جارێکى تریش مێژوو خۆى دوو بارە کردەوە
Sunday, 29/05/2022, 12:44
زۆر جار ئەم دەستە واژەیە دوو بارە دەبێتەوە کە دەڵێن: مێژوو خۆى دوو بارە کردەوە یان خۆى دووبارە دەکاتەوە . واتە ئەو ڕوداوە یان ئەو بارودۆخە سیاسیە یان کۆمەڵایەتیە یان ئەم ڤایرۆسى نەخۆشیەى ئێستا لە ئارادایە هاوشێوەى بارودۆخى سیاسى و کۆمەڵایەتى و پەتاى نەخۆشى فڵانە ساڵن . واتە لە یەک چون لە نێوانیاندا هەیەو تەواو لە یەکەوە نزیکن و هاوشێوەن ، نەک مێژووى ئێستامان بگەِرێتەوە بۆ سەردەمى کۆن چونکە ژیانى مرۆڤەکان و گۆڕانکاریەکانى ئەم دنیایە هەمیشە لە بەرەو پێشەوەچون و گۆڕاندایەو هەرگیز بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە.
بۆ نمونە ئەوەى ئێستا لە نێوان ئۆکرانیاو ڕوسیادا ڕودەدات و هۆکارەکەى پۆتینە ، وەکو جەنگى دووەمى جیهان وایە کە هۆکارەکەى هیتلەر بوو . شەڕى نیوان بلۆکى ڕۆژهەڵات و ڕۆژ ئاوا لەسەر ڤێتنام ، هاوشێوەى هەمان شەڕبوو لەسەر کۆریاى باکور و باشور . ڤایرۆسى کۆڕونا هاوشێوەى پەتاى کۆلێرایەى فڵانە مێژووە . باسکردنى ئەوڕوداوانەى ڕابوردو زیاتر بۆ پەند و وانە لێ وەرگرتنە . واتە هەوڵ بدرێت ئەو هەڵانەى لە کاتى ڕودانى ئەوشەڕانە یان ئەوکارەساتانە یان بڵاو بونەوەى ئەونەخۆشیانە کراوە ، لە ئێستادا نەکرێن و دوو بارە نەکرێنەوە .
بەڵام ئەوەى جێگاى سەرنج و تێڕامانە ئەوەیە کە دوو بار ەبونەوەى میژووى ڕوداوەکانى کورد ئێجگار زۆرن و بونە شاییەکەى بناویلەو زوو زوو دوبارە دەبنەوەو میللەتى کوردو سەرکردەکانى نەک هیچ لە ڕابوردو فێر نەبون ، بەڵکو کارەساتى گەورەتریشیان بەسر میللەتدا هێناوە . کاتێک دەتەوێت مێژووى کورد بخوێنیتەوە ، بیزت لە ڕابوردوى خۆت و میللەتەکەت دەبێتەوە . ئەم میللەتە بە درێژایی مێژوو خەریکى یەکتر کوشتن و یەکتر لەناوبردن بون . هەمیشە کاکایەتیان بۆ دوژمنایان کردوە . هەمیشە خەڵەتێنراون و فێلیان لێکراوە . هەرگیز لە هیچ قۆناغێکى مێژوییدا لەسەر یەک سەرکردە ڕێک نەکەوتون و شەڕى یەکتریان کردوە .
ئەگەر مێژوى ئیمارەتى بابانەکان بخوێنیتەوە و بەراوردى بکەى بە ئێستامان جیاوازیەکە ئەوەیە ئێستا خرابترە لەو کاتە . چۆن ئەو کات پاشاکانى بنەماڵەى بابانەکان ببون بەدوو بەشى سەر بە دوو لایەن و شەرَى یەکترییان دەکرد ، ئەوەى ئێستاش ڕودەدات ڕێک هەمان شتە .
ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ڕوداوەکانى ساڵى 1964 و لەگەڵ ئێستا بەراوردى بکەین ئێستامان خرابترە . ڕوداوەکانى نێوان پارتى و یەکێتى لە سەرەتاى دروستبونى شۆڕشى نویی گەلەکەمان لە ساڵى 1976 و شەڕى نێوان ئەودوو بەرەیەو کارەساتى هەکارى بەراورد بکەى بەشەڕى نێوان یەکێتى و پارتى لە ساڵى 1996 و ڕوداوى 31 ئاب ئەوەى دوایی زۆر خرابترو ئابڕوبەرانەترە .
ئەوەى کە ئێستا چاوەڕوان دەکرێت بەسەر میللەتى کوردا بێت لە سایەى سیاسەتى هەڵەى مەسعود بارزانیەوە ، زۆر زۆر خرابتر دەبێ ئەگەر خوانەخواستە ڕوبدات و بەرى پێ نەکیرێت ، لەوەى لەئەنجامى ڕیفڕاندۆم شکست خواردوەکەى مەسعود بارزانیەوە بەسەر کوردا هات و لە ئەنجامدا نیوەى زیاترى خاکى کوردستانمان لە دەستدا بە کەرکوکیشەوەو ئاوارەبونى کوردانى توز خورماتو .
کێشە گەورەکە ئەوەیە کە ئەو هەموو ڕوداو کارەساتە خوێناویانە بەسەر ئەم میللەتەدا هاتون بەڵام سەرکردەکان هیچ وانەکیان لە ڕابودو وەرنەگرتوە . رشوداوەکانى ساڵى 1964 تا ئێستا دەکاتە 58 ساڵ لەمەوبەر . ئەو هەڵانەى مەلا مستەفا کردویەتى یان ئەو گلەیانەى لەو دەکرێت ، زۆر کەمترە لەو هەڵانەو لەو گلەیانەى ئێستا لە مەسعود بارزانى دەکرێت کە هەمان هەڵەى ئەو سەردەمە دوو بارە دەکاتەوە ، چونکە دەبێ عەقڵى ئەم سەردەمە زۆر گەورەتر بێت لە عەقَلڕى 58 ساڵ لەمەوبەر . ئەمە ماناى ئەوە ناگەیەنێت کە بڵێم مەلا مستەفا هیچى نەزانیوەو ئەمەى من باسى دەکەم هیچ لە گەورەیی مەلا مستەفا کەم ناکاتەوە.
دەبێ هەمومان بڕوامان بە پێکەوتنى عەقَلڕى مرۆڤەکان بێت و رشابوردو و خەباتى هەمو سەرکردەکان بەو کاتە بنرخێنین کە تێیدا ژیاوە . چۆن ئەو چەکانەى ئێستا بەکار دەهێنرێن گۆڕاون و زۆر پێش کەوتون ، بەهەمان شێوە عەقَلى مرۆڤەکانیش زۆر گۆڕاون و زۆر پێش کەوتون . کەواتە سیاسەتکردن بە عەقڵیەتى ئەو سەردەمە زۆر نەگونجاوەو لە ئەنجامدا کارەساتى گەورەى لێدەکەوێـتەوە .
شەڕى ساڵى 1996 و ڕوداوەکانى 31 ئاب بە زۆرى لەسەر داهاتى ئیبڕاهیم خلیل ڕویداو وەکو چۆن ئێستا دەڵێن داهاتى نەوت بەزۆرى لە سنوورى ئێمەیە ، بۆیە دەبێ ئێمە بەشى شی{َمان هەبێت. باشە ئەمە لەکوێیى دەوڵەتداریدا جێگەى دەبێتەوە ؟. کەواتە دەبی َخەڵکى یەسرەش بڵین دەبێ بەشى شێر لە داهاتى نەوت بۆ ئێمە بێت . ئەى خەڵکى ڕومادى بڵێن چى نەوت لاى ئەوان نییە .
کاتێک کەسێک یان سەرکردەیەک هەڵەیەک دەکات لەکاتى خۆیدا ڕەخنەو گلەیی زۆرى لێدەکرێت . بەڵام بە تێپەڕ بونى ڕۆژگار هێواش هێواش لە بیر دەچێتەوە . بەڵام کە بۆ جارێکى تریش هەَلڕەیەکى لەو شێوە یان گەورەتر بکات ، ئەو کات هەلڕَە کۆنەکەشى لەسەر زیندو دەکەنەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست