کانی بودجەدا.
- کاراکردنی
رۆڵی په‌رله‌مان له به‌دواداچون و لێپێچینه‌وه‌و پرسیارکردن و سه‌ندنه‌وه‌ی
متمانه له وه‌زیر و به‌رپرس و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان له کاتی رودانی هه‌ر
لادانێکی داراییدا.
- کاراکردنی
رۆڵی دادگاکان و ده‌سته‌و ده‌زگاکانی نه‌زاهه‌و چاودێری دارایی له به‌دواداچون و
لێپێچینه‌وه و سزادانی به‌رپرسه حکومی و حیزبیه‌کان و کۆمپانیاو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان
له کاتی رودانی هه‌ر لادانێکی داراییدا.
- پێڕه‌وکردنی
رۆشنی (شەفافیەت) ده‌رباره‌ی گفتوگۆی سیاسی، دارایی، سەربازیی لەنێوان هەرێم و
حكومەتی فیدراڵ، لەنێوان هەرێم و لایەن و كۆمپانیاكانی ناوخۆ و كۆمپانیاكانی
دەرەوە.
- پێڕه‌وکردنی
رۆشنی ده‌رباره‌ی بازاڕ، ئاشكراكردنی هۆكاری پاوانكاریی، خراپ بەكارهێنانی
دەسەڵات، پاشاگەردانی و گرانیی خۆراك و كەلوپەل و قەیرانی كۆنترۆڵی كوالیتی.
- پێڕه‌وکردنی
رۆشنی لەسەر پرۆژەكانی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی، هۆكانی دواكەوتن و خراپ
جێبەجێكردنیان، گەڕان و دۆزینەوەی سەرەداوەكانی گەندەڵیی و قەیرانە ئابورییەكان
و بڵاوكردنەوەیان بۆ رای گشتی لەكاتی یاسایی خۆیدا.
- پێڕه‌وکردنی
رۆشنی سه‌باره‌ت به تەندەر و كۆنتەرات و گرێبەستی نێوان حكومەت و دەوڵەتان و
كۆمپانیاكان.
- لێپێچینه‌وه
لە سەرپێچیی دارایی و كارگێڕی و ناردنە دەرەوەی پارەو سامانی هەرێم بەشێوازی
نایاسایی.
- ئازادكردنی
كەرتی تایبەت بەگوێرەی یاسا، رێگریی لە هەر پاوانكارییەكی بازاڕ و پرۆژەكان
لەلایەن كەس و لایەنە دەسەڵاتدارەكانەوە.
- پێڕه‌وکردنی
ئه‌و پرنسیپه‌ی که حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی لایەن و شەریك نین لە بازاڕدا.
حكومەت بۆی هەیە چاودێریی بازاڕ بكات بۆ پاراستنی كوالیتی شمەك و ئاسایشی
ئابوریی، بۆ راگرتنی هاوسەنگی و رێگریی لە پاوانكاریی.
- به‌دواداچون
و سزادانی ئەو كەس و لایەنانەی هەوڵی سپیكردنەوەی پارە دەدەن، دەركردن و
كاراكردنی یاسای پێویست بۆ ئەو مەبەستە.
- پێڕه‌وکردنی
دادپه‌روه‌ری له سیستمی باجدا، به‌جۆرێک سه‌پاندنی باج بۆ قەبەكردنی دارایی
حكومەت و حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان به‌کار نه‌هێنرێت، بەڵكو بۆ راگرتنی دادی
كۆمەڵایەتی، ژینگەپارێزیی و بەرژەوەندیی گشتیی هاوڵاتیان بە دەوڵەمەند و
هەژارانەوە.
- دامەزراندنی
دەزگایەكی ئامار و لێكۆڵینەوەی زانستی و پیشەیی بۆ چاودێریكردن، پێوانەكردنی
دیاردەكان و پێشبینیی پێشوەختی تەنگژە ئابورییەكان، سەبارەت بە رادەی هەناردە و
هاوردە، هەڵاوسان و بێكاریی، رادەی گەشەو پاشەكشە، وەك ئامرازێك بۆ داڕشتنی
سیاسەتی ئابوریی بەگوێرەی داتا‌و پلان و پێشبینیەكان.
2. سامانی
سروشتی و دانانی سندوقی نه‌وه‌کان
ئه‌زمونی
وڵاته ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان به سامانی سروشتی (وەک نەوت و گاز و کانزا‌کان) ئه‌وه‌ی
سه‌لماندوه که سامانی سروشتی به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ی که ده‌کرێ ببێته نیعمه‌ت بۆ
گه‌لان، بۆ بنیاتنانی ژێرخان و گه‌شه‌دان به سامانی مرۆیی و خۆشگوزه‌رانی... له
هه‌مان کاتدا ده‌شێ ببێته نه‌فره‌ت و له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسیه‌وه دژی
به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لان بەکاربهێندرێ. به‌کارهێنانی سامانی سروشتی به‌بێ بونی
سیستمێکی چاودێری رۆشن، به‌بێ پلانی نیشتمانی که به‌رژه‌وه‌ندی نه‌وه‌کانی ئێستا
و ئایندهی نیشتمان له‌به‌رچاوبگرێ، چه‌ندین پاشهاتی مه‌ترسیداری لێده‌که‌وێته‌وه،
له‌بابه‌تی به‌کارهێنانی سامانی سروشتی له به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتداران، به‌کارهێنانی
بۆ ترساندن و فریودان و کڕینی ویژدان و وه‌لای هاوڵاتیان، بڵاوکردنه‌وه‌ی ته‌مبه‌ڵی
و به‌فیڕۆدان و ته‌شه‌نه‌کردنی دیارده‌ی به‌رخۆری.
بزوتنه‌وه‌ی
گۆڕان له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردودا، به چاودێریکردنی سیاسه‌تی نه‌وت و گاز‌و
شێوازی ده‌رهێنان و به‌کارهێنانی سامانی سروشتی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێمه‌وه،
ئه‌و بڕوایه‌ی لا دروست بوه که ئه‌و سیاسه‌ته، له‌ده‌روه‌ی چاودێری په‌رله‌مان
و رای گشتی، به ئاقارێکی مه‌ترسیداردا ده‌جوڵی و پلانێکی نیشتمانی رۆشن بۆ به‌کارهێنانی
سامانی سروشتی هه‌رێم له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کوردستان له‌ئارادا نیه.
له
کاتێکدا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌رمایه‌گوزاریی کۆمپانیا بیانیه‌کان له بواری سامانی
سروشتی هه‌رێمدا به‌پێویست ده‌زانێ، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا بڕوای وایه نابێ
گرێبه‌سته نه‌وتیه‌کان له‌گه‌ڵ کۆمپانیا بیانیه‌کاندا ته‌نها بۆ شه‌ڕی سیاسی له‌گه‌ڵ
به‌غدا و بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و ئابوری دەسەڵاتدارانی ئێستای هەرێم به‌کاربهێندرێ،
نابێ له گرێبه‌سته‌کاندا به‌رژه‌وندی گه‌لی کوردستان و نه‌وه‌کانی داهاتو له‌به‌رچاو
نه‌گیردرێ. پێویسته گرێبه‌سته‌کان، به‌ر له ئیمزاکردنیان له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه،
به که‌ناڵی لیژنه‌کانی په‌رله‌مان و به که‌ناڵی راوێژکاریی ده‌ستوری و ته‌کنیکی
پێویستدا تێببهڕن و لایه‌نه باش و خراپه‌کانیان بۆ رای گشتی رون ببنەوە.
له
روانگه‌ی په‌یبردنه‌وه به مه‌ترسییه‌کی له‌و جۆره، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان کۆشش و هه‌وڵه‌کانی
ده‌خاته‌گه‌ڕ له‌پێناو:
- مامه‌ڵه‌کردن
له‌گه‌ڵ سامانی سروشتیسەر زەوی و ژێر زەوی، وه‌ک موڵكی هەمو هاوڵاتیانی كوردستان
بێ جیاوازی.
- دانانی
نەخشەیەكی گشتی بۆ گەڕان، پشكنین، دەرهێنان و شێوازی دەستپێوەگرتنی سامانی سروشتی
بەجۆرێك لە خزمەت هەرێمی كوردستان و نەوەكانی داهاتودا بێت.
- له‌به‌رچاوگرتنی
ده‌سه‌ڵاته ده‌ستوریه‌کانی حكومەتی فیدراڵ له بواری سامانی سروشتی‌دا و سودمهبدبون
له ئه‌زمونی کۆمپانیا عێراقیه‌کان له‌و باره‌یه‌وه.
- کاراکردنی
رۆڵی ره‌قابی په‌رله‌مان له سیاسه‌تی نه‌وت و گاز و سامانی سروشتی، له چاودێریکردنی
ناوه‌رۆکی گرێبه‌سته نه‌وتیه‌کان به‌ر له ئیمزاکردنیان له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه.
- هه‌موارکردنی
هه‌ر یاسایه‌ک که رێگریی بکا له ده‌سه‌ڵاتی ره‌قابی په‌رله‌مان له بواری سامانی
سروشتی‌دا.
- دانانی
سندوقێک به‌ناوی "سندوقی نه‌وه‌کان"، %50 داهاتی سامانی سروشتی بخرێته
ئه‌و سندوقهوە، به مه‌به‌ستی پاشه‌که‌وتکردنی بڕێک له داهاتی نه‌وت و گاز و
سامانی سروشتی بۆ نه‌وه‌کانی داهاتو، یان بەکارهێنانی لە کاتی قەیرانی ئابوری و
گەمارۆدا.
- ته‌رخانكردنی
بڕێکی تایبەت لە داهاتی سامانی سروشتی (نەوت، گاز، كانزا و كانی ئاسن و... هتد)
بۆ ئەو ناوچانەی كە خاوەن ئەو سامانەن، تا پرۆژەی بوژاندنەوە و ئاوەدانی زیاتریان
تیادا ئەنجام بدرێت و لەئاست زیانی ژینگەییش قەرەبو بكرێنەوە.
- دانانی
نه‌خشه‌یه‌کی گشتی بۆ پاراستن و به‌کارهێنانی کانزا‌کان و سامانی سروشتی جگه له نه‌وت
و گاز.
- دانانی
نەخشەیەكی گشتی بۆ پاراستنی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی، دروستكردنی بەنداو و كەناڵی
تایبەت بە قازانجی پرۆژەكانی ئاو و باخداریی و ژینگەو كەرتی كشتوكاڵی.
3. بنیاتنانی
ژێرخانی هه‌رێم و ئه‌نجامدانی پرۆژەی ستراتیجی
پرۆسه‌ی
ئاوه‌دانی و گه‌شه‌ی ئابوری و مرۆیی له هه‌ر وڵاتێک‌دا پێویستی بە پلانێكی
پەرەپێدانی ئاسۆیی هه‌مه لایه‌نه له بواره‌کانی رێگەوبان، ئاوه‌دانکردنه‌وه،
نیشته‌جێبون، كارەبا، ئاو و ئاوەڕۆ، پۆستە و گەیاندن، كشتوکاڵ و پیشه‌سازی،
سیستمی پەروەردەیی و پێگەیاندنی زەینی و جەستەیی.
بنیاتنانی
ژێرخانێکی به‌هێز و هاوچه‌رخ بۆ هه‌رێمی کوردستان، جگه‌له‌وه‌ی له‌ڕوی گه‌شه‌ی
ئابوری و ئاوه‌دانیه‌وه بایه‌خی گه‌وره‌ی هه‌یه و ده‌رگای هه‌رێم به‌سه‌ر سه‌رمایه‌گوزاریی
بیانی‌دا ده‌کاته‌وه، له‌ڕوی کۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌شه‌ی سامانی مرۆییشه‌وه بایه‌خی خۆی
هه‌یه، ده‌کرێ پرۆژه‌کانی ئاوه‌دانکردنه‌وه و بنیاتنانی ژێرخانی هه‌رێم رۆڵیان هه‌بێ
له که‌مکردنه‌وه‌ی دیارده‌ی بێ‌کاری و به‌گه‌ڕخستنی هاوڵاتیانی هه‌رێم، له ئه‌ندازیار،
کرێکار، ته‌کنیککار، کارگێڕ و ژمێریاره‌کان له‌و پرۆژانه‌ی که بۆ بنیاتنانی
ژێرخان ئه‌نجام ده‌درێن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته مه‌رجی به‌گه‌ڕخستنی کارمه‌ند
و کرێکارانی ناوخۆی هه‌ریم له‌ناو گرێبه‌سته‌کانی نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و
کۆمپانیا بیانیه‌کاندا لەبەرچاو بگیردرێ.
بزوتنه‌وه‌ی
گۆڕان بڕوای وایه که پێویست ده‌کا ئاوه‌دانی و گه‌شه‌ی ئابوری له هه‌رێمدا
ئاسۆیی بێت نه‌ک ستونی، چونکه گه‌شه‌ی ستونی زاده‌ی ئه‌قڵیه‌تی مه‌رکه‌زییه له
حوکمدا، یه‌کێکیش لە سیاسەتە چەوتەكانی هەر رژێمێكی مەركەزیی، پەراوێزخستن و
پشتگوێخستنی ناوچە كەناریەكانە، واتە چڕكردنەوەی تەلارسازیی و خزمەتگوزاریی لە
پایتەخت و مەڵبەندی پارێزگاكان و بێبەشكردنی شارۆچكە و گوند و ناوچە
دوردەستەكان لە پرۆژەكانی گەشەكردن و ئامرازەکانی خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی و
پێگەیاندنی منداڵان و نەوەی نوێ.
مەركەزیەت،
كە یەكێكە لە میراتە خراپەكانی رژێمی پێشوی بەغدا، تائێستا درێژبونەوەی لە ئەزمونی
هەرێمی كوردستاندا بەردەوامە. گەر بەراورد لەنێوان ژیانی پایتەخت و شارە
گەورەكانی كوردستان لەلایەك و قەزا و ناحیە و گوند‌و ئۆردوگا زۆرە ملێكان،
لەلایەكی ترەوە بكەین، زۆر بەڕونی دەردەكەوێت كە بێدادیی لە دابەشكردنی سامان و
خزمەتگوزاریی و هۆكانی ئاسودەیی و ژیانی هاوچەرخدا لە چ ئاستێكی مه‌ترسیداردایه.
بێدادی لە پرۆسەی گەشەسەندنی نێوان مەڵبەند و دەرەوەی مەڵبەندی پارێزگاكان
هاوڵاتیانی كوردستانی دابەشكردوە بەسەر چەند كەرتێكی كۆمەڵایەتیدا، چەند كەرتێك كە
هاوسۆزیی كۆمەڵایەتی له‌نێویاندا له ئاستێکی لاوازدایه.
دانانی
پلانێکی نیشتمانی هه‌مه‌لایه‌ن بۆ ئاوه‌دانی و پرۆژه‌ی ستراتیجی و بنیاتنانی
پێویستیه‌کانی ژێرخانێکی هاوچه‌رخ بۆ هه‌رێمی کوردستان له‌پاڵ ژیاندنه‌وه‌ی ناوچه
په‌راوێزخراوه‌کان مەرجێكی گرنگە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، بنیاتنانەوەی
پەیكەرەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی كوردی و دروستكردنەوەی كەسایەتی هاوڵاتی وەك
بونەوەرێكی چالاك و بەرهەمهێن، نەك وەرگرو بەرخۆر.
ئامانجه‌کانی
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌م پێناوه‌دا بریتیه له:
- دانانی
پلانێكی نیشتمانی هەمەلایەن، لەبەر رۆشنایی پرۆژەیەكی ستراتیجی و كارنامەیەكی
حكومی رۆشندا، بۆ بەرزكردنەوەی دەرامەتی تاكەكەس و دەرامەتی نیشتمانی لە هەرێمی
كوردستاندا.
- ئه‌نجامدانی
زنجیره‌یه‌ک پرۆژەی ستراتیجیی لە بوارەكانی رێگەوبان، هێڵی شەمەندەفەر، كارەبا،
نەوت و گاز، ئاو و ئاوەڕۆ، بەنداو، ئاودێریی، كارگەی بەرهەمهێنی كشتوكاڵی و
پیشەسازی، گەشەدان بە كەرتی گەشتوگوزار و هەمو بوارەكانی ژێرخانی دەوڵەتێكی
شارستانی هاوچەرخ. چارەسەركردنی كێشەی خزمەتگوزاریی و پێداویستیە ژیانیەكانی
هاوڵاتیان، وەك ئاوی پاكی خواردنەوەو دابینكردنی كارەبا بۆ هەمو شار‌و شارۆچكە و
گوندەكان، بەگوێرەی سەقفێكی زەمەنی دیاریکراو.
- پرۆژەی
ستراتیجیی لە بواری بنیاتنانی كامپی گەورەی یەكەكانی نیشتەجێبون لە هەمو شار و
شارۆچكەكاندا، بە هەمو پێداویستی و خزمەتگوزاریە شارستانیەكانەوە بۆ هاوڵاتیانی
بێ‌ماڵ، بە كرێی گونجاو یان قەرزی درێژخایەن، بەگوێرەی پلەبەندیەكی دادپەروەرانە
دور لە ئیعتباری سیاسی و مەحسوبیەت، بە رەچاوكردنی ئاستی موچە و دەرامەتی خێزان.
- دانانی
نەخشەیەكی گشتی (ماستەر پلان) بۆ بەشارستانیكردنی هەمو قەزا و ناحیەكان،
قەڵاچۆكردنی بێدادیی لە ئاوەدانكردنەوەی هەندێكیان و پشتگوێخستنی هەندێكیان.
- دانانی
پلانێکی نیشتمانی بۆ دامەزراندنی گوندی هاوچەرخ، وەك ناوەندی چەند گوندێكی لێك
نزیك، بە هەمو پێداویستی و ئامرازەكانی ژیانی هاوچەرخەوە.
- به‌ستنەوەی
ناوچە كەناریەكان بە مەڵبەندی پارێزگاكانەوە، لەڕێی تۆڕی رێگاوبان و پۆستە و
گەیاندنی هاوچەرخەوە.
- پێڕه‌وکردنی
پلەبەندیی و دانانی ئەولەویەت لە ئاوەدانكردنەوەی قەزاو شارۆچكە و ناوچە
كەناریەكاندا، ئەوانەی كە خاپور و ژەهرباران كراون، یان روبه‌ڕوی هه‌ڵمه‌ته‌کانی
ئه‌نفال بونه‌ته‌وه، بخرێنە لیستی پێشەوەی ئاوەدانی و بودجەی تایبەتیان بۆ
تەرخان بكرێت.
- بایەخدانی
تایبەت لەڕوی پرۆژەکانی ژێرخان و ئاوەدانکردنەوە بەو ناوچانەی کە خاوەن سامانی
سروشتین.
- دانانی
نەخشەیەكی گشتی بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئۆردوگا زۆرە ملێكان، بە قەرەبوكردنەوە و
هاندانیان بۆ گهڕانەوەیان بۆ گوندەكانیان پاش ئاواكردنەوە و هاوچەرخكردنیان، یان
بە بچوكردنەوە و گۆڕینی پێکهاتە و سیمایان لە ئۆردوگاوە بۆ شارۆچكەی هاوچەرخ بە
هەمو پێداویستیەكانی ژیان و خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاریەوە.
- پێڕه‌وکردنی
پلەبەندیی و دانانی ئەولەویەت لە چارەسەركردنی كێشەی ئۆردوگاكاندا، ئەوانەی كە
باری ژیان تیایاندا سەختترە، قوربانیانی ئەنفال و شۆڕ‌شیان زیاترە، بخرێنە لیستی
پێشەوەی ئاوەدانی و بودجەی تایبەتیان بۆ تەرخان بكرێت.
4. هاندانی
به‌رهه‌مهێنان و سەرمایەگوزاری
بنیاتنانی
ژێرخانێکی به‌هێز بۆ هه‌رێمی کوردستان پێویستی به نه‌خشه‌یه‌کی گشتییه بۆ
هاندانی به‌رهه‌مهێنان له بواری کشتوکاڵ، پیشه‌سازیی، سه‌رمایه‌گوزاریی ده‌ره‌کی
و ناوه‌کی، سیاسەتی بانکی و هاندانی که‌رتی تایبه‌ت له بواری به‌رهه‌مهێناندا، له
دۆخێکی ئاوهادا هه‌رێمی کوردستان ده‌توانی پرۆسه‌یه‌کی گواستنه‌وه‌ی گرنگ ئه‌نجام
بدا‌و له هه‌رێمێکی به‌رخۆر و سهرفکهرهوه ببێته هه‌رێمێکی به‌رهه‌مهێن، هه‌رێمێک
کە توانای روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کی هه‌بێت و له کاتی گه‌مارۆدا
توانای هه‌بێت پشت به‌خۆی ببه‌ستێ.
له‌م
پێناوه‌دا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان کۆشش ده‌کا بەئامانجی:
- دانانی
پلانێکی نیشتمانی بۆ بەرزکردنەوەی رادەی بەرهەمهێنان و نزمکردنەوەی رادەی بەرخۆری
(استهلاک) لە کوردستاندا.
- دانانی
پلانێکی نیشتمانی بۆ زیادکردنی بڕی شمەکی هەناردە و کەمکردنەوەی بڕی شمەکی هاوردە.
- پێڕەوکردنی
سیاسەتێکی بانکی گونجاو بۆ پەردەدان بە بانکە فەرمی و ئەهلیەکان و کاراکردنی رۆڵی
بانکە جیهانیەکان لە هەرێمدا، بۆ بەخشینی قەرز بە هاوڵاتیان و هاندانی پرۆژەکانی
بەرهەمهێنان و بازرگانی.
- پێره‌وکردنی
سیاسه‌تێکی کشتوکاڵی به‌پێی نەخشەیەكی گشتی بۆ زیندوكردنەوە و هاندانی كەرتی
كشتوكاڵ، بەگەڕخستنی هەمو ئەو پلان و ئامێرە هاوچەرخانەی كە لە وڵاتە
پێشكەوتوەكاندا كاریان پێدەكرێت.
- پاداشتکردنی
جوتیار بەرامبەر هەر بەرهەمیكی كشتوكاڵی لە بواری باخداری، دانەویڵە، سەوزەجات و
خانوی شوشەیی.
- هاندانی
پرۆژە كشتوكاڵییە گەورە و هەرەوەزیەكان، بە تەرخانكردنی زەوی و كاراكردنی بانكی
كشتوكاڵی.
- پشتیوانیکردنی
پرۆسەی ئاژەڵداریی، چ لەسەر ئاستی دەسپێشخەریی تاكەكەس، چ لەسەر ئاستی پرۆژەی
گەورەو هاوبەش.
- هاندانی
پیشەسازیی سوك و پشتیوانیكردنی دارایی ئەو پرۆژانەی كە بەرهەمی خۆماڵی دەكەنە
ركابەری بەرهەمی دەرەوه.
- هاوکاریکردنی
پیشەسازیی كشتوكاڵی، شیرەمەنی، زەیت، لەقوتوگرتن، ئاوی كانزایی. پشتیوانیكردنی
تایبەتی ئەو پرۆژانەی كە هەناردەی دەرەوە دەكرێن.
- هاندانی
سەرمایەگوزاری دەرەكی بەجۆرێك لە بەرژەوەندی ستراتیجیی هەرێمدا بێت له بواره‌کانی
بنیاتنانی ژێرخان و پرۆژه نیشتمانیەکاندا به‌و مه‌رجه‌ی کۆمپانیا بیانیه‌کان رێژه‌یه‌کی
گونجاوی کارمه‌ندو ته‌کنیکار و کرێکاری ناوخۆی هه‌رێم به‌گه‌ڕ بخه‌ن و شاره‌زایی
خۆیانیان بۆ بگوێزنه‌وه.
- کردنەوەی
لقی بەرهەمهێنی كۆمپانیا جیهانییەكانی پیشەسازیی سوك و قورس، بەمەرجێك لە خزمەتی
ژینگە و بەرژەوەندیی ستراتیجی و كەمكردنەوەی دیاردەی بێكاریدا بێت.
- هاندانی
سه‌رمایه‌گوزاری ناوخۆیی به‌شێوه‌یه‌کی دادپه‌روه‌رانه و رێگرتن لەوەی حیزب و
كۆمپانیای ئیحتکاریی پرۆژە ستراتیجیەكان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان قۆرخ بکه‌ن، یان لە
جێیەكی دیاریكراودا چڕیان بكەنەوە.
ته‌وه‌ری
سێیەم:
ئامانجی په‌روه‌رده‌یی، ته‌ندروستی،
ژینگه‌یی و رۆشنبیری
1. چاکسازی
له سیستمی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵادا
که‌رتی
خوێندن و خوێندنی باڵا له هه‌رێمی کوردستاندا وه‌ک هه‌مو که‌رته‌کانی تر له قه‌یراندایه.
به‌ڵام قه‌یرانی ئه‌م دو سێکتهوه، به به‌راورد له‌گه‌ڵ سێکته‌ره‌کانی تر، مه‌ترسی
زیاتری بۆ سه‌ر گه‌شه‌ی سامانی مرۆیی و په‌یکه‌ره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێم هه‌یه.
تائێستا له هه‌رێمی کوردستاندا سیستمێکی رۆشن بۆ په‌روه‌رده و خوێندن له‌ئارادا
نیه، چه‌ند ساڵ جارێک به‌پێی مه‌زاجی کابینه وه‌زاریه‌کان و وه‌زیر و مه‌کته‌ب
سیاسی حیزبه‌کان گۆڕانکاری روکه‌ش له سیستمی پهروەرده و خوێندنی باڵادا کراوه.
ئه‌و گۆڕانکاریانه سودێکی ئەوتۆی به کاروانی په‌روه‌رده و خوێندن نه‌گه‌یاندوه،
به‌ڵکو زۆرجار پشێوی و ناجێگیریی دروستکردوه.
تا
ئێستا پرۆگرامی خوێندن و میتۆدی وانه‌وتنه‌وه له قوتابخانه و زانکۆکانی هه‌رێمدا
له ئاستێکی نزم و دواکهوتودایه... ژێرخانێکی په‌روه‌رده‌یی و زانکۆیی له‌ئارادا
نیه که توانای له‌خۆگرتنی نه‌وه‌ی نوێی هه‌بێ و ئامێر و پێداویستیه‌کانی پێگه‌یاندنی
مه‌عنه‌وی و جه‌سته‌یی بۆ فێرکاران دابین بکا... تائێستا ژماره‌یه‌کی زۆری
قوتابیان و خوێندکاران، بگره مامۆستایانیش نائاشنان به زمانه بیانیه‌کان و
پرۆگرامی خوێندنی هاوچه‌رخ... هه‌رچه‌نده ئه‌و بودجه‌یه‌ی که بۆ سێکته‌ری په‌روه‌رده
و خوێندنی باڵا سه‌رف ده‌کرێ له ئاستی پێویستدا نیه، به‌ڵام گه‌ر که‌رتی گشتی ئه‌و
دو سێکته‌ره به‌راورد بکرێ بە که‌رتی تایبه‌ت و قوتابخانه نمونه‌ییه‌کان به‌ڕونی
ده‌رده‌که‌وێ که بڕێکی زۆری ئه‌و بودجه‌یه له خزمه‌تی هه‌ڵاوسانی کارگێڕیی و
بێرۆکراسیهتی بێ به‌رهه‌مدا سه‌رف ده‌کرێ.
له
روانگه‌ی هه‌ستکردنه‌وه به‌م قه‌یرانه، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان کۆشش ده‌کا بۆ:
- کارکردن
به‌پێی فەلسەفەیەكی نوێ بۆ په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا له هەرێمی کوردستاندا به
سودوه‌رگرتن له ئه‌زمونی وڵاته دیموکرات و پێشکه‌وتوه‌کانی جیهان، فه‌لسه‌فه‌یه‌ک
که مرۆڤ وه‌ک بونه‌وه‌رێکی ئازادی خاوه‌ن ئه‌رک و ماف ته‌ماشا بکا که مافی
فێربون و خۆپێگه‌یاندنی هه‌بێ، حکومه‌ت پابه‌ند بکا به پێگه‌یاندنی نه‌وه‌ی نوێ
له‌ڕوی ئه‌قڵ و جه‌سته‌ییه‌وه.
- ته‌رخانكردنی
بەشێكی گەورەتری بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ پەروەردە و پێگەیاندن و خوێندنی
تەوزیمی، گەشەدان بە باخچەكانی منداڵان و پێشخستنی قوتابخانە سەرەتایی و
ناوەندیی و ئامادەییەكان.
- بچوككردنەوەی
پۆلی خوێندن لەڕوی ژمارەی قوتابیان، گەورەكردنیان لەڕوی روبەر و كەرەستەكانی
دابینكردنی ئارامیی جەستەیی و مەعنەوییەوە.
- دابینكردنی
پێداویستیە مادیی و دەرونی و ژیانیەكان بۆ مامۆستایان‌و قوتابیان، لە هەمو شار و
شارۆچكە و گوند‌و ناوچەكانی كوردستان بێ جیاوازیی.
- کارکردن
بۆ نه‌هێشتنی جیاکاریی لەنێوان ئاستی خزمەتگوزاریی و خوێندن، لەنێوان
قوتابخانەكانی گوند و شاردا، لەنێوان ئاستی قوتابخانە نمونەییەكان و قوتابخانە
ئاساییەكاندا.
- لێپێچینه‌وه‌و
سزادان سەبارەت بە هەر جیاكاریەك كە لەسەر بنەمای رەگەزی منداڵ و هەرزەكار، رەنگ
و جەستە، پێشینەی سیاسی و كۆمەڵایەتی باوك و خێزان، دەوڵەمەندیی و هەژاریی،
دەرهەق بە قوتابیان بكرێت.
- ئامادەكردنی
قوتابی بەوەی تەنها بونەوەرێكی وەرگر و پاسڤ نەبێـت، بەڵكو تاكێكی بیركەرەوەش
بێت، پرسیار و قسەی هەبێت سەبارەت بە بواری گشتی، لە سیستمی خێزان و قوتابخانەوە
تا سیستمی سیاسی و فەرمانڕەوایی.
- گرنگیدان
بە كتێبخانە، فێركاریی ئەلیكترۆنی، تاقیگە، شوێنی ئەزمونكردن و بەرفراوانكردنی
بیر‌و هۆشی نەوەی نوێ.
- گرنگیدان
بە هونەری شێوەكاری، موزیك و شانۆ وەك وانەی سەرەكی لە قوتابخانەكاندا و
دابینكردنی پێداویستیەكان لەو پێناوەدا.
- دانانی
پلانی هاوبه‌ش له‌نێوان وه‌زاره‌ته‌کانی په‌روه‌رده، خوێندنی باڵا، پلاندان و وه‌زاره‌ته
په‌یوه‌ندیداره‌کانی تری هه‌رێم و نێوەندەكانی لێكۆڵینەوەی زانستی بۆ گەشەدان بە
سامانی مرۆیی لە ئێستا‌و ئایندەدا.
- کردنەوەی
زانكۆ و بەشە زانستییەكان، وەرگرتنی خوێندكاران بەگوێرەی زەمینەو پلانی پێشوەخت.
- پێگه‌یاندنی
نه‌وه‌ی نوێ به‌شێوازێکی هاوچه‌رخ، چەكدار بە زانیاریی ئەلیكترۆنی و تەكنەلۆجیای
سەردەم، لەپێناو بەشداری پێكردنیان لە دروستكردنی حكومەتێكی ئەلیكترۆنی پێشكەوتودا.
- رێزگرتن
لە سەربەخۆیی زانکۆکان و سەربەخۆیی فیکری ئەکادیمی.
- پێداچونەوە
بە پرۆگرامی بەشە زانستیەكان لە زانكۆ و پەیمانگاكاندا، پێداچونەوە بە رێژەی
وەرگرتن و ئەولەویەتی هەندێك بەشو كۆلێژ، بەجۆرێك بەشی زۆری كادیرانی نەوەی نوێ
بەگوێرەی پێداویستیە حكومی و نیشتمانیەكانو پلانی پێشوەخت ئامادەبكرێن.
- هاندانی
لێكۆڵینەوەی زانستی لە زانكۆ و مەڵبەندەكانی توێژینەوەدا، بەجۆرێك بچێتە خزمەتی
پلانی ستراتیجی هەرێم، خزمەتی لایەنی رۆشنبیریی و زانستی و تەكنیكیی هاوڵاتیان.
- پیاده‌کردنی
دادپەروەریی لە خوێندندا، دور لە ناهەقی و ئیعتباری حیزبی و سیاسی و
کۆمەڵایەتی...، دادپەروەریی لە دامەزراندنی مامۆستایان، سەرۆك بەش، راگر، سەرۆك
زانكۆ و پەیمانگاكان لەسەر بنەمای لێهاتویی زانستی و كارگێریی دور لە ئیعتباری
سیاسی و حیزبی.
- لێپێچینهوهلە
پێشێلكاری زانستی و كارگێڕیی و ئاكاریی لە زانكۆ و پەیمانگاكاندا.
- چاکسازیی
لە سیستمی زانكۆییدا، بەجۆرێك لەگەڵ گیانی سەردەم و پێداویستی و پلانی ستراتیجی
هەرێمدا بگونجێت. سودوەرگرتن لە ئەزمون و میتۆدی زانكۆ بەناوبانگەكانی جیهان بۆ
تازەكردنەوەی خوێندنی باڵا، تا زانكۆكانی كوردستانیش وەك زۆربەی زانكۆكانی جیهان
ئاگاداری تازەترین و گرنگترین بەرهەمی فیكریی‌و تەكنیكی و زانستی بن.
- دانانی
پلانێکی رۆشن بۆئەوەی زانکۆکانی کوردستان، بەپێی پێوەرە جیهانیەکان، پێگەی شیاویان
لە ریزبەندیی زانکۆکانی جیهاندا هەبێ.
- بایه‌خدان
به زمانی عه‌ره‌بی و زمانی ئینگلیزی له هه‌مو ئاسته‌کانی خوێندندا، به‌تایبه‌تی
له زانکۆکان‌دا.
- کارکردن
بۆ ستانده‌رایزی زمانی فه‌رمی کوردی به‌تایبه‌تی له زانکۆکان و نێوه‌نده‌کانی
لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌کادیمیدا.
- پاککردنه‌وی
پرۆگرام و میتۆدی خوێندن و ئه‌کادیمی لە فیكر و ئاكاری تاكڕەوی، شۆڤێنیزم و
دۆگماتیزم، بەتایبەتی لە بەشە مرۆییەكاندا، وەك مێژو، یاسا، سیاسەت، هونەر،
ئەدەبیات و زانستە كۆمەڵایەتییەكان. بەگەڕخستنی ئەو زانستانە تا خزمەتی هەقیقەتی
مەعریفیی، بیركردنەوەی نەوەی نوێ، پەیڤین و گوتاری رەخنەیی بكەن، نەك خزمەتی
گوتاری باڵادەست و بەرژەوەندیی دەسەڵاتداران بکەن.
- بایەخدان
بە گەشتی زانستی، سروشتناسی، ئاسەوارناسی، ئەتنۆگرافی و گەشتی گەشتوگوزاریی
خوێندكاران بەگوێرەی پسپۆڕییان لە زانكۆ و پەیمانگاكاندا.
2. چاکسازی
له سیستمی ته‌ندروستی و ژینگەپارێزیدا
به‌شێک
له قه‌یرانی که‌رتی ته‌ندروستی له هه‌رێمی کوردستاندا په‌یوه‌ندیی به بێبه‌رنامه‌یی
حکومه‌ت و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانه‌وه هه‌یه، به‌شێکیشی په‌یوه‌ندیی به نه‌بونی
هوشیاریی کۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌بونی رۆشنبیریی خۆپاراستن و ژینهگهپارێزییهوه هه‌یه
لەناو هاوڵاتیاندا. سه‌رباری نه‌بونی داتای زانستی ورد سه‌باره‌ت به تێکڕای ته‌مه‌ن
له هه‌رێمی کوردستاندا، به‌ڵام لاوازیی نه‌خۆشخانه و کلینیکه گشتی و
تایبەتەکان، نه‌بونی رۆشنبیریی ته‌ندروستی لای هاوڵاتیان، خراپی کوالیتی ده‌رمان و
ئامێری پزیشکی و نه‌بونی کوالیتی کۆنترۆڵ به‌سه‌ر بازرگانیی ده‌رمانه‌وه، له‌پاڵ
مامه‌ڵه‌ی خراپی کەرتی تەندروستی و دەسەڵاتداران له‌گه‌ڵ پزیشک و کارمه‌ندانی ته‌ندروستی
و لاوازیی رۆڵی په‌رله‌مان له چاودێریکردنی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و که‌رتی تایبه‌تی
ته‌ندروستی... هه‌مو ئه‌م هۆکارانه‌وه پێکه‌وه وایانکردوە تێکڕای ته‌مه‌نی
هاوڵاتیان له ئاستێکی نزمدا بێ.
تائێستا
رون نییە که‌رتی تەندروستی كوردستان بەگوێرەی چ سیستمێکی ته‌ندروستی کارده‌کاو چ
مامه‌ڵه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ که‌رتی تایبه‌تدا ده‌کا. هه‌رچه‌نده حكومەت بودجەی بۆ كەرتی
گشتیی تەندروستیی دابین كردوە، كەچی بەشێكی زۆری هاوڵاتیان ناچارن لەكاتی نەخۆشی و
قەیرانی تەندروستیدا، بەپارەی تایبەتی خۆیان لە كلینیكی تایبەت و زۆرجاریش لە
نەخۆشخانەی تایبەتدا، یان لە دەرەوەی وڵات چارەسەر وەرگرن.
له‌پاڵ
ئه‌و قه‌یرانه به‌رده‌وامه‌ی که‌رتی ته‌ندروستی، ژینگه‌ی کوردستانیش رو له
پیسبون و ژاکان ده‌کا... پیسبونی ژینگه‌ی کوردستان به‌شێکی په‌یوه‌ندیی به
قەیرانێکی جیهانی گەورەترەوە هەیە، بەڵام بەشێکی ناوخۆییە و پەیوەندیی بە نه‌بونی
رۆشنبیریی ژینگه‌پارێزییه‌وه هه‌یه لای هاوڵاتیان، به‌شێکیشی په‌یوه‌ندیی به
بێبه‌رنامه‌یی و نابه‌رپرسیارێتی و چاوپۆشینی ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌یه له مامه‌ڵه‌کردن
له‌گه‌ڵ ئاو و خاک و سروشت و هێنانی ئه‌و ئامێر و شمه‌کانه‌ی که ژینگه ئالوده
ده‌که‌ن.
له
سۆنگه‌ی هه‌ستکردنەوە به‌م مه‌ترسیانه، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان کارده‌کا بۆ:
- بنیاتنانی
ژێرخانێکی هاوچه‌رخ بۆ که‌رتی تەندروستی بەگوێرەی پێوەرە جهانییەكان، بەسودوەرگرتن
لە ئەزمونی وڵاتە پێشكەوتوەكان.
- چاکسازی
له سیستمی ته‌ندروستیدا به‌جۆرێک که تەنها حكومەت پارە لە كەرتی گشتیی
تەندروستیدا سەرف نەكا، بەڵكو بەگوێرەی پێویست خزمەتگوزاریی تەندروستی لە كەرتی
تایبەت بكڕێتەوە و بێبەرامبەر یان بەرامبەر نرخێكی رەمزیی بیداتەوە بە هاوڵاتیان،
بەتایبەتی ئەوانەی ئاستی بژێوییان نزمە و دوچاری نەخۆشیی سەخت دەبنەوه.
- بایەخدان
بە نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن وەك بەشێك لە كەرتی تەندروستی گشتی، كە دەبێت
بێبەرامبەر بەهانای هاوڵاتیانەوە بچن. دابەشكردنی شارە گەورەكان بەسەر چەند
كەرتێكدا كە هەر كەرتە و نەخۆشخانەی فریاكەوتنی تایبەت و ژمارەیەكی گونجاو
ئۆتۆمبێلی ئەمبولانسی هەبێت.
- چارەسەركردنی
قەیرانی بێرۆكراتی و پلەبەندیی لە نێوەندە تەندروستیەكاندا بەجۆرێك كەشێكی
دادپەروەرانە لەناو نەخۆشخانەكاندا، لەنێوان پزیشك و بەرپرس، پزیشك و كارمەند،
كادیری تەندروستی و نەخۆشدا بێتەئاراوە. لێپێچینەوەی یاسایی و دادوەریی لە هەر
كەمتەرخەمی و تاوانێك كە دەرهەق بە ژیان و تەندروستیی هاوڵاتیان ئەنجام بدرێ.
- بایەخدان
بە پزیشك و كارمەندانی تەندروستی، بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و پیشەییان،
كردنەوەی خولی تایبەت بۆیان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەشێوەیەكی دادپەروەرانە.
پێڕەوكردنی فێركاریی پزیشكیی بەردەوام CME بۆ گشت پزیشكان و كارمەندانی
تەندروستی بەگوێرەی پێوەرە جیهانیەكان.
- به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی
پاوانكاریی كەرتی تەندروستی، چ لەناو حكومەت و چ لەناو بازاڕدا، هاندانی نەوەی
نوێی پزیشك‌و كارمەندانی تەندروستی تا بەشداریی لە بنیاتنان و خزمەتگوزاریی كەرتی
تەندروستیدا بكەن.
- دانانانی
پلانی زانستی بۆ كردنەوەی سەنتەری پزیشكی لە پسپۆڕییە وردەكاندا لە شارە گەورەكان
و لقی هاریكار لە شارۆچكە و ناوچە كەناریەكاندا. گەشەدان بە خزمەتگوزاریی
تەندروستی لە شارۆچكە و گوند و ناوچە دوردەستەكاندا، دابینكردنی ئۆتۆمبێلی
ئەمبولانس بۆ گەیاندنی نەخۆشی ئەو ناوچانە بەسەنتەرە نزیكەكانی تەندروستی.
- هاندانی
كەرتی تایبەتی خزمەتگوزاریی تەندروستی لەلایەن حكومەتەوە. دانانی دەستەیەكی پسپۆڕ
بۆ سەرپەرشتی و چاودێریكردنی نەخۆشخانە ئەهلیەكان و بەخشینی پلەبەندیی پێیان
بەگوێرەی پێوەرە جیهانییەكان. ئەو نەخۆشخانانەی كە بۆ ماوەیەكی درێژ لە پلەیەكی
لاوازدا دەمێننەوە دادەخرێن.
- پیاده‌کردنی
سیستمی بیمه‌ی ته‌ندروستی بۆ هاوڵاتیان به‌جۆرێک هاوڵاتیان له هه‌ر ئاستێکی
بژێویدا بن، ده‌وڵه‌مه‌ند بن یان هه‌ژار، فه‌رمانبه‌ر بن یان بێکار، له که‌رتی
تایبه‌ت کار بکه‌ن یان که‌رتی گشتی... بێبه‌ش نه‌بن له خزمه‌تگوزاری بیمه‌ی ته‌ندروستی.
ده‌رکردنی یاسا‌و رێنمایی و بڕیاری پێویست بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌جۆرێک ته‌نها ده‌وڵه‌مه‌ند
و خاوه‌ن ده‌رامه‌تی به‌رده‌وام باجی بیمه‌ی ته‌ندروستی له‌سه‌ر بێ، له‌وان بترازێ
حکومه‌ت به‌رپرسیارێتی بیمه‌ی ته‌ندروستی هاوڵاتیان بگرێته ئه‌ستۆ.
- گرنگیدان
بە پزیشكیی كۆمەڵگا، چاودێریكردنی جۆری دەرمان، رۆشنبیریی تەندروستی و پرنسیپی
خۆپاراستنی پێشوەخت لەسەر ئاستی تاكەكەس و كۆمەڵگە.
- تەرخانکردنی
بودجەیەکی شیاو و دانانی پلانێکی نیشتمانی بەپێی سەقفێکی زەمەنی بۆ پاککردنەوەی
کوردستان لە مین، پاشماوەی جبەخانەی سەربازی، بۆمب و ژەهرە کیمیاییەکان.
- بڵاوكردنەوەی
فەرهەنگی ژینگەپارێزیی، پاراستن و دەستپێوەگرتنی ئاو، مەترسییەكانی ئالودەبونی
سروشت، بەرخۆریی و پیس مەسرەفی، پەنگخواردنەوەی گەرما وەك كێشەیەكی جیهانی.
- چاککردنی
سیستمی كۆكردنەوە و فڕێدانی پاشه‌ڕۆ و خاشاك بەشێوەیەك کە مەترسی بۆ سەر سروشت
و تەندروستی گشتی و نەوەكانی داهاتو دروست نەكات.
- کهمكردنەوەی
ژاوەژاو و زیادەڕۆیی لە بەكارهێنانی ئۆتۆمبێل و ئامێرە ئالودەكارەكاندا،
بەتایبەتی لە سەنتەری شارەكاندا.
- دانانی
باج لەسەر ئەو تاک و گروپ و كارگانەی ژینگە ئالودە دەكەن. قەرەبوكردنەوەی دارایی و
تەندروستی ئەو ناوچانەی كە نزیك كارگە مەترسیدارەكانن.
- پاراستنی
دارستان و روەكی سروشتی، ئاژەڵ و باڵندەی كێوی.
- سازدانی
هەڵمەتێکی گشتی بۆ پاککردنەوەی شوێنە گەشتوگوزاریەکان لە پاشەڕۆی پلاستیکی و
مەعدەنی و غەرامەکردنی هەر گەشتیار و سەیرانکەرێک کە شوێنی خۆی بە پیسی بەجێبێڵێ.
- پێڕه‌وکردنی
نەخشەیەكی گشتی بۆ جێبەجێكردنی ستانداردی جیهانی سەبارەت بە فراوانکردنی روبەری
باخ و سەوزایی لە شار‌و ئاوەدانیەكاندا.
- کۆنترۆڵکردنی
پێشوه‌خت و پاشوهختی کارگه و پرۆژه پیشه‌سازی و کیمیاییه‌کان و ره‌تکردنه‌وه‌ی
هه‌ر پرۆژه‌یه‌ک که مه‌ترسی گەورە بۆ سه‌ر ژینگه دروست بکا.
3. هاندانی
داهێنان و چالاکی فه‌رهه‌نگی
هه‌رچه‌نده
بازاڕه‌کانی كوردستان بەرەو كرانەوە دەچن، به‌ڵام هێشتا بازاڕی کتێب، چاپه‌مه‌نی،
هونه‌ر، شانۆ و سینه‌ما گەشەیەكی ئەوتۆی به‌خۆوه نه‌بینیوه، تائێستا زۆربەی
رۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان و رۆژنامەنوسان ناتوانن خۆیان، بێ هاوكاریی دەوڵەت،
بەرهەمی فیكری و هونەری پێشكەش بكەن و بە داهاتی بەرهەمەكانیان بژین.
لەكاتێكدا
ئەركی حكومەتە هانی هەمو وزە و توانایەكی فیكریی و هونەریی بدات، تەنانەت ئەگەر
سەربەخۆ یان بەرهەڵستكاری دەسەڵاتیش بن، كەچی بودجە گەورەكان تەنها بۆ كەناڵەكانی
راگەیاندن و پڕوپاگەندەی حیزبە دەسەڵاتدارەکان و سێبەرەکانیان تەرخان كراون. ئەو
كاتانەش كە هاریكاریی دراوەتە ناوەندێك یان داهێنەرێکی سەربەخۆ، ئەو یارمەتییە
لەپای هەڵوێستێكی سیاسیی دیاریكراو، یان له‌پای بێدەنگی دراوە، یان ههڕەشهی
لێكراوە بە بڕینی ئەو بەرژەوەندییە.
بزوتنه‌وه‌ی
گۆڕان بڕوای وایە دەبێت بڕێک لە بودجەی هەرێم بۆ سەرمایەگوزاریی رۆشنبیریی و
هونەریی و میدیایی تەرخان بكرێت، پێداویستییە مادیی و مەعنەوییەكان بۆ ئەو داهێنەر
و هونەرمەندانە دابین بكرێن كە خزمەتی كو‌لتور و هونەری كوردیی دەكەن و زانیاریی
شاراوە و رۆشنبیریی گەلان بە نەوەی نوێ دەناسێنن.
له‌م
روانگه‌یه‌وه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان تێده‌کۆشی به‌ئامانجی:
- پشتیوانیکردن
و پێشخستنی ئەدەب، هونەر، كەلەپور و زمانی كوردیی، پاراستنی ئاسەوار و شوێنە
مێژوییەكان.
- کارکردن
بۆ لێکنزیککردنه‌وه و یه‌کخستنی شێوه‌زاره‌کانی زمانی کوردی و پێڕه‌وکردنی یه‌ک
زمانی فه‌رمی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم.
- ئاشناكردنی
هاوڵاتیان بە رۆشنبیریی و شارستانیەتی گەلان، هاندانی وەرگێڕان و پاداشتکردنی وەرگێر
و داهێنەران.
- به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی
هه‌مو ئه‌و بڕیار و ئاكار و رەفتارانەی دەبنە هۆی پێشێلكردنی ئازادیی رادەربڕین و
بیروباوەڕ، ئازادی ویژدان و رەخنەگرتن.
- پێکهێنانه‌وه‌ی
ئەو دامودەزگایانەی كە پەیوەندیدارن بە رۆشنبیریی و هونەرەوە، بەجۆرێك لەگه‌ڵ
سیستمی دیموكراتیدا بگونجێن، دور لە لایەنگریی سیاسیی و ئایدیۆلۆجی پێشوەخت، دور
لە بیرۆكراسیەتی بێ بەرهەم. سپاردنی دەزگا رۆشنبیریی و هونەرییەكان بە رۆشنبیران
و هونەرمەندان و رێگرتن لە پاوانكردنی ئەو دەزگایانە لەلایەن كادیرە گەورە و
بچوكەكانی حیزبەوه.
- بایه‌خدان
به زمان و کولتوری پێکهاته و که‌مینه نه‌ته‌وه‌یی و ئاینیه‌کانی کوردستان و په‌ره‌دان
به مه‌ڵبه‌نده رۆشنبیریهکانیان.
- به‌خشینی
هاوكاریی دارایی بۆ پرۆژە سەربەخۆكان لە بوارە جیاجیاكانی داهێناندا وەك بەشەكانی
هونەر (شێوەكاری، موزیك، سینەما و شانۆ)، رۆژنامەوانی بینراو و بیستراو و
خوێندراوە، تەلەفزیۆنی ئاسمانی، پرۆژە فیكریەكان لە بواری زانستە كۆمەڵایەتییەكاندا، پرۆژەكانی وەرگێڕان، سەنتەرەكانی فێربونی زمان و
تەكنەلۆجیا و زانیاریی سەردەم.
- پێکهێنانی
دەزگایەكی چاودێریی و هەڵسەنگاندن بۆ پرۆژەكان، زیادكردن و كەمكردنی هاوكارییە
مادییەكان بەپێی سەركەوتن یان شكست‌و پاشەكشێیان.
- به‌خشینی
پاداشتی شیاو بۆ ئەو داهێنەرانەی كە بەرهەمە ئەدەبی و رۆشنبیریی و
هونەرییەكانیان كاریگەری و وەرچەرخان دروستدەكەن.
- پێکهێنانی
دەزگایەكی تایبەت لە كەسانی پێشەیی و پسپۆڕ لە بورای داهێناندا بۆ سەرپەرشتیكردن
و هاندانی فیستیڤاڵ و خول و گردبونەوەی رۆشنبیریی و هونەریی، دور لە
دەستێوەردانی حیزبی و سیاسی.
- دابینکردنی
موچەی شیاو بۆ ئەو داهێنەرانەی كە جگە لە نوسین و داهێنانی ئەدەبی و هونەریی هیچ
پێشە و داهاتێکی تریان نیە. دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە.
- زەمانەتکردنی
ژیان و دابینکردنی موچەی خانەنشینی بۆ ئەو نوسەر و هونەرمەند و داهێنەرانەی کە
توشی قەیرانی تەندروستی دەبن، یان دەگەنە تەمەنی خانەنشینی.
4. ئازادکردنی
کۆمەڵگای مەدەنی و کاراکردنی رێکخراوه ناحکومیه‌کان
ئەزمونی
گه‌لانی شارستانی سه‌لماندویه‌تی دروستبونی كۆمەڵگەی مه‌ده‌نی یەكێكە لە مەرجەكانی
دروستبونی هەر قەوارەیەكی نیشتمانی بەهێز. كۆمەڵگەی مه‌ده‌نی یه‌کێکه له ئه‌ڵقه
گرنگه‌کانی په‌یوه‌ندیی نێوان تاکه‌که‌س و ده‌وڵه‌ت، به‌ده‌ر له ئینتما ناوچەیی و
كۆمەڵایەتییە بەرتەسكەكانی مرۆڤ، ئینتمایەكی گەورەتر لەسەر ئاستی قەوارەی نیشتمانی
بۆ تاكە كەس دروست دەكا. كۆمەڵگەی مه‌ده‌نی، تاكەكەس بە هەردو رەگەزەكەوە، لە
باڵاده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و نه‌ریته کۆمه‌ڵایه‌تیه نه‌خوازراوه‌کان ده‌پارێزێ،
هاوڵاتیی ئازاد و بەرپرس بەرامبەر ئەركە گشتییەكان دروست ده‌کا.
بزوتنه‌وه‌ی
گۆڕان بڕوای وایه ئازادكردنی كۆمەڵگەی مه‌ده‌نی، ئازادكردنی سەندیكا و كۆمەڵە و
رێكخراوە ناحكومییەكان، بەشداری پێكردنیان لە پرۆسەی گوشار و چاودێریكردنی
دامودەزگا كۆمەڵایەتی و كارگێڕیی و سیاسییەكاندا خزمه‌ت به ژیانی سیاسی و
دیموکراتی ده‌کا، به‌رپرسیارێتی گشتی دابه‌ش ده‌کا به‌سه‌ر زۆربه‌ی گروپه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا.
ئامانجی
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌م پێناوه‌دا بریتیه له:
- به‌هێزكردنی
دەوڵەتی یاسا بە ئاراستەی پاراستنی كۆمەڵگەی مه‌ده‌نی لە هەر پێشێلكاریەكی ناشارستانی
و ناشەرعی لەلایەن دەزگا نەریتی و حیزبی و سیاسییەكانەوه.
- هاوکاریکردن
و هاندانی رێكخراوە ناحكومیەكانی كۆمەڵگەی مه‌ده‌نی (سەندیكا، كۆمەڵە، فیدراسیۆن و
گروپەكانی فشار) بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی چاودێریكردن و دروستكردنی گوشار لەسەر
پەرلەمان و دەزگا حكومیی و دادوەریەكان.
- به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی
ئه‌و كۆششانەی كە پارەی دەوڵەت و موڵكی گشتی بەكاردەهێنن بەمەبەستی بەهێزكردن و
سەپاندنی دەسەڵاتی سەندیكا و رێكخراوە حیزبییە تایبەتەكان.
- کارکردن
بۆ دامه‌زراندنی ده‌سته‌یه‌کی نیشتمانی سەربەخۆ، بەدەر لە دەسەڵاتی حكومەت، بۆ
پشتیوانیكردنی رێكخراوە مه‌ده‌نیه‌کان بەگوێرەی پرۆژە و چالاكی و قەبارەیان، نەك
بەگوێرەی ئینتمای سیاسیی ئەندامەكانیان.
ته‌وه‌ری
چواره‌م:
دادی کۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌شه‌دان به
سامانی مرۆیی
هه‌رێمی
کوردستان، له‌پاڵ بنیاتنانی ژێرخان و گه‌شه‌ی ئابوری‌دا، پێویستی به بنیاتنانی
کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌ندروسته که ده‌سته‌به‌ری بنیاتنانی که‌سایه‌تی مرۆڤ بکا وه‌ک
بونه‌وه‌رێکی ئازاد و به‌رهه‌مهێن و خاوه‌ن ئه‌رک و ماف، پێویستی به پیاده‌کردنی
سیستمێکی په‌روه‌رده‌یی هاوچه‌رخ و دیموکرات و سیستمێکی کۆمه‌ڵایه‌تی دادپه‌روه‌رانه‌یه
که ئامرازه‌کانی پێگه‌یاندنی که‌سایه‌تی و بیمه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ هاوڵاتیان
دابین بکا... چونکه دروستکردنی قه‌واره‌یه‌کی نیشتمانی به‌هێز، په‌ره‌دان به
سێکته‌ره جیاوازه‌کانی وڵات، رێزگرتن له ژینگه و هه‌ستکردن به به‌رپرسیارێتی
له ئاست پێگه‌یاندنی نه‌وه‌کانی ئێستا‌و ئاینده‌دا، به‌بێ گەشەی سامانی مرۆیی
مەیسەر نابێ.
گه‌شه‌کردنی
هه‌رێم ته‌نها له‌ڕێگه‌ی به‌رزکردنه‌وه‌ی ته‌لار و هاورده‌کردنی ئامێر و شمه‌کی
بازرگانی به‌دی نایه‌ت... به‌ڵکو پێویستی به زەمینەی گه‌شه‌ی سامانی مرۆیی و
دابینکردنی که‌شێکی دادپه‌روه‌رانه بۆ تاک و خێزان و توێژ و گروپه جیاوازه‌کان.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی له هه‌رێمی کوردستاندا هه‌ستی پێده‌کرێ بێبه‌رنامه‌یی حکومه‌ته
له پێگه‌یاندنی سامانی مرۆیی‌دا، بڵاوبونه‌وه‌ی بێدادییه لەنێوان كەرتە
كۆمەڵایەتییەكاندا، لەنێوان هەژار و دەوڵەمەند، نێر‌و مێ، دەسەڵاتدار و
بێدەسەڵات، گوندیی و شاریی و خەڵكی ئەم ناوچە و ئەو ناوچه.
بزوتنه‌وه‌ی
گۆڕان به ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاته‌کانی هه‌رێمی ده‌زانێ که دادی کۆمه‌ڵایه‌تی ببێته
به‌شێک له به‌رنامه‌ی هه‌مو وه‌زاره‌ته‌کان و هه‌مو سێکته‌ره‌کان هه‌رێم... له
سێکته‌ری په‌روه‌رده و ته‌ندروستییه‌وه بۆ سێکته‌ری وه‌رزش و کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی،
تا سێکته‌ره‌کانی به‌رهه‌مهێنان و خوێندنی باڵا و لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی و به‌ڕێوه‌بردنی
وڵات. پێویسته دادی کۆمه‌ڵایه‌تی ببێته به‌شێک له به‌رنامه‌کانی پێگه‌یاندن و
گه‌شه‌دان به سامانی مرۆیی، به‌رنامه‌کانی پێگه‌یاندنی منداڵ، نه‌وجه‌وانان، گه‌نجان،
ئافره‌تان، پێشمەرگە، قوربانییە زیندوەكان، قوربانیانی کێشه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان،
فه‌رمانبەران، مامۆستایان، کارگوزاران، کرێكاران، جوتیاران، خانەنیشنان، خاوەن
پێداویستییە تایبەتەكان، پهككەوتە و بەساڵاچوان، بازرگان و كاسبكاران، به‌ڕێوه‌به‌رانی
وڵات و ره‌وه‌ندی کورد له هه‌ندران.
له‌م
پێناوه‌دا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر هه‌مو ئاسته سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابوری و
یاساییه‌کان کۆشش ده‌کا به‌ئامانجی پایه‌دارکردنی دادی کۆمه‌ڵایه‌تی و په‌ره‌دان
به سامانی مرۆیی به‌پێی سێکته‌ره جیاوازه‌کان، به‌گوێره‌ی که‌رت و گروپ و ته‌مه‌ن
و توێژ و چینه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، به‌م جۆره‌ی خواره‌وه:
1. کارکردن
بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی رێژه‌ی هەژاریی و بێ‌کاری لەسەر ئاستی خێزان و تاكەكەس،
لەپێناو بەرزكردنەوەی دەرامەتی تاك و خێزان، بوژاندنەوەی باری دارایی و بژێویی
ئەو هاوڵاتیانەی كە لە خوار هێڵی هەژارییەوەن، هاوکاریکردنی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی
دوچاری قه‌یرانی کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی ده‌بنه‌وه، له‌ڕێگه‌ی:
- دانانی
سندوقێکی نیشتمانی که بڕێک له بودجه‌ی هه‌رێمی بۆ ته‌رخان بکرێ له‌پاڵ هاوکاری
هاوڵاتیان و باجی سه‌ر کۆمپانیا و هاوڵاتییە خاوه‌ن ده‌رامه‌ته به‌رزه‌کان به‌پێی
یاسایه‌ک که له‌په‌رله‌مانه‌وه ده‌ربچێ، به پێڕەوكردنی پێوەرە ئابوریە
زانستیەكان به مه‌به‌ستی پێناسه‌کردنی تاکی هه‌ژار و خێزانی هەژار و شێوازی
هاوکاریکردنیان.
- چاره‌سه‌رکردنی
دیارده‌ی بێ‌کاری له‌ڕێگه‌ی دابینكردنی دەرفەتی كار بۆ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی توانای
كاریان هەیه له هه‌ردو که‌رتی گشتی و تایبه‌تدا.
- دابینکردنی
بیمه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی و موچه‌ی خانه‌نشینی بۆ هه‌مو ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی
له که‌رتی گشتی و تایبه‌تدا کارده‌که‌ن کاتێ روبەڕوی قەیرانی تەندروستی دەبنەوە
یان دەگەنە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، له‌پێناو رێگرتن لە هه‌ڵاوسانی که‌رتی گشتی
حکومه‌ت و هاندانی که‌رتی تایبه‌ت.
2. پێگه‌یاندنی
منداڵان و نەوجەوانان:
- ئەرکی
حکومەتە منداڵ و نەوەی نوێ پێبگەیەنێ بەمەبەستی خوێندنی تەوزیمی، پێگەیاندنی
جەستەیی و دەرونی، ئامادەکردنیان بۆ بەشداریکردن لە بواری گشتی و بنیاتنانی وڵات‌دا.
- ئەرکی
سه‌رۆکی خێزانە کەشێکی دەرونی و جەستەیی گونجاو بۆ منداڵانی خێزانەکەی دابین بکا.
سەرۆکی خێزان "دایک بێ یان باوک" لەڕوی یاساییەوە بەرپرسیارە لە خراپ
پەروەردەكردنی منداڵ، لەئاست هەر ئازارێكی دەرونی و جەستەیی کە لە سنوری خێزاندا
دوچاری ببێتەوە.
- حکومەت،
وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەڕوی یاساییەوە، بەرپرسیارن لەخراپ
پەروەردەكردنی منداڵ و لەئاست هەر ئازارێكی دەرونی و جەستەیی كە لە دەرەوەی سنوری
خێزان، لە قوتابخانە و ناوەندەکانی پەروەردە و شوێنە گشتیەکاندا، روبدات.
- بایەخدان
بە وەرزش، پەروەردەی جەستەیی، گەشتی زانستی و حەوانەوەی دەرونی منداڵان و
نەوجەوانان و قوتابیان.
- گرنگیدان
به رۆشنبیریی و چاپەمەنیی منداڵان و كردنەوەی كەناڵی تایبەت بە كارتۆن و
پێگەیاندنی نەوەی نوێ بە وێنەی رەنگین و زمانی كوردیی پاراو.
- قهدەغەكردنی
كارپێكردن و بەسوخرەگرتن و سواڵكردن بە منداڵان، گرتنەبەری سزا و رێوشوێنی
پێویست لەو پێناوەدا.
3. کارکردن
بۆ چاره‌سه‌رکرنی کێشه‌ی گه‌نجان له‌ڕێگای:
- به‌دواداچونی
كێشەی هەمو ئەو خوێندكارانەی كە لە ساڵانی رابردودا لە زانكۆ و پەیمانگاكان
دەرچون و لە كار و دەرفەتی دامەزراندن بێبەشكراون. كردنەوەی ئۆفێسێكی تایبەت بۆ
سەرژمێركردن و وەرگرتنی زانیاریی پێویست لەبارەیانەوە تا لە دەرفەتی گونجاو‌دا
بەگوێرەی پسپۆڕیی و لێهاتوییان كاریان لە حكومەت، كەرتی تایبەت، پرۆژەكانی
داهێنانی گەنجان، سەرمایەگوزرایی و كۆمپانیاكانی ئاوەدانیدا بۆ بدۆزرێتەوە.
- به‌دواداچونی
كێشەی كۆمەڵایەتی و دەرونی گەنجان، دواندن و كردنەوەی ۆرك شۆپ و راپرسی زانستی
لە هەمو ناوچەكاندا سەبارەت بە هۆكاری لاوازبونی بەشدارییان لە كاروباری سیاسی و
كارگێڕیی و بواری گشتیدا، كێشەی رەبەنی، قەیرانی بێباكی و بێئومێدیی.
- قه‌ده‌غه‌کردنی
ئه‌و كۆششە سیاسی و حیزبیانەی دەخرێنەگهڕ بۆ خراپ پەروەردەكردنی گەنجان بە كڕینی
ویژدانیان، داماڵینی سەربەخۆیی و ئیرادەی ئازادیان، دەستوەردان لە ئەنجامی
هەڵبژاردنەكانی گەنجان و خوێندكاران و سەپاندنی ویستی كەسە دەستڕۆیشتوەكانی حیزب
بەسەر گەنجاندا.
- ته‌رخانكردنی
برێكی زۆرتری بودجەی هەرێم بۆ گەشەدان بە كەرتی وەرزش و پەروەردەی جەستەیی، بۆ
دروستكردنی شار و گوندی وەرزشی لە هەمو ناوچە جیاوازەكاندا.
- رێگرتن
لە دەستێوەردانی سیاسی و حیزبی لە كاروباری وەرزش و لیژنەی ئۆڵۆمپی و
هەڵبژاردنی یەكێتیە وەرزشیەكان و دەستەی یانەكاندا.
- سازدانی
هەڵمەتێكی نیشتمانیی، كۆمەڵایەتیی و ئاینی، سەبارەت بە كێشەی رەبەنی، هۆكارەكانی
سەرهەڵدان و تەشەنەسەندنی، گه‌ڕان بەدوای چارەسەری گونجاو‌دا.
- چالاککردنی
سیستمی پێشینی دارایی هاوسەرگیریی، پرۆژەكانی بنیاتنانی باڵەخانە و كامپی
نیشتەجێبون بۆ ئەو گەنجانەی بڕیاری هاوسەرگیریی دەدەن.
- بایەخدان
بە توانا‌و بەهرەی هونەریی و ئەدەبی و رۆشنبیریی گەنجان، دامەزراندنی دامودەزگای
پێویست بۆ ئەو مەبەستە.
- کارکردن
به سیستمێكی بانكیی بۆ بەخشینی قەرزی درێژخایەن بەو گەنجانەی كە پرۆژەی هەرەوەزیی
هاوبەش پێشكەش دەكەن لە بواری بەرهەمهێنان و داهێناندا.
4. پێڕه‌وکردنی
دادی کۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی له‌نێوان هه‌ردو ره‌گه‌ز و بایه‌خدان به رۆڵی ئافره‌تان
له‌ڕێگای:
- خستنه‌گه‌ڕی
گوشار و كۆششی پەرلەمانی و شارستانی بۆ قەڵاچۆكردنی هەمو ئەو بڕیار و دیاردە و
نەریتانەی كە جیاكاریی لەنێوان دو رەگەزەكەدا دروستدەكەن، لەسەر ئاستی سیاسی،
ئابوریی، كۆمەڵایەتی، كارگێڕی، یاسایی، مەدەنی، خێزانی، پەروەردەیی و رۆشنبیریی.
- گوشار‌و
كۆششی پەرلەمانی و شارستانی بۆ قەڵاچۆكردنی هەمو جۆرەكانی توندوتیژیی جەستەیی و
رۆحی دژی رەگەزی مێینە، لە خێزانەوە بۆ كۆمەڵگا و نێوەندەكانی خوێندن و كارگێڕی
تا دامودەزگا باڵاكانی دەوڵەت. حكومەت ئەركی سەرپەرشتیكردنی دارایی، دەرونی،
كۆمەڵایەتی و شوێنی نیشتەجێبونی ئەو ئافرەتانە دەگرێتەئەستۆ كە دوچاری توندوتیژیی
و كێشەی كۆمەڵایەتی و خێزانی دەبنەوە.
- ئه‌نجامدانی
هەڵمەتێكی پەرلەمانی، شارستانیی، رۆشنبیریی، ئاینی و كۆمەڵایەتی بۆ
هوشیاركردنەوەی هاوڵاتیان لە گوند و شار و شارۆچكەكان سەبارەت بە بایەخی ئازادیی‌و
مافە مەدەنی و سیاسیەكانی ئافرەتان، سەبارەت بە بایەخی بەشدارییان لە دامەزراندنی
دەوڵەتی شارستانی مۆدێرن و بەرهەمهێندا.
- قه‌ده‌غه‌کردنی
هەر جۆرە هەراسانكردنێكی سێكسی دەرهەق بە رەگەزی مێینە. سزادانی توندی ئەو بەرپرسە
سیاسی و حكومی و حیزبیانەی كە پۆستەكانیان بۆ ئەو مەرامە بەكاردەهێنن.
- ته‌رخانكردنی
بودجەیەكی گەورەتر بۆ چاودێریی كۆمەڵایەتی و تەندروستی، موچە و بیمەی دایك لە
قۆناغی دوگیانی، زەیستانی و بەخێوكردنی منداڵدا.
- هاوکاریی
دارایی، بیمەی كۆمەڵایەتی، كردنەوەی خولی راهێنان و دابینكردنی موچەی خانەنشینی،
لە کاتی تەمەنی یاساییدا، بۆ ئافرەتە بەرهەمهێنەكانی ناوماڵ، وەك بەرگدرو، فەرشچن و
خانمە دەستڕەنگینەكان بەگشتی.
- ته‌رخانكردنی
رێژەی شارستانیی شیاو بۆ ئافرەتان لە هەمو دامودەزگاكانی دەوڵەت و فەرمانگە و
ئەنجومەنەكانی نوێنەرایەتیكردن و كارگێڕیدا. پێڕەوكردنی بیرۆكەی «جیاكاریی
پۆزەتیڤ» وەك لە هەندێك وڵاتی پێشكەوتودا كاری پێدەكرێت، بەو مانایەی ئەگەر پیاوێك
و ئافرەتێك، بەهەمان توانا و لێهاتوییەوە، بۆ پۆستێك پاڵێوران ئافرەتەكە
پێشدەخرێت.
5. پاداشتکردن
و هاوکاریکردنی پێشمەرگە، كەسوكاری شەهیدان، قوربانیانی ئەنفال و كیمیاباران،
زیندانیە سیاسیەكان، قوربانیانی جەنگەكانی سەردەمی داگیركردن، قوربانیانی شه‌ڕی
ناوخۆ، هەمو ئەو كەسانەی كە لەپای كوردستانیبون ستەمیان لێكراوە، گیان و ئەندامی جەستەیان
لەدەستداوە، ماڵ و حاڵیان بەخشیوە. پێویسته له پاداشتکردن و هاوکاریکردنی ئه‌م
توێژه‌دا گوێنهدرێته پێشینی سیاسی و پێگەی كۆمەڵایەتی و جوگرافییان، پێویسته
له په‌رله‌مان و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کاندا به‌رگری له مافیان بکرێ لەڕێی
کاراكردنی سیستمی موچە، بیمەی كۆمەڵایەتی و تەندروستی، دابینكردنی شوێنی
نیشتەجێبونی شارستانی بۆ پێشمەرگە و قوربانییە زیندوەكانی كوردستان.
6. هاوکاریکردنی
قوربانیانی قەیرانە كۆمەڵایەتی و ئابورییەكان له‌ڕێگای:
- کارکردن
بۆ چارەسەری كێشەی بێماڵی و كرێچێتی و جێبەجێكردنی پرۆژەی گەورە لە بواری
نیشتەجێبونی هاوڵاتیاندا.
- دۆزینه‌وه‌ی
باندەكانی بازرگانی و قاچاخچێتی ماده هۆشبه‌ره‌کان لە ناوخۆ و دەرەوەدا و
دروستكردنی لیژنەی ئه‌منی هاوبەش لەگه‌ڵ وڵاتانی دراوسێدا لەو پێناوەدا.
- پێڕه‌وکردنی
مامه‌ڵه‌ی مرۆیی له‌گه‌ڵ زیندانیان وه‌ک قوربانیی قەیرانە كۆمەڵایەتی و سیاسی و
ئابورییەكان. ئەركی حكومەتە كەشێكی مرۆڤانەیان له‌ڕوی جەستەیی و مەعنەویی و
فێركارییەوە بۆ دابین بكات، پاش تەواوكردنی ماوەی یاساییان لە زینداندا لەناو
كۆمەڵگا و دامودەزگاكانی وڵات‌دا جێگەیان بكاتەوە.
- چاره‌سه‌رکردنی
کێشه‌ی که‌سانی بێحاڵ و ماڵ، دێوانەكانی سەر جادە، دیاردەی سواڵكەریی بەتایبەتی
لەنێو منداڵاندا، بەسوخرەگرتنی منداڵ و نەوجەوانان بەرامبەر كرێیەكی كەم،
بڵاوبونەوەی تۆڕه‌كانی لەشفرۆشی.
- رێزگرتنی
پەناهەندەكانو دابینكردنی كامپ و شوێنی ژیانی شیاو بۆیان، رێزگرتنی كرێكارە
بیانییەكان كە لە پرۆسەی بنیاتنانەوە و ئاوەدانكردنەوەی كوردستاندا كاردەكەن.
بەدواداچونی كێشەی زوڵملێكردن و خراپ بەكارهێنانیان ئەركی حكومەتە.
7. چاککردنی
سیستمی خانه‌نشینی، بەیاسا، له‌ڕێگای:
- ده‌رکردنی
یاسایەكی تایبەت بە خانەنیشینی، بەجۆرێك شایستەی تەمەنی خزمەت و ماندوبونی مرۆڤی
بەرهەمهێن و ره‌نجده‌ر بێت له هه‌ردو که‌رتی گشتی و تایبه‌تدا.
- هه‌موارکردن
و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌مو ئه‌و یاسا و بڕیاره تایبەتانەی كە بۆ خانەنشینكردنی
وەزیر، پەرلەمانتار، پلە تایبەتەکان و بەرپرسان و ئەندامانی حیزب دەرچون، کە
هەندێکیان نایاسایی و هەندێکیشیان بەیاسا رێکخراون، بەجۆرێك تەنها یەك پێوەر بۆ
دیاریکردنی تەمەنی یاسایی خانەنشینی بەسەر هەمو فەرمانبەرانی دەوڵەتدا، بێ
جیاوازی، جێبەجێ ببێ.
- بەرزکردنەوەی
موچەی خانەنشینی خاوەن پلە وەزیفییە نزم و ناوەنجیەکان و کەمکردنەوەی موچە زۆرەکان.
- دابینکردنی
موچەی خانەنشینی بۆ کرێکاران، جوتیاران و بەرهەمێنەرانی ناو ماڵ و کەرتی تایبەت.
8. هاوکاریکردنی
زیاتری خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان له رێگای:
- پشتیوانیکردنی
مادیی‌و مەعنەوییو پەروەردەیی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، ئەوانەی بەزكماك
یان بەهۆی روداوەوە ئەندامێكی جەستەیان لەدەستداوە یان توشی نەخۆشیەكی درێژخایەن
بون. ئەركی حكومەتە وەك هەمو هاوڵاتیانی تر ئامادەیان بكات و لە كۆمەڵگە و
حكومەتدا جێگەیان بكاتەوە.
- داڕشتنەوەی
یاسا‌و رێنماییەكان سەبارەت بە پەروەردە، هاتوچۆ، كارگێڕیی، هونەر و راگەیاندن،
بەجۆرێك جێگەی خواستی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانی تێدا ببێتەوە.
- دامەزراندن
و كاراكردنی رێكخراو و دامودەزگای تەندروستی و كۆمەڵایەتی و قوتابخانەی تایبەت
بۆ پشتیوانی مادیی و مەعنەویی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان. بڕینەوەی موچەی
تایبەت بۆ ئەو خێزانانەی ئەركی چاودێریكردنیان لە ئەستۆ دەگرن.
- دۆزینەوەی
شوێن‌و دەرفەتی كاری تایبەت بۆ ئەوانەی توانای بەرهەمهێنانیان هەیە. بڕینەوەی موچە
بۆ ئەوانەی توانای كاریان نیە.
9. چاودێریکردن
و هاوکاریکردنی په‌ککه‌وته و به‌ساڵاچوان له‌ڕێی چاكسازیی لە دامودەزگاكانی
چاودێریی پەككەوتە و بەساڵاچواندا بە دابینكردنی شوێن و كەشی ژیانی لەبار بۆیان
له‌ڕوی جەستەیی و دەرونییەوە. هه‌روه‌ها له‌ڕێی پشتیوانیکردنی دارایی ئه‌و خێزانە
نەدارانەی كە ئەركی چاودێریی بەساڵاچوان و پەككەوتە دەگرنە ئەستۆ.
10. دابینکردنی
دۆخێکی دادپه‌روه‌رانه بۆ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران له ڕێگای:
- پێداچونەوە
بە سیستمی موچە و راژەی فەرمانبەرانی هەرێمدا، بۆ باشتركردنی باری گوزەرانی خۆیان
و خێزانەكانیان، بۆ راگرتنی ئاستێك لە دادپەروەریی شیاو لەنێوان پلەكانی موچەدا.
- پێداچونەوە
بە موچە و دەرماڵەی مامۆستایان و فەرمانبەراندا بەجۆرێك ئەو بڕە پارەیەی
وەریدەگرن شایەنی ماندوبون و كۆششیان بێت لە بنیاتنتانی وڵات و ئامادەكردنی
نەوەی نوێ‌دا.
- پێڕه‌وکردنی
سیستمێكی دادپەروەرانە بۆ پاداشت و كاری ئۆڤەر تایم، بۆ جیاكردنەوەی پاداشتی بەرهەمی
باش لە بەرهەمی ناوەنجی و خراپ.
- خه‌رجکردنی
دەرماڵەی هاتوچۆ، دەرەوەی شار، كاری مەترسیدار، بەشێوەیەك لەسەرو ئەو بڕه‌وه بێت
كە ئێستا هەیە.
- دابینكردنی
یەكەی نیشتەجێبون بۆ مامۆستا و فەرمانبەرە خێزاندار و كرێچیەكان.
- دابینکردنی
كەشێكی دادپەروەرانە لە فەرمانگە و شوێنەكانی كاردا بۆ كارگوزار و فەرمانبەرانی
پلەكانی خوارەوە، چ لەڕوی دارایی و چ لەڕوی ئاكاری كارەوە.
- قه‌ده‌غه‌کردنی
خراپ بەكارهێنانی كارگوزار و فەرمانبەرانی پلەكانی خوارەوە بۆ كاری ناشایستە و
شەخسیی بەرپرسەكان لە دەرەوەی كاری فەرمی.
11. پشتیوانیکردنی
هه‌دو توێژی کرێکاران و جوتیاران له‌ڕێگای:
- هاندانی
هێزی كاری كوردستانی لە پرۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە و بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا.
- چالاککردنی
سەندیكاكانی كرێكاران و جوتیاران بەجۆرێك گوزارشت لە خەم و داواكاریی ئەو دو
چینە بكەن‌و نەچنە ژێر كاریگەریی دەسەڵاتی سیاسیەوە.
- دابینکردنی
بیمەی كۆمەڵایەتی خێزانی و خانەنشینی بۆ ئەو كرێكار‌و جوتیارانەی كە ده‌گه‌نه ته‌مه‌نی
یاسایی خانه‌نشینی، یان لەكاتی كار و بەرهەمهێناندا دوچاری گیان لەدەستدان،
كەمئەندامی، نەخۆشی و جۆرەكانی تری مەترسی دەبنەوە.
12. دابینکردنی
که‌شێکی له‌بار بۆ بازرگان و کاسبکاران له ڕێگای:
- رێگریكردن
لەهەر جیاكاریەك كە لەنێوان بازرگاناندا دەكرێت، رێگریكردن لە بەرتەسککردنەوەی
دەرفەتی كار‌و قازانج لەبەردەم هەندێك بازرگاندا بەقازانجی هەندێكی تر، كە بەهۆی
خزمایەتی، ئینتمای حیزبی، مەحسوبیەت و بەرژەوەندیی ژێربەژێروە ئەنجام دەدرێت.
- لابردنی
ئەو كەند و كۆسپە بیرۆكراتیانەی كاسبكار، دوكاندار، خاوەن مارکێت و وەستا و
پیشەوەرەكان جاڕس دەكەن. دابەشكردنی خزمەتگوزاریی و پێداویستیە شارستانیەكان بۆ
گەشەدان بە بازاڕ بەشێوەیەكی ئاسۆیی.
- کارئاسانی
بۆ شۆفێرە گشتیەكانی نێو شار‌و هێڵەكانی دەرەوە، ئەركی حكومەتە كەشێكی دەرونی
لەباریان بۆ دابین بكات و رێگە نەدات مامەڵەی نامرۆڤانەیان لەگه‌ڵ بكرێـت. ئەركی
حكومەتە ئۆتۆمبێل و قەرزی درێژخایەنیان بۆ دابین بكات، لەكاتی روداو و
لێقەوماندا بە هانایانەوە بچێت و پێداویستیی تەندروستی و بیمەی كۆمەڵایەتییان بۆ
دابین بكات، لەكاتی پیربون و پەككەوتندا موچەی خانەنشینییان بۆ ببڕێتەوە.
- کارئاسانی
بۆ فرۆشیارە دەستگێڕەكان، كتێب فرۆش و شمەك فرۆشەكانی سەر جادە، ئەركی حكومەتە،
بەرلەوەی دەرفەتی كاریان لە شوێنە گشتییەكاندا بەرتەسك بكاتەوە، شوێنی كاری
شیاویان بۆ دابین بكات. بیمەی كۆمەڵایەتیی و تەندروستیی و موچەی خانەنشینییان لە
تەمەنی یاساییدا بۆ دابین بكات.
13. بایه‌خدان
به ره‌وه‌ندی کوردستانی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات له رێگای:
- گۆڕینی
ئه‌و بڕیار و رێنمایی و نەریتە بیرۆكراتیانەی كە هاندەر نین بۆ بەشدرایی رەوەندی
دەرەوە لە بواری رۆشنبیریی، سیاسی، زانستی و تەكنۆكراتی لە حكومەت و
دامودەزگاكانی هەرێمدا.
- کڕینه‌وه‌ی
ئه‌و وزە و توانا كوردیانەی كە لە زانكۆ جیهانیەكاندا، یان لە نەخۆشخانە و
كۆمپانیا و شوێنە هەستیارەكاندا كاردەكەن و بەگهڕخستنیان لە حكومەت و
دامودەزگاكانی هەرێمدا.
- بایەخدان
بە نەوەی دوەمی رەوەندی كوردستان، لەڕوی دروستكردنی كەناڵەكانی پەیوەندیی
لەگەڵیاندا و ئاشناكردنیان بە زمان و فەرهەنگ و كەلەپوری ناوخۆ.
به‌شی
سێیەم:
پرۆگرامی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
لەسەر ئاستی پارێزگاکان
ته‌وه‌ری
یەکەم:
چەسپاندنی
نەناوەندێتی کارگێڕی
بنیاتنانی
سیستمێکی سیاسی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی کوردستان، که هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ دنیای
شارستانیدا گه‌شه بکا، به‌بێ چه‌سپاندنی نه‌ناوه‌ندێتی (لامه‌رکه‌زیه‌ت)ی
کارگێڕیی کارێکی ئاسته‌مه. سه‌ره‌کیترین مه‌رجی دیموکراسی هاوچه‌رخ بریتیه له
دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و ئه‌رکه‌کان؛ به‌ڵام ئه‌و دابه‌شکردنه ته‌نها له‌نێوان ده‌سه‌ڵاته‌کانی
یاسادان و راپه‌ڕاندن و دادوه‌ریدا کورت نابێته‌وه، به‌ڵکو درێژ ده‌بێته‌وه بۆ
دابه‌شکردن له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتی یه‌که کارگێڕییه جیاوازه‌کان و ده‌سه‌ڵاته‌کانی
پایته‌خت و پارێزگا و شاره‌وانیه‌کانیش.
چه‌سپاندنی
نه‌ناوه‌ندێتی کارگێڕیی رێگری ده‌کا له دروستبونی دیکتاتۆریه‌ت و گردبونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات
له ته‌نها شوێنێکدا، هه‌روه‌ک رێگری ده‌کا له چڕبونه‌وه‌ی ئه‌رک و فه‌رمان له
ده‌ستی تاکه هێزێکدا. پێڕه‌وکردنی "نه‌ناوه‌ندێتی" رێگری ده‌کا له
بیرۆکراسی و رۆتین، کارئاسانی بۆ هاوڵاتیان ده‌کا له فه‌رمانگه حکومیه‌کاندا، هه‌وره‌ک
کارئاسانی بۆ حکومه‌ت و په‌رله‌مانیش ده‌کا، وه‌زاره‌ته‌کان ده‌توانن زیاتر خۆیان
بۆ پرۆژه‌ی نیشتمانی سه‌رتاسه‌ری ته‌رخان بکه‌ن و سه‌رقاڵ نه‌بن به‌و کارانه‌ی که
ده‌کرێ راسته‌وخۆ له پارێزگاکانه‌وه بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ دیوانی وه‌زاره‌ته‌کان ئه‌نجام
بدرێن.
له‌ڕوی
سیاسیه‌وه، نه‌ناوه‌ندێتی پێشمه‌رجی دیموکراسی هاوچه‌رخه، چونکه دیموکراسی
سیاسی به‌بێ دیموکراسی کارگێڕیی ته‌نها دروشمێکه و له ژیانی رۆژانه‌ی هاوڵاتیدا
ره‌نگ ناداته‌وه. نه‌ناوه‌ندێتی له‌ڕوی کارگێڕییه‌وه حکومه‌تێکی چوست دروستده‌کا،
که تیایدا فه‌رمانگه و یه‌که کارگێڕیه‌کان ئه‌رک و ده‌سه‌ڵاته‌کانی خۆیان ده‌زانن
و راسته‌وخۆ کاری هاوڵاتی رایی ده‌که‌ن. له‌ڕوی داراییه‌وه دادپه‌روه‌ریی زیاتر
دابین ده‌کا، به‌تایبه‌تی له‌و بابه‌تانه‌دا که په‌یوه‌ندیدارن به کۆکردنه‌وه‌ی
باج و رسومات و سه‌رفکردنی داهاته‌کانیان له سنوری پارێزگا و شاره‌وانیدا. له‌ڕوی
کۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌شه‌ی مرۆییشه‌وه "نه‌ناوه‌ندێتی کارگێڕیی" هاوئاهه‌نگی
و په‌یوه‌ندیی مرۆڤانه‌ی نێوان هاوڵاتی و فه‌رمانبه‌ر به‌هێزتر ده‌کا، گیانی ناوچه‌گه‌ریی
و شارچێتی لاواز ده‌کاو کێبڕکێی شارستانی له‌نێوان پارێزگا و شاره‌وانیه جیاوازه‌کاندا
دروست ده‌کا.
ئه‌و
سیستمه کارگێڕییه‌ی که ئێستا له هه‌رێمدا کاری پێده‌کرێ تێکه‌ڵه‌یه‌که له ده‌سه‌ڵاتی
مه‌رکه‌زی و حیزبۆکراتی، له‌و شوێنانه‌دا که پێویسته پارێزگاکان ده‌سه‌ڵاتی
خۆیان پیاده‌بکه‌ن چه‌ندین رێگریی مه‌رکه‌زیی بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و یه‌که
کارگێڕیه‌کان دروستده‌کرێ، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌کان چه‌ندین کۆسپی
بێرۆکراتی بۆ پارێزگاکان و چه‌ندین که‌ند و رۆتینیش بۆ هاوڵاتیان دروست ده‌که‌ن.
له‌و شوێنانه‌شدا که پێویسته هه‌رێم پرۆژه‌ی نیشتمانی خۆی له‌سه‌ر ئاستی هه‌مو
هه‌رێم پیادەبکا و بودجه‌ی نیشتمانی له په‌رله‌ماندا په‌سه‌ند بکرێ، ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردو
حیزبی حوکمڕان سه‌رهه‌ڵده‌دا و رێگریی سیاسی و کارگێڕیی بۆ یه‌کتر دروستده‌که‌ن و
بودجه به‌گوێره‌ی کانتۆنی حیزبی دابه‌ش ده‌که‌ن، له کاتێکدا قه‌ڵه‌مڕه‌وی هه‌ردو
حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار به‌پێی دابه‌شبونی یه‌که کارگێڕیه‌کان نیه، به‌ڵکو به‌پێی ئه‌و
سنوره‌یه که پارێزگای سلێمانی و به‌شێک له پارێزگای هه‌ولێری جیاکردۆته‌وه له
پارێزگای دهۆک و به‌شه‌که‌ی تری پارێزگای هه‌ولێر، به‌بێ بونی هیچ سه‌نه‌دێک که
شه‌رعیه‌ت ببه‌خشێته ئه‌و دو قه‌ڵه‌مڕه‌وه حیزبیه.
چه‌سپاندنی
نه‌ناوه‌ندێتی کارگێڕی و فراوانکردنی ده‌سه‌ڵاتی پارێزگاکان، زه‌مانه‌تی ئه‌وه ده‌کا
که کۆتایی به مه‌رکه‌زیه‌ت و بیرۆکراسیه‌تی بێبه‌رهه‌م بێت، هه‌روه‌ک زه‌مانه‌تی
ئه‌وه‌ش ده‌کا کۆتایی به‌و دو قه‌ڵه‌مڕه‌وه حیزبیه‌ی هه‌رێم بێت که ده‌سه‌ڵاتی
راسته‌قینه‌یان نه بۆ پارێزگاکان، نه بۆ په‌رله‌مان و نە بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش
نه‌هێشتۆته‌وه.
له‌م
پێناوه‌دا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان کۆشش ده‌کا به‌ئامانجی:
1. بەیاساییکردنی
نەناوەندێتی کارگێڕیی و چەسپاندنی لە پرۆژەی دەستوری هەرێمدا.
2. دابه‌شکردنی
ئه‌رک و ده‌سه‌ڵاتی یه‌که کارگێڕیه‌کانی هه‌رێم له‌سه‌ر بنه‌مای دابینکردنی
فراوانترین ئاستی نه‌ناوه‌ندێتی کارگێڕی بۆ پارێزگاکانی هه‌رێم، به جۆرێک هه‌ر
پارێزگایه‌ک یه‌که‌یه‌کی کارگێڕیی سه‌ربه‌خۆ پێک‌بێنێ و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کارگێڕیی
و دارایی سه‌به‌خۆی خۆی بێت.
3. هه‌مو
پارێزگایه‌ک ئه‌نجومه‌نێکی هه‌ڵبژێردراو و حکومه‌تێکی مه‌حه‌لی له شێوه‌ی ئه‌نجومه‌نێکی
راپه‌ڕاندندا هه‌بێ، پارێزگار وه‌ک سه‌رۆکی یه‌که‌ی کارگێڕیی سه‌رپه‌رشتی ئه‌نجومه‌نی
راپه‌ڕاندنی پارێزگا بکا.
4. ده‌سه‌ڵاته‌کانی
ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵبژێردراوی پارێزگا بریتی ده‌بێ له:
- چاودێریکردن
و رێکخستنی کاروباری کارگێڕیی، په‌سه‌ندکردن و ره‌تکردنه‌وه‌ی دامه‌زراندنی به‌ڕێوه‌به‌ره
گشتی و فه‌رمانبه‌ره حکومیه‌کان له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا.
- دانانی
سیاسه‌تی پارێزگا سه‌باره‌ت به پرۆژه‌کانی ئاوه‌دانی، بەرهەمهێنان و
سەرمایەگوزاری، ماسته‌ر پلان، شاره‌وانیه‌کان و گه‌شتوگوزار.
- دانانی
بودجه‌ی پارێزگا و بەرگریکردنی له به‌رکه‌وتی پارێزگا له‌ناو بودجەی هه‌رێم و هه‌موارکردنی
ئه‌و به‌شانه‌ی بودجە که په‌یوه‌ندییان به پارێزگاوه هه‌یه.
- دانان
و سه‌رپه‌رشتیکردنی داهاتی تایبه‌تی پارێزگا که په‌یوه‌ندیی به باج و رسومات و
پرۆژه قازانجکهرهکانهوه هه‌یه.
- په‌سه‌ندکردن،
یان ره‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌و پلان و پرۆژانه‌ی وه‌زاره‌ته‌کان له‌و شوێنانهنەدا که
په‌یوه‌ندییان به سنور‌و ده‌سه‌ڵاتی پارێزگاوه هه‌یه.
- هاوئاهه‌نگی
له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت و ده‌زگا ئه‌منیه‌کانی هه‌رێم بۆ دانانی پلانی ئه‌منی پارێزگا له
کاتی پێویستدا.
5. دابه‌شکردنی
ئه‌رک و ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر یه‌که کارگێڕییه‌کانی خوار پارێزگادا (قه‌زا، ناحیه‌و
گوند) به‌جۆرێک هه‌ر یه‌کێک له‌و یه‌که کاگێڕیانه ده‌سه‌ڵاتی کارگێڕی و دارایی
سه‌ربه‌خۆی خۆیان له سنوری خۆیاندا هه‌بێ به هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارێزگادا.
ته‌وه‌ری
دوەم:
کاراکردنی
رۆڵی شارەوانیەکان
وه‌ک
چۆن کاراکردنی رۆڵی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان دیوه کارگێڕیه‌که‌ی دیموکراسی ده‌سته‌به‌ر
ده‌کا، کاراکردنی رۆڵی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیه‌کانیش دیوه خزمه‌تگوزرای و
شارستانی و کولتوریەکهی سیمای شار‌و کۆمه‌ڵگای مەدەنی مسۆگه‌ر ده‌کا.
به‌درێژایی
حوکمی به‌عس، له‌پاڵ وێرانکردن و داگرتنی گوند‌و ناوچه کهناریهکاندا، شار‌و
شارۆچکه‌کانیش روبه‌ڕوی هه‌ڵمه‌تی وێرانکاری، شێواندنی سیمانی شارستانی و تێکدانی
باری دیموگرافی بونه‌وته‌وه... سه‌ره‌نجام له‌نێوان تێکدانی گوند‌و تێکدانی شاردا
کولتورێکی کرچ و نه‌رتێکی تێکه‌ڵ و شێوێندراو دروستبوه که نه کولتوری شار بوه
نهکولتوری لادێ. پاش راپەڕینیش، نابوتكردنی دەزگاكانی دەوڵەتی یاسا و دامەزراوە
فەرمیەکان، تۆخکردنەوەی دەسەڵاتی مەحەلی حیزب لە شار‌و شارۆچکەکاندا، پەنابردن بۆ
مەکتەبی کۆمەڵایەتی حیزب و دادگای خێڵەكیی و حیزبیی، شەڕی ناوخۆ و سەرلەنوێ
بەمیلیشیاكردنەوەی كۆمەڵگەی كوردیی، داگیركردن و بەپاشكۆكردنی رێكخراوە
مەدەنییەكان لەلایەن حیزبەوە...، كۆمەڵێك دیاردەی مەترسیدار بون كە كۆمەڵگەی کوردی
به‌گشتی و کۆمه‌ڵگه‌ی شارییان به‌تایبه‌تی به شێوێندراوی هێشتەوە.
شاره‌وانیه‌کانی
هه‌رێمی کوردستان، وه‌ک شاره‌وانی هه‌مو ئه‌و وڵاته دواکه‌وتوانه‌ی که سیخناخن به نه‌ریتی مه‌رکه‌زی،
په‌راوێزخراون و کراون به پاشکۆی دیوانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و ده‌سه‌ڵاتی مه‌حه‌لی
حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان. ئه‌رک و ده‌سه‌ڵاتی شاره‌وانیه‌کان کورتکراوه‌ته‌وه بۆ
هه‌ندێ کاری بێرۆکراتی، وه‌ک پێدانی مۆڵه‌تی خانوبه‌ره، پاککردنه‌وه‌ی خۆڵ و
خاشاکی سه‌ر شه‌قام و کۆڵانه‌کان، له‌پاڵ هه‌ندێ ورده کاری رۆتینی تردا که
ناچێته ئاستی شکۆی شاره‌وانی له وڵاته پێشکه‌وتوه‌کاندا. لێره‌وه بزوتنه‌وه‌ی
گۆڕان بڕوای وایه، که پێویسته رۆڵی شاره‌وانیه‌کانی کوردستان به‌جۆرێک کارا
بکرێ هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی و حیزبی و کارگێڕیی له سنوری شاره‌وانیدا نەچێتە سه‌رو
ده‌سه‌ڵاتی شاره‌وانیه‌وه، چونکه کاراکردنی رۆڵی شاره‌وانیه‌کان مه‌رجی ته‌واوکاری
دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و بهدامهزراویکردنی پارێزگاکانی هه‌رێمی کوردستانه.
له‌م
پێناوه‌دا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان کۆشش ده‌کا به‌ئامانجی:
1. دانانی
ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی بۆ ئه‌و شار‌و شارۆچکانه‌ی که ژماره‌ی دانیشتوانیان له‌سه‌رو
سێ هه‌زار که‌سه‌وه‌یه له‌ڕێگای هه‌ڵبژاردنی راسته‌وخۆوه، به‌جۆرێک له
کاندیدکردنی ئه‌نداماندا ره‌چاوی سومعه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و پیشه‌یی، مه‌رجی
لێهاتویی و پسپۆڕیی بکرێ به‌ر له‌هه‌ر مه‌رجێکی تری سیاسی یان حیزبی.
2. جیاکردنه‌وه‌ی
ئه‌رک و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیه‌کان له ئه‌رک و ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی
شاره‌وانی و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان به‌پێی یاسا‌و نیزامی تایبه‌ت، به‌جۆرێک ده‌سه‌ڵاتی
پارێزگا و وه‌زره‌ته‌کان ته‌نها ده‌سه‌ڵاتێکی کارگێڕی په‌تی بێت و رێز له ده‌سه‌ڵات
و سه‌ربه‌خۆیی شاره‌وانیه‌کان بگرن.
3. رێگریکردن
له ده‌سه‌ڵاتی مه‌رکه‌زی و مه‌حه‌لی حیزبه‌کان له کاروباری شاره‌وانیه‌کاندا.
4. سه‌رپه‌رشتیکردنی
پلان و نه‌خشه‌ی بنه‌ڕه‌تی و گۆڕانکاری له نه‌خشه‌ی بنه‌ڕه‌تی شار‌و شارۆچکه‌کاندا
له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیه‌کانه‌وه دور له ده‌ستێوه‌ردانی حیزبی و شه‌خسی،
به‌هاوئاهه‌نگی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا و حکومه‌ت، وەک
ماستەر پلان و نەخشەی سەرەکی شار، نه‌خشه‌ی گه‌ڕه‌که‌کان، نه‌خشه‌ی شه‌قام و
کۆڵانه‌کان، نه‌خشه‌ی تۆڕه‌کانی ئاو و ئاوه‌ڕۆ و هێڵه‌کانی کاره‌با، نه‌خشه‌ی دابه‌شبونی
پارک، ناوچه‌ی سه‌وز، قوتابخانه، مزگه‌وت و شوێنه پیرۆزه‌کان، یاریگا، مه‌ڵبه‌ندی
رۆشنبیری، فه‌رمانگه و مه‌یدانه گشتیه‌کان.
5. ناونانی
شه‌قام و گه‌ڕه‌ک و مه‌یدانه گشتیه‌کان له لایه‌ن شاره‌وانیه‌کانه‌وه، به‌گوێره‌ی
مێژو و تایبه‌تمه‌ندی شار، به‌ڕه‌چاوکردنی مه‌رجه رۆشنبیری و زمانه‌وانیه‌کان،
دور له هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێکی حیزبی و شه‌خسی.
6. سه‌رپه‌رشتیکردنی
بودجه‌ی شاره‌وانی، شێوازی خه‌رجکردنی، کۆکردنه‌وه‌ی داهاتی تایبه‌ت له رێگه‌ی
باج، کرێی شوێنه گشتیه‌کان، رسومات، داهاتی ریکلام له شوێنه گشتیه‌کان و غه‌رامه‌ی
سه‌رپێچیکه‌ران و جۆره‌کانی تری داهات.
7. پاراستنی
هارمۆنی (پێکه‌وه‌گونجان) له دیمه‌نی گشتی شاردا، له شه‌قام و شوێنه گشتیه‌کاندا،
له راده‌ی به‌رزی و ره‌نگی ته‌لارو باڵه‌خانه‌کاندا، ئه‌و ئه‌رکه به لیژنه‌یه‌کی
پسپۆڕی ئه‌ندازیاران و هونه‌رمه‌ندان و کۆمه‌ڵناسان و فەرهەنگ دۆستان و شارەزایانی
بیانی بسپێردرێ، به ره‌چاوکردنی مێژو و تایبه‌تمه‌ندیی شار یان شارۆچکه.
8. دامه‌زراندنی
په‌یوه‌ندیه‌کی دروست له‌نێوان هاوڵاتیان و ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیدا، کارئاسانی بۆ
به‌ڕێکردنی کاروباری هاوڵاتیان له شاره‌وانیه‌کاندا بکرێ دور له بێرۆکراسیهت و
رۆتین و مەحسوبیەت و دەستێوەردانی حیزب.
9. بایه‌خدان
به پێناسی مێژویی و گه‌ڕه‌کی کۆنی شار‌و شارۆچکه‌کان، به‌شداریپێکردنی رای گشتی سه‌باره‌ت
به نه‌خشه‌ی گشتی شار‌و شارۆچکه، یان گۆڕینی نه‌خشه‌ی گشتی و ده‌سکاریکردنی شوێنی
گشتی و مێژویی له سنوری شار‌و شارۆچکه‌دا.
10. سپاردنی
هه‌مو مۆڵه‌تێکی بنیاتنانی شوێنی گشتی و تایبه‌ت، روخاندن یان نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی
شوێنه مێژوییه‌کان به شاره‌وانیه‌کان.
11. سپاردنی
مۆڵه‌تی پیشه‌یی، به‌ڵێنده‌رایه‌تی، کردنه‌وه‌ی دوکان، بازاڕ‌و ناوچه‌ی بازرگانی به
شاره‌وانیه‌کان دور له ده‌ستێوه‌ردانی حیزبی.
12. سه‌رپه‌رشتیکردنی
ریکلام و به‌کارهێنانی شوێنه گشتیه‌کان بۆ مه‌به‌ستی پروپاگه‌نده‌ی بازرگانی، ته‌ندروستی،
مه‌ده‌نی و سیاسی له‌لایه‌ن شاره‌وانیه‌کانه‌وه، دور له‌هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێکی
حیزبی.
13. سه‌رپه‌رشتیکردنی
فه‌زا (سپه‌یس)ی شار‌و شارۆچکه، رێگرتن له دیارده‌ی ئالوده‌بونی بینین و بیستن
(التلوث السمعي والبصري) له په‌یوه‌ندیدا به ناڕیکی له دروستکردنی بیناو شوێنی
گشتی و تایبه‌تی، ریکلامی سیاسی و بازرگانی، ئامێر‌و وایه‌ری موه‌لیده‌ی ئه‌هلی و
هه‌ر دیارده‌یه‌کی تر که ئارامی هاوڵاتیان تێک بدا.
14. بایه‌خدان
به جوانی و خاوێنی شار و شارۆچکه، سزادانی سهپێچیکهران، سه‌پاندنی باج له‌سه‌ر
هه‌ر که‌سێک که جوانی و خاوێنی شار تێک بدا.
15. سه‌وزکردنی
شار‌و فراوانکردنی روبه‌ری باخ و پارک له سنوری شاره‌وانیدا.
16. سازدانی
کێبڕکێی ساڵانه بۆ شار‌و شارۆچکه‌کان له سنوری پارێزگادا بۆ دیاریکردنی پاکترین،
جوانترین و سه‌وزترین شار و خه‌ڵاتکردنی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه.
17. پێڕه‌وکردنی
سیستمێکی تایبه‌ت بۆ فڕێدان و کۆکردنه‌وه‌ی خاشاک، به‌جۆرێک خاشاکی پلاستیکی له
شوشهجات و خاشاکی مه‌عده‌نی و پاشماوه‌کانی تر جیابکرێته‌وه و سه‌رله‌نوێ له
کارگه‌کاندا ئاماده بکرێنه‌وه.
18. نه‌هێشتنی
دیارده‌کانی به گوندیکردنی شار، وه‌ک ئاژه‌ڵداری و دیارده‌ی به‌ده‌وه‌ی لە بابەتی
دانانی خێوه‌ت له کۆڵانه‌کاندا له کاتی پرسه‌دا، یان دانانی بڵندگۆ له ماڵه‌کاندا
له بۆنه ئاینی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا.
19. پشتیوانیکردنی
رێکخراوه ناحکومیه‌کان و گروپه‌کانی فشار که له سنوری شاره‌وانیدا خۆیان راده‌گه‌یه‌نن
بۆ داکۆکیکردن له به‌ها مه‌ده‌نیه‌کان و پاراستنی ژینگه و پێناسی کولتوری و
مێژویی شار و شارۆچکه‌کان.
20. فراوانکردنی
روبه‌ری ناوچه گه‌شتوگوزاریه‌کان و حه‌واندنه‌وه‌ی گشتی، بایه‌خدان به گه‌شتوگوزاری
شوێنه‌وارناسی و مۆزه‌خانه‌ی ئیتنۆگرافی تایبه‌ت به شار.
21. کردنه‌وه‌ی
هۆڵی تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاستی شار به گشتی و هه‌ر گه‌ڕه‌کێک به جیا بۆ ئاهه‌نگ و
بۆنه‌کان.
22. سه‌رپه‌رشتیکردنی
ئاهه‌نگ و بۆنه نه‌وته‌وه‌یی و ئاینه‌کان و ئه‌و بۆنانه‌ی که په‌یوه‌ندییان به
مێژوی شار و شارۆچکه‌وه هه‌یه.
23. دروستکردنی
په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ شاره‌وانی وڵاته پێشکه‌وتوه‌کان، سودوه‌رگرتن له
ئه‌زمونیان، دروستکردنی ده‌سته‌خوشک بۆ شارهوانیەکان به‌گوێره‌ی تایبه‌تمه‌ندیی و
دیمه‌نی شار یان شارۆچکه و لێکچونی به‌هی شار‌و شارۆچکه‌ی وڵاتانی تر.
24. بڵاوكردنەوەی
فەرهەنگی رێزگرتن لە میوانی بیانی‌و كارلێكی شارستانیی نێوان گەلان.
25. وه‌رگرتنه‌وه‌ی
هەر شوێن و موڵکێکی گشتی که له‌لایه‌ن حیزب و هێزه سیاسیه‌کانه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا
گیرابێت. تۆمارکردنی سکاڵا له‌لایه‌ن شاره‌وانیه‌کانه‌وه له‌و حیزب و لایه‌نانه‌ی
که موڵکی شارەوانی، شوێنی گشتی و فه‌زای گشتی وەک بارەگای حیزبی یان بۆ پروپاگه‌نده‌ی
حیزبی به‌کاردێنن.
ته‌وه‌ری
سێیەم:
پلانسازیی
بەگوێرەی تایبەتمەندیی پارێزگا و شاره‌وانیه‌کان
پارێزگا
و شار‌و شارۆچکه و گونده‌کانی هه‌رێمی کوردستان، به‌هه‌مان ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی خاڵی
هاوبه‌شیان هه‌یه و له چوارچێوه‌ی هه‌رێمدا هه‌مویان کۆده‌بنه‌وه، خاڵی
جیاوازیشیان هه‌یه و تایبه‌تمه‌ندیی و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه...
بۆیه پێویسته رێز له‌و جیاوازی و تایبه‌تمه‌ندیانه بگیردرێ، به‌ناوی به‌رژه‌وه‌ندی
نیشتمانیه‌وه پاکتاو نه‌کرێن و غه‌در له هیچ شار‌و شارۆچکه و ناوچه‌یه‌ک نه‌کرێ.
هه‌ر
یه‌ک له پارێزگای هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆک، که‌رکوک و ناوچه دابڕاوه‌کان، هەروەها
ئیدارە تایبەتەکان و ئەو قەزایانەی کە لە پلاندایە بکرێنە پارێزگا.. تایبه‌تمه‌ندی
کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئابوری، بازرگانی و فه‌رهه‌نگی خۆیان هه‌یه، که ده‌بێ له‌پاڵ
بنیاتنانی قه‌واره‌ی نیشتمانی هه‌رێمدا رێز له‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ش بگیردرێ و نه‌بنه
قوربانی دروشمی نیشتمانی قه‌به‌و بێ ناوەرۆک.
دانیشتوانی
هه‌مو پارێزگا و شار‌و قه‌زاو ناحیه‌و گونده‌کانی هه‌رێم، بۆیان هه‌یه داوای به‌رکه‌وتی
خۆیان و ناوچه‌کانیان بکه‌ن له بودجه‌ی هه‌رێم و پرۆژه نیشتمانیه‌کان، پێویسته
له دانانی ده‌روازه‌و سێکته‌ره‌کانی بودجه‌ی نیشتمانیدا پرۆژه و پێشنیازی
پارێزگاکان به‌هێند وه‌ربگیردرێ، مافی به‌رگریکردن له به‌رکه‌وتی مه‌حه‌لی بۆ هه‌مو
پارێزگا و شاره‌وانی و ناوچه‌یه‌ک پارێزراو بێت... پێویسته کار به‌و نه‌ریته
بکرێ که هه‌مو هاوڵاتیه‌ک بۆی هه‌یه به‌رگری له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و خێزان و
ناوچه‌و شار و گه‌ڕه‌که‌که‌ی بکا، چونکه ئه‌و به‌ژه‌وه‌ندیه تایبه‌تانه ناکۆک
نین له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا، به‌ڵکو ته‌واوکه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانین و
پرۆڤه‌ن بۆ به‌رگریکردن له به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاکان.
له‌م
روانگه‌یه‌وه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان کۆشش ده‌کا له‌پێناو:
- رێزگرتن
له تایبه‌تمه‌ندیی کۆمه‌ڵایه‌تی، مێژویی، ئابوری، بازرگانی، سروشتی و فه‌رهه‌نگی
پارێزگا‌و قه‌زا و ناحیه و ناوچه و گونده‌کانی کوردستان به جۆرێک له‌خزمه‌تی فره‌یی
و بنیاتنانی قه‌واریه‌کی به‌هێزی هه‌رێمدا بێ.
- کارکردن
بەو پرنسیپەی کە پێویستە "بەرژەوەندی گشتی" کۆکەرەوەی بەرژەوەندیی
تایبەتی ناوچەکان و بەرژەوەندیی شەخسی هاوڵاتیان بێت.
- ره‌نگدانه‌وه‌ی
ئه‌و فره‌یی و تایبه‌تمه‌ندیانه، بەگوێرەی ئەم پرۆگرامە سیاسییە، له پلاتفۆرم
و دروشمی هه‌ڵبژاردنی لیسته‌کانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا که له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا و
شاره‌وانیه‌کان به‌شداری هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان و هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌کان
ده‌که‌ن.
- دانانی
پلانی ساڵانه و پلانی چه‌ند ساڵه، تایبه‌ت بۆ بوژاندنه‌وه‌و ئیداره‌دانی پارێزگا
و شار و شارۆچکه و گونده‌کان، به‌گوێره‌ی تایبه‌تمه‌ندییان، به‌له‌به‌رچاوگرتنی
ده‌ستور و یاسا و پرنسیپه گشتیه‌کانی دیموکراسی و نه‌ناوه‌ندێتی کارگێڕیی.
- پێویسته
له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندیی پارێزگا و شار‌و ناوچه‌کان هاوته‌ریب بێ له‌گه‌ڵ به‌گژاچونه‌وه‌ی
ناوچه‌گه‌ری و شارچێتی، چونکه چه‌مکی هاوشاری و هاودهڤهری له‌سه‌ر بنه‌مای
نیشته‌جێبون داده‌مه‌زرێ، نه‌ک له‌سه‌ر بنه‌مای خوێن و بنه‌ماڵه و ئهقدهمیهت
لە نیشتەجێبوندا. واته هه‌مو هاوڵاتیه‌کی هه‌رێم و عێراق، هه‌مو میوان و په‌ناهه‌نده‌یه‌کی
یاسایی، ده‌توانی نیشته‌جێی هه‌ر شار و ناوچه‌یه‌ک بێ که خۆی ده‌یه‌وێ، بێ هیچ
رێگرییەکی یاسایی و کارگێڕی، به هه‌مو ماف و ئیمتیازاتی هاوڵاتیبون و نیشته‌جێبونه‌وه.
- له‌به‌رچاوگرتنی
تایبه‌تمه‌ندیی پارێزگای هه‌ولێر وه‌ک پایته‌ختی هه‌رێم که پایته‌ختی هاوڵاتیانی
کوردستانه بێ جیاوازی، وه‌ک سه‌نته‌رێکی سیاسی که په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران
و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و دامه‌زراوه نیشتمانیه‌کانی هه‌رێمی لێیه، وه‌ک سه‌نته‌رێکی
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی که باره‌گای رێکخراوه‌کان و ئۆفیسی کونسوڵگه‌ریی زۆربه‌ی
وڵاته گرنگه‌کانی جیهانی لێیه، وه‌ک سه‌نته‌رێک له‌نێوان چه‌ند پارێزگایه‌کی هه‌رێم
و عێراقدا که بایه‌خی بازرگانی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی پێدەبهخشێ.
هه‌روه‌ها له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندیی پلان و کارنامه‌ی شاره‌وانی مه‌رکه‌زی
شاری هه‌ولێر له‌ڕوی شوێنه‌وارناسییه‌وه وه‌ک یه‌کێک له شاره هه‌ره دێرینه‌کانی
مێژوی مرۆڤایه‌تی.
- له‌به‌رچاوگرتنی
تایبه‌تمه‌ندیی پارێزگای سلێمانی وه‌ک گه‌وره‌ترین پارێزگای هه‌رێمی کوردستان له‌ڕوی
دانیشتوان و روبه‌ری جوگرافییه‌وه، وه‌ک پارێزگایه‌ک که درێژترین سنوری له‌گه‌ڵ
ئێران و کوردستانی خۆرهه‌ڵات و که‌رکوک و ناوچه دابڕاوه‌کان هه‌یه و سروشتێکی ههمهجۆر
و ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه به‌خاک و کان و سامانی سروشتی... هه‌روه‌ها له‌به‌رچاوگرتنی
تایبه‌تمه‌ندیی شاری سلێمانی له‌ڕوی میژوییه‌وه وه‌ک پایته‌ختی میرنشینی بابان و
حکومه‌تی شێخ مه‌حمود و مه‌ڵبه‌ندی زنجیره‌یه‌ک روداوی گرنگ له مێژوی نزیک و
هاوچه‌رخدا، هه‌روه‌ها وه‌ک ناوه‌ندی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیات و شێوه‌زاری کرمانجی
ناوه‌ڕاست.
- له‌به‌رچاوگرتنی
تایبه‌تمه‌ندیی پارێزگای دهۆک وه‌ک ده‌روازه‌یه‌کی گرنگی هه‌رێم به‌ڕوی تورکیا و
یه‌کێتی ئه‌وروپادا، هاوسنور له‌گه‌ڵ کوردستانی باکور و خۆرئاوا و پارێزگای
موسڵدا، وه‌ک ده‌روازه‌یه‌کی بازرگانی گرنگ که ده‌کرێ له ئاینده‌دا بکرێته مه‌ڵبه‌ندێکی
بازرگانی سەرەکی بۆ هه‌مو هه‌رێم و عێراق، هه‌روەها وه‌ک ناوچه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند
به خاکی به‌پیت و ناوچه‌ی گه‌شتوگوزار و سامانی سروشتی. له‌ڕوی فه‌رهه‌نگی و
مێژوییشه‌وه بایه‌خی گرنگی هەیە له مێژوی هاوچه‌رخدا و مه‌ڵبه‌ندێکی گرنگی شێوه‌زاری
کرمانجی ژورووه.
- له‌به‌رچاوگرتنی
تایبه‌تمه‌ندیی پارێزگای که‌رکوک و ناوچه دابڕاوه‌کانی کوردستان، رێزگرتن له
دانیشتوانیان له‌ڕوی سه‌لماندنی فره‌یی ئیتنی و ئاینی و مه‌زهه‌بیه‌وه، ره‌نگدانه‌وه‌ی
ئه‌و فره‌ییه له فه‌رهه‌نگی سیاسی و په‌روه‌رده‌یی و دابه‌شکردنی پۆست و دامه‌زراوه
ئیداریه‌کاندا. یەکخستن و بەنیشتمانیکردنی ئاسایش و هێزی پێشمەرگەو بەشداریپێکردنی
عادیلانەی پێکهاتە جیاوازەکان لە حکومەتی مەحەلی پارێزگادا بەمەبەستی پێشکەشکردنی
نمونەیەکی جوانی حوکمڕانی حیزبە کوردستانیەکان. له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندیی
ئابوری و بازرگانی پارێزگای که‌رکوک له‌ڕوی پێگه‌ی جوگرافی و لەڕوی دهوڵهمهندییەوە
به سه‌رچاوه‌کانی وزه و سامانی سروشتی، بۆ ئەوەی ببێتە مەڵبەندێکی گرنگی
بازرگانی و پێشەسازیی نەوت و گاز، کە بەپلەی یەکەم لە بەرژەوەندیی دانیشتوانەکەیدا
بێ.
- بایەخدان
بە ئیدارە ناوچەییەکان و رێکخستنی دەسەڵاتەکانیان لەڕوی کارگێڕێ و داراییەوە، بە
تایبەتی ئەو ناوچانەی کە لە بەرنامەدایە بکرێنە پارێزگا، وەک هەڵەبجە کە
مەڵبەندێکی گرنگە لەڕوی کشتوکاڵی، فەرهەنگی، قوربانیدان و ناوبانگی نیشتمانی و
جیهانییەوە، لەپاڵ هەمو ئەو ناوچانەی تری کوردستاندا کە روبەڕوی کیمیاباران و
خاپورکردن و جینۆساید بونەتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش هاوکات لەگەڵ ئامادەکردنی بەرنامەی
تایبەتی پارێزگاکاندا بەرنامەیەکی تایبەت بۆ بەپارێزگاکاردنی هەڵەبجە
ئامادەدەکرێت، بە رەچاوکردنی هەمو تایبەتمەدنیەکانی مەڵبەندی شارەکە و ئەو
ناوچانەی دەکەونە سنوری پارێزگاکەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست