کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەدر و ئێوە!

Tuesday, 14/06/2022, 22:25


ئەزموونی کارکردنی سەدر لە گۆڕەپانی سیاسی پڕ لە کێشمەکێشمی عیراقدا، سەلماندویەتی کە ئەو تاکە سەرکردەی حزبێکە لە عیراقدا، کە لە گرنگی بەهێز کردنی پێگەی جەماوەریی گەیشتووە بۆ سەپاندنی مەرج و ڕایەڵەکردنی بیروبۆچوونە سیاسیی و مەزهەبیەکانی خۆی، لەبەرئەوە سەدر گرنگی بە بەهێزکردنی پێگەی جەماوەریی دەدات، لە بەلادا شکاندنی هاوکێشەی هێز بەلای ڕەوتەکەی، لەنێو پێکهاتەی شیعە مەزهەبەکاندا، لە ململانێی حزبە عیلمانی و ئاینیەکاندا،  لە هۆڵی پەرلەمان و لە ڕکابەڕکێی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکەدا، بەتایبەتی لەگەڵ ئیران و ئەمریکادا. هەنووکە، سەدر کە گەورەترین کتلەی پەرلەمانی عیراق بوو و خاوەن ٧٣ کورسی بوو، لە پێکهێنانی حکومەتی عیراقیدا کشایەوە، هەموو ئەندام پەرلەمانەکانی نامەی دەست لەکارکێشانەوەیان پێشکەش بە پەرلەمان کرد.
ڕەنگە هەبن پێیان وابێت کە، سەدر گۆڕەپانەکەی بۆ چوارچیوەی شیعە و هاوپەیمانەکانیان چۆڵ کرد، ئەم هەنگاوە وەک سیاسەت باش نییە، ئەوان بۆ چوارچیوەی شیعە دەستەکەوتەکانیان جێهێشت، چوارچیوەی شیعە لەگەڵ ئەوەی دەنگیان نەهێنا وا دووبارە حکومەتی عیراق پێکدەهێنن، لە ئایندەدا ئیران وەک جاران لە ڕێگەی چوارچیوەی شیعەوە حوکمی عیراق دەکات و سیستەمی پشک پشکێنە بەردەوام دەبێت، بەڵام دەبێت ئەوە نەبوێرین کە ئەم جۆرە بۆچوونە ئەو کات سەرکەوتوو دەبوو کە عیراقێکی بەهێزی لە ڕووی سەرخان و ژێرخاندا پتەو بێت، خاوەن سیادەی خۆی بێت، نەک  عیراقی ئەمڕۆ کە لە ڕووی ئابووریی، سەربازیی، سیاسی و کۆمەڵایەتییدا سەقامگیر نییە، وڵاتێکە ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی لە ئەوپەڕی مەترسیدایە، شێوازەی کۆمەڵایەتی و پێکهاتەکانی لەیەکترترازاون، داد و دەستور و دادگە لەژێر کۆنتڕۆڵی میلیشیادایە، وڵاتێکە تا بنەقاقای لە گەندەڵی نووقم بووە، لەم دۆخەدا هەر حکومەتێک بێتە دەسەڵات، تەنیا ئەوەی پێدەکرێت کە ئەوانەی دەسەڵاتیان هەیە وەک مشەخۆڕ لەسەر ئەو دۆخەدا وەک جاران بلەوەڕێن، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت دووبارە ناڕەزایی خەڵک بگاتە لووتکە و خەڵک ئەگەر هیچی پێنەکرێت، بەڵام ئەوەی بۆ بکرێت، کە نەهێڵێت ئەوانە بەئیسراحەتی دڵیان بیخۆن.    
کشانەوەی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمانی عیراقدا بڕیارێکی هەرەمەکی نەبوو، بەڵکو سەدریەکان لە پەرلەمانی عیراقدا دەنگیان بە ماددەی خواردن، حەرام کردنی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیلدا دا، دواتر جاڕی کشانەوەیان لە پەرلەمانی عیراقدا دا. بە دڵنیاییەوە ئەم هەڵوێستەیان کاردانەوەی دەبێت، لە بەهێزکردنی زێتری پێگەی جەماوەریی ئەوان لەنێو شیعە مەزهەبەکاندا و لە شەقامی عیراقی و عەرەبیدا. واتە لە یەکەم هەنگاویاندا سەدریەکان توانیان بەم دوو هەڵوێستە، لەجاران زێتر پێگەی جەماوەریان فرەوان بکەن، متمانەی زێتر لەنێو خەڵکدا بۆخۆیان بگەرێنەوە وەک خۆ ئامادە کردنێک بۆ بەشداریی کردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا. 

ئەم هەڵوێستەی سەدر ئەوەندە بوێرانەیە، هاوپەیمانەکانی تووشی شەرمەزاریی لە هەنگاوەکانی داهاتوویاندا کردوە، پارتی و سیادە و سونەکان چاوەڕوانی ئەوەیان لێناکرێت دەسەڵات بەجێبهێڵن، بەدەلیلی ئەوەی حەلبووسی نەبای هاتووە نەباران، پۆستەکەی خۆی مسۆگەر کردووە، بە پەلە واژۆی لەسەر دەست لەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارەکانی ڕەوتی سەدر کرد، ناوی یەدەکیی پەرلەمانتارانی داهاتووی پێگەیشت، ئەو لە میدیاکاندا جاڕی دا کە پرۆسەی سیاسی لە عیراقدا بەردەوام دەبێت. 
بۆ سەدر پێگەی جەماوەریی چەکێکی بەهێزی چەند سەرەیە، پێگەی ئەو پیشانی زلهێزەکان و ناوچەییەکان دەدا، لە گۆڕەپانی سیاسیی عیراقیدا لە هەموو حزب و سەرکردەکان بێمنەتر دەبێت، لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا هەوڵدەدات دەنگی زێتر بێنێت، لە هەمووشی گرنگتر هەر کاتێک بیەوێت شەقام دەجوڵێنێت، ئەو حکومەتەی کە چوارچێوەی شیعە بەتەمای پێکهێنانینە، بە فویەک دەروخێنیت، وەک چۆن لە ڕابردوودا چەند جارێک شەقامی عیراقی جوڵاند و پەرلەمانی عیراقی ئەتک کرد و حکومەتی عادل عەبدولمەهدی شکەست پێهێنا. 
تا ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێم و حکومەتی عیراقیدا کەس هەڵوێستێکی توندی لەوجۆرەی سەدری نەناواندووە، سەرەڕای ناتەبەیەکان، قەیرانەکان، ناهەقیەکان، کەس بوێر نەبووە کە دەست لە کورسی دەسەڵات و پشکی ئابووریی بەربدا، وەک حزبێکی ئۆپۆزسیۆن خۆی بناسێنێت، ئەوەندی بڕوا بەخۆی بێت، کە تەنیا دەسەڵات و پارە و چەک نییە پێگەی ئەو دەپارێزێت، بەڵکو شەقامە کە پێگەی ئەو لە گۆڕەپانی سیاسی عیراقییدا دەپارێزێت و لەلایەن زلهێزە ناوچەیەکان و دنیادا هەژماری بۆ دەکرێت. 
چارەکە سەدەیەکە لە هەرێمی کوردستاندا بەهۆی دەسەڵات و پارە و چەک، دەنگی شەقام فەرامۆش دەکرێت، هەوڵی ئیفلیچ کردنی دەدرێت، لە هەموو هەڵبژاردنەکانی ئەو دەڤەرەدا، دەنگی ڕاستەقینەی شەقام نەبیستراوە و تەزویر دەکرێت. سەرانی حزبەکانی بەشداربووی حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم، حکومەتی پشک پشکێنە، بەتایبەتی سەرانی پارتی و یەکێتی، ئەوەندە سەرقاڵی کۆکردنەوەی پارە و بەهێزکردنی میلیشیای دەوراوپشتی خۆیانن، مەسەلەی لەدەستدانی پێگەی جەماوەرییان لا بۆتە فشە و بەهەندی وەرناگرن، ئەوان لەیادیان چووە، کە ڕۆژێک دادێت جەماوەریی بزوتنەوەی گۆڕان چۆن پشتیان لە بەرژەوەدنییپەرستانی گردەکە و دارودەستەیان کرد، ئەواش پشت لەوان دەکەن، ئەگەر تەزویر نەبێت، پارتی و یەکێتی لە بزوتنەوەی گۆڕان زۆر زێتر ڕسوا دەبن و پێگەی جەماوەریی و حزبی و سیاسییان لەدەست دەدەن. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە