خەساندن و بە کۆیلەکردنى کۆمەڵگا
Monday, 23/05/2022, 17:46
هەر وەکو چۆن لە چاخە کۆنەکاندا سوڵتان و پێاوە دەست ڕویشتوەکان خزمەتکارو دەست و پێوەندەکانى ناو قەسرەکانیان خەساندوە و لە پیاوەتیان خستون و کردویانن بە کۆیلەى خۆیان و چۆنیان ویستوە ئاوا مامەلەیان لەگەڵ کردون و بۆ بەرژەوەندى خۆیان بەکاریان هێناون ، لە ئێستادا یەکێتى و پارتى لە ڕێگاى جۆراو جۆر و بە شیوازى تایبەت کۆى کۆمەڵگاى کوردیان خەساندوە ، واتە بیدەنگیان کردون .
حیزبى کوردى لە برى ئەوەى کۆمەڵگاى کوردى بەرەو پێشەوە بەرێت و ناوماڵى کورد ڕێک بخات لەپێناوى پێشخستنى هەرێمى کوردستان و بەدەستهێنانى مافەکانى ، بۆتە هۆکارى تێکدانى ناوماڵى کوردو پەرتەوازەکردنى . جگە لەوەش تا ئێستاش حیزبە دەسەڵاتدارە کوردیەکان لە لایەن بنەماڵەکانەوە سەرپەرشتى و ئیدارە دەدرێن .
واتە حیزبەکان حیزبى بنەماڵەن . کەواتە ئەو حکومەتەى لە سەر دەستى ئەو حیزبانەش پێک دەهێنرێت دەبنە حکومەتى بنەماڵە نەک حکومەتێک کە نوێنەرایەتى گەل بکات . کە واتە لێرەدا حیزب دەبێتە شاگردى بنەماڵەو بنەماڵەش بە ویستى خۆى فەرمانبەرەکان دەست نیشان دەکات و بەرپرسیاریەتیان پێ دەسپێرێت و ئەوانیش بە ویستى ئاغاکانیان هەڵس و کەوت دەکەن . ئێستا لە ڕێگاى ئەم ڕونکردنەوانەى لە خوارەوە باسیان دەکەم باشتر تێ دەگەن چۆن یەکێتى و پارتى کۆمەڵگاى کوردیان خەساندوەو کردویانە بە کۆیلەو مریدى خۆیان.
1-بۆ ئەوەى دام ودەزگاکانى حکومەت بە باشترین شێوە ڕێک بخرێن و کاروبارى هاوڵاتیان بە شێوەیەکى ئاسان بەڕێوەبەرن و وڵات بەرەو پێشەوە بەرن دەبێ پرەنسیپى کەسى شیاو بۆ شوێنى شیاو پەێرەو بکرێت . واتە کەسێکى خاوەن بڕوانامە و شارەزاو لێزان و پسپۆڕو دڵسۆز و دەست پاک و نیشتمان پەروەرو خاوەن کەسایەتى بدۆزرێتەوە بۆ بەڕیوەبردنى وەزارەتێک ، فەرمانگەیەک ، دادگایەک ، زانکۆیەک ، قوتابخانەیەک ، کارگەیەک .....هتد. نەک شوێن بدۆزرێتەوە بۆ کەسانى هیچ لە بارا نەبوى حیزبى و کاسەلێس و سەر بە بنەماڵەکان .
بەڵام بە پێچەوانەوە حکومەتى هەرێمى کوردستان هەر لە یەکەم ڕۆژى دامەزراندنیەوە ، حکومەتێکى یەکگرتو نەبوەو ئێستاشى پێوە بێت دوو ئیدارەى سەر بە دوو بنەماڵەن و حکومەت هەر ناوەو هیچیتر . بۆیە هەموو بەرپرسى فەرمانگەکان و سەرۆک و ڕاگرى زانکۆ و کۆلیجەکان و بەڕیوەبەرى قوتابخانەکان و پەیمانگاکان و دادگاکان و وەزیرەکان و بەڕیوبەرە گشتییەکان و ڕاوێژکارە کان و هەموو بەرپرسەکانى ترى دام ودەزگاکانى حکومەت کەسانى سەربە دوو بەماڵەو دوو حیزبى فەرمانڕوان و شوێنیان بۆ دۆزراوەتەوە .
بەرپرسى فەرمانگەو دام ودەزگاکانى حکومەت لە برى ئەوەى لەسەر بنەماى شارەزایی و لێهاتوى دانرێن ، لەسەر بنەماى حیزبى بون و لە ڕێگاى لق و ناوچەو مەڵبەندو کۆمیتەکانى حیزبیەوە بۆ پۆستەکان دەپاڵێورێن . ئەوانە بۆیە دانراون کە وەلایان بۆ حیزب و بنەماڵە هەبێت و فەرمانى ئەوان جێ بەجێ بکەن . بەو هۆیەوە هیچ کاروباریک وەکوخۆى جێ بەجێ ناکرێت و دیاردەى گەندەڵى و بەهەدەردانى سامانى گشتى و خۆ دەوڵەمەند کردن بۆتە سیما و کەلتورێکى ناشیرینى ئەم هەرێمەو هۆکارى وێرانبونى . کەسێک دەکرێتە سەرۆکى دادگا یان دەبێتە حاکم شایانى ئەو پۆستە نییەو موچەیەکى زۆرى هەیە . کەسێک دەبێتە سەرۆکى زانکۆ یان دەبێتە ڕاگرى کۆلیجێک کە بە قبوڵ خاس لە زانکۆ وەرگیراوە .بۆیە ئەمانە ناتوانن سەربەخۆبن لە کارەکانیاندا . کەسێکى وەکو توانا کەمال دەکرێتە سەرۆکى شارەوانى سلێمانى کە بەنوکە قەڵەمێک و ئیمزایەک لە ماوەى یەک دەقیقەدا بە بڕیارى سەروى خۆى کەسێک دەکاتە ملیۆنێر . بڕیاردەدات شوێنى باخچە و شوێنى یاریگاو شوێنى قوتابخانەکان بکاتە شوێنى نیشتەجێبون . حاکمێک لەسەر بڕیارى حیزب حوکمى ناحەق بەسەر هاوڵاتیاندا دەدات و بەلایەوە ئاساییە .
فەرمانگەى داواکارى گشتى بێدەنگە لە ئاستى بەهەدەردان و دزینى سامانى هەوڵاتیانى و داگیر کردنى موڵک و ماڵى گشتى کە بە ئاشکرا بە بەرچاویانەوە دەکرێ . خۆ ئەگەر نوسراویشیان بۆ بنوسى و ئاگاداریشان بکەیتەوە ، ئەوان هەر بێدەنگ دەبن چونکە پێیان وتراوە قسەنەکەن و ئەوە کارى ئێوە نییە .
کەسێک دەکرێتە سەرۆکى زانکۆ گومان لە بڕوانامەکەى دەکرێت بۆیە ئاستى زانکۆکانى کوردستان لە خوارى خوارەوەیە . کەسێک دەکرێتە وەزیر گرَێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەک ئێمزا دەکات تەنها بۆ مەبەستى دزیکردن و خۆ دەوڵەمەنکردنى خۆى . کەواتە هەنگاوى یەکەم لەڕێگاى پێدانى پلەو پۆستەوە خەڵکیان خەساندوەو کردویانن بە کۆیلەى خۆیان .
2- لەهەرێمى کوردستان حیزب حکومەتى ڕاستە قینەیە و حکومەت شاگردى حیزبە . بەدیوێکى تردا حیزب حکومەتە لەناو حکومەتدا . بۆیە دەبینى ژمارەى ئەندامانى حیزب کە لە سەرکردایەتى و بنکردایەتى و لق و ناوچەى پارتى و مەڵبەندو کۆمیتەکانى یەکێتى و ڕێکخراوە بەناو دێموکراتیەکان و کاروبارى کۆمەڵایەتى و سوڵح و سەڵاحەت کار دەکەن ئەگەر زیاتر نەبن لە فەرمانبەرانى حکومەت کەمتر نین و ئەمانە هەمویان بونە بارێکى قورس بەسەر بودجەى گشتى خەڵکەوە چونکە هیچ کارێک بۆ میللەت ناکەن و ئەمانە کەسانى خەسێنراون و کراون بە کۆیلەى حیزب . کەواتە ئەو پارەیەى لەبەردەستدایە بەشى موچەى ئەو لەشکرە بێکارەى حیزبیش ناکات ، نەک ئەنجامدانى خزمەتگوزارى .
3- یەکێتى و پارتى دوو حکومەتى جیاوازن لەناو یەک حکومەتى درۆینەدا . هەر یەکەیان هێزى پێشمەرگەى تایبەت و ئاسایش و پۆلیس و دژە تیرۆرو دەزگاکانى زانیارى و پاراستنى خۆى هەیەو تەنانەت ناوەکانیشیان جیاوازە . هیچ لایەنێکیان ژمارەى تەواوى ئەوهێزانە نادەنە وەزارەتى درۆینەى بەناو پێشمەرگەو وەزارەتى دارایی . بۆیە بە ئارەزوى خۆیان چۆن و چەندیان بوێت دەیکەنە لیست و پارە وەردەگرن .
ئەگەر بەدواداچونێکى وەرد بکەى لانى کەم لەناو هێزى پێشمەرگەدا بەقەدەر ژمارەى یەک لیوا بندیوار هەیە . فەرماندەى سەربازى نییە دەیان بندیوارى نەبێت . ئەگەر بچیتە خواروە بۆ یەکەکانى پێشمەرگەو بەدواداچونى ورد بکەى ئەو کات تێ دەگەى چەند کەس ناوى لە لیستدا هەیەو چەند کەسیش بە ڕاستى ئەرکى بینیوە . ئەوەتا پارتى بە ئارەزوى خۆی بێ ئەوەى پێویستبن هاتوە 6 هەزار ئاوارەى سوورى کردۆتە پێشمەرگەو بۆ ئەوەى دژى کورد خۆى بەکاریان بهێنێـەوە و ئەوانە بونە ئەرکى قورس بەسەر بودجەى گشتییەوە .
پارتى ناوە ناوە فەوجێک بۆ کەسێک دەکاتەوە بۆ بەکار هێنانیان دژى یەکێتى و . ماوەى 10 ساڵە بەئاشکرا 500 دەرچوى زانکۆ دانەمزراون . بزانن چەند پێشمەرگەش شەهید بوەو چەند کەسیش ساڵانە خانە نشین دەبن و موچەکەیان دەبێتە نیوە . لە برى ئەوەى خەرجى موچە کەم ببێتەوە ساڵانە دەیان ملیار دینار خەرجى زیاد دەکات ئەمە بۆچى ؟.
لەبەر ئەوەى بەدزیەوە لەناو هێزى چەکداردا بەردەوام خەڵک دادەمەزرێنن بۆ ئەوەى بیانکەنە کۆیلەى خۆیان و بەکاریان بهێنن دژى هاوڵاتیان . ئەو هێزە چەکدارەى یەکێتى و پارتى هەیانە بە ژمارە زۆر زیاترە لە ژمارەى سوپایەکى وەکو ئیسڕائیل کە شەر ِلەگەڵ هەموو عەرەب دەکات . ئەمە لە کاتێکدایە ئەم ژمارە زۆرەى چەکدارە تەنها ئەرکیان بەرگریکردنە لە هەردوو بنەماڵەو ڕوبەڕوبونەوەى هاوڵاتیان .
4- بەشێکى هاوڵاتیانیان کردۆتە کۆیلەى خۆیان لە ڕێگاى پێدانى زەوى . دامەزراندنى کەس و کاریان . بڕینەوەى دیوەخانانە بۆ کەسایەتییە دیارەکان . ناردنى ئوتومبێلى ئاخر مۆدێل بۆ هەندێک کەسى دیارى ناوکۆمەڵگا لە کاتى هەلڕَبژاردنەکاندا . ڕێگا پێدان و کار ئاسانیکردن بۆ هێنانى کەل و پەلى ماوە بەسەرچوو لەمەرزەکانە .
لەم ڕێگایانەو بە شێوازى جۆراو جۆرى ترەوە بەردەوام خەرێکى خەساندن و بە کۆیلەکردنى جەماوەرن واتە بیدەنگ کردنیان بەرامبەر بە تاوانەکانى خۆیان . جارى واهەیە کەسێکى هیچ نەبوى سواڵکەر لە ناکاو وەکو قارچک هەلڕَ دەتۆقى و دەبێتە کەسایاتییەکى دیارو دەوڵەمەند بە هۆى نزیکى لە کەسانى حیزبیەوە . گومانى تێدا نییە ئەویش بەدل َو بەگیان دەبێتە خزمەتکارى حیزب .
5- تا پێش ڕاپەڕین هەموو هێزى پێشمەرگەى کوردستانى هەموو لایەنەکان زیاتر نەبوە لە 7-8 هەزار پێشمەرگە ئێستا بچن ببینن چەند کەس بەناوى پێشمەرگەوە خانە نشینکراوە . .. خەڵکک هەیە لەحیم چى بوەو بەو هۆیەوە چاوێکى لەدەست داوە ، ئێستا بە پلەیەکى بەرز بەناوى پێشمەرگەو کەم ئەندام خانە نشینکراوە . کەسێکى تر لە تراکتۆر کەوتۆتە خوارەوە ، ئێستا عەمیدى کەم ئەندامە . بەهەزاران کەس کراوە بە شەهید کە هەر پێشمەرگە نەبوە . خەڵک هەیە بە ئاسایی مردوەو خراوەتە سەر لیستى شەهیدان .
جگە لە هەموو ئەمانە ژمارەیەکى یەکجار زۆر هاوڵاتى هەیە کە بۆ یەک ڕۆژیش پێشمەرگە نەبوەو یەکێتى و پارتى هاتون موچەیان بۆ بڕیونەوە تەنها بۆ ئەوەى دەنگیان بۆ بدەن . خەڵک هەیە جاش بوەو بەرزترین موچەى هەیە . ئەگەر دەتانەوێت بزانن ئەم هەرێمە لە سایەى یەکێتى و پارتیەوە توشى چ کارەساتێک بوە ، بەیانیانى زوو پێش دەست پێکردنى دەوام بچن بۆ بەردەم فەرمانگەکانى حکومەت بەچاوى خۆتان دەبینن چەند ئافرەتى بە تەمەنى بەساڵاچو بە شەلە شەل و لارە لار دەچن بۆ پاک کردنەوەى فەرمانگەکان چونکە هەموو کەسێک بیزى نایەت ئەوکارە بکات .
هەرئەم کەسە لە سەرى مانگدا و لە کاتى خۆیدا موچە وەرناگرێـت و کە خانە نشینیش کرا دەبێ لە سەرەى موچە وەرگرتندا گیان لە دەست بدات . بەڵام لەولاوە سمێل بابرێک کە کاتى خۆى جاش بوەو لە لایەن ئەم دوو حیزبە فەرمانڕەوایە تاڵانچیانەوە موچەى باشى بۆ بڕاوەتەوەو گاڵتە بەخەڵک دەکەن .
هەرچى سیفەتى حوکمڕانى هەیە لەم وڵاتەدا نییە . قوتابخانەى وا هەبوە 25 مامۆستاى تێدا بوە 15 کاتیبەى هەبوە بەڵام دوو پێرەژنى داماوى بەسالاچوو هەبوە وەکو خزمەت گوزار ئاخر چۆن حوکمرانى بەمانە دەکرێت ؟.
6 –ئەو پارەیەى کە دراوە بە ئوتومبێل بۆ ئەندامانى سەرکردایەتى و بنکردایەتى و کادیرو ئەندامانى هەردوو حیزب و کەسایەتیەکان و لەگەڵ حسابى مەسەرەفى بەنزین و خەرجى چاکردنەوەیان و لەگەلڕَ زۆرینەى ئەو ئوتومبیلانەى بۆ دام و دەزگاکانى حکومەت کڕاون کە زۆرینەیان هەر زیادەن و پێویست نین و بۆ ڕازیکردنى خەڵک کڕاون ،ئەگەر هەموو ئەو پارەیە حساب بکرێت بەلانى کەمەوە 20 کارگەى گەورەى پی َدادەمەزرێنرا ، کە هەر یەکەیان 500 کەس کارى تێدا دەکات . بەڵام هەموو ئەم بە هەدەر دانە بۆ ئەوەیە خەڵک بخەسێنن ، واتە بێدەنگیان بکەن و بیانکەنە کۆیلەو خزمەتکارى خۆیان .
7- بەڵام ئەوەى زۆر مایەى نیگەرانیە . ئەوەى زۆر مەترسیدارە . ئەوەیە کە لە ئێستادا نوخبەى ڕۆشنبیریش خەریکە بە تەواوى بخەسێَنرێت و بێدەنگ بکرێن . سەردەمانێک لە شارى سلێمانى نوخبەى ڕۆشنبیر ببو بە مەترسى گەورە لەسەر دەسەڵات . کەسانێک هەبون وەکو ئەستێرەى گەشاوە وابون لە ئاسمانى سلێمانیدا . قسەکانیان نوسینەکانیان لێدوانەکانیان ، نرخ و بایەخى خۆى هەبوو . خەڵک گوێی بۆ دەگرتن . بەڵام بەداخەوە ئەو دەنگانە نەمان و کپ کران .ئەم دەسەڵاتە لە ڕێگاى پێدانى پلەو پۆست و موچەى باشەوە ، زۆرێک لەوانەى کڕێن و کردنى بە کۆیلەو گوێڕایەڵى خۆى .
ئەوانە ژمارەیان زۆرەو بە باشیشى نازانم ناوى کەس بهێنم . هەرچى پەیج وسایتى ئینتەرنێتى هەیە تەنها ئەوانە نەبێت کە بەقەدەر پەنجەکانى دەستن ، هەمویان لە لایەن دەسەڵاتەوە کڕاون و خاوەنەکانیان بونە کۆیلە . دەسەڵات خۆى بە سەدان پەیجو سایتى کردۆتەوەو خەڵکى تایبەتى داناوە بۆ چەواشەکردنى کۆمەڵگا .
کارەساتى گەورە ئەوەیە کە رۆِشنبیرێک ، خاوەن بڕوانامەیەکى بەرز ، خاوەن پۆَستێکى باڵا، خاوەن کەسایەتییەکى ناو شار بێدەنگ بێت و خۆى بە بەرپرسیار نەزانێت بەرامبەر بەو هەموو پێشێلکاریانەى بەرامبەر بە پیرۆِزیەکانى شار دەکرێت . ئێرە ئەوروپا نییە کەسێک شتێک لەسەر حکومەت بنوسێت و خێرا حکومەت وەڵام نەداتەوە یان ئیجرائات نەکات .
ئێرە کوردستانە بەرپرسانى ئێرە نە گوێیان هەیە نە زمان نابێ هەر بەوە ڕازى بێت شت بنوسێت ، دەبێ ڕوى دەمیان تی َبکەیت و بڵێى ئەوەى نوسیومە لەگەَل تۆمە . جارى واهەیە هەر قسە ناکات و خۆى گیل دەکات . دەبێ ئەو کات دەست و یەخەى بگرێت و ڕاى وەشێنێت و پێی بڵێی ئەوە لەگەڵ تۆمەو ئاگادار بەو خۆت گیل مەکە .
باشە دەپرسم سەرۆکى پێشوى شارەوانى سلێمانى توانا کەمال کە بڕیارى دەرکرد شوینى مەسڵەحەى کۆن کە بۆ باخچە دانرابوو ، 140 دۆنم زەوى کە بۆ یاریگاى نێو دەوڵەتى دانرابوو ، بەشێکى ئەو زەویە بەتاڵانەى پشتى خەستەخانەى ئەنوەر شێخە کە ئێستا پەیمانگاى وەرزشى پەروەردەی و کۆلیجى سەڵاحەدینى ئەهلى تێدایە بکرێنە شوێنى نیشتەجێبون و بازرگانى ، چەند کەس هاتە دەنگ وو چەند کەس شتێکى لەسەر ئەو تاوانە گەورانە نوسى کە ئەوە دەست درێژى کردنە بۆسەر پیرۆزیەکانى شار لە لایەن کۆیلەکى حیزبەوە . ئەو تاوانە لە هەر وڵاتێکى ترى دنیا بکرایا ، شارێک دەخرۆشا . لەوڵاتان لەسەر بڕینەوەى درەختێک خەڵک خۆپیشاندان دەکات ، لەم وڵاتەى ئێمە لەسەر بڕینەوەى شارێک کەس نقەى لێوە نایەت بۆیە تاماوین دەبی َهەر کۆیلەبین ، کۆیلەى دەستى بیگانە بین یان کۆیلەى دەستى دەسەڵاتدارانى خۆمان ، جیاوازى نییەو کۆیلە هەر کۆیلەیە .
باشە کەسێک بۆ جارێک باسى ئەوەى نەکرد بۆچى لە پردى کۆبانیەوە بەرەو هەوارى شار بایی 60 ملیۆن دۆلار داگیر کراوە لە لایەن سەرانى حیزب و بنەماڵەوە بەڵام لەناو کارێزە وشکەوە تا دەگاتە پارکى ئازادى لە کیلۆمەترێک کەمترەو لە زەمانى سەدام حوسەینەوە بڕیار درابوو بکرێتە جوت سایدو قەرەبوى هەموو ئەو ماڵ و دوکانانەش کراوە کە بەر شەقامەکە دەکەون .لە ماوەى 31 ساڵى حوکمڕانى کوردو یەکێتى نیشتمانى کورستانە ئەم کیلۆمەترە نەکرا بە جوت ساید بۆ ئەوەى سیماى ئەم شارە کەمێک جوان ببێت و هاتوچۆش ئاسانتر بێت .
بەڕێزان : ئەوانەى ئەم شارە بەڕێوە دەبەن خەڵکى ئەم شارەە نین و تەنها بۆتاڵانکردنى لێرەن . بۆیە دەبێ هەر خەڵکى ئەم شارە خەمى شارەکەى خۆیان بخۆن و لەسەر داگیرکردنى بێنەدەنگ و بە ئاشکرا هاوار بکەن . باشە ئەگەر حاکمێکى ئەم شارە مامۆستایەکى زانکۆى ئەم شارە، ڕۆشنبیرانى ئەم شارە ، کەسایەتییەکى ئەم شارە ، خەمخۆرەکانى ئەم شارە نەیەنە دەنگ ئەى چاوڕوانى کێ دەکەن لە برى ئێمە بێتـە دەنگ و بەرگرى لە پیرۆزیەکانى شارەکە بکات ؟.
بەڕاستى سەیرە شارى هەڵمەت و قوربانیش ئاوا بە ئاسانى خەسێنراو بێدەنگ کراو بو بە شارى کۆیلە خەسێنراوەکان و هەرگیزچاوەڕوانى ئەو سوگایەتییە لە دانیشتوانى شارى هەڵمەت و قوربانى نەدەکرا . لە هەر وڵاتێکى ترى دنیادابوایە لەسەر داگیرکردنى شوێنى یاریگاکەو شوێنى باخچەو هەموو شار بەیەکەوە دەڕژانە سەر شەقامەکان . لانى کەم وەرزشە وانەکان . ئەى باشە ئەم هەموو یانە وەرزشیانە چین و چ کارەن ؟. بەڵام داماوانە نازانن کە بە ناوى یانەى وەرزشى و وەرزشەوانەکانەوە نێوەى زەوى ئەم شارە بەتاڵان براوە و فرۆشراوە ، . کاتى ئەوەیە هەمومان بەیەکەوە بێینە دەنگ .
ڕۆشنبیر بەرپرسیاریەتێکى قورس و گەورەى دەکەوێتە ئەستۆ و زۆر شتى گەورەشى پێدەکرێت ئەگەر ئیرادە هەبێت . خۆ ئەگەر وریاش نەبێت دەکەوێتە بەر ڕەخنەى زۆر قورسەوە . لە بیرتان نەچێت ڤلادێمیر لینین دەڵێت : ڕۆشنبیران بەتواناترین خەڵکن بۆ خیانەت، چونکە بەتواناترن لە خەڵکى تر بۆپاساو هێنانەوە .
کۆتا قسەشم ئەم چەند قسە جوانەیە کە لە فەیسبوکەوە وەرم گرتون و بەڕاستى زۆر جوان و پڕبایەخ و پڕ بە پێستى خۆیەتى کە بەم دەسەڵاتەى ئێستا بوترێت . حکومەتەکەى بنەماڵەى بارزانى و تاڵەبانى لە ژێر دوو ناوى پارتى و یەکێتیدا لەسەر ئەم بنەمایانەى خوارەوە پێک هێنراوە : پەڕلەمان شاگردى حکومەتە . حکومەت شاگردى حیزبە . حیزب شاگردى بنەماڵەیە . بنەماڵە غولامى بێگانەیە . خۆشم ئەمەم بۆ زیاد کرد ، میللەتیش قوربانى و ڕەنجەڕوى دەستى ئەمانەیە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست