کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كۆمپانیای ئیكسۆن موبێل چ په‌یامێك به‌هه‌رێم ده‌دات؟

Sunday, 15/05/2022, 8:52


گه‌وره‌ كۆمپانیای جیهانی (ئیكسۆن مۆبیل) كه‌ له‌بواری نه‌وت و گاز- سێكته‌ری وزه‌- كار ده‌كات و متمانه‌یه‌كی گه‌وره‌و ته‌واوی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌و داهاته‌كه‌ی به‌ تریلۆنات دۆلار ده‌خه‌ملێندرێ كه‌ ئه‌وه‌ش سامان و پاره‌یه‌كه‌ ده‌توانێ ڕه‌وڕه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی و ڕه‌وتی ژیان له‌ به‌شێكی یه‌كجار زۆری وڵاتان بگۆڕێ.
هه‌ڵبه‌ته‌ گه‌وره‌یی ئه‌م كۆمپانیایه‌ به‌لای ئه‌مریكاوه‌ زۆر له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ مه‌زنه‌ پڕ بایه‌خه‌، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌مریكیه‌كان جێی سه‌رنج و تێڕامانه‌و هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان به‌گه‌وره‌ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و كۆمپانیه‌یه‌.
ئه‌وه‌ی له‌و ماوه‌یه‌ ڕووی دا كۆمپانیای ناوبراو له‌ژێر گوشاری به‌غدا، چ به‌لێك تێگه‌یشتنبێ یان ئه‌و فه‌رمانه‌ی پێیاندراوه‌، سه‌رجه‌م كاره‌كانی خۆیان له‌هه‌رێم وه‌ستاندو كوردستانیان به‌جێ هێشت له‌كاتێكدا دواشوێنی ئه‌و كۆمپانیایه‌ كه‌ كاری تێدا ده‌كرد، له‌سنووری پارێزگای هه‌ولێر بلۆكی گازی پیرمام بوو.
گومان له‌وه‌دا نییه‌ كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبێل ڕوو ناكاته‌ هیچ شوێنێ ئه‌گه‌ر دڵنیایی و سه‌لامه‌تی كارمه‌ندانی تێدا پارێزراو نه‌بێت، قازانجه‌كه‌یشی له‌ولاوه‌ بوه‌ستێ كه‌ له‌پێشینه‌ی كاره‌كانیه‌تی، بۆیه‌ ئه‌و په‌یامه‌ی ئاڕاسته‌ی كرا بۆ ده‌ست هه‌ڵگرتن و ڕاگرتنی كاره‌كانی جا به‌شێوه‌یه‌كی كاتی بێت یان به‌یه‌كجار، ئه‌وه‌ خۆی له‌خۆیدا په‌یامه‌كه‌ پێمان ده‌ڵێت: چونكه‌ هه‌رێم قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ نیه‌و به‌شێكه‌ له‌ حكومه‌تی ناوه‌ند، كه‌واته‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا ئه‌گه‌ر ناوه‌ند شیلگێری و نه‌رمی نه‌نوێنێ، ئه‌وه‌ ده‌توانێ وه‌ك ناوه‌ندی بڕیارده‌ر ده‌ست به‌سه‌ر خاڵه‌ سنووری و كیڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی هه‌رێم دا بگرێ له‌كاتێكدا بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی كه‌ فرۆشی نه‌وتی به‌ناده‌ستووری دانا، ئه‌وه‌ به‌پێی ئه‌و ده‌ستووره‌ی هه‌یه‌ كه‌ قسه‌ له‌سه‌ر پرسه‌كان ده‌كات و ئه‌و ده‌ستووری له‌ساڵی 2003له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م هێزو لایه‌نه‌كان به‌كوردو سوننه‌و شیعه‌ داڕێژراوه‌، كه‌واته‌ بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراودا ده‌بێ سه‌ركردایه‌تی سیاسی به‌زیره‌كانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه‌ بكات و ده‌رچه‌یه‌ك بۆ كێشه‌كان بدۆزێته‌وه‌ نه‌ك بێمنه‌تكردن و ملنه‌دان و هه‌وڵدان كه‌ له‌رێی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ وه‌ڵامی داواكاری و داخوازیه‌كانی حكومه‌تی عێراق بداته‌وه‌ له‌كاتێكدا به‌هه‌موو پێوه‌ره‌كان ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراق بیه‌وێ ئه‌و بارودۆخه‌ی هه‌رێم به‌لاڕێ ببات به‌وه‌ی مه‌به‌ستیه‌تی ده‌ست به‌سه‌ر ده‌روازه‌كان و كیڵگه‌ نه‌وتیه‌كان دابگرێ، ئاخۆ گه‌ره‌نتی چیه‌ كورد به‌و چه‌كه‌ كه‌مه‌و ئه‌و چه‌كه‌ی سووكه‌ی پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌تی بتوانێ به‌ره‌نگاری سوپا وله‌شكرێكی پڕ له‌چه‌كی پێشكه‌وتوو ببێته‌وه‌ له‌كاتێكدا پاساوی ئه‌وان له‌دیدی نێوده‌وڵه‌تی به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێ و هیچ به‌دوور نازاندرێ هه‌ر ده‌ستوه‌ردانێكی ناوه‌ند به‌كێشه‌ی ناوخۆیی لێك بدرێته‌وه‌، كه‌واته‌ ئه‌و كاته‌ رۆڵی وڵاتانی دراوسێ و نێو ده‌وڵه‌تی جگه‌ له‌ ته‌ماشاكردنی ئه‌و ڕووداوه‌ هیچی تر نابێت به‌مه‌یش ئه‌و قه‌واره‌ی به‌خوێنی هه‌زار شه‌هید دامه‌زراوه‌ له‌چاوتروكانێك ده‌بێته‌ ئاردی ناو دڕك، ئه‌و كاته‌ ڕووی گله‌ییمان ئاڕاسته‌ی كێ بكه‌ین؟ بڵێن: سه‌ركرده‌كانمان ئه‌وه‌نده‌ی چاویان له‌ده‌ستی ئه‌م وڵات و ئه‌م وڵاتی دراوسێ بوو تا بیانپارێزێ نیو ئه‌وه‌نده‌ بیریان له‌وه‌ نه‌كردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی ده‌بێ ڕووی تێ بكه‌ن و كێشه‌كانی تێدا چاره‌سه‌ر بكه‌ن ته‌نها به‌غدایه‌ چونكه‌ هه‌رێم تا ئه‌م ئان و ساته‌ به‌شێكه‌ له‌عێراق، له‌ڕابردووش ئه‌و شتانه‌مان بینیوه‌ چۆن سه‌ركردایه‌تی كورد له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و شه‌ڕو شۆو كێشانه‌ی هه‌یبووه‌، دواجار بۆ مفاوه‌زات و دیالۆگ له‌گه‌ڵ میری له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ دانیشتووه‌، هیوادارین به‌رپرسان به‌به‌رپرسانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رووداوه‌كان بكه‌ن، ئه‌مریكا و رۆژئاواو وڵاتانی هه‌رێمی با هه‌ر خۆیان به‌دڵسۆزو هاوخه‌م و هاوبه‌شی كورد بزانن كه‌ له‌م قۆناغه‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شیان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌پێناو چاوكاڵی نه‌ك ئێمه‌، له‌به‌ر هیچ كه‌سێك، گڵۆڵه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له‌ عێراقێكی خاوه‌ن سیاده‌و دانپێندراوی نێوده‌وڵه‌تی نه‌خانه‌ لێژێ.
كه‌واته‌ ئه‌ركی سه‌ركردایه‌تی كورد له‌م قۆناغه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو ناكۆكیه‌كانیان به‌لاوه‌ بنێن و به‌یه‌ك گوتارو یه‌ك ده‌نگی پشت ئه‌ستوور به‌كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان ڕوو به‌ ڕووی ئالینگارییه‌كان ببنه‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە