کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە كوردستان حوكمی ویراسی مەقبول نییە

Wednesday, 01/08/2012, 13:27


نه‌وشیروان مسته‌فا، رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، له‌ نوێترین دیمانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی‌ (KNN)، تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر دۆخی سیاسی ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و ئه‌و قه‌یرانه‌ نوێیه‌ی‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگێكه‌ له‌نێوان سه‌رۆكی هه‌رێم و مالیكیدا هاتوه‌ته‌ ئاراوه‌و ئاماژه‌ به‌ مه‌به‌ست و پاشخانی‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ ده‌كات.
نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "سەرکردایەتی پارتی لە بیست ساڵی رابردودا ستراتیژیەتێکیان هەبوە بۆ ئەوەی حوکمی بنەماڵە لە کوردستاندا بچەسپێنن، هەمیشە کارێکی وایانکردوە زۆرجار شەڕێکی دەرەکیان دروستکردوە، ئەم شەڕە دەرکیە جاری وا هەبوە لەگەڵ بەغدا بوە، جاری وا هەبوە لەگەڵ ئێران بوە، جاری وا هەبوە لەگەڵ تورکیا بوە، كێشه‌یه‌كی گەورە دروستدەکەن بۆ ئەوەی خەڵک داواکاریەکانی خۆی لەبیربچێتەوە، لە پەنای ئەمە مەرامەکانی خۆیان جێبەجێ کردوە".
هه‌ر له‌ دیمانه‌كه‌یدا رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان و تێڕوانینی‌ گۆڕان بۆ دۆخی ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و عێراق، ده‌خاته‌ڕو، وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارو سه‌رنجانه‌ش ده‌داته‌وه‌ كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا له‌سه‌ر تێڕوانین و كاركردنی‌ گۆڕان لای خه‌ڵكی كوردستان گه‌ڵاڵه‌ بوه‌.

KNN: لە ماوەی رابردودا قسەیەکی زۆر لە سەر ئێوە و بزوتنەوەکەشتان دەکرێت، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان بێدەنگبون لە ئاست دۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆچی بێدەنگیتان هەڵبژاردوە لە ماوەی رابردودا؟

نەوشیروان مستەفا: بەلامەوە سەیرە ئەو پرسیارە دەکەن کە بڵێن بێدەنگ بون، چونکە ئێمە بێدەنگ نەبوین، رەنگە هەندێک کەس گوێی گران بوبێت، گوێی لە قسەکانمان نەبوبێت، دنیای رۆژنامەوانی کوردی وەک بازاڕی شێواوی لێهاتوە، چەندین جۆر کەس خۆی تێخزاندوە، جاری وا هەیە بە هاندانی ئەم حیزب یان ئەو حیزب هەندێک لەم واتە وات و قسەو شتانە بڵاودەکەنەوەو دەیکەن بە وتار و مانشێت.
 ئێمە بێدەنگ نەبوین، نەریتێک هەیە لە ناو حیزبە سیاسییەکان کوردستانی عێراقدا، ئەویش ئەوەیە کە زۆرجار بە موناسەبات و بێ موناسەبە بەیاننامە دەردەکەن، پێیانوایە دەنگکردن، دەرکردنی بەیاننامەیە. ئێمە ئەو نەریتەمان خستوەتە لاوە و نەریتێکی تازەمان داهێناوە، ئەویش ئەوەیە کە چەند ژورێکمان هەیە، مەسەلەن لە ماوەی رابردودا ئێمە بە هیچ شێوەیەک بێدەنگ نەبوین لە بە هەدەردانی سامانی نیشتیمانی کوردستان، ژوری لێکۆڵینەوەی ئابوریمان هەیە ئەوان قسەیان کردوە، لە سەر روداوە سیاسییەکانی کوردستانی عێراق وتەبێژی فەرمیمان هەبوە، ژوری رۆژنامەوانیمان هەبوە، لە هەمانکاتدا ژوری توێژینەوەی سیاسیمان هەیە ئەوان قسەیان کردوە، ژوری هەڵبژاردنمان هەیە، ژوری پەیجوریمان هەیە، ژوری یاساییمان هەیە، خەڵک فێر نەبون تائێستا، پێیانوایە یان دەبێت من قسە بکەم، یان بەیاننامەیەک بە ناوی مەکتەبی سیاسیەوە دەربکەین کە ئێمە مەکتەبی سیاسیمان نییە.
پێشموایە مەکتەبی سیاسیەکان کە بەیان دەردەکەن، بێجگە لە بێژەری تەلەفزیۆن و رادیۆ و ئەوەی کە نوسیویەتی، وابزانم کەسی تر نایخوێنێتەوە، یانی ئەو نەریتە تێپەڕیوە، ئەگینا ئێمە بێدەنگ نەبوین و دائیمه‌ن قسەمانکردوە لە هەمو موناسەباتەکاندا، بەتایبەتی ئێمە ماوەیەک لەمەوپێش قسەمان لەسەر ئەوە کرد کە پێموانوایە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغدا بە نیشتیمانی بكرێت لە رێگەی ئەوەی کۆمیسیۆنێکی باڵای تایبەت بە گفتوگۆکردن، کە هەم لایەنی سیاسی هەبێت هەم لایەنی پیشەیی هەبێت، ئەمە دەزگایەکی تەرخانکراو بێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو کێشانەی لەنێوان هەرێم و ناوەندا هەیە.
ئێمە بە هاوکاری لەگەڵ لایەنەکانی تری ئۆپۆزسیۆندا پرۆژەی‌ یاسایسەکمان ئامادەکرد، بە تەمابوین فراکسیۆنەکانی پەرلەمان ئەو مەسەلەیە ببەنە ئەوێ، داوایان لێکردین بۆئەوەی ببێتە پرۆژەیەکی نیشتیمانی لە رێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بێت، دامان بە ئەنجومەنی وەزیران وەکو هەمو شتەکانی تر کردیان بە کاریکاتێرێکی ناشیرین و سەری نەگرت. یانی ئێمە بێدەنگ نەبوین، لەوەشدا قسەمانکردوە، لە جۆری ئەوەی کە ئەگەر بۆ کۆبونەوەکردن لەنێوان کوتلە جیاوازەکانی پەرلەمانی عێراقیدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، دیسانەوە بە هاوکاری لەگەڵ لایەنەکانی تری ئۆپۆزسیۆندا ئێمە پرۆژەیەکمان ئامادەکرد بۆ چاکسازی لە باری سەرنجی خۆمانەوە، ئەو شتانەمان هەموی باسکردوە، بەڵام ماوەتەوە سەر ئەوەی کە رەنگە لەماوەی رابردودا من قسەم نەکردبێت، (بە پێکەنینەوە) ئەویش بەهۆی خۆڵبارانەوە، چونکە هەمو جارێک ئێوە موناسەبەیەک هەڵدەبژێرن بۆ گفتوگۆکردن کە خۆڵبارانە.

KNN: لەسەر قەیرانی ئێستای عێراق کە ماوەیەکی زۆرە هەرێمی کوردستان و عێراق و تەنانەت ناوەندی میدیایی و سیاسی بە خۆیەوە سەرقاڵکردوە، پێتوایە قه‌یرانی‌ عێراق بە کوێ دەگات و خوێندنەوەی ئێوە چیە بۆی؟

نەوشیروان مستەفا: ناکۆکی لەنێوان کورد و حکومەتی ناوەندی عێراقدا لە ساڵی ١٩٢١ەوە به‌رده‌وامه‌. لەوەتەی دەوڵەتی عێراق دامەزراوە ئەم ناکۆكیە هەیە، ناکۆکیه‌کیان لە سەر زەویە، یانی لەسەر سنوری جوگرافی کوردستانە، ناکۆكیەکی تریان لەسەر دەسەڵاتە، جۆری بەشداریکردنی کورده‌ لە دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغدا، ناکۆکیەکی تر لە سەر جۆری دابەشکردنی سەروەت و سامانە لە عێراقدا، ئەم ناکۆکیانە بە درێژایی شەست، حەفتا ساڵی رابردو هەبوە، جەوهەری ناکۆکیەکانی کورد و بەغدا لەسەر ئەوە بوە. زۆری شۆڕشەکانی کوردیش هەر لەسەر ئەو مەسەلانە بوە، ئەم مەسەلانە وەکو لەدوای روخانی رژێمی بەعسیش، دیسان چارەسەرنەکران و بە هەڵپه‌سێردراوی مانەوە، لەبەرئەوە هەمو جارێک حکومەتی عێراق ئەتوانێت یەکێک لەم کێشانە بخوڵقێنێت و کێشەیەکی گەورەی لێ دروستبکات.
هەروەها لە تەرەفی کوردیشەوە ئەتوانن ئەم کێشانە بخوڵقێنن، زۆرجار بەغدا بۆئەوەی ئەزمەی ناوخۆیی خۆی تەسدیر بکات بۆ هەرێمی کوردستان، کێشەی دروستکردوە، زۆرجاریش سەرکردەکانی کورد بۆئەوەی ئەزمەی ناوخۆیی لەناو هەرێمی کوردستانەوە نقڵ بکەن بۆ جێگایەکی تر، بەتایبەتی لە ماوەی ساڵی رابردودا كه‌ ناڕەزایی کۆمەڵانی خەڵک گەیشتە پلەیەکی زۆر بەرز، ناڕەزایی خەڵک دژی گەندەڵی بە هەمو جۆرەکانیەوە، داواکاری عەدالەتی کۆمەڵایەتی، داواکاری شەفافیەت لە بودجەدا، داواکاری شەفافیەت لە گرێبەستەکانی نەوت، داواکاری شەفافیەت لە پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و وڵاتانی دروسێ، ئەمە گەیشتە حەدێکی زۆر کە خۆپیشاندان و ناڕەزایی زۆری لێکەوتەوە.
سەرکردایەتی پارتی لە بیست ساڵی رابردودا ستراتیژیەتێکیان هەبوە بۆ ئەوەی حوکمی بنەماڵە لە کوردستاندا بچەسپێنن، هەمیشە کارێکی وایانکردوە زۆرجار شەڕێکی دەرەکیان دروستکردوە، ئەم شەڕە دەرکیە جاری وا هەبوە لەگەڵ بەغدا بوە، جاری وا هەبوە لەگەڵ ئێران بوە، جاری وا هەبوە لەگەڵ تورکیا بوە، كێشه‌یه‌كی گەورە دروستدەکەن بۆئەوەی خەڵک داواکاریەکانی خۆی لەبیربچێتەوە، لە پەنای ئەمە مەرامەکانی خۆیان جێبەجێکردوە، مەسەلەن ئەمجارە لە پەنای ئەم شەڕە دەرەکیەی کە لە نەورۆزەوە لەگەڵ بەغدا دەستیان پێکردوە تائێستا، سەیرکە چەند شتیان جێبەجێ کردوە، مەسەلەی بودجە بە هەمو کەموکوڕیەکانەوە کە نیشانەیەکە لە نیشانەکانی به‌فیڕۆدانی سامانی خەڵک، تێیپەڕاندوه‌، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیان پەکخست و دوایانخست، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتیمانی‌-یان دانا کە پێچەوانەی هەمو ستانداردی جیهانیە، چونکە لە هیچ جێگایەکی دنیا ئەنجومەنی ئاسایش بۆی نیە خەڵک بگرێت و حاکمی تایبەتی خۆی هەبێت، ئەم ئەنجومەنی ئاسایشە کە دروستیان کردوە ئەگەر کەسێک لەناو بازاڕدا دوکاندار بێت و شت بە گران بفرۆشیت دەتوانن بیگرن، مامۆستایەک لە زانکۆ قسەبکات و بە دڵیان نەبێت دەتوانن بیگرن بەناوی ئاسایشی هەرێمەوە. مەسەلەن رۆژنامەنوسێک شتێک بنوسێت دەتوانن بیگرن، مەلایەک لە مزگەوتێکدا قسە بکات دەتوانن بیگرن، یانی خۆلاسە دەسەڵاتێکیان داوەتێ لە سەرو هەمو دەسەڵاتەکانی ترەوەیە، لەسەرو دەسەڵاتی تەشریعیەوەیە، لەسەرو دەسەڵاتی قەزائیەوەیە، لەسەرو دەسەڵاتی تەنفیزیەوەیە، لەسەرو هەمو ئەمانەیشەوە چەند گرێبەستێکی تریان ژێر بە ژێر لەگەڵ تورکیا تێپەڕاند، بۆئەوەی ئەمانە داپۆشن ئەم شەڕە دەرەکیەیان دروستکردوە لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەناوی ئەوەوە کە دەبێت هەمومان یەکڕیزی کورد بپارێزین، یەکڕیزی کوردیش لای ئەوان یانی سەرۆکی هەرێم چی وت؛ ئێمەیش بڵێین ئەشەوبیللا راستە و بچین پشتیوانی بکەین و تەئیدی بکەین.
 ئەمە بەچی چارەسەردەکرێت، بەوە چارەسەر دەکرێت کە بگەڕێینەوە بۆئەوەی‌ فیعلەن چاکسازی ریشەیی لە کوردستانی عێراقدا بکەین، چاکسازی بکەین لەوەی ئێمە دەستورێکی باشمان هەبێت، دەستورێکی رێکوپێک بۆ هەرێمی کوردستان دابنێین کە بە لایەنی کەمەوە لە ٢٠ ساڵی داهاتودا پێویستی بە تەعدیل نەبێت، دەستورێک بێت کە سیستەمی بەڕیوەبردن لە هەرێمی کوردستاندا لە سەرۆکایەتیەوە بگۆڕێت بۆ پەرلەمانی، بیگۆڕێت بە سیسته‌مێكی وا کە لە جیاتی سەرۆک لەناو خەڵکدا هەڵبژێردرێت و لەسەرو لێپرسینەوە بێت، لەناو پەرلەماندا هەڵببژێردرێت و بە دەنگی پەرلەمان ببێتە سەرۆکی هەرێم، بەوە دەکرێت کە ئه‌و یاسا خراپانەی دەریان کردوە و رەهەندی نیشتیمانیان هەیە، جارێکی تر بیهێننەوە بۆ موناقەشەکردن و تەعدیلکردن و باشکردن، یەکێتی ریزی کورد بەوە دروستدەبێت، بەوە دروستنابێت کە تۆ بچیت شەڕێک لە دەرەوە دروست بکەیت و هەمومانی تێوەبگلێنی.

KNN: لەسەر ئەو دەزگایەی کە باستکرد، بەتایبەتی دەزگای ئاسایش، ئێوە رەخنەتان هەر ئەوەیە کە ئەم مەترسییانەی هەیە، یان بە جۆرێک لە جۆرەکان قسەتان لەسەر ئەوە بو کە جۆرێک لە مۆرکی بنەماڵەیی پێوە دیارە؟

نەوشیروان مستەفا: لە سه‌ده‌ی‌ رابردودا، لە سەدەنی نۆزدەهەمدا، یاخود مەلەسەن لە نیوەی یەکەمی سه‌ده‌ی‌ بیستەمدا، کورد بیتوانیایە ئەمارەتێک دروستبکات یاخود مەشیخەتێک دروستبکات؛ ئەیتوانی. بەڵام لە سی چل ساڵی رابردوا هەم تەجروبەی حیزبی پێشڕەو و حیزبی تاقانە، هەم تەجروبەی حیزبی عائیلە، هەم تەجروبەی ئەو حیزبانەی کە جمهوریەتی ویراسی دروستدەکەن هەموی شکستی خواردوە، مەسەلەن یەکێتی سۆڤیەت بەو عەزەمه‌تەی خۆیەوە هەرەسی هێنا و شتێکی تازەی لێدروستبو، هەمو دەوڵەتە ئیستیبدادییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تونس و میسر و لیبیا و یەمەن هەموی روخان، ئەمانە هەموی جمهوریەتی ویراسی بون، جمهوریەتی ویراسی لەگەڵ ئەمارەتدا جیاوازی ئەوەیە كه‌ ئەمارەت پێویستی بە هەڵبژاردن نیە و ئەمیر لە جێگەی خۆی کوڕەکەی دادەنێت و پشتاوپشت دەسەڵات دەگرنە دەست، لە جمهوریەتی ویراسیدا هەڵبژاردنێکی کارتۆنی دەکەن بۆ چەواشەکردنی خەڵک، ئەم محاوەلەیە لە کوردستانی عێراقدا هەیە بۆ دامەزراندنی جمهوریەتی ویراسی، تەجروبەی ٢٠ ساڵی رابردو هەم تەجروبەی حیزبی تاقانە و حیزبی پێشڕەو و حیزبی عائیلە و حیزبی جمهوریەتی ویراسی ئەمانە هەموی شکستی خواردوە، لە کوردستانیشدا بێگومان ئەمە شکست دەخوات، ئەمە تەجروبەیەکە ئێمە دو نمونەمان هەیە، نمونەی حیزبی عائیلەمان هەیە کە لە پاکستان و هیندستان و لوبنان جێبەجێ کراوە، ئێمە زۆر بەلامانەوە ئەمە تەجروبەیەکی گرنگە، بەشێکە لە سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتانە، بەڵام ئەوان کاتێک لە هەڵبژاردندا دەیبەنەوە حکومەت تەشکیل دەکەن، بەڵام کاتێک لە هەڵبژاردندا نایبەنەوە دەبن بە موعارەزە و جمهوریەتی ویراسیان دروستنەکردوە، خۆ لە پاکستان و هندستان و لوبنانیش دەیانتوانی جمهوریەتی ویراسی دروستبکەن، تۆ بتەوێت لەو رێگەیەوە جمهوریەتێکی ویراسی دروستبکەیت؛ باوک دەسەڵات تەسلیمی کوڕ بکات، بێگومان لە کوردستان ئەمە شتێکی مەقبول نیە.

KNN: پارتی مافی خۆی نییە کێ دادەنێت لەو پۆستەدا، یانی پۆستی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان؟

نەوشیروان مستەفا: پارتی حەقی خۆیەتی، سیستەمی ویراسی لەناو ئەواندا پەیڕەو دەکرێت، بەڵام ئەو سیستەمەی کە لەلایەن ئەندامانی پارتی قبوڵە جۆری سەرۆکایەتی بەو تەریقەیە بێت، ناتوانن بیسەپێنن بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا، چونکە کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتو و کراوەیە و کۆمەڵگەیەکە لەم سەردەمەدا باوەڕی بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات هەیە، باوەڕی بەوە هەیە کە جارێک حیزبێک بیباتەوە و جارێک حیزبێک بیدۆڕێنێت، باوەڕی بەوە هەیە کە سەرۆکەکان و سەرکردەکانمان بە هەڵبژاردن بێنە پەرلەمانەوە و بە هەڵبژاردن ئەنجومەنی وەزیران دروستببێت و ئەو دەسەڵاتانە لە یەکتری جیابکرێتەوە، نەک هەموی کۆبکرێتەوە لە دەستی کەسێکدا یان لە دەستی بنەماڵەیەکدا.

KNN: لەماوەی رابردودا جگە لەوەی رەخنەی بێدەنگیتان لێگیراوە، رەخنەیەکی تر کە لێتان گیرا لە سەر ئەو سەفەرەتان بو بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، تەنانەت بەوە ناوزەند کرا ئەم سەفەرە سەفەرێکی نایاسایی و ناتەندروستە لە حزوری حکومەتێکی فەرمیدا کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە؟

نەوشیروان مستەفا: ئەگەر دەستوری عێراق وەرگرین؛ هەمو سەفەرەکانی سەرۆکی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیرانیش کە دەیکەن بۆ وڵاتانی دەرەوە نا دەستوریە. دوای‌ راپەڕین کە یەکەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دروستکرا، وەزارەتێک دروستکرا بەناوی وەزارەتی هاوکاری و یارمەتی مرۆڤایەتی، ئەم وەزارەتە بۆ ئەوە دروستکرا کە دەوری وەزارەتی دەرەوە ببینێت، بەتایبەتی لەو سەردەمەدا کە هەرێمی کوردستان بوبو بە حکومەتی دیفاکتۆ، لە رێگەی حکومەتی عێراقیەوە نەیده‌توانی پەیوەندی بە دنیاوە بکات، ئەوکاتە چوار دەوڵەتی گەورەی دنیا موافەقەتیان لەسەر ئەوە کرد کە نوێنەرایەتی هەرێمی لێبێت، لەوانە ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا، دو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی ئەو زەمانە کە نیوە بە نیوە حکومەتیان پێکهێنابو، ئەم چوار نوێنەرایەتیەیان دابەشکرد لەنێوان خۆیاندا، دوان بۆ ئەو و دوان بۆ ئەو، بەڵام لە هەر یەکێکیاندا حیزبی مونافیس جێگری دانابو.
ئەو چوار نوێنەرایەتیە لە باتی ئەوەی ببەسترێن بە وەزارەتی هاوکاری مرۆڤایەتیەوە، کە دەوری وەزارەتی دەرەوەی دەبینی، راستەخۆ هەریەکەیان بەسترایەوە بە سەرکردەی حیزبەکەی خۆیەوە، ئەمە بە عەمەلی وەزارەتەکه‌ی‌ کرد بە کارتۆنی، کردی بە شتێک ئەو زەمانە بۆ پەیوەندیکردن بە بەعزێک لەو رێکخراوە بێگانانەی لە کوردستاندا کاریان دەکرد، بۆ واستەکردن و تەعینکردنی سایەقێک، فەڕاشێک، حەرەسێک، شتێکی لەو بابەتانە بە تایبەتی ژیانی خەڵک ئەو سەردەمە زۆر زۆر سەخت بو.
وەزارەتەکەیان کلۆرکرد، پەیوەندییەکەیشیان هەموی بەستەوە بە سەرکردەی حیزبەکەی خۆیانەوە. کە شەڕی ناوخۆیشی بە سەرهات، ئەمە دو نیوە بو، بەشێکی بەر یەکێتی کەوت و بەشێکی بەر پارتی کەوت، ئەمە بو بە نەریتێک لە دامه‌زراوه‌كاندا.
ئێستا حاڵی حازر دوای روخانی سەدامیش، هەردو حیزبی دەسەڵات لەسەر سێ ئاستی جیاواز پەیوەندییان لەگەڵ دەرەوەدا هەیە، ئاستێکیان بریتیە لە وەزارەتی خاریجی عێراق، کە لە کاتی روخانی سەدامەوە تائێستا پارتی ئیحتیکاری کردوە بۆ خۆی، بەشێک لەو سەفارەت و دیبلۆماتانەی بەر کورد دەکەوێت لە بەینی ئەم دو حیزبەدا دابەشکراوە، چەندین سەفیر و قونسوڵ و دیبلۆماتیان لەبەینی خۆیان دابەشکردوە لەسەر ئاستی جمهوریەتی عێراق، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش کە نوێنەرایەتی سەرۆکایەتی هەرێم و نوێنەرایەتی هەرێمیان دروستکردوە، ئەمیش بەشێکیان داوە بە یەکێتی. هەڵبەتە بەشێکی کەمیان داوەتێ، باقیەکەی تر پارتی بۆ خۆی هەڵیگرتوە.
لەسەر ئاستی هەرێمیش نوێنەرایەتیەکیان بۆ خۆیان دروستکردوە لەگەڵ دنیا، کە زۆرتر خەریکی بزنسن لە باتی ئەوەی خەریکی کاری دیبلۆماسی بێت، چونکە هیچیان سیفەتی دیبلۆماسیان نیە.
لەسەر ئاستی سێیەمیش ئەم دو حیزبە لە هەر جێگایەکی دنیا بۆیان کرابێت مەکتەبیان کردوەتەوە و نوسینگەیان کردوەتەوە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ حیزب و ئەو دەوڵەتانەی لەو وڵاتانەدا هەیە، ئەگەر ئەمە بۆ ئەوان حەڵاڵ بێت، بۆ ئێمەیش حەڵاڵە.

KNN: ئێوە وەکو بزوتنەوەی گۆڕان، هیچ ئۆفیس و بارەگا و نوسینگەیەکتان هەیە لە وڵاتانی دەرەوە، یاخود لە ستراتیژتاندا هەیە بیکەنەوە؟

نەوشیروان مستەفا: ئێمە لە هیچ وڵاتێکی دنیا ئۆفیسمان نیە و بە تەمایش نین ئۆفیس بکەینەوە، ئێمە ئەمانەوێت نوێنەرایەتی دەرەوە بە نیشتیمانی بکرێت، ببێت بە نوێنەرایەتیەکی راستەقینە بۆ هەرێم، بەڵام ئێمە بە حەقی تەبیعی خۆمانی دەزانین لەماوەی سێ ساڵی رابردودا یەکێتی و پارتی چەند پێیانکرابێت هەوڵیانداوە وێنەی گۆڕان لای رای گشتی دەرەوە؛ لەلای ئەمەریکاییەکان، لەلای ئینگلیزەکان، لەلای فەرەنسیەکان، لەلای ئەڵمانییەکان، لەلای ئێرانییەکان، لەلای تورکەکان، لەلای سورییەکان... لە سەرتاسەری دنیا چەند بۆیان کرابێت هەوڵیانداوە دەموچاوی ئێمە ناشیرین بکەن. ئێمەیش بە حەقی تەبیعی خۆمانی دەزانین گۆڕان بە ناسین بدەین بەوانە، وەکو جوڵانەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە دژی گەندەڵیە، لایەنگری عەدالەتی ئیجتیماعیە، لایەنگری مافی مرۆڤە، ئێمە بە حەقی خۆمانی دەزانین بۆ هەمو دەوڵەتانی دراوسێ و دەوڵەتەکانی تریشی رونبکەینەوە کە ئێمە چین، یانی بەپێچەوانەی ئەو وێنەیەوە کە ئەوان داویانە بە خەڵک، ئێمە وێنەی راستەقینەی خۆمان بە خەڵک بناسێنین.

KNN: چاوەڕوانی دەوڵەتانی دراوسێ لە هێزێکی وەک گۆڕان چیە؟

نەوشیروان مستەفا: ئەوە دەبێت لەو دەوڵەتانە بپرسیت.

KNN: مەبەستم ئەوەبو رەنگە پەیوەندی ئەو حیزبە سیاسیانە لەگەڵ پەیوەندی گۆڕاندا، بەتایبەت کە گۆڕان هێزێکی ناچەکدارە و هێزێکە دامودەزگای ئیستیخباراتی نییە، سروشتی‌ ئەم جیاوازییە چیە؟

نەوشیروان مستەفا: ئەو دەوڵەتانە کە چاودێری بارودۆخی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەزانن کە گۆڕان هێزێکی سەرەکی ئێستای‌ کوردستانی عێراقه، ئەگەر بە دەنگ حسابی بکەین لە دوای پارتی، كه‌ هێزی یەکەمە لە کوردستاندا، دوەمین هێز گۆڕانە، هێزی سێیەم یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە.
لە پەرلەمانی کوردستانیشدا كه‌ ١١١ کورسی هەیە، ١١ کورسییان هی کەمایەتی و دین و نەتەوە جیاوازەکانن، ١٠٠ کورسیەکەی تری کە بەشی کوردە لەو ١٠٠ کورسیە، تەنها ٣٠ کورسی هی پارتیە، ٢٩ کورسی هی یەکێتیە، ٢٥ کورسی دەنگی گۆڕان بوە کە چوەتە ناوەوە، لەبەرئەوە کاتێک تورکیا و ئێران و ئەو دەوڵەتانەی دراوسێ کە تەعقیبی هەلومەرجی کوردستانی عێراق دەکەن، زۆرباش دەزانن کە قورسایی گۆڕان لەسەر شەقامی کوردی، قورسایی گۆڕان لەسەر سیاسەتی کوردی، لەسەر وەزعی هەرێمی کوردستان چییە و چی نیە.
لەبەرئەوە پێیانخۆشە وەکو چۆن لەگەڵ یەکێتی مەعامەلە دەکەن، لەگەڵ پارتی مەعامەلە دەکەن، لەگەڵ یەکگرتوی ئیسلامی مەعامەلە دەکەن، لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی مەعامەلە دەکەن، پێیانخۆشە لەگەڵ ئێمەیش مەعامەلە بکەن. بە بەردەوامی ئەو کونسوڵانەی لە هەولێرن و ئەو سەفیرانەی لە بەغدان، هاتوچۆمان دەکەن ئێمە هاتوچۆیان دەکەین، پەیوەندیەکی ئیعتیادیمان لەگەڵ دروستکردون.
پێمانوایە رێگای ئیعتیادی ئێمە لەلایەکەوە ئەمەیە، لەلایەکی تریشەوە ئەوەیە كه‌ ئێمە جالیەی کوردیمان هەیە لە سەرتاسەری دنیا، لە رێگەی ئەو جالیە کوردیانەوە کە ئەنجومەنی رێکوپێکیان هەیە، پەیوەندی زۆرباشمان هەیە لەگەڵ ناوەندی بڕیاردانی سیاسی لە زۆر وڵاتی دنیا، ئەوان لەباتی ئەو ئۆفیسانەی کە ئەو حیزبانە لە دەرەوە کردویانەتەوە، ئەنجومەنەکانی ئێمە ئەو دەورە دەبینن و ئێمە پێویستیمان بەوە نیە مەکتەب بکەینەوە لە دەرەوە.

KNN: شتێکی تر کە پرسیارێکی گرنگە لەسەر ئێوە، مەسەلەی رازی بون یان رازی نەبونی ئێوەیە لەسەر سیاسەتی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە گرێبەستەکانی نەوت، خۆشت دەزانیت تازەترین گرێبەست، گرێبەستێکی نەوتیە لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیاکانی فەرەنسادا بەسترا؟

نەوشیروان مستەفا: ئەمە پرسیارێکی زۆر موهیمە، گەلێک کەس گلەیی ئەوەیان کرد کە ئێمە بۆ ئاشتی هەورامیمان بینیوە؛ ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەکانی کوردستانە، نەک ئاشتی هەورامی، هەر وەزیرێکی تر بیەوێت ئێمە ببینن، ئێمە بە خۆشحاڵیەوە پێشوازی لێ دەکەین و دەیبینین و گوێشی لێدەگرین، بەڵام بینینی ئەوانە بەمانای ئەوە نییە کە ئێمە لەگەڵی‌ رێکەوتوین یان لەسەر باری سەرنجی ئەو ره‌زامه‌ندین.
ئەمە ئەتوانین لە دو لایانەوە باسی بکەین، یەکێکیان ئەوەیە من ئەمەوێت لەم موناسەبەتەدا سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان دەربارەی پرسی نەوت و غاز لە کوردستانی عێراقدا رونبکەمەوە، ئەوی تریشیان پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئێستا چۆن رەفتار لەگەڵ پرسی نەوت دەکرێت لە کوردستانی عێراقدا. ئێمە وەکو پرەنسیپ بە لامانەوە زۆر گرنگە کە سامانی سروشتی سەرزەوی و ژێرزەوی هەرێمی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا بێت، من خۆم یەکێک بوم لەو کەسانەی لە قانونی ئیدارەی دەوڵەتی عێراق ئەمە هەندێک خواروخێچی تێدا بو، وەختی خۆی بە وتاریش نوسیومە و لە کاتی نوسینی دەستوری عێراقیشدا هەوڵمانداوە کە ئەمە راستبکەینەوە. لە دەستوری عێراقیدا تیایەتی کە نەوت و غاز موڵکی هەمو میللەتی عێراقە بە هەمو پارێزگا و هەرێمەکانەوە.
نوقتەی دوەم لە سیاسەتی نەوتدا کە بە لای ئێمەوە زۆر موهیمە، ئێمە زۆر بە لامانەوە گرنگە هانی کۆمپانیا گەورەکانی دنیا هانی بانقە گەورەکانی دنیا بدەین، بێن لە کوردستاندا کار بکەن، ئیستیسمار بکەن لەبواری نەوت و غاز و سامانە سروشتیەکانی تردا، ئێمە ئەمە بە یەکێک لە کۆڵەکە گرنگەکانی ئابوری و ژێرخانی کوردستان دەزانین.
نوقتەی سێیەمینیان ئەوەیە، کە ئەو کۆمپانیایانە یاخود ئەو بانقانە کە دێن لە کوردستاندا کاربکەن چ لایەنێک دەچێت گرێبەستیان لەگەڵدا دەکات، عائیلەیەک دەیکات، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەیکات، حکومەتی هەرێم دەیکات، بە ئاگاداری پەرلەمان دەیکات، بە ئاگاداری کێ دەیکات؛ ئەمەش نوكتەیەکی ترە.
نوقتەیەکی تریان ئەوە کە ئەو مەرجانە چین ئەم کۆمپانیا و بانقانە دێن بەسەر کوردستاندا دەیسەپێنن، ئەو مەرجانە چین کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەو بانقانەی داوا بکات، ئەو مەرجانەی کە هەرێمی کوردستان قبوڵی دەکات تا چ ئەندازەیەک بە قازانجی کۆمەڵانی خەڵکی کورستان و بە قازانجی ئابوری کوردستانە، ئەمەش نوقتەیەکی ترە.
ئەمێنێتەوە سەر ئەوەی داهاتی ئەمە بۆ کوێ دەچێت و چی لێ دەکرێت و چۆن خەرج دەکرێت، ئێمە پێمانوایە ئەمە سیاسەتێکی راستە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، بەڵام لە هەمانکاتدا پێمانوایە ئێستا بە خراپترین شێوە پرسی نەوت بۆ مەسڵەحەتی لایەنێک بەکاردەهێندرێت، وە ئێمە نازانین داهاتی نەوت چی لێبەسەردێت و چۆن خەرجدەکرێت، ئومێدمان وایە ئەمەش راستبکرێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە