ئه‌مه كه‌ی سزایه!
Friday, 17/06/2022, 0:09
له‌سه‌رتۆپ و هه‌موو دونیای مرۆڤایه‌تی دا سێ سێكته‌ری سه‌ره‌كی هه‌یه په‌یوه‌سته به‌ژیانی خه‌ڵكه‌وه، له‌هه‌ر شوێنێ یه‌ك له‌و بوار‌و سێكته‌رانه له‌نگی و نه‌نگی تێكه‌وت و مشه‌خۆری و قۆرخكاری و گه‌نده‌ڵی تێیدا په‌ره‌ی سه‌ند ئه‌وه به‌ته‌مای پێشكه‌وتنی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه مه‌به، ئه‌وانیش بریتین له:
1- سێكته‌ری وزه، كه نه‌وت و گاز‌و به‌نزین و پێكهاته‌كانی ده‌گرێته‌وه.
2- سێكته‌ری خۆراك.
3- سێكته‌ری ته‌ندروستی.
كاتێك باس له قۆرخكاری و مشه‌خۆری كه‌سه ده‌ستڕۆیشتووه‌كان ده‌كه‌ین چ حزبی یا حكومی، ده‌بێ راسته‌وخۆ ئاماژه به‌و بده‌ین كه له‌و كۆمه‌ڵگایه یاسا هه‌یه، به‌ڵام یاسا ته‌نها بۆ بابای هه‌ژارو نه‌دارانه‌و ته‌نها یاسا له‌سه‌ر ئه‌وان جێ به‌جێ ده‌كری، یاسا هه‌یه به‌ڵام كه‌سه ده‌ستڕۆیشتووه‌كان خۆیان ڕۆحی یاسان و یاسا نابێ له‌وان به‌رزتربێت، وه‌لێ له‌و شوێنه داوای سه‌روه‌ری یاسا ده‌كه‌ن كه له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندایه وه‌ئه‌گینا یاسا له‌كوێی ئه‌و وڵاته جێی ده‌بێته‌وه وه‌كو سێكته‌ری وزه به‌ئاشكرا خاوه‌ن به‌نزینخانه‌كان خۆڵ له‌چاوی خه‌ڵك ده‌كه‌ن، به‌فڕت و فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازی بۆ ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه له‌چاوتروكانێك سه‌رمایه‌كه‌یان به‌خه‌یاڵی خه‌ون ده‌فڕێ و شوفێری سڤیل سه‌یاره‌كه‌ی ده‌سووتێ، فیت په‌مپی له‌كار ده‌كه‌وێ، گێچی به‌نزینی ده‌وه‌ستێ، نۆزله‌كانی ده‌گیرێ و پلاكه‌كانی ده‌ته‌قێن، چ جای ئه‌وه‌ی رۆژ نییه لێره‌و له‌وێ به‌هۆی كوالیتی نزم و ده‌ستكاریكردنی كوالیته‌كه‌یه‌وه سه‌یاره‌ی ئه‌م و ئه‌و نه‌سووتێ و به‌سه‌دان سه‌یاره رێی سناعه نه‌گرنه به‌ر له‌كاتێكدا ژماره‌ی به‌نزینخانه‌كان ئه‌وه‌نده زۆر نین كه چاودێریكردن و كۆنتڕۆڵكردنیان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كانه‌وه ئه‌سته‌مبێ له‌كاتێكدا مرۆڤ تووشی شۆك ده‌بێ كاتێك له میدیاكانه‌وه راگه‌یه‌ندرا كه ته‌نها له‌سنووری پارێزگای هه‌ولێر له‌ماوه‌ی دوو مانگدا 92به‌نزینخانه سزا دراون.
هه‌ڵبه‌ته بڵاوكردنه‌وه‌ی ناو و شوێنی به‌نزینخانه‌كان له راگه‌یاندنه‌كان هیچ له مه‌سه‌له‌كه ناگۆڕێ و كاریگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆ دروست ناكات، هه‌روه‌ها سزادانیان به‌غه‌رامه‌یه‌كی دوو سێ ملیۆن دینار یان ده ملیۆن دینار چییه بۆ به‌نزینخانه‌یه‌ك كه له رۆژێكدا چه‌ندین ده‌فته‌ری له‌و رێیه‌وه بێته ده‌ست، چونكه ئه‌و سزایانه هیچ له‌بارودۆخی خاوه‌نه‌كه‌ی ناگۆڕێ، به‌و سزایانه ته‌قه‌ی سه‌ریان دێ، لێره‌دا سزای قورس ئه‌وه‌یه مۆڵه‌ته‌كه‌ی لێ بسه‌ندرێته‌وه، ده‌ست به‌سه‌ر سه‌روه‌ت و سامان و به‌نزینخانه‌كه‌ی دا بگرترێ و به‌ند بكرێ كه ئه‌مه‌یان ئه‌نجام دا ئه‌وجا بزانه كێ زاتی ئه‌وه ده‌كات خۆی له‌سه‌ر حسابی ئه‌و خه‌ڵكه ڕه‌ش و ڕووته ده‌وڵه‌مه‌ند بكات، وه‌لێ ئه‌م قسانه وه‌ك ئه‌وه‌یه ئاسنی سارد بكوتینه‌وه له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ی ده‌ته‌وێ بیگری و سزای بده‌ی، به‌رپرسێكی گه‌وره‌ی له‌پشته كه له‌سه‌رووی یاساوه خۆی خاوه‌ن یاسایه.
وه‌كو سێكته‌ری خۆراك و ئاسایشی خۆراك ڕۆژ نییه به‌هۆی خراپی ئه‌و كه‌ل و په‌ل و خۆراكه‌ی دێنه ناوه‌وه كه سه‌ره ڕای خراپی مادده‌كان، زوو زوو له‌ڕێی میدیاكانه‌وه گوێبیستی ئه‌وه ده‌بین كه لێره‌و له‌وێ ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌وه‌نده تۆن مادده‌ی به‌سه‌رچوو گیراوه‌و ئه‌و پرۆسه‌یه به‌رده‌وام دووباره ده‌بێته‌وه، كه‌چی هیچ له‌گۆڕێ نییه ئیدی به‌و هۆكاره‌وه خه‌ڵك سندانی ده‌گاتێ، ده‌تۆپێ، تووشی شێرپه‌نجه ده‌بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه له‌سه‌ر باخه‌ڵی من و ئه‌م و ئه‌ودا له‌چاوتروكانێكدا ره‌سیدی سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌یان بۆ دوو هێنده به‌رز بكه‌نه‌وه كه له‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر به‌رپرسێك له‌پشت ئه‌و كاره‌وه نه‌بێ، بازرگانی بێ پشت و په‌نا چۆن بوێری ئه‌وه ده‌كات ده‌ست بۆ كارێكی ئه‌وا خه‌ته‌رناك ببات له‌كاتێكدا ژیانی یه‌ك كۆمه‌ڵگا به‌نده به‌و خۆراكانه‌ی ئه‌وان له‌ده‌ره‌وه ده‌یهێنن و ده‌رخواری ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ده‌كه‌ن، بۆیه به‌ندكردنی ئه‌و كه‌سانه‌و سه‌رسفركردن و نیشاندانیان له‌ده‌زگاكانی راگه‌یاندنه‌وه په‌ندو عیبره‌ت به‌وانه‌ی دیكه ده‌دات كه ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ بازرگانیه‌ك بكه‌ن ئه‌وه په‌نا بۆ كوالیتی باش ببه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی تووشی سزا نێن، وه‌لێ یاسای كه‌سه ده‌ستڕۆیشتوه‌كان یاسای دادگات پوچه‌ڵ ده‌كاته‌وه دادگاش نه‌توانێ پێی بڵێ پشتی دوو چاوت دوو برۆیه.
وه‌كو سێكته‌ری ته‌ندروستی له‌ڕێی گه‌مه‌كردن به‌ته‌ندروستی خه‌ڵك و گه‌مه‌كردن به‌ئه‌قڵی كۆمه‌ڵگاو ساغكردنه‌وه‌ی دا‌و و ده‌مانی به‌سه‌رچوو و مادده‌ی بێ كوالیتی هه‌موو ئه‌مانه به‌جۆرێ باڵی كێشاوه كه نه‌خۆش ئه‌گه‌ر توانای دارایی باشبێ، یه‌كسه‌ر ڕوو ده‌كاته ده‌ره‌وه‌و له وڵاتان چاره‌سه‌ری وه‌رده‌گرێ، فه‌رموو ئه‌وانه‌ی به‌درزی ساخته چاوی ئه‌و خه‌ڵكه‌یان كوێر كرد، ئه‌و دكتۆرانه‌ی هه‌ماهه‌نگیان له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان هه‌یه‌و ئه‌و ده‌رمانه خراپانه‌یان به‌رامبه‌ر به بڕه پاره‌یه‌ك بۆ ساغ ده‌كه‌نه‌وه‌و ویژدانی خۆیان ده‌فرۆشن، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌كوێی ئه‌و هاوكێشه‌دایه ؟ بۆچی تا ئێستا نه‌مانبینی دكتۆرێك بدرێته دادگا، دكتۆرێك له‌سه‌ر شاشه‌ی تیڤییه‌كان نیشان بدرێ كه به‌كارێكی ئاوا‌و ئاوا نامرۆڤانه هه‌ستاوه تا ببێته په‌ندو ئامۆژگاری بۆ ئه‌وه‌ی دكتۆره‌كانی تر چاوی لێ نه‌كه‌ن و هه‌مان شت دووباره نه‌كه‌نه‌وه؟ له‌وه‌شدا ئایا هێنانی دا‌و و ده‌رمانی كوالیتی هه‌ره ئاست نزم له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانه‌وه به‌بێ پشت و په‌نای به‌رپرسان ده‌چێته سه‌ر وا به‌ئاسانی گه‌مه به‌ئه‌قڵ و ته‌ندروستی میلله‌تێك بكه‌ن؟ بێگومان وه‌ڵامه‌كه‌ی نه‌خێره.
مه‌خابن، جێی داخه ئه‌و سێكته‌رانه بوونه‌ته ده‌سكه‌لای هه‌ندێ به‌رپرس كه هه‌ندێ به‌رپرسی له‌وان ده‌ستڕۆیشتوو له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و دیارده قێزه‌ونده قڕو قەپیان هه‌ڵبژاردووه، جگه له‌بێده‌نگی خۆیان، هیچ هه‌ڵوێستێكیان نه‌نواندووه كه ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستیش وه‌ربگرن به‌ناوی پێكهێنانی لیژنه‌وه، دانانی لیژنه حیله شه‌رعیه‌كه وه‌ك ده‌رچه‌یه‌ك بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌دۆزنه‌وه تا ئه‌و كه‌یسه‌ی بۆ دابخه‌ن و واته واته‌كان بڕه‌وێننه‌وه.. به‌داخه‌وه، خۆزگه به‌جددی كار له‌سه‌ر ئه‌م سێ سێكته‌ر ده‌كراو خه‌ڵك هه‌ستی به‌ئارامی ده‌روون ده‌كرد كه بڵێ: یاسا سه‌روه‌ره، كه‌س له یاسا به‌رزتر نییه.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست