حیزبى تەقلە
Saturday, 04/06/2022, 21:12
جەلال تاڵەبانى - پاش ئاشبەتاڵەکەى مەلا مستەفا لەو بزوتنەوە چەکدارییەى ساڵى ١٩٧٤ کە بۆشاییەکى گەورەى بەجێهێشت - بەهاوکارى دەزگاى مخابەراتى سوریا حیزبێکى نیمچە بەرەییى پێکهێنا بەهاوکارى و چاوساغى وڵاتانى ناوچەکە بۆ کوردستان گەڕایەوە لەژێر چەندەها دروشمى بریقەدارى .. نەتەوایەتى و چینایەتى .. خەڵکانێکى لە دەور خڕبوەوە کە ئازادى و ڕزگارى لە زوڵم و جەور و چەوساندنەوەیان بە ئامانجگرتبوو، جگە لەهاشوشى تاڵەبانى دژ بە بنەماڵە بونى حیزب و سەرکردایەتى کۆنەپەرستى بنەماڵەى بەرزانى و دەستێکەڵاو لەگەڵ ئێران (بەوتەى ئەو کاتەى تالەبانی) .. چاوبەستى لەخەڵک ئەکرد .
لەو کەشە بارگاوییە بە هەڵچونى هەستى نەتەوایەتى و باردۆخى ئەوکاتەى عێراق و بەرپابوونى جەنگى عێراق و ئێران ، خەڵکانێکى بەرچاو لەدەورى خڕبونەوە ، سیاسەتى پاوانخوازى تاڵەبانى و بوونى هێزى چەکدارى بێپرەنسیب ئەوکایەیەى بۆ خوڵقاند کە جەنگێکى خوێناوى لە نێوان حیزبەکان بەرپا بکات و نەوشیروان مستەفاش لەم کایەیەدا ڕۆڵى گۆچانە بێڕەحمەکەى تاڵەبانى ئەبینى.
ئەمەندەیان شەڕ بەهێزەکانیان کردبوو جارێک (پێشمەرگە)یەک ڕیزێک فیشەک بەئاسماندا ئەتەقێنێت لێیئەپرسن ئەوە چیە ؟ لەوەڵامدا ئەڵێت: هەرخوا ماوە شەڕى لەگەڵدا بکەین، ئەوا تەقەم لە ئەویش کرد .
(یەکێتى تەقلە بەفیل لێئەدات) ئەمە ئەو قسە باوەى سەرزارى ئەوکاتەى چەکدارانى یەکێتى بوو .
ئەم تەقلەیەى یەکێتى مێژووچەیەکی تریشى هەیە:
کاتێک بەرهەم ساڵح سەرۆک وەزیرانى حکومەتەکەى سلێمانى بوو، ئیسلامییەکان هەوڵى تیرۆرکردنى ئەدەن، تاڵەبانى ئەگاتە ماڵى بەرهەم و لەبرى هەموو لێدوانێکى سیاسى و لەخۆشى ئەوەى یەکێک لە پیاوە بێحورمەتەکانى نەکوژراوە، بەهەڵەداوان دەڵێت: (یەکێتى فیل بە تەقلە لێئەدات) ماوەیەکیش ئەم وتەیەى بوو بوو بەمەزەى خەڵکى سلێمانى .
ئێستا لەم خڕبونەوەییەى کۆیلە و ماستاوچیانى یەکێتى لەژێرناوى دیدارى یەکێتى قوبادى کوڕى جەلال تاڵەبانى هەمان ئەو بنێشتە کەڕوواوییەى باوکى (فیل و تەقلە)ى جوییەوە ، وتى: (یەکێتى ئەکەینەوە بەو یەکێتیتەى تەقلەى بەفیل لێئەدا).
ئەوەیە پێشکەوتنى حیزبى سۆشیال دیموکرات پاش (٤٦) ساڵ تەمەن هێشتا هەرخەریکى تەقلەبازییە، وابڕوات ئەم حیزبە یوبیلى زیوین لە تەقلەدا وەرئەگرێت. قوباد وەها تۆقیوە لەترسى ئەوەى نەبادا پارتى ئەم قسەیە بباتەوە سەرخۆى دەستوبرد بە ئارێز عەبدوڵاى کەڵتە کۆیلەدا پەیامێکى وەشاند، کە مەبەستیان لە پارتى نییە، چونکە کاتى خۆى ئەم دەستەواژەیەیان بەرامبەر قیادەى موەقەتە خستبوە بازاڕى شەڕى چەکدارى حیزبەکانەوە.
بەهەموو تەمەنى مەلا مستەفا لە پارتیدا پشکێکى تەقلە لێدان بووە بە باپیر و باوکى قوباد و ئەم پرۆسەیە لە مەلا مستەفاوە بۆ مەسعود و مەسرور ماوەتەوە تەمەن مۆڵەت بدات ئارینى کوڕى مەسروریش درێژە بەم پرۆسەیە ئەدات .
یەکەم تەقلەى مەلا مستەفا بە برایم ئەحمەدى باپیرى قوبادی دا لە ٣٠ حوزەیرانى ساڵى ١٩٥٩ دابوو، کۆنفراسێکى بەلیژنەى ناوەندى حیزب بەست و نەیهێشت سکرتێرى ئەو کاتەى حیزب برایم ئەحمەد بەشدار ببێت و تەجمیدى مەکتەبی سیاسی کرد. لەکۆنگرەى پێنجەمى پارتى لە ناو کۆنگرەدا مەلا مستەفا هەرچى جنێو و قسەى سوک و نەشیاو و قێزەون لەهەگبەکەیدا بوو بە برایم ئەحمەدى دا، ئەویش سەرشۆڕ و بێوەڵام وەک بتێکى شکاو ورتەى لەخۆى بڕیبووو.
ئەگەر مێژووچەى ئەو تەقلانەى کە پارتى لەخودى جەلال و حیزبەکەی داوە بژمێرین کاتێکى زۆرى خۆێنەر ئەگرێت، بەڵام کودەتاى ٨ى تەموز هێشتا هاڵاوى سەرى ڕەشى لێدێت، تازەترین ڤێرژنى تەقلە بردنى میمۆرى دەزگاى زانیارى بۆ پیرمام و ئێستا لەسەرى ڕەشەوە بەڕوتى یەکێتى بێ پۆشاک ئەبینن .
حیزبێک بە ٣١ ساڵى فەرمانڕەوایی نەتوانێت هۆڵێک بۆ حیزبەکەى بۆدیدار و میدار دروست بکات لەوە بچوکتر حیزبێک نەتوانێت فێنکایى بۆ هەموو ئەو موچەخۆر و بندیوار و سەردیوار و ئەودیو دیوارە، کە لەهۆڵى بەیعەتداندا گیری کردبون دروست بکات، ئیتر ئەبێت نوقتە و سەری دێرى مابێت؟
تازەترین هەواڵەکانى حیزبی تەقلە :
• سەرۆکى حیزبى تەقلە لە یەکەم لێدوانى سەردەمى زێرینى سەرۆکایەتیەکەیدا مژدەیەکى دڵخۆشکەرى بەئەندامانى حیزبەکەى بەخشى کە لەپێناوى بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدان و خانەنشینانى نیوە گیان و نەخۆشخانەى بێ (هیوا) کراودا ئامادەکارى ئەکات بۆ بەرزکردنەوەى (٢٠٠) کیلۆ، واتە ڕێک (٤) کیسە چیمەنتۆ . چەپڵەى گەرمى بەشداربوانى دیدارى یەکێتى ورەى سەرۆکى وەها بەرزکردەوە پێدەچێت بیکات بە پێنج کیسە چیمەنتۆ.
• مەلا سەعادەتى کۆنە ئەندامى حیزب بۆ ئەوەى کاروانى خەباتى پڕلە تاسە و چاڵوچۆڵى بیرى سەرۆکى تازە بکاتەوە ، ووتى: (٧) جار هەوڵى تیرۆر کردنم دراوە، بەڵام ئەوەى بۆتە مایەى سەرسوڕمانى شارەزایانى بوارى تیرۆرى نێو دەوڵەتى ئەوەیە، کە چۆن لەو ماوە دورو درێژەدا تەنها و تەنها فیشەکێک گیزەى بەسنورى تەقلەکەى سەریدا نەکردوە.
لەکوردەواریدا ئەوسەردەمەى مەلا ساوەر و پیازى ئەخوارد .. لەبرى کڵاو کاسکێت تەقلە و تەقیلەش لەسەر زاران بوو .
• هەرخودى مەلا سەعادەت نیگەرانە لەوەى، کە حیزب چۆن نەگەڕاوەتەوە بۆ سەر پیشە کۆنەکەى (فیل و تەقلە) ئەویش نازانێت و بەڕاشکاوى هاوار ئەکات: کێ دەستی گرتون لەو پرۆسەیەدا .
• سەرۆکى حیزب لەیەکەم چالاکیدا ووتى: یەک ملیۆن دار ئەڕوێنین. ئەم وتەیەى هەڤاڵ قوبادى نیوەگیان کردووە چونکە (٨) ساڵە جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانە نەیتوانیوە (ئاو) بۆ دووپارکى بێنازى (ئازادى و هەوارى شار) ى سلێمانى دابین بکات، ئەوە بلوارى شەقامەکانى سلێمانى قیروسیاى لێکراوە. یەک ملیۆن دار بەچى ئاودێرى ئەکرێت، داخ لە دڵێکى سلێمانى وتویەتى :
بنارى گۆیژەیان داگیرکردووە بۆ پرۆژەى نیشتەجێبون، کە ئەبوایە جوانترین پارک بوایە، زەوى دانراو بۆباخچە و سەوزایی جێگەى مەسڵحەى کۆن ئەکرێت بە شوقە و ئەو بابەتانە ، زەوى چوارڕیانى سەرچنار (جێگەى بەنزینخانەى چاڵە) نایابترین شوێن سلێمانى بۆ پارک و سەوزاییى هەر ڕۆژەى بینایەکى لێبەرز ئەکەنەوە.
• هەرخودى هەڤاڵقوباد نیگەرانى پێیانەوە دیارە لە سەرۆک و بەڵێنەکانى ئەو لەو ماوەى هەشت ساڵەدا تەنها کارێک بۆ سلێمانی کردووە بۆیاخى هەندێک قەراغە شۆستەى شەقامەکان بووە. کوردەوارى ئەڵێت: قسە قسە دێنێت، هەرلەو ماوەیەى پرۆژەى بۆیاخ و شۆستەدایەدا پورە شانازی برایم غیرەتى سەوزى فڕى و لەسەر بودجە و گیرفانى خودى خۆى ئەویش قەراغى فولکە دێرینەکەى سەراى نۆژەنکردەوە بە دەپانزە بەردێکى مەڵکەندى.
خوێنەى بەڕێز:
لە هەرێمى کوردستان حیزب ئاوەهایە و لە هەمو مانایەکى سیاسى و مەعریفى خاڵیە و میراتیە.
هەتا دیدارێکی تر هەتا ئەتوانن پێبکەنن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست