نێچیرەوان و سلێمانی
Thursday, 26/05/2022, 11:07
مێژوو گەواهی ئەوە دەدات، کە هەمیشە کاتێک کە سەرانی پارتی و یەکێتی پەیوەندیی نێوانیان گەیشتۆتە ناتەبایەکی چەقبەستوو، جموجۆڵ لە پایەتەختەکانی ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە دەستیپێکردووە و چاو لەسەرانی هەر دوو پارت سوورکراوەتەوە، ئەوجا بەگوێرەی ئەجێندای خۆیان و لەژێر چاودێری چڕی دەزگەی هەواڵگری خۆیاندا لەسەر مێزی گفتوگۆ دایانناون، ئەوانیش قەت نەیان وێراوە بڵێن، لەل، بۆیە چاوەڕوان کراو بوو کە ئیران دیسان وەک جاران فشار لەسەر کوڕەکانی جەلال و بارزانی دروست بکات، بۆ ئەوەی لە بەغداد بۆ پێکهێنانی حکومەتی عیراقی، کە تا ئێستا دوای بەسەر چوونی چەند مانگێک بەسەر هەڵبژاردنەکاندا پێکنەهاتووە، ئەوان دەبێت لە بەغداد بەگوێرەی پلان و بەرنامەی تاران یەک هەڵوێست بن، یەکەم هەنگاوی ئەو هەوڵانەی ئیران، بەرهەمەکەی چوونی نێچیرەوان بوو بۆ سلێمانی.
پێش ئەو گەشتەی نێچیرەوان، هۆشیار زێباری و فازیل میرانی زەمینەیان بۆ ئەوە خۆش دەکرد، کە ئەوان لە قسەی ئیران دەرناچن و لە میدیاکاندا دەیانگوت: " ئێمە لەگەڵ ئێران پێکەوە خوێنمان بەخشیوە"، بە دڵنیاییەوە ئەمە پەیامێک بوو بۆ ئیران و کوڕەکانی جەلال، کە ئەوان هەرگیز ئەو پەیوەندییە لەدەستنادەن، تەنیا کوڕەکانی جەلال ئەو شەرەفەیان پێنەبەخشراوە، بەڵکو ئەوانیش وەک جاران گوێڕایەڵی هەموو داواکاریەکانی تارانن، واتە کوڕەکانی تاڵەبانی ناتوانن یاری بەو کارتە بکەن و دژی بەرژەوەندیەکانی ماڵی بارزانی بەکاریبهێنن.
پۆستی سەڕۆک کۆماری عیراق بۆ کوڕەکانی بارزانی و تاڵەبانی و ئەوانەی پۆستەکە وەردەگرن، وەک ئەوە وایە کە هەنگیان لە دارا دۆزیبێتەوە، بەڵام ئەزموونی بیست ساڵ لە عیراق سەلماندویەتی کە مسۆگەر کردنی ئەو پۆستە هیچ بەرژەوەندیەکی بۆ پرسی کورد نەهێناوەتە بەرهەم. ئەمڕۆ پارتی دوای بیست ساڵ لەو ئەزموونە، داوای ئەوە دەکات کە ئەو پۆستە پشکی ئەو بێت، بەڵام یەکێتی بە پشکی خۆی دەزانێت، پێشووتر پارتی لە پێناو پۆستی سەڕۆکی هەرێم سازشی لەو پۆستە کردووە.
کوڕەکانی جەلال لەوە ناگەن، کە پێگەی یەکێتی پێش بیست ساڵ لەسەر ئاستی هەرێم و عیراقدا وەک ئەمڕۆ نەبوو، ئەو کات بەهەموو پێوەرێک بێت پارتی و یەکێتی لە تای تەرازودا یەک سەنگ بوون و لەسەر بیناغەی ففتی ففتی ڕێککەوتنی ستراتیژیان مۆر کرد، بەڵام ئەمڕۆ یەکێتی بە جڕەجڕ و تەزویر ئەوجا ١٦ کورسی پەرلەمانی عیراقی هەیە، پارتیش بە تەزویر ٣٣ کورسی هەیە و هەردوو لا بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ڕازی بوونە، واتە ئێستا یەکێتی بیەوێت یان نا، پارتی نزیک دوو بەقەدەر یەکێتی لە پەرلەمانی عیراقدا کورسی هەیە، لە هەمووشی گرنگتر خەزێنەی کوڕەکانی بارزانی، دەیان ئەوەندەی خەزێنەی کوڕەکانی تاڵەبانی پارەیان تێددایە، واتە لە ڕووی ئابوورییەوە بەهێزترن و زۆر لەوان زێتر گرێبەستی ئابووریان لەگەڵ کۆمپانیای بیانی بەستوە، توانیویانە خەڵکی بەرژەوەندیپەرست و ڕارا، لە خۆیان کۆبکەنەوە و دڵی سەڕۆک عەشیرەتەکان بە پارە ڕازی بکەن و بیانکەن بە دەستکەلای خۆیان و گەلێک لەسەرانی پارتەکانی دی باشووریش بکڕن، لە هەمووشی گرنگتر، گەلێک لە کادیری سیاسی و میدیاکرانی یەکەتیان لەسەر ئاستی باڵادا بەگەلکەوتووە هەروها زۆربەی کێشەکان هەر لە هەولێر یەکلایی دەکرێتەوە . کەواتە بەگوێرەی ئەو واقیعە بێت دوای بیست ساڵ پارتی ناهەقی نییە پۆستی سەڕۆک کۆماری عیراق لە یەکێتی بسێنێتەوە، ئەگەر فشاری ئیران نەبا پارتی ئەو کارەی بە ئاسانی بۆ دەچووە سەر.
پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەڕۆک کۆماری عیراق کێشەیان کەوتۆتە نێوان، لە کاتێکدا ئەو کێشەیە دەبوایە لەسەر یەکلایی کردنەوەی پرسی میللەتی کورد بێت لە بەغداد، بەهەرحاڵ لە ئەنجامدا هەر یەکێکیان کەوتۆنەتە سەنگەری چەند حزبێکی شیعەی عیراقی، پارتی لەگەڵ سەدر و سیادە، یەکێتی لەگەڵ چوارچێوەی هەمئاهەنگی شیعەدان.
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردووی عیراقدا، هیچ لایەنێکی سیاسی ژمارەی پێویستی دەنگی مسۆگەر نەکردووە بۆ ئەوەی بتوانێت حکومەتی عیراق پێکبهێنێت. حزبە شیعی و سونەکان و پارتی و یەکێتی و حزبەکانی دی دەبێت لەنێو خۆیاندا هاوپەیمانیەتی دروست بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتی عیراق. ئەم وێنەیە بۆ ئەمریکا و ئیران کە دوو لایەنی دەرەکیی سەرەکیین لە عیراقدا ڕوونە و بۆیان دەرکەوتووە کە گەلانی عیراق هیچ یەک لەو حزبانەیان گەرەک نییە، بەڵام ئەوان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆیان، مەترسی تورکیا و وڵاتانی کەنداو هەر چۆنێک بێت گەرەکیانە حکومەتی عیراق پێکبێت، لەبەرئەوە یەکەم هەنگاو ئیران نواندی و فشاری خستە سەر کوڕانی جەلال و بارزانی بۆ ئەوەی لەنێوان خۆیاندا لەسەر پۆستی سەڕۆک کۆماری عیراق ڕێکبکەون و بەگوێرەی ئەجێندای ئیران بچنەوە لە بەغداد کار بکەن، ئەوەبوو نێچیرەوان بارزانی دوای چوونی بۆ سلێمانی و دانیشتنی لەگەڵ کوڕەکانی جەلال، سەرانی بزوتنەوەی گۆڕان و حزبێکی ئیسلامی، چاوەڕوان دەکرێت بچێت بۆ بەغداد و نەجەف.
مەسعود بارزانی، لە خولی پێشووی پێکهێنانی حکومەتی عیراقیدا داوای پۆستی سەڕۆک کۆماری عیراقی کرد و بۆی نەچووە سەر، ئێستا بۆ ئەو بەدەستهێنانی ئەو پۆستە بۆتە ڕقابەری و سەپاندنی قسەی خۆی، ئەو وەک کابرایەکی عەشایر پێوایە، مسۆگەر نەکردنی ئەو پۆستە بۆ پارتی لێدانە لە شکۆی ئەو لەنێو گەلانی هەرێم بەتایبەتی دوای ئەوەی نەیانهێشت کاندید کردنی هۆشیار زێباری خاڵی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریشی بۆ بچێتە سەر.
پارتی و یەکێتی لە پەرلەمانی عیراقدا ئەو سەنگەیان نییە، تەنیا ئەوە نەبێت کە حزبە شیعەکان دەیانەوێت وەک ئامرازێک تەنیا بۆ تەواو کردنی ڕیژەی یاسایی پێکهێنانی حکومەتی عیراقی بەکاریان بهێنن. سەدر، لە هەڵبژاردنەکاندا لە هەموو حزبەکان زێتر کورسی پەرلەمانی مسۆگەر کردەوە و لەنێو شیعەکاندا لەوانی دیکە پێگەی بەهێزترە و لەگەڵ مەسعود بارزانی ڕێککەوتووە، واتە پاشەکشە کردن لە ڕێککەوتن لەگەڵ سەدردا هەنگاوێکی قورسە، بێگومان لەسەر ئاستی گۆڕەپانی سیاسی هەرێم و عیراقدا لە ڕووی خوڕەوشتی سیاسیدا ڕوو زەردی بۆ مەسعود بارزانی تێددا دەبێت. هەنووکە بە فشاری ئیران مەسعود لە دوو ڕیانە، پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ئایا ئەو خاوەن گفتی خۆی دەبێت لەگەڵ سەدر، یان بە مسۆگەر کردنی پۆستی سەڕۆک کۆماری عیراق پشت لە سەدر دەکات؟ یان بە فشاری ئێران ئەوجارەش سازش لە پۆستی سەڕۆک کۆماری عیراق دەکات بۆ یەکێتی؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست