کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئامارەكانی ئۆكسفام و لەباربردنی خەونی ئۆلیگارشییە دافۆسچییەكان

Friday, 03/06/2022, 21:01


ئۆكسفام تۆڕی رێكخراوە خێرخوازییەكانە بۆ كەمكردنەوەی هەژاری لە ساڵی 1942 لە بەریتانیا دامەزراوە, هەموو ساڵێك رۆژێك پێش دەستپێكی كۆڕبەندی دافۆس راپۆرت لەسەر هەژاری و جیاوازی سامان و داهاتی وڵاتانی هەژارو دەوڵەمەند و جیاوازی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندان پێشكەش  دەكات, ساڵانە راپۆرتەكانی ئاگر بەردەداتە ئیدعاكانی كۆبونەوەكەرانی دافۆس.

جیاوازی گیرفانی دافۆسچییەكان لە نێوان سالانی  2019  ەوە بۆ 2022

راپۆرتی ئۆكسفام  لە 21ی جەنیوەری 2019, سەروەت و سامانی تەنها 26 كەس لە ملیاردێرەكانی جیهان, هاوتابوو بە سەروەت و سامانی 3800 ملیۆن كەسی هەرە هەژاری جیهان , واتا نیوەی ژمارەی دانیشتوانی جیهان, ئەو 26 ملیاردێرە 17ەیان ئەمەریكی, 2 فەرەنسی , یەك مەكسیكی, یەك هیندی, 3 چینی, یەك هۆنگ كۆنگ (چین) بوون, ئەمانە بە هەموویانەوە سەری ساڵی 2019 خاوەند 1357,3 ملیار دۆلاربوون, لێ بۆ سەری ساڵی 2020 سەرمایەكەیان بە بڕی 316,3 ملیار دۆلار زیادی كرد بە رێژەی 23,3% بووە 1673,6 ملیارد دۆلار”,  ئێستا بە پێی لیستی ملیاردێرەكانی فۆربێس سامانەكەیان گەیشتۆتە 2297,8 ملیار دۆلار , واتا  بە رێژەی 169% چۆتە سەر, ئەمە لە كاتێكدایە  ساڵی 2000 ئابووری جیهان بە رێژەی 2,5% پوكایەوە, لە 86,6 ترلیۆن دۆلارەوە  دابەزی بۆ  84,54 ترلیۆن دۆلار. 
ئەم دابەزینەش زۆرینەی بەر ئەو وڵاتانە كەوتن كە 3,6 ملیار مرۆڤەكە لە خۆ دەگرن, دەبێت ئێستا هاوكێشەكە چۆن بێت؟؟؟, چەند ملیاردێر سامانەكەیان هاوتای داهاتی ئەوان بێت؟؟؟, بێشك ژمارەكە نزیكی نیوەیە؟.

راپۆرتەكانی ساڵی 2022 , نا یەكسانی دەردە كوشندەكە

لە راپۆرتی سەرەتای ساڵی 2022 ی ئۆكسفام و كە لە خولی كۆڕبەندی ناڕاستەوخۆی زیندو بلاو كرایەوە لە رێكەوتی "17-1-2022", تیایدا هاتووە هەرە 10 دەوڵەمەدەكانی جیهان سەرمایەكەیان لە 700 ملیار دۆلارەوە زیادی كردووە بۆ 1,5 ترلیۆن دۆلار , رۆژانە 1,3 ملیار دلار لە ماوەی كۆرۆنا لەو دوو ساڵە چۆتە سەر سەرمایەكەیان.
لە بەرامبەردا لەماوەی دوو ساڵی نەخۆشی ڤیرۆسی كۆرۆنادا داهاتی 99%ی هاوولاتیان دابەزی, 160 ملیۆن مرۆڤ  پەیوەست بوون بە ریزی هەژارانەوە,  بە پێی هەمان  راپۆرت سەرمایەی ملیاردێرەكان شەش جاری  سامانی 3,1 ملیار مرۆڤی هەرە هەژاری جیهانە.
هەر بە پێی راپۆرتەكە رۆژانە 21000  مرۆڤ بەهۆی نا یەكسانییەوە دەمرن, واتا لە هەر 4 چركەیەك مرۆڤێك دەمرێت, بە هۆكاری تەندروستی و برسێتی و توندو تیژی كۆمەڵایەتی بە هۆكاری بوونی نا یەكسانی لە كۆمەڵگادا.
 هەروەها بە پێی راپۆرتی ئۆكسفام كە لە رێكەوتی 12ی ئەبرێلی 2022  بڵاوی كردۆتەوە, بەهۆی گرانی خۆراك و ڤایرۆسی كۆرۆناوە, 860 ملیۆن كەس  تا كۆتایی ئەمساڵ دەچنە ئاستی زۆر هەژارییەوە.
بۆ ئەمساڵ 263 ملیۆن كەس دەخزێنە ناو ئاستی زۆر هەژارییەوە و واتا رۆژانە بە كەمتر لە 1,9 دۆلار دەژێن .
لەو 263 ملیۆن مرۆڤە, 65 ملیۆنی بەهۆی گران بوونی خۆراك لە دوای جەنگی ئۆكراین هاتۆتە ئاراوە, 198 ملیۆنیش بەهۆی نا یەكسانی و شوێنەوارەكانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە دەچنە ئاستی زۆر هەژارییەوە.
بە پێی راپۆرتەكەی ئۆكسفام وڵاتە هەرە هەژارەكان دەبێت لەم ساڵدا 43 ملیار دۆلار قەرز بدەنەوە, كە ئەمەش بایی هەموو خۆراكی هاوردەیان دەكات لەم ساڵدا, واتا كێشەی برسێتی چارەسەر دەكات بە زۆر زیادەوە.
بە پێی راپۆرتێكی دی رێكخراوی ئۆكسفام كە هاوتەریب لە گەڵ بەستنی  كۆڕبەندی دافوس لە رێكەوتی 23ی ئایاری 2022  رایگەیەنرا,  ملیاردێرەكانی بواری خۆراك 453 ملیار دۆلار لە 2 ساڵی رابردوو چۆتە سەر سامانەكەیان, لە هەمان ماوەدا 62 ملیاردێری بازرگانی خۆراك  زیادی كردووە, نموونە كۆمپانیای  خێزانی كارجێل لە گەڵ سێ كۆمپانیای دیكەی خۆراك كە كۆنترۆڵی 70%ی بازاڕی خۆراكی جیهانیان كردووە, هەمان خێزان پێشتر 8 ملیاردێریان هەبووە, ئێستا ژمارەكەی بۆ 12زیادی كردووە.
هەروەها ملیاردێرەكانی بواری نەوت 523 ملیار چۆتە سەر سامانەكەیان لە ساڵی 2020 ەوە , هەرچەندە ئێستا رۆژە خۆشەكەیانەو لەناو ئامارەكەدا نییە.
هاوكات لەو ماوەیەدا 40 ملیاردێری تازەی  بواری دەرمان سازی پەیدابوونە, وە كۆمپانیاكانی فایزەرو مۆدێرنا هەر چركەی 1000 دۆلاریان قازانج كردووە لەو ماوەیەدا. هەرچی ئەوانەی لە بواری تەكنەلۆژیادا كاردەكەن, سامانەكەیان 436 ملیار زیادی كردووە.
بە پێی راپۆرتەكەی  ئۆكسفام سامانی 10 یەەكەمی لیستی ملیاردێرەكاانی جیهان زیاترە لە 40%ی سامانی هەرە هەژارەكانی جیهان كە 3,1 ملیار كەسن.
وە كرێكارێك لە ولاتێكی هەژار  پێویستە 112 ساڵ كار بكات, بۆ ئەوەی هاوتای كاری كەسێكی سەر بە گروپی 1%ی دەوڵەمەندی جیهان بە دەستی بهێنێت.
بە پێی  راپۆرتەكە هەر 30 كاژێر جارێك, لە 2 ساڵی رابردوودا, ملیاردێرێك زیادی كردووە, لەسەروبەندی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە, هەروەها هەر33 كاتژمێر جارێكیش  ملیۆنێك هەژار لە جیهان زیادی كردووە, بە ئاستێك ملیۆنان كەس لە جیهان وازیان لە بەشی زۆری پێداویستی خۆراك و گەرمكەرەوە هێناوە, لەم دووساڵەدا  زۆرترین ژمارەی هەژاری ماوەی 20 ساڵی رابردوو  زیادی كردووە لە جیهان, هاوكاتیش ملیاردێری 200 و 300 ملیاردێری بۆ یەكەمجار لە مێژوودا سەریان دەرهێنا.
ئەمساڵ 329 كەس لە ریزی لیستی ملیاردێرەكانی فۆربیس دەرچوون, ئەمەش زۆرترین ژمارەیە  لە دوای ساڵی 2009 ەوە, كە بە ساڵی قەیران ناسرابوو , هاوكات 236 كەس پەیوەست بوون بە لیستەكەوە .
سامانی ملیاردێرەكانی جیهان هەنووكە 12,7 ترلیۆن دۆلارە, كە دەكاتە 13,9%ی بەرهەمی نەتەوەیی جیهانی , سێجاری رێژەی ساڵی 2000.بۆ ئاگاداربوون ساڵی رابردوو 1050  ملیاردێر دەوڵەمەندتر بوون لە ساڵی پێشوو.
ئۆكسفام بۆ چارەسەر  پێشنیاری  باجی 2% بەسەر ملیۆنێرەكان وە 5% بەسەر ملیاردێرەكان دەكات, بە پێی بۆچوونی ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی داهاتی ساڵانەی 2,5 ترلیۆن دۆلار, كە لە ئاستی رزگاركردنی 2,3 ملیار كەسە لە هەژاری, سێجاری رێژەكەی ئێستا, كەواتە ئەوەی هەیە زیاترە لەوەی پێویستە, تەنها بە ریفۆرم نەك یەكسانی.

ئامارەكانی ساڵی 2020ی ئۆكسفام

سامانی ملیاردێرەكانی جیهان كە ژمارەیان 2153 كەس بوون لەو ساڵەدا, هاوتابوو بە سامانی 60%ی دانیشتوانی جیهان, كە 4,6 ملیار كەسن, وە سامانی 1%ی هەرە دەوڵەمەندەكانی جیهان هاوتابوو بە دووجاری سەروەت و سامانی 92%ی سەرجەم هاووڵاتیانی جیهان, هاوكات سامانی 22 پیاوی هەرە دەوڵەمەندی جیهان هاوتابوو بە سامانی هەموو ژنانی كیشوەری ئەفریقا, كە زیاترە لە 600 ملیۆن كەس بوون لەو كاتە.
هەر بە پێی ئاماری ئۆكسفامی 2000  بێت  ژنان رۆژنە 12 ملیار كاتژمێر كاری خۆراِیی دەكەن, كە ساڵانە بایی 11 ترلیۆن دۆلارە  كە دەكاتە 12,6%ی بەرهەمی نەتەوەیی جیهانی.

ئامارەكانی پێشووی ئۆكسفام

لە ساڵی  2018ەدا سەروەت و سامانی 42 ملیاردێری تۆپی لیستەكە یەكسان بوو بە سەروەت و سامانی 3,8 ملیار مرۆڤی هەژار لە جیهاندا, لە ساڵی 2017ەدا ئەم ژمارەیە 61 كەس و ساڵی 2016 تەنها 86 كەس و ساڵی 2009 بریتی بوو لە 390 كەس, بەم شێوەیە دەبینین ساڵ بە ساڵ ژمارەی ملیاردێرەكان لە كەمبونەوەدان و ژمارەی هەژارە هاوتاكانیان لە بەرزبونەوەدایە.
 لە ساڵی 2009 ەوە ژمارەی ئەو ملیاردێرانەی سامانەكەیان هاوتایە بە داهاتی نیوە هەژارەكەی دانیشتوانی گۆی زەوی بیست جار چۆتە سەر, ئەم ئامارانە هەمووشی بە پێی راپۆرتەكانی ئۆكسفامن كە ئەویش سەرچاوەی سەرەكی لێكۆڵینەوەكانی بانكی كریدی سویس و گۆڤاری فۆربیسە كە دوو دەزگای لێكۆڵینەوەی سەرمایەدارین.

چارەسەرییەكانی ئۆكسفام

ئۆكسفام رێگە گرتن لە هەڵاتن لە دانی باج و بەرزكردنەوەی كرێی كرێكاران و سنور دانان بۆ موچەو داهاتی بەڕێوەبەری راپەراندنی كۆمپانیاكان بە رێگا چارەی گونجاو دەزانێت بۆ پێش گرتن لە بەرز بونەوەی نا یەكسانی, نەك هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی تایبەتی, یاخود ریفۆرمی ریشەییتر وەك موچەی بنەڕەتی بۆ هەمو دانیشتووانی جیهان و  باجی زۆر زیاتر لەسەر میرات یان هەڵوەشاندنەوەی .
 وەلێ كاتێك ترەمپ دەبێتە حاكمی جیهان, پێشنیارەكەی بستێك بڕ ناكات, چونكە حكومەت و چین و كۆمپانیا بونەتە یەك دەستگاو لە خزمەت یەكتر كاردەكەن, ئەمڕۆ لە جیهاندا لە رێگای پارتە راستگەراكان و بە بەهانەی راكێشانی سەرمایەگوزاری بیانی و هەڵنەهاتنی سەرمایەی ناوخۆیی هەڵمەتی توند بۆ كەمكردنەوەی باج هەیە لەسەر سەرمایەداران, 52 ساڵە ئەم حكایەتە روو لە دافوس و دافوسچییە هێقە ئاڵتونییەكان دەڵێنەوە, نەیتوانی بە نیو ئەندازەی راپەڕینی ئێلەگ زەردەكان فەرەنساو دەمامك دارەكانی شیلی كاریگەری دابنێت و تەخت و تاراجێك بلەرزێنێت, ئەدی كاتێك لە بری راپۆرتە ساڵانەكان پرۆلیتاریاو بریكاریای جیهانی قسەی خۆیان بكەن و شەڕی هێقە رەنگاو رەنگەكان بێتە ناو باریكاردو سەر شەقامەكان چی رودەدات؟.
بە پێچەوانەی ویستی ئۆكسفامەكان, باج لە ساڵی 1970دا بە رێژەی 62% بوو, بۆ 38% كەمبوەوە لە ساڵی 2013, لە وڵاتانی تازە گەشەكردوو 28% و لە وڵاتێكی وەك بەرازیل 10%ەیە.
دەوڵەمەندەكانیش نەك رێژەی باجیان بۆ كەمكراوەتەوە, بگرە 7600 ملیار دلاریان لە 2500 شوێنی جیهان لە باج شاردۆتەوە, بەشێوەی گشتی ئێستا دەوڵەمەندەكان و كۆمپانیاكان باجی كەمتر دە دەن وەك لەوكات, بگرە بە كۆمەڵ وڵاتان بڕیار لەسەر كەمكردنەوەی باج دەدەن, كەواتا دافوس و ئۆكسفامەكان 52 ساڵە چی دەكەن و چ بەرهەمێك دەدورنەوە, بەرهەمی برسییەكان چی بووە لەم حەكایەتانە؟.
زیاد بوونی ژمارەی دەوڵەمەندەكان نیشانەی پێشكەوتنی ئابوری نییە, بەڵكە نیشانەی شكستی سستەمە كە ناتوانێت پارسەنگ رابگرێت و بەرئەنجامی گەشەی ئابووری دادپەروەرانە لە نێوان مرۆڤەكان لە جیهان دابەش بكات, نەك وەك سیاسییەكانی كوردستان پێیان وابوو بوونی هەزاران ملیۆنێر و 30 ملیاردێر نیشانەی پێشكەوتنی كوردستانە.
لە كاتێكدا 3,8 ملیار كەس هیچیان بەر نەكەوت لە نیعمەتی گەشەی ئابووری جیهان , كریستین لاغارد بەڕێوەبەری پێشووی سندوقی دراوی جیهانی و ئێستای بانكی ئەوروپی لەم بارەیەوە وتی” لە 15 وڵاتی جیهانی سێیەم داهاتی تاك دابەزیوە”كەچی لە لایەكی ترەوە 27%ی گەشەی جیهان دەوڵەمەندەكان دەیبەن" .

چارەسەر لە كوێیە؟

ساڵ  لە دوای ساڵ  ملیاردێرەكان بە گیرفانی  پڕترو یەختی گەورەترو  فڕۆكەی نوێترو ..... دەگەڕێنەوە  بۆ  دافۆس, شەڕی ئۆكسفامیش لە روپەڕی  رۆژنامەكانەوە ناچێتەسەر شەقامەكان, نەتەوەپەرستی و ئاین  پەرستی بوونەتە ترۆمپای وزەی  پۆپۆلیستە راستگەراكانی پارێزەری سەرمایەداری , لە بری باجی زیاتر ئەوان  كەمی دەكەنەوە, هەردوو ملیاردێری یەكەم و دووەمی جیهانی ئیلۆن ماسك و جیف بیزۆس لایەنگیریان لە دیموكراتەكانەوە گواستەوە بۆ كۆمارییەكان بە هۆی كیچشەی باجەوە كە دیموكراسییەكان داوای زیادكردنی دەكەن. 
 ساڵی 2000 ژمارەی ملیاردێرەكان جیهان  470 كەس بوو, بە سەرمایەی 898 ملیار دۆلار, لە 2022   گەیشتە 2668 كەس , سەرمایەكەشیان گەیشتە 12,7 ترلیۆن دۆلار. , واتا لەم 22 ساڵەدا بە رێژەی 578% ژمارەیان چۆتە سەر, سەرمایەكەشیان  بە رێژەی 1414% زیادی  كردووە, كەچی بەرهەمی نەتەوەیی جیهانی نزیك چوار جار زیادی كردووە.
لە ساڵی 1987  كە یەكەم ئاماری ملیاردێرەكان كراوە, لە 10 ملیاردێری تۆپی ملیاردێرەكان 6ی ژاپۆنی بووە, دوو كەنەدی, سعودی و سیودییەك بوون , یەكەمیان خاوەند بیست ملیار دۆلار بووەو بە هەر دەیەكەیان سەرمایەكەیان 82,7 ملیار دۆلار  بووە.
ساڵی 2022  لە دە  هەرە دەوڵەمەندەكانی جیهان 8یان ئەمەریكین , ئەوانی دیكە فەرەنسی و هندین, كۆی سەرمایەكەیان 1,307,1  ملیار دۆلارە , واتا 15,8  جار زیادی كردووە  لە ماوەی 45 ساڵی رابردوودا.
بۆیە سەرمایەداری دەوای چارەسەری نایەكسانی لە سستەمەكەی نییە, چونكە پایەی سستەمەكە بەندە بە نایەكسانی, تا نایەكسانی نەبێت سەرمایەداری نابێت و ناژێت, چۆن میكرۆب لەسەر پیسی دەژێت, سەرمایەداریش بوونی بە نایەكسانییەوەیە, تاكە چارەسەر كۆتایی  سستەمەكەو بنیات نانی كۆمەڵگایەكە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی جیاوازی چینایەتی  بنیات نرابێت , مرۆڤ  بە پێی كارەكەی پاداشت بكرێت. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە