یەکێتى نیشتمانى خۆى گەورەترین مەترسییە لەسەر زونى سەوز (بەشى دووەم)
Sunday, 15/05/2022, 8:26
تکایە تا کۆتایی بە دیقەتەوە بیخوێنەوە بۆ ئەوەى بزانیت چۆن شارەکەت وێرانکراوە .
شارى سلێمانى لە شارى هەڵمەت و قوربانیەوە بۆ شارى قوربانى .
لە بەشى یەکەمى ئەم باسەمدا باسى کێشەو گرفتى ناو خۆى یەکێتى دواى کۆنگرەى چوارەم و بارودۆخى زونى سەوز و پەیوەندیەکانى نێوان یەکێتى و پارتیم کرد . باسى کێشەى نەمانى پارە لە بانکەکانى سلێمانى و تۆمەتبارکردنى پارتى لایەن یەکێتییەوە بە هۆکارى نەمانى پارەو وەڵامدانەوەى پارتى بۆ تۆمەتەکانى یەکێتى .
هەرچەندە بە ڕواڵەت هەرێمى کوردستان خاوەنى حکومەت و ئیدارەو دام و دەزگاو هێزى پێشمەرگەو بەڕێوەبردنى خۆیەتى ، بەڵام لە ناوەرۆکدا هەردوو بنەماڵەى بارزانى و تاڵەبانى لە ژێرناوى پارتى و یەکێتیدا بەڕێوەى دەبەن . بەڵام ئەوەى گرنگە ئاماژەى بۆ بکەم ئەوەیە کە بنەماڵەى بارزانى باش خۆیان ڕێک خستوەو خاوەنى مەرکەزیەتى خێزانی و لە هەمان کاتیشدا حیزبیشن .
پەیوەندى ناوخۆیی و دەرەکیشیان بەهێزەو ڕاوێژکارى تایبەتیان هەیە کە ڕێنماییان دەکات و بەو هۆیەوە بونە هێزى یەکەمى هەرێمى کوردستان و لە ئێستادا هەموو جومگە ئەساسیەکانى حکومەتیان لە دەستدایە ئەگەر حکومەت هەر بە ناویش بێت . بنەماڵەى بارزانى کە بە ئاشکرا دەڵێن پارتى حیزبى بنەماڵەى ئێمەیەو ئەوەى دەیەوێت پارتى بێت دەبێ ئێمەشى قبوڵ بێت . وەکو تا ئێستا دەریش کەوتوە پارتى لە هەموو حیزب و لایەنەکانى تر زیاتر وەفا دارە بۆ لایەنگرانى خۆى . یەکێتى نیشتمانیش کە لەساڵى 1976 دروست بو و ڕەگى دروستبونەکەشى لە جیابونەوەى بەشێک لە سەرکردەکانى ئەو کاتى پارتى سەرچاوە دەگرێت کە لە ساڵە 1964 جیابونەوەو دوایی بە بەرەى جەلالى ناسران .
یەکێتى کە لە چەندین لایەنى سیاسى خاوەن بیرو بۆچونى سیاسى جیاواز پێک هاتبو خۆى بە خاوەنى شۆڕشى نوێی گەلى کورد دەزانى و خاوەنى هەزاران شەهیدە . بەڵام دواى ڕاپەڕێن و نەمانى حیزبى بەعس و بونى مامجەلال بە سەرۆک کۆمار ، یەکێتیش بوو بە حیزبى بنەماڵەو دواى نەمانى مامجەلال کوڕەکانى بونە میراتگرى و ئێستا یەکێتى بە حیزبى خۆیان دەزانن.
گۆڕانکارى و ڕوداوەکان و مەترسیەکانى دواى کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى :
یەکەم : کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى بە مەبەستى نوێکردنەوەو بەهێزکردنى یەکێتى بەسترا ، بەڵام ئەم کۆنگرەیە شێوە کودەتایەک بوو لەناو یەکێتیدا ئەنجامدراو ئەوەندەى تر ڕێزەکانى یەکێتى پەرتەوازە کرد . دوو کەس لە بنەماڵەى تاڵەبانى بونە هاوسەرۆکى یەکێتى . زوربەى هەرە زۆرى سەرکردە کۆنەکانى یەکێتى سەردەمى شاخ لە ناوەندى بڕیار دوورخرانەوە . 124 کەسى بونە ئەندامى سەرکردایەتى .
دواى ماوەیەکى کورت نێوانى دوو هاوسەرۆک تێک چوو ، بافێلڕ تاڵەبانى لاهورى شێخ جەنگى ئامۆزاى لە هاو سەرۆکى یەکێتى دوور خستەوەو ئەوەندەى تر ریزەەکانى ناو یەکێتى لێکترازان و پەرتەوازە بون و کەوتنە دژایەتى یەکترى تا ئاستى دورخستنەوەو لەناوبردنى لایەنگرانى نزیک لە لاهور شێخ جەنگى.
دووەم : بە بۆچونى خۆم گەوروترین مەترسى بۆ سەر زونى سەوز دواى کۆنگرەى چوارى یەکێتى و ڕوداوەکانى 8 ى تەموز ئەوەیە کە ژمارەیەکى زۆر بونە ئەندامى سەرکردایەتى کە وێنەى نییە . وەکو ژمارە زۆر نەگونجاوەو چۆن کۆبونەوە بەو ژمارە زۆرە دەکرێت ؟. جارى وا هەیە حیزبێک کۆنفڕانسێک یان پلینۆمێک دەبەستێت هەر ئەوەندە ئەندام بەشدار دەبن . کەواتە ئەمانە هەر ناون و هیچى تر . لە لایەکى ترەوە زۆرینەى هەرە زۆریان شایانى ئەوە نین و ناشێت ئەوانە ببنە ئەندامى سەرکردایەتى حیزبێکى گەورەى خاوەن مێژو و دەیان هەزار شەهید .
لە لایەکى ترەوە ئەوانە دەبنە بارێکى قورس بەسەر بودجەو قوتى خەڵکەوەو خەرجى مانگانەى ئەمانەو بەنزینى ئوتومبیل و نەسریەو پاساوانەکانیان بەشى دامەزراندنى دەرچوى 1000 خوێندکارى زانکۆ دەکات کە چەندین ساڵە یەک کەس دانەمەزراوە .یەکێتى پێویستى بە 25 ئەندامى سەرکردایەتى هەیەو لە ناو ئەوانەدا 7 کەسێک ببنە ئەندامى مەکتەبى سیاسى .
بەڵام دەبێ کەسانێکى شارەزاى بوارى سیاسەت و دیبلۆماسیەت و خاوەن کەسایەتى و خوێندەواربن نەک هەر تەنها ناوبن و بەس . لێرەدا مەبەستى من ئەوە نییە کە نابێ کەسى تازە بێتە پێشەوەو تەنها سەرکردە کۆنەکانى سەردەمى شاخبن .
گرنگ ئەوەیە کەسانى شایستەبن بۆ ئەو شوێنە و کۆن و تازە شتێک نییە بایەخى هەبێت . بەڵام مەترسیە گەورەکە لیرَەدا ئەوەیە سەرە ڕاى بونى ئەو لەشکرەى سەرکردایەتى ، کەس خاوەن قسەو بڕیار نییەو هەموو بڕیارێک لەدەستى یەک کەسدایە و دواجار هەر ئەوەشە دەبێتە گەورەترین کارەسات بۆ سەر ئایندەى یەکێتى .
سێیەم : مەترسى سێیەم ئەوەیە کە ئەوانەى ئێستا سەرکردایەتى یەکێتى دەکەن بە هاوسەرۆک و ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتیشەوە ئاگادارى خەبات وماندوبونى پێشوى خەڵک نین ، بۆیە هەستیش بە ئازارەکانیان ناکەن . ئەوانەى ئێستا ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتین ئاگایان لە ماندوبون و خەباتى ڕابوردوى خەڵک نییەو تەنها ئەوە دەبینن کە ئێَستا هاتونە سەر حازرى و بیتاقەیان بۆ دەرچوەو بەلاى ئەوانەوە خەڵک هەیەتى یان نییەتى ماندو بوە یان ماندو نەبوە موچە لە کاتى خۆیدا وەر دەگرێت یان دوادەکەوێت ئەوە کیشەى ئەو نییەو خۆى مسوەگەرەو خواداویەتى و بۆچى لەقەى لێ بداو لە خۆى تێک بداو قسە بکات .
لێرەوە ناڕەزایی و ڕەخنەى خەڵک دەست پی َدەکات ، ئەگەر بارودۆخ هەر بەردەوام بوو ، قۆناغى مانگرتن و خۆپیشاندان دەست پی َدەکات وەکو ئێستا ،خۆ ئەگەر بارودۆخەکە چارەسەر نەکرا ، خەڵک بیر لە ڕاپەڕین دەکاتەوە چونکە ئەم دەسەڵاتە بە دوژمنى خۆى دەزانێت . ئەوەتا خەڵک تەمەنا بۆ سەردەمى بەعس دەخوازێت و داوادەکەن موچەى خەڵک بچێتەوە سەر بەغدا . واتە هەرێمى کوردستان بگەڕێـتەوە ژێر دەسەڵاتى حکومەتى مەرکەزى و دەست بەسەر نەوتیش دا بگرێتەوە .
چوارەم : دواى لێدوانەکەى مەسرور بارزانى بە تەواوى دەرگاى ژوورە تاریکەکان کرایەوەو پەردە لەسەر خاڵێکى گرینگى ڕێکەوتنى ستراتیجى نێوان پارتى و یەکێتى لادراو ڕاستییەکان بۆ خەڵک ئاشکرا بوو . مەسرور بارزانى دەڵێت : کاتى خۆى کاک قوباد لەگەڵ نیچیر بارزانى ڕێک کەوتوە و ڕازى بوە بەوەى لە سەدا 43 داهاتى نەوت و 200 ملیارەکەى بەغدا بۆ یەکێتى بێت و لە سەدا 57 بۆ پارتى و ئەگەر کەمى هێنا بۆ موچە دەبێ هەر لایەنەو لە داهاتى سنوورى خۆى تەواوى بکات .
دوایی دەڵێت . من دەسەڵاتم داوەتە کاک قوباد کە بچێت داهاتى سنوورى یەکێتى بۆخۆیان کۆبکەنەوە . قسەکەى ئەو وەکو ئەوە وایە بڵێ پێم وتوە بچن داهاتى سنورى خۆتان بۆ موچەو پێداویستى سنوورى سەوز کۆ بکەنەوە بەڵام بۆخۆیانیان بردوە . واتە بۆ بنەماڵەى تاڵەبانى . کەواتە ئەم هاش و هوش و هەڕەشانەیان لەچى کە دەڵێن قبوڵى ناکەین پارتى سزاى سلێمانى بدات . ئەوە ئێوە خۆتانن لە پێناوى دەسکەوتى خۆتاندا سلێمانیتان سوک کردوە . ئەى پێشتر نەتان دەزانى کە داهاتى ناوخۆى پارتى دوو ئەوەندەى داهاتى ناوخۆى سنورى یەکێتیە ؟.ئەى ئەگەر بەغدا 200 ملیار دینارەکەشى بڕى ئەو کات چى ئەکەن ؟. داهاتى سنوورى پارتى ئەوەندە زۆرە ئەگەر پارە لە بەغداشەوە نەیەت دەتوانن موچەى سنوورى خۆیان بدەن . ئاخر ئێوە بە چ عەقڵێکەوە قبوڵتان کرد هەرێمى کوردستان بکرێتە دوو ئیدارەی و چۆن ڕازیبون و چۆن حەقتان بەخۆتاندا زونى سەوز توشى کارەسات بکەن تەنها لەبەر ئەوەى ژێر بە ژێر بەرتیل وەرگرن لەسەر حسابى خەڵک.
کاتى خۆى دەگوترا قوباد تاڵەبانى بەشى خۆى لە داهاتى نەوت هەیە و بەو هۆیەوە هەرگیز ناڕەزایی دەرنابڕێـت . سەیرکەن ئەم هەموو قسەو باس و هەڕەشەو تۆمەتبارکردنى یەکترى لە گۆڕێدایە ،تا ئێستا قوباد تاڵەبانى یەک قسەى نەکردوە ، لە کاتێکدا دەبوو ئەو لە برى هەموو یەکێتیەکان قسەى بکردایە . ئەگەر ئەوەى مەسررور بارزانى دەیڵێت ڕاست نییە ، با قوباد تاڵەبانى وەڵامى بداتەوەو کێ ڕێگاى لێگرتوەو دەمى بەستوە . ئەگەر قسەکانیشى ڕاستە ئەم هات و هاوارەتان لە چى و چى قبوڵ ناکەن ؟. ئێوە مامەلەتان بە زونى سەوزەوە کردوەو دواجار توشى ئیفلاسبونتان کردوە .
کاتى خۆشى بەردەوام بەرپرسانى یەکێتى دەیانگوت ئێمە ئاگامان لە داهات و دۆسیەى نەوت نییە . دوایی پارتى هاتەدەنگ و وتیان ئەوە ڕاست نییەو وەکو ئێمە ئاگادارن . ئەو کات عیماد ئەحمەد جێگرى سەرۆکى حکومەت بوو هاتە دەنگ و وتى بەڵى ئاگام لە هەموو شتێک هەیە . .
ئاشکرایە لاى هەمومان کەنێوانى پارتى و یەکێتى خراپە . واتە پارتى هەمیشە دژایەتى یەکێتى دەکات و ئەوەش دەکاتە دژایەتى کردنى زونى سەوز و حەزدەکەن خەڵکەکە لە یەکێتى نیگەرانبن تا ئاستى ڕاپەڕین لێیان . سەرانى یەکێتیش لە برى ئەوەى کارێکى وا بکەن خەڵک لە خۆیان ڕازى بکەن ، ئەوانیش سزاى خەڵک دەدەن موچەکانیان دوادەخەن . بە هەموو عەقڵیانەوە وادەزانن خەڵک دژى پارتى ڕاپەڕین دەکات . بەڵام ئەگەر ڕاپەڕین بکەن دژى یەکێتى دەیکەن نەک پارتى .
پێنجەم : دەست بەسەراگرتن و بە تاڵانبردنى موڵک و ماڵى گشتى دیاردەیەکى بەربڵاوە لە هەموو هەرێمى کوردستان و لە هەموو شارو شارۆچکەکان بە سنوورى پارتى و یەکێتیشەوە. من لێرەدا تەنها باسى ناو شارى سلێمانى دەکەم چونکە لێرە بەچاوى خۆم زیادەڕەویەکان دەبینم . دەست بەسەراگرتنى موڵکى گشتى بۆ بەرژەوەندى بنەماڵەو حیزب و نزیکەکانیان هەموو سنوورێکى تێپەڕاندوە .
هەمومان دەزانین ئەوەى هەیە هەر بۆ ئێمە نییەو نەوەکانى داهاتوش پێویستیان پێیەتى .دەبێ حساب بۆ گەشەى شار و زۆر بونى ژمارەى دانیشتوان و پێداویستیەکانى داهاتویان بکرێت. دەبێ فەرمانگەکانى حکومەت بە تایبەت فەرمانگەى پلاندانان،لانى کەم ڕەچاوى پێداویستى 5 ساڵى داهاتوى گەشەى شار بکات لە کاتى دانانى پلانەکانى .
بەڵام لە ئێستادا سەرانى بنەماڵە و حیزب وبەرپرسى فەرمانگەکان بەو پێیەى سەر بە حیزبن ، هەر یەکەو بە پێى میزاج و عەقَلڕ و بەرژەوەندى خۆى بڕیار دەدات و موڵک ماڵى گشتى تەخشان و پەخشان دەکات . با لێرەدا زۆر بە خێرایی هەندى نمونەتان بۆ بهێنمەوە: چەندین پارچە ئەرزى زۆر بە نرخ لە نێوان خەستەخانەى هەرێم و هۆتێل تایتانێک لەسەر شەقامى 60 مەترى بە خۆڕایی بەخشراون و کراونە پیشانگاى ئوتومبێل و بەنزینخانەو دوکان .بایی ملیۆنان دۆلارن و دەکرا ئەو شوێنە بکرێتە شوێنى گەشتیارى .
لەناو خەستەخانەى شاردا ئەرز دراوە بە موساتەحەو کراوە بە گەراجى ئوتومبیل لە کاتێکدا ئەمە وەکو کفر وایە ئەگەر سبەى خەستەخانە پێویستى بە فراوانکردن بوو ، لە کوێ ئەرز دێنن . لە نێوان شوقەکانى گاردن سیتى و بەنزینخانەى هەڵگوردا لەسەر شەقامى 60 مەترى ئەرزێکى بەتاڵ هەبوو تازە پێشى بەلەوح گیراوەو بەخشراوە . لە پردى کۆبانیەوە بەرەو هەوارى شار بایی 50 ملیۆن دۆلار ئەرز بەخشراوەو هەموانیش دەزانن بە بڕیارى کێ و بە کێ دراوە . لاى دادگاى سلێمانى و بەنزیتخانەى ئاشتى بە دوو قۆناغ بایی چەندین ملیۆن دۆلار زەوى بەخشراوە کە لە ڕاستیدا شوێنى بەنزینخانەى چاڵەکەو دەورو بەرى دانرابوو بکرێتە باخچە .
شەقامى سەر پردەکە بەرەو کەرکوک ئەوەندە فراوان نییە بە ئاسانى سەیارەى پێدا بڕوات و کەس نییە بیریشى لێ بکاتەوە . بەڕێوە بەڕایەتى رۆِششنبیرى سلێمانى خاوەنى زەویەک بوو لەسەر شەقامە گشتیەکە و ئەو ئەرزەیان بۆیە پێدابوو کە دوا ڕۆژ بکرێتە هول َوبۆ ئەنجامدانى چالاکى هونەرى . بەڵام ئێستا بە موساتەحە دراوە بە سەرمایەدارێک .
شوێنى مەسڵەحەى کۆن کە نرخەکەى بە 20 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت و دانرابوو کە بکرێتە باخچە ، ئێستا دراوەتە سەرمایەدارێک کە بیکاتە تاوەرى نیشتەجێبون لە کاتێکدا قەدغەیە لە ناو گەرەِکدا تاوەرى بەرز دروست بکرێت . سەرۆکى نوێی شارەوانى سلێمانى و دادگاى سلێمانى فەرمانى هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستەکەیان دەرکردوە و ئەوە جێگەى دەست خۆشییەو هیوادارم نمونەیان زۆر بێت و ئاوا لەسەر بەهەدەردانى موڵکى گشتى بێنە دەنگ ، بەڵام دەڵێن ئیشکردن تێیدا بەردەوامە . کەواتە ئەوە دەسەڵاتدارانى باڵاى یەکێتیان لە پشتەوەیەو ئەوانە لە یاسا گەورەترن .
کاتى خۆى پارێزگاى سلێمانى داواى لە بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵى سلێمانى کردوە بە نوسراوى 6460 لە ڕۆژى 15/6/ 2009 کە بڕى 140 دۆنم زویان بۆ تەرخان بکەن بۆ یاریگاى تۆپێ پێی نێودەوڵەتى . بەڵام سەرۆکى پێشوى شارەوانى سلێانى لە کاتێکدا بە فەڕمى لە پۆستەکەشیدا نەماوە ، فەرمانى دەرکردوە کە بکرێتە شوێنى نیشتەجێبون .
گومانى تێدا نییە ئەوە بەفەرمانى باڵاى حیزب بۆ بەرژەوەندى خەڵکى سەر بەخۆیان کراوە. بەڕاستى زۆرم لاسەیرە پارێزگار و ئەنجومەنى پارێزگا لە ئاستى تاوانێکى ئاوا گەورەدا بێدەنگ بن ؟. ئەو تاوانە ئەوە دێنێت پارێزگار و کۆى ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگا لە سەرئەوە دەست لە کار بکشَێننەوە . لە ئەوەش سەیرتر ئەوەیە سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگا هەڕەشە لە پارتى دەکات گوایە غەدرى لە سلێمانى کردوە . دەبوو ئەوە بۆ کاک قوباد جێ بێڵێت چونکە ئیشى ئەوە ، جەنابیشیان لەسەر داگیر کردنى ئەو زەویە بهاتایە دەنگ کە خۆیان داوایان کردوە بۆ یاریگا . من تێناگەم بۆچى داواى لامەرکەزى دەکەن و لامەرکەزیتان بۆچییە ، بۆچى ماوتانە کاولى کەن ؟.
باشە پارتى فەرمانى پێکردون شوێنى یاریگا بکەنە شوێنى نیشتەجێبون ؟. بە هەزاران پارچە زەوى بەناوى دژە تیرۆرو هێزەکانى 70 وە بەناوى کەس و کارى شەهیدانەوە تەخشان و پەخشان کراون و ئەگەر بەدواداچونى ورد بکرێت ئەو کات دەزانن ئەو زەویانە چییان لێکراوەو دراون بە کێ .
گەورەترین تاوان و دەست درێژى بۆسەر موڵکى گشتى
ئەو بینا حکومیانەى کە ئێستا پەیمانگاى وەرزشى پەروەردەو کۆلیجى سەلاحەدینى تێدایە کە دەکەوێـتە نێوان خەستەخانەى ئەنوەر شێخە لەخوارەوەو مەکتەبەکانى یەکێتى لە لاى پشتەوە .ئەو ئەرزەى ئەم بینایەنەى لەسەر دروست کراوە پانتاییەکى زۆر گەورەیە . بە نەخشەى کۆن کراوەو ژوورى زۆرکەمە .
جگە لەوەش هەر چوار دەورى ئەو بینایانە ئەرزى بەتاڵە . ئەگەر ئەمرۆِش نەبێـت ڕۆژێک دێـت پارە دەبێـت و ئەو کات هەموو ئەو بینایانە تێکدرێن لەگەلڕ ئەرزە بەتاڵەکانى دەورى بیناکان ، دەتوانرێـت گەورەترین خەستەخانەى مۆدێرن و کۆلیجى پزیشکى و پەیمانگاى پێگەیاندنى پەرستارى لەسەر دوست بکرێـت . یان دەتوانرێت بکرێتە زانکۆیەکى چەند کۆلیجى . زۆر بە دەگمەن شوێنێکى ستراتیجى ئاوا لەناو شاردا دەست دەکەوێت بۆ بنیات نانى پڕۆژەى گەورە .
بەڵام ئێستا ئەرزە بەتاڵەکەى بەشى پشتەوەى بەرامبەر بە مەکتەبەکانى یەکێتى لەسەر شەقامە قیرەکە دراوە بە سەرمایەدارێکى خەڵکى دەربەندیخان وەکو باسیش دەکرێت ئەندامێکى مەکتەبى سیاسى یەکێتى کە لە هەمان کاتدا بەرپرسیشە لە ئیدارە گشتى شەریکە لەگەڵ ئەو سەرمایە دارە . سەیرکەن چۆن خەڵک دەخەڵەتێنن کە ئەم زەویە تاڵان نەکراوە . لەسەرى سەرەوەى تابلۆکە نوسراوە .
حکومەتى هەرێمى کوردستان . سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران دەستەى وەبەرهێنان .ئەگەر بە ڕاستى ئەمانەى لەسەر ئەو تابلۆیە نوسراون لە ئەرزى واقیعدا هەبونایە ، کى َدەیتوانى ئەو زەویە لەو شوێنە داگیر بکات . ئەم بەشەى تابلۆکە بۆ خەڵەتاندنە لە ژێر ئەو تابلۆیە تابلۆیەکى تر هەیە کە لەسەرى نوسراوە: نەخۆشخانەى ئەهلى باشوور وەبەر هێنەر : کۆمپانیاى سەنگى سیا ژمارەى مۆڵەت 1097 .
وەکو باسیشى دەکەن ئەو بەشەى دەکەوێتە سەرشەقامەکە دەکرێتە دوکان و بازاڕ . هەر بە پێدانى زەویەکە لەو شوێنە بە خۆڕایی کابرا بوو بە ملیۆنێر لەسەر حسابى خەڵکى شار . ئەگەر ئەم زونە کەسانێکى خەمخۆرى هەبێت و بیر لە ئایندەى نەوەکانى بکاتەوە چۆن دەبێت ئەو زەویە لەو شوێنە بدرێتە سەرمایەدارێک بە خۆڕایی .
وەکو زانیاریشم دەست کەوتوە ئەم زەویە لە لایەن سەرۆک پێشوى شارەوانى دراوە بەو سەرمایە دارە ، هەر ئەویش بڕیاریداوە شوێنى یاریگاکە بکرێتە شوێنى نیشتەجێبون . بەلاى منەوە ئەمە تاوانبارێکى گەورەى ئەم شارەیە .هیوادارم ڕۆژێک بێت وبیدەنە دادگاو سزاى قورس بدرێت . هەر کەسێکیش پشتیوانى لێ بکات ئەویش وەکو ئەو دوژمنى نەوەکانى ئەم شارەیە . هەر کەس و لایەنێک ئیمزایان لەسەر مۆڵەتەکە کردبێت ، شایانى لێپرسینەوەو سزادانن. سەیرکەن لە بازگەى عەربەتەوە تا کەڵەوانان ئەرز ئیفڕاز کراوە . ئیفڕازکردنى زەوى لەسەر ئەو بنەمایەیە کە شار گەشەى کردوەو پێویستى بەئەرز هەیە بۆ شوێنى نیشتەجێبون . بەڵام ئەو زەویانە لەسەر ئەو بنەمایە ئیفڕاز نەکراون ، بەڵکو بەرپرسێکى وەکو ئەوەى ئەم زەویەى بەخشیوە هاتوە لەگەڵ کۆمەڵێک خاوەن ئەرز ڕێک کەوتوەو لە بەرامبەر ئەوەدا پارەى وەرگرتوە . . حکومەت لە سەدا 12 زەویەکە دەداتەوە بە خاوەن موڵک ، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا حکومەت دەبێ خزمەت گوزارى بۆ ئەو ئەرزانە بەرێت وەکو ئاو ئاوەڕۆ ، شەقام ، کارەبا .
ئەگەر ئەوانەى بۆ نەکرێت چۆن خانو لەسەر ئەو زەویانە دروست دەکرێت . بڕواتان هەبێ شوێنى واهەیە 30 ساڵى تریش خزمەت گوزارى ناگاتێ . من خۆم زەویم لە شوێنێک هەیە زۆریش نزیکە 18 ساڵە قەرەبوم وەرگرتۆتەوە تا ئێستا خزمەت گوزارى بۆ نەچوە . ئەگەر ئێستا زەویەکە بفرۆشم بەشى زەریبەى ئەو18ساڵە ناکات .
باشە حوکمڕانى ئاوا دەکرێت ؟. ئەگەر بچیتە لاى هەمان کەس کە لە ڕێگاوە بایی 10-15 ملیۆن دۆلارى بە خۆڕایی داوەتە سەرمایەدارێک و داواى لی َبکەى خزمەت گوزارى بۆ ئەم زەویانە بەرن ، حۆى توڕە دەکات و پێت دەڵآ کەى کاتى ئەوەیە و پارەمان لە کوێ بوو ئەوەتا پارە بۆ موچە نییە ؟.
ئەى چۆن و بە چ شێوەیەک و بە چ حەقێک بە پێی چ یاسایەک حەق بەخۆت دەدەى بای 12 ملیۆن دۆلار زەوى بە خۆڕایی دەبەخشى و ئەى بۆچى ئەو زەویە ناخەیتە موزایەدەوەو بە پارەکەى خزمەت گوزارى بۆ ئەو زەویانە بەریت و شۆستەکانى ناو شارى پی َچاک بکەیت کە هەموى بۆتە قاڵدرمە . ئەگەر یاساو لێپرسینەوە هەبێت چۆن کەسانێک دەتوانن دەست بەرن بۆ پیرۆزیەکانى شار . ئەمە سوکایەتى و تەعدا کردنە لە خەڵکى شار . ئەمە نیشانەى نەبونى حکومەتە .
بۆیە لێرەوە ڕوى دەمم دەکەمە بەڕێز پارێزگارى سلێمانى ، ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى ، سەرۆکى شارەوانى سلێمانى ، ئەنجومەنى شارەوانى سلێمانى ، سەرۆکى فەرمانگەى وەبەرهێنانى سلێمانى و داویان لی َدەکەم هەمویان بەیکەوە لەسەر ئەم سوکایەتیە بەشارى سلێمانى دەکرێت و دەست دەبرێـت بۆ داگیر کردنى شوێنى باخچەو شوێنى یاریگاو زەوى بەردەمى قوتابخانەکان و ڕێگرییان لی َبکەن لە پێناوى بەرژەوەندى خەڵکى شارو نەوەکانى داهاتو . ئەگەر نەشتوانن ڕابوردوو بگەڕێننەوە ئەمەیان تا ئێستا هیچى تێدا نەکراوەو تکام وایە ڕێگرى لێ بکەن و دەستى یەکە یەکەتان ماچ دەکەم .
هاولاِتیانى بەڕێز : ئەگەر پارتى پارە بۆ سلێمانى نەنێرێـت ئاساییە چونکە نەیارى یەکێتییە . ئەگەر پارتى دزبێت بچۆ سەیرى شەقام و تونیلڕ و پردەکانى سنوورى پارتى بکەو بزانە ئەوێ چۆنەو ئێرە چۆنە .
لەوێ شەقامى 60 مەترى و 100 مەترى و 150 مەترى هەیە شەقامەکانى نیوان دهۆک و مەرزى حاجى ئۆمەران و شارۆچکەکانى ترییش ببینەو بەراوردیان بکە بە یەک شەقامى 60 سلێمانى سەردەمى سەدام .
ئەو هەموو موڵکە گشتیانە کە دەستیان بەسەردا گیراوە کە بایی سەدان ملیۆن دلۆلارن ، بەڵام تەنها یەک کێلۆمەترى نێوان بازاڕەکەى کارێز وشک وپارکى ئازادى کە لەسەردەمى سەدامدا قەرەبوى هەموو خاوەن دوکان و ماڵەکان کراونەوە کە بەرشەقامەکە دەکەون و فریا نەکەوتن بیکەن دوو ساید ، لە ماوەى 31 ساڵى حوکمڕانى یەکێتى لەم شارەدا نەیانتوانى بیکەنە دووساید کە زۆر سیماى شار جوادەکات .
ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنها لاى پردى کۆبانى بایی 50 ملیۆن دۆلار زەوى داگیر کراوە . تا بزوتنەوەى گۆڕانیش دروست نە ببو مانگانە یەکێتى و پارتى هەر یەکەیان 35 ملیۆن دۆلاریان لەبودجەى گشتى بۆ خۆیان دەبرد . بەشى یەکێتى لە ساڵکیدا کردویەتیە 420 ملیۆن دۆلار . تا ئێستا نەیانتوانیوە بینایەکى جوانى سەردەمیانە بۆ مەکتەبى سیاسى حیزبەکەى خۆیان دروست بکەن وبیناى قوتابخانەیەکیان داگییر کردوە . هەرچى شەقامى ئەم شارەیە بۆتە وێرانەو چاڵ و چۆَل و قاَڵدرمە . هەرچى شۆستەکانى ناو شارى سلێمانى هەیە بۆتە قاڵدرمەو بچن بەچاوى خۆتان بیانبینن .
تۆ بێی پارەى گومرگ و داهاتى ناوخۆ بۆ خۆت بەرى هەرچى کاسبى هەیە دەستى بەسەردا بگرێت ، هەرچى زەوى بەنرخى ناو شار هەیە بۆخۆت بەتاڵانى بەرى ، ببێتە قاچاخچى و هەرچى کاسبى باشیش هەیە دەستى بەسەردا بگرێت . بەردەوام باجیش بخەیتە سەر هاوڵاتیان و پارەى خۆڵ و خاشاک لە خەڵک وەرگرێت و پارەى کۆمپانیاکان نەدەیت و کارمەندەکان مان بگرن و شار بۆگەن بکات ، پارە نەبێت بۆ ئەمبوڵانسەکانى خەستەخانە. بەخۆتان دەڵێن چى ؟.
ئەگەر لەبەر بەرژەوەندى خۆتان و بۆ مەبەستى تاڵانى نییە ، لە کاتێکدا دەڵێن پارەمان نییە بۆ موچەو ئەنجامدانى خزمەتگوزارى و قیرتاوکردنى شەقامە وێرانەکان ، بۆچى بایی سەدان ملیۆن دۆلار زەوى ئەم شارە بەتاڵان دەبەن و نایفرۆشن و ئەو کەم و کورتیانەى ناو شارى پێ جێ بەجێ ناکەن . هۆکارى هەموو ئەمانە ئەوەیە کە ئەم تاڵانچیانە بۆیە لێرەنین خزمەتى خەڵک بکەن ، بۆیە لێرەن شار تاڵان بکەن . ئەگەر تا ئێستا هۆکارى نەبونى پارەى موچەیان خستبێتە ئەستۆى پارتى ، دەرکەوت کە خۆیان بەرپرسیارن .
ئەگەر لەگەلڕَ پارتى ژێر بە ژێر لەسەر هەموو پرسەکان ڕێک نەکەوتون ، با قوباد تاڵەبانى هەولێر جێ بهێلێت . سەیرى ئەم گاڵتە جاڕیە بکەن . دواى ئەم هەموو تاوانبارکردنەى پارتى تازە بە تازە پۆستى حکومى وەر دەگرن . کەواتە ئەمانە ژێر بە ژێر ڕێکن بۆ بەتاڵانبردنى سامانى گشتى و ئەوەى بە سەرزارەکى دەیڵێن بۆ چەواشەکردنى خەڵکەو هیچى تر . ئەگەر بارودۆخ هەر بەم شێوەیەى کە ئێستا هەیە بەردەوام بێت بێ شک تەقینەوەیەکى گەورەى جەماوەرى لە زونى سەوز ڕودەدات .
ئەگەر یەکێتى دەیەوێت هەر لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە باشتر وایە داهاتى ئەم سنوورە بخەنە خزمەتى خەڵکەوەو واز لە تاڵانى و قاچاخچیەتى بهێنن . ئەگەر دەشزانن ناتوانن ئیدارەى ئەم ناوچەیە بدەن باشترین ڕێگا ئەوەیە بۆ پارتى بەجێ بهێلن. ئیتر خەڵک لە ڕاستییەکان گەیشتوەو ژیانى دەوێـت و شەر لەسەر هیچ لایەک نەکەن و چیتر نایانەوێت ببنە قوربانى ناکۆکیەکانى دوو بنەماڵەى دوژمن بەیەک .
ئێستا ئەوەندەى یەکێتى مەترسییە بۆ سەر زونى سەوز پارتى ئەوەندە مەترسى نییە . لەشکرێک لە ئەندامانى حیزب کە بیکارن بون بە بارێکى قورس بەسەر بودجەى خەڵکەوە. یەکێتى تا دێت بارودۆخى خرابتر و خرابتر دەبێت . لەبەر ئەوەى هەر لە سەرەتاوە مەرکەزیەتى تێدا نەبوە و نەتوانراوە ئەو هەموو داهاتەى لەبەردەستى دابوە بە باشى وەکو پارتى کۆى بکاتەوەو بەکارى بهێنیت ، ئەوەتا بەرەو ئیفلاسبون دەڕوات .
یەکێتى هەر لە سەرەتاوە وەکو لاشەیەکى ئاژەڵێکى گەورەى بێ خاوەن وابوەو کەوتۆتە بەردەستى کۆمەڵێک ئاژەڵى دڕندەى گۆشت خۆر و لاشەکەیان لەت لەت کردوەو گۆشت و ئێسقانیان تێکشکاندوەو خواردویانە . سەرکردەکانى ئەم حیزبەش بە ئەوانەى ئێستاشەوە هەمویان خەریکى بەتاڵان بردنى سامانى حیزبەکەن بۆ خۆیان کە لە ناوەرۆکدا ئەوە قوتى خەڵکە . بۆیە چیتر خەڵک پشتیوانیان لێ ناکات چونکە خەڵک گەیشتونە ئەو بڕوایەى کە ئەمانەى ئێستا بەناو خۆیان بە کوێخاو خاوەن و حاکمى ئەم زونە دەزانن ، سامانى هاوڵاتیان بەتاڵان دەبەن و ماڵ و مناڵیان برسى دەکەن .
لەم کاتەدا ئەرکى کەس و کارى سەربەرزى شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکانە بێنە دەنگ و ببنە پیشەنگ بۆ خۆپیشاندان لە پێناوى مافى خەڵکداو کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتى ئەوانەى کە بەردەوام داهات و موڵکى گشتى و قوتى خەڵک بەتاڵان دەبەن . دڵنیابن ئەگەر خۆمان فریاى خۆمان نەکەوین ، کەس فریامان ناکەوێـت . دیکتاتۆرەکان لە خۆیانەوە ناڕۆن بەڵکو دەبێ بەزۆر دەرکیرَن .
هیوادارم کە ڕۆژێک بێت هەموو ئەو سەرۆکى فرمانگانە حکومیانەو هەمو ئەو فەرمانبەرانەى بەناو حکومین و بەڵام کۆیلەى حیزبن و بە ویستى خۆیان یان بە فەرمانى بەرپرسانى حیزبى موڵکى گشتیان بەناوى وەبەرهێنان و پاساوى ترەوە بەتاڵان داوە و ئاسان کارییان بۆ کردون ، بدرێنە دادگاو سزاى توند بدرێن چونکە ئەوانەش تاوانبارن .
خۆ ئەگەر لە لایەن بەرپرسانى باڵاى حیزبەوە بە زۆر و بە فەرمان ئەوەیان پێکراوە ، دەبێ بایی ئەوە شەهامەتیان تێدابێت کارى ئاوا نایاسایی نەکەن و واز لەو پۆستە بهێنن و مێژویەکى پڕسەروەرى بۆخۆیان تۆمار بکەن و دنیا هەر ئەم دوو ڕۆژەى ئێستاش نییە . هیوا دارم رۆژى سزادان نزیک بوبێتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست