بابەتی تر



لاپەڕە 1/841: 1 2 3 4 5 ... :: »

برسیکردن و ترساندنی خەڵک

Thursday, 23/06/2022, 12:15


دەسەڵاتی کوردی شێوەیەکە لەشێوەکانی دەسەڵاتێکی نادیموکراتی خۆسەپێن کە دوو خێزان و بنەماڵە پاوانی دەسەڵاتیان کردووە، تەواوی سێکتەرەکانی سیستەمی حوکمڕانیان خستووەتە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. سەرجەم بڕیار و فەرمانەکان لەلای ئەوانەوە دەدرێن و دەسەڵاتیان بەسەر هەموو دەم و دەزگاکانی حکومەت، بەدادگاکانیشەوە هەیە. 
ئاشکرایە برسیکردن و هەژارکردنی خەڵک، سیاسەتی ترساندن و سەرکوتکردن، هەروەها لەناوبردنی فیزیکی نەیارەکان، شێواندنی کەسایەتی نموونە دیارەکانی کۆمەڵگە، لەگرنگترین ئەو کارانەن کە دەسەڵاتە نادیموکراتی و تاکڕەوەکان دەیگرنەبەر بۆ درێژەدان بەحوکم و دەسەڵاتیان.
ئەگەر لەدۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک و لەدۆخی سیاسی و ئازادییەکانی تاک لەهەرێمی کوردستان بڕوانین. ئەوە تێبینی ئەوە دەکەین، دەسەڵاتدارانی کورد هەمان سیاسەتی دیکتاتۆرەکانی دنیا پەیڕەو دەکەن بۆ مانەوە و درێژەدان بەدەسەڵاتی تاکڕەوانەی خۆیان. بڕوانە گوزەرانی خەڵک چەند خراپە، بەڕاستی لەحاڵێکی ئێجگار قورسدا دەژین، بەدەست بێ مووچەی و بێ کارەبای و بێ ئاوی و بێ سوتەمەنی و بێ خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن. هەروەها دۆخی سیاسی و ئازادییەکانی تاک لەوپەڕی خراپیدایە، هەر گردبوونەوە و ناڕەزاییەک نەک بۆ ئازادی، بەڵکو بۆ پێداویستییەکانی ژیان لەهەر کوچە و کۆڵانێکی ئەم هەرێمەدا درووست بێت، بەزەبری هێز سەرکووت دەکرێت، ئەنجامدەرانی ناڕەزایەتییەکەش دەگیرێن و ڕاپێچی زیندان دەکرێن. دەیان و سەدان ئازادیخواز و چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی دژە گەندەڵی و نادادی لەکونجەکانی زیندان تووند کراون، بەتۆمەتی سیخووری و ناپاکی دادگایی کراون و دەکرێن.
سەرەڕای ئەوانە سامان و داهاتی هەرێم لەخزمەتی گشتییەوە، خراوەتە خزمەتی تایبەت و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانەوە.  کوڕ و کچی دەسەڵاتداران، هاوشێوەی کوڕ و کچەکانی حوسنی موبارەک و موعەمەر قەزافی و هاوشێوەکانیان دەژین، خاوەنی کۆمپانیا و کارگە و زانکۆ و باڵەخانەی بەرز و دەیان و سەدان ملیۆن دۆلارن، لەکاتێکدا ئەمانە نەک فیشەک، بەڵکو تەرەقەشیان بۆ کورد و کودایەتی نەتەقاندووە.  لەولاشەوە بەرئەنجامی ئەو سیاسەتی برسیکردن و سەرکووتکردنە، تاکێکی بێکار و برسی، شەکەت و ماندوو، پەست و توڕە، مکوڕ و یاخی درووست بووە،  کە هیچی نییە تا لەدەستی بدات. بەڕاستی ئەم دوو بنەماڵەیە بۆنی دەسەڵات و پارە مەستی کردوون، دەیانەوێت تا قیامەت حوکمڕان بن و درێژە بەدەسەڵاتیان بدەن. سەرنجتانداوە ئێستا لەمەراسیمە حکومییەکاندا، نەک کوڕ و کچ، بەڵکو نەوەکانیشیان بەشداری پێ دەکەن، بەرپرسە ڕیبات لەملەکانیش لەپشتیانەوە دەڕۆن.  بەڕاستی گەمژەی ئەم تاکڕەوانە لەوەدایە کە هەمان کاری حوسنی موبارەک و موعەمەر قەزافی و هاوشێوەکانیان دووبارە دەکەنەوە، بەنیازن ئەنجامێکی جیاوازتریان لەوەی ئەوان دەست بکەوێت.
 لەکۆتایدا ئەگەر دەسەڵاتداران بێباک بن و لەسەر سیاسەتی برسیکردنی و ترساندنی خەڵک بەردەوامبن، بەگاڵتەجارییەوە لەحاڵ و گوزەرانی هەژاران و نەداران بڕوانن، ئەوە دواجار چارەنووسێکی تراژیدییان دەبێت، لەژێر ڕقی خەڵکی بەش مەینەتدا پاداشتی گوێنەگرتنیان وەردەگرن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە


HELP

The gallery can be navigated using the keyboard:

LEFT/RIGHT ARROWS: Prev/Next
SPACEBAR: Next
ENTER: Start/Stop slideshow
ESCAPE: Close gallery
HOME/END: First/Last image
H - This help panel

Close help