یەکێتى نیشتمانى خۆى بۆتە مەترسى بۆ سەر زونى سەوز (بەشى بەکەم)
Saturday, 07/05/2022, 20:01
لە کۆنگرەى چوارەمى یەکێتێدا بافێڵ تاڵەبانى و لاهور شێخ جەنگى بە هاوسەرۆکى یەکێتى هەڵبژێران . لەشکرێک خەڵک بونە ئەندامى سەرکردایەتى کە ژمارەیان زۆرترە لە ئەندامانى حیزبى شیوعى چینى . کەسانى وا بونە ئەندامى سەرکردایەتى ، نەک هەر شایستەى ئەوەن ببنە ئەندامى سەرکردایەتى حیزبى شەهیدان بەڵکو هەر شەرمە ناویشیان بێنى . ئەوەى ناوى لێنرا کۆنگرە لە ڕاستیدا کودەتا بوو ، لەو ڕۆژە شەوە یەکێتى وەکو حیزب کۆتایی هات و بوو بە بنەماڵە . ئەوانەشى وەکو ئەندامانى سەرکردایەتى و مەکتەبى سیاسى هەڵبژێران دەبنە ڕەعیەتى بنەماڵە
زۆرى پێ نەچوو بافێڵ تاڵەبانى لاهور شێخ جەنگى لە بەرپرسیاریەتى دوور خستەوە و بەو هۆیەوە ناکۆکى و پشێوى و دوو بەرەکى کەوتە ناو ڕیزەکانى یەکێتییەوەو جەماوەر لە یەکێتى نیگەران و بێ ئومید بون . سەربارى ئەوەش چەند مانگێکە لە زونى سەوز دابەشکردنى موچە دوادەکەوێت و لە کاتى خۆیدا نادرێت و کار گەیشتۆتە ئەوەى خەڵک لە سەرەى وەرگرتنى موچەدا گیان لە دەست بدەن .
خەستەخانەکانیش دەرمانیان تێدا نەماوە . کرێکارەکانى کۆمپانیاى پاک کەرەوە مانیان گرتوەو بەو هۆیەوە شار بۆگەنى کردوە . هیچ بڕەپارەیەک بۆ هیچ خزمەت گوزارییەک خەرج ناکرێت و سنورەکە بەرەو کارەسات دەڕوات. هەموو ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بانکەکانى سنوورى سەوز پارەیان تێدا نییە . یەکێتیش هۆکارى هەموو ئەمانە دەخاتە ئەستۆى پارتى واى وێنا دەکەن کە پارتى غەزەبى لە زونى سەوز گرتوەو بەو هۆیەوە سزاى هەموو دانیشتوانى زونى سەوز دەدات . بافێڵ تاڵەبانیش هەڕەشە دەکات و دەڵێت ئەمە قبوڵ ناکەین . دکتۆر عیزەت سابیر پارتى تۆمەتباردەکات و بە هۆکارى کیشەکانى ئەم سنورەى دادەنێت . بە کورتى یەکێتى پارتى وەکو شەیتان وێنە دەکات و خۆشى وەکو فریشتە .
بەر پرسانى پارتیش وەڵامى دەدەنەوەو دەڵێن یەکێتى لە سنورى خۆى داهاتەکان بۆخۆى دەبات و نایانخاتە بانکەکانەوە . هەر وەها دەڵێن : لە مەرزەکان خەتى تایبەتى هەیە بۆ هێنانى کاڵا بەقاچاخ بەبێ گومرگ لە بەرامبەر وەرگرتنى پارە کە ئکەوە ناچێتە حساباتەوە . بەهەمان شێوەش کەسانى تریش و هەندێک ئەندام پەڕلەمانیش هەمان بۆچونیان هەیەو دەڵێن بەڵگەمان هەیە کە هەموو پارەى داهاتى ناو خۆى سنورى یەکێتى و گومرگەکان ناچێتە سەر حسابات .
تەنانەت باسى ئەوە دەکەن کە کاڵاى ماوە بەسەر چوو داخڵ دەکەن و تا سلێمانى بە گەرێنتى بۆ قاچاخچییەکانى دەردەکەن و کاتێک ئەو کاڵاو خواردنە ماوە بەسەرچوانە دەخرێنە بازاڕەوە ، لیژنەکانى قایمقامیەت دەستیان بەسەردا دەگرن و خاوەنەکانیان سزا دەدەن . دیارە ئەمە هەرقاچاخى نییە لەناو بردنى ژیانى خەڵکەو کارەساتێکى زۆر گەورەیە و ئایندەى هاوڵاتیان کەوتۆتە بەر مەترسى گەورەوە . چەند سەرنجێک :
یەکەم : هیچ گومانێکى تێدانییە کە بنەماڵەى بارزانى چییان بۆ بکرێت و چۆنیان بۆ بکرێت دژایەتى یەکێتى واتە بنەماڵەى تاڵەبانى دەکەن و ئەوان بە دوژمنى پلە یەکى خۆیان دادەنێن . بۆیە ناکرێت چاوەڕوانى هیچى باشیان لێبکرێت تا مەسعود بارزانى لە ژیاندامابێت ،چونکە ئەو خۆى لە پشتى ئەو دژایەتیکردنەى یەکێتییەو ئەگەر ئەو بیەوێت بەڕۆژێک دەتوانێت ئەو بارودۆخە خراپە بگۆڕێـت بۆ ئاشتى ، بەڵام ئەو نایەوێت ئەوە بکات چونکە تازە دڵى لەیەکێتى و بنەماڵەى تاڵەبانى ڕەش بووە .
دووەم: لە ئەنجامى ئەو شەڕە قسەو لێدوانە توندانەى نێوان پارتى و یەکێتى چەند ڕۆژى پێشو ئەوەمان بۆ ڕون بۆوە کە پێشتر پارتى و یەکێتى لەسەر ئەوە ڕێک کەوتون کە لە داهاتى نەوت و ئەو دوو سەد ملیار دینارەى لە بەغداوە دێت بۆ هەرێم لە سەدا 43 بۆ یەکێتى و لە سەدا 57 بۆ پارتى بێت . موچەى پێشمەرگەش لەو 20 ملیۆن دۆلارەى ئەمەریکا دەدرێت . ئەگەر ئەو پارەیە بەشى موچەى نەکرد ئەوە هەر زونە لە داهاتى ناوخۆى نوقسانیەکە تەواو بکات .
کەواتە حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ناوەرۆکدا هەر ناوەو دوو زونى سەر بە دوو بنەماڵەن کەخاوەنى مێلیشیاى تایبەتى خۆیانن . کەواتە ئەگەر ڕێکەوتنەکەى نێوان یەکێتى و پارتى ئاوابێت و یەکێتیش راِزى بوبێت بەو ڕێکەوتنە ، ئێستا یەکێتى داواى چى لە پارتى دەکات ؟.
داهاتى سنوورى یەکێتى ناخرێتە بانقەکانەوە ، قاچاخى دەکرێت ، دزى و تالانى دەکرێت خەستەخانە دەرمانى تێدا نییە ، پارەى کۆمپانیاى پاک کەرەوە نییە ، خەدەمات نییە، خەڵک دانەمەزرێـت ، شەقام قیرتاو نەکرێـت ، لەو حاڵەتەدا پارتى بەرپرسیار نابێت چونکە پێشتر ڕێکەوتنى لەسەر کراوە . کەواتە ئەم توڕەبونەى بافێڵ تاڵەبانى و خۆ سورکردنەوەو تۆمەتبارکردنى پارتى و قبوڵ نەکردنى ئەو غەدرەى پارتى لە یەکێتى دەکات ، لە پاى چی و لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت ؟. یان دەیانەوێت بەم هاش و هوشە ئەو دزیانەى لە داهاتى زونى سەوز دەکرێت ، لە خەڵکى بشارنەوە ؟.
ئەگەر ئەم تۆمەتانەى پارتى دەیداتە پاڵ یەکێتى ڕاست نین ، لە برى ئەوەى دکتۆر عیزەت بیت لە سەر شاشەى تەلەفزیۆن پارتى تاوانبار بکات ، لەولاشەوە بەرپرسێکى پارتى بێـت و بەدرۆى بخاتەوەو خەڵک چەواشە بکەن ، بۆچى جێگرى سەرۆکى حکومەت ناچێتە پەڕلەمان و هەموو ڕاستییەکان باس ناکات و ئەوەى لە ژێر بەڕەیە نایخاتە سەر بەڕەو ڕاى گشتى لێ ئاگادار ناکات و کۆتایی بەم شەڕە قسەو چەلەحانێیەى نێوان بەرپرسانى پارتى و یەکێتى ناهێنێت ؟.
لە کاتێکدا بارودۆخى نێوان یەکێتى و پارتى گەیشتۆتە ئاستى تەقینەوە ، بەڵام جێگرى سەرۆکى حکومەت کە سەر بە یەکێتییەو سنوورەکەى ئەو بەرەو ویرَان بون دەڕوات و خۆى کردۆتە کەڕەى ناو شەربەت و دەڵێی ئەوەى ڕوى داوەو ڕودەدات پەیوەندى بە ئەوەوە نییە . بەڕاستى ئەمە وەکو مەتەڵ وایە و کەس لەم کەین و بەینەى نێوان یەکێتى و پارتى و بافێل و قوبادى جوتە برا سەر دەرناکات . باشە پێمان ناڵێن قوباد تاڵەبانى بۆچى لە هەولێرەو ئیشى چییە ؟.
ئەوەى لەناوخەڵکدا لە بارەى ئەو مەتەڵەوە باس دەکرێـت دوو بۆچونە یەکەمیان : گوایە بافێڵ و قوباد ڕۆڵى خۆیان بەشکردوە . قوباد لە هەولێرەو بەشى خۆى لە پارەى نەوت بە کاش بۆخۆى وەر دەگرێـت بۆیە دنیاش بڕوخێت ئەو دەنگى لێوە نایەت چونکە ئەو لە خەمى خەڵکدا نیەو خۆى مسوەگەرە . بافێڵى براشى لە سلێمانى خۆى حاکمى سەربەخۆیەو چی بوێت و چۆنى بوێت و چۆنى بۆ باش بێت ئاوا دەکات .
دیارە ئەم بارودخەى ئێستاى پێ باشەو ئەویش پارەى خۆى مسوەگەرەو خەڵک دەمرێت یان نامرێت کێشەى ئەو نییە . لاى ئەوان حیزب و میزب و شەهیدان و پێشمەرگە میللەت شتێک نییە شایانى باس بێت ، چونکە ئەوان ئەگایان لە هیچ نییەو هاتونە سەر سفرەى حازر . ئەندامانى سەرکردایەتى و مەکتەبى سیاسى تەنها وەکو ناوهەن و لە ناوەرۆکدا ڕەعیەتى بنەماڵەن و فەرمان جێ بە جێ دەکەن . ئەگەر ئەم بۆچونەش ڕاست بێت کەواتە یەکێتى و پارتى ژێر بە ژێر رَێک کەوتون و ئەو تۆمەتانەى بۆ یەکترى دروست دەکەن تەنها بۆ چەواشەکردنى جەماوەرە . لە ڕاستیدا یەکێتى بنەماکانى حیزب بونى تێدا نەماوەو ئەو جەماوەرەى کە بەناو ماویەتى هەر یەکەى بۆ بەرژەوەندى خۆى لەناویدا ماوەتەوە . سەیرکەن مەڵەبەندێکى یەکێتى بە قەدەر فەرمانگەى کارەباى سلێمانى ئەندام مەڵبەندو کارگێرى مەڵەبەند هەیە . بە سەدان ئەندام کۆمیتە. 124 ئەندامى سەر کردایەتى . لانى کەم 80 ئەندامیان سەیارەى تازەیان بۆ کڕاوە ئەگەر هەر یەکەى بە 5 دەفتەر دۆلاریش بێت ، 3 ملیۆن دۆلار زیاتر دەکات .
موچەو نەسەریەو پارەى بەنزینى سەیارەو چاککردنەوەى سەیارەکان پارەیەکى خەیاڵى دەوێت لە هەمووى سەیرتر ئەمانە هیچیان کاریان نییەو هەموو بڕیارى حیزب لە دەستى یەک کەسدایەو ئەمان هەر سەر دەلەقێنن . هیچ بەرپرسێکى حیزبى نییە کوڕو کچ و خزمەکانیشیان خاوەنى کۆمپانیاى خۆیان نەبن یان دانەمەزرابن .
هەرچى کاسبییەک خێرى تێدابێت یان بۆ حیزبە یان کەسانى سەر بەحیزب . بۆیە هیچ کاروکاسبییەک بۆ خەڵک نەماوەتەوە .جگە لە هەموو ئەمانەش باجێکى زۆریش خراوەتە سەرکاسبکاران . گومانى تێدا نییە ئەو باجەش دەکەوێتە سەرهاوڵاتى فەقیر . بە دڵنیاییەوە دەڵێم کۆمپانیاکانى حیزب و بنەماڵەو سەرانى حیزبیش هیچ باجێک نادەن .
کەواتە حیزب بۆتە کۆمپانیایەکى بازرگانى گەورە بۆ ئەندامانى حیزبەکە . هەموو ئەو خەرجیانەش بۆ حیزب لە بودجەى گشتى خەڵک دەڕوات .کەواتە ئەوانەى ئێستا خۆیان وەکو لایەنگرى یەکێتى وینادەکەن ، لەبەر خاترى بەرژەوەندیەکانى خۆیانە نەک خۆشەویستیان بۆحیزب . کەواتە ئەمان لە بنەڕەتدا حیزبى نین .
حیزبیش بۆ بەخێوکردنى ئەم لەشکرە بی َکارە دەبێ پەنا بەرێت بۆ هێنانى دوگو جگەرى بەستوى ماوە بەسەر چوو ، جبسى ژەهراوى قاچاخچیەتى و داگیرکردنى موڵکى گشتى و لەولاشەوە بەهەزاران دەرچوى زانکۆ و پەیمانگاکان هەن کە کوڕى فەقیرو هەژارن کەسێکیان لی دانامەزرێ .
کەواتە حیزب دەبێـتە هۆکارى دروستکردنى ناتەبایی و نا عەدالەتى ناوکۆمەڵگاو دواجار کۆمەڵگاش دابەش دەبێت بەسەر دوو بەرەى دژ بە یەک و بەو هۆیەوە کۆمەڵگا بەرەو لێکترازان و هەڵوەشانەوەو دژایەتى و ڕق لێبونەوە لە یەکترى دەڕوات . لە ئەنجامى هەمو ئەمانەدا پارە لە بانکەکاندا نامێنیت بۆ ئەوەى موچەى پێبدرێت . حیزبى کورردى حکومەتێکى ترە لەناو ئەم حکومەتداو بۆتە بارێکى قورس بەسەر بودجەى گشتییەوە . دیارە ئەوەى باسمکرد بۆ پارتیش هەر وەکو یەکێتى وایە .
لە ڕاستیدا پارەکە زۆرە بەشى ئەم دوو حکومەتەش دەکات کە لەناو یەکدان ، ئەگەر سەرانى هەردوو بنەماڵە بەشێکى زۆرى بەتاڵان بۆخۆیان نەبەن . کەواتە دەبێ هاوڵاتیان زۆر هوشیاربن و بەوە نەخەڵەتێن کە پارتى و یەکێتى لە میدیاکانەوە یەکترى تۆمەتبار دەکەن . یەکێتى دەڵێت : پارتى زونى سەوز سزا دەدات .
پارتیش دەڵێت : یەکێتى پارەى گومرگەکان و داهاتى ناوخۆ بۆ خۆیان دەبەن . هەردوکیان ڕاست دەکەن ، هەردوک لایان دزن و بۆیە ئەمە دەکەن بۆ ئەوەى فێل لە جەماوەر بکەن و هاوڵاتى زونى زەرد وابزانن بنەماڵەى بارزانى بەرگرییان لی َدەکات ، هاولاِتیانى زونى سەوزیش وابزانن بنەماڵەى تاڵەبانى بەرگرییان لێ دەکات . بەڵام ڕاستییەکەى هەردوکیان شینى هەریسەکە بۆ خۆیان دەکەن و درۆ لەگەڵ خەڵک دەکەن .
حیزبى کوردى درێژکراوەى خێلڕ و بنەماڵەیە بەڵام لە فۆڕمێکى سیاسیدا . سەرۆکى خێلێک یان بنەماڵەیەک تا لە ژیاندا مابێت دەسەڵاتەکانى دانابەزێنیتە خوارەوە بۆ ئەوەى هەر خۆى خاوەن بڕیار بێت و دوای خۆشى جێگرەوەکەى هەمان نەرێت پەیڕەو دەکات .
حیزبە بەناوسیاسیەکانى ئێستاى هەرێمى کوردستانیش لە سەر هەمان نەرێت و هەمان ڕێچکە بەردەوامن. ئەوە بنەماڵەى بارزانى بۆنمونە : دەسەڵات لە مەلا مستەفاوە بۆ مەسعودى کوڕى ئەوەتا مەسروریش ئامادە دەکرێت بۆ شوێنى باوکى . یەکێتیش بەهەمان شێوە تا مامجەلال مابوو خۆى هەموو شتێک بوو .
ئێستا بافێل بۆتە جێگرەوەى باوکى و ڕێک وەکو ئەو دەکات و دەسەڵات هەموى لاى خۆیەتى. مەترسییە گەورەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئەمانە لەسەر لێوەشایی و شارەزایی و پسپۆرى نەبونە سەرکردەو هیچ دنیا بینییەکى سیاسى و ئیدارى وئابورییان نییە ، بەڵکو سەرکردایەتیان وەکو میرات بۆ ماوەتەوەو وڵاتیش لەسەر دەستى کەسانى ئاوا بەرەو وێران بون دەڕوات .
باشترین نمونە ئەوەیە هەمومان دیمان چۆن لە میدیاکانەوە خەبەرى ئەوە بڵاو کرایەوە کە بافێڵ تاڵەبانى چەند کەسێکى حیزبەکەى خۆى سزاداوە کە ئەندامى مەکتەبى سیاسیشى تێدابوە لەسەر ئەوەى لێدوانى خراپیان داوە . ڕاستە دەبێ لەناو حیزبدا لێپرسینەوەو سزادان هەبێت ، بەڵام ئەوە دەبێ بە پێی پەیڕەوەى ناوخۆى حیزب بێـت . بەڵام بافێلڕ تاڵەبانى تەنها خۆى بڕیارى سزادانەکەى داوە .
کەواتە ئەم بڕیارە لە بڕیارى سەرۆک خێلێک دەچێت ، نەک سەرۆکى حیزبێکى سیاسى . لەوەش خرابتر ئەوەیە خەبەرێکى ئاوا لە میدیاوە بڵاو بکرێتەوە کە ئەوە جۆرێکە لە سوکایەتى و گاڵتە پێکردن . سەیرەکە لەوەدایە بافێل تاڵەبانى هەرحیزبى نەبوە تا ڕاپەڕینیش هەر لەکوردستان نەبوە . کەواتە هەر لەبەر ئەوە بوە بە سەرۆک کە کۆڕى مامجەلالە . بەڵام ئایا ئەوە بەسە بۆ ئەوەى ببێتە سەرۆکى حیزبێکى وەکو یەکێتى لەم بارودۆخە سیاسیە ئاڵۆزەى کە ئێستا لە ئارادایە؟.
بۆچونى دوەمیان ئەوەیە کە پارتى و یەکێتى کێشەى گەورەیان لەگەڵ یەکترى نییەو تەنانەت لەسەر هەناردەکردنى غازیش ڕێک دەکەون وەکوچۆن پێشتر لەسەر هەناردەکردنى نەوتیش ڕێک کەوتن . ئەوان هەرچى بە یەکترى بڵێن ئەوە هەر قسەی ناو میدایەوەو لە ژێر مێزەکەدا شتێکى شارەوە هەیە کە هەموان نایزانن وهەرگیزنابێ خەڵکى تر بیزانێت .
باشە ئەگەر ئەم قسەیە ڕاست نییە ، بۆچى یەکێتى لە حکومەت ناکشێتەوە کە پارتى ئەوەندە غەدر لە زونى سەوز دەکات و سوکایەتى بە یەکێتى و بنەماڵەى تاڵەبانى دەکات ؟. یەکێتى بۆیە ئەم بارو دۆخ و هاش و هوشەى دروست کردوە بۆ ئەوەى عەتف و سەرنجى خەڵک بۆلاى خۆى ڕاکێشێت و گەندەڵیەکانى خۆى لە چاوى خەڵک بشارێتەوەو وا لە خەڵک بگەیەنێت کە بەرگریکاریانە و بەو هۆیەوە دەنگى بۆ بدەن .
کورت وکرمانجى بێدەنگییەکەى قوباد تاڵەبانى سەلمێنەرى ئەوەیە کە قسەکانى پارتى ڕاستن و ئەوان داهاتى ناوخۆى سنوورى سەوز ناخەنە بانقەکانەوەو بۆ خۆیانى دەبەن .ئەگەر بڵین ئەوە بوختانە ، دەتوانن داواى لییژنە بکەن بۆ لێکۆڵینەوەو بەدوادا چون و پارتى بە درۆ بخەنەوە .
. ئەگەر یەکێتى هۆکارى دواکەوتنى موچەو نەبونى خزمەت گوزارى بە بەڵگەى تەواوە بۆ خەڵک ڕون نەکاتەوە تەنها بە قسە بیەوێت پارتى تۆمەتبار بکات ، توڕەیی جەماوەر زیاتر دەبێت و گومانى تێدا نابێت لە هەڵبژاردنى داهاتودا باجێکى قورس دەدەن .
هەر بەم بۆنەیەوە لە چەند ڕۆژى ڕابوردودا کۆمەڵێک لە کور و نەوەو خزم و کەس و کارى شەهیدانى یەکێتى بەیانێکیان دەرکردوەو هۆشداریان داوەتە یەکێتى ئەگەر کار وەکو ئێستا بڕوات ، یەکێتى سزاى قورس دەدرێـت . بەڵام ئەوانەى ئێستا خۆیان کردۆتەخاوەنى یەکێتى کەس و کارى شەهیدان ناناسن لەەبر ئەوە گوێ بە قسەکانیشیان نادەن .
هاوڵاتیانى خۆشەویست ، خوێنەرى ئازیز، کەس و کارى سەربڵندى شەهێدان ،پێشمەرگە قارەمانەکانى ڕۆژە سەختەکانى خەبات و تێکۆشان ، جەماوەرى تێکۆشەرى خەڵکى کوردستان دەمەوێت بیرتان بهێنمەوە کە هۆکارى هەموو ئەو مەینەتیانەى بەسەر ئەم میللەتە هاتوە کێشەو ناتەبایی نێوان بنەماڵەى بارزانى و تاڵەبانییە . ڕەگى ئەم دوژمنایەتیە خوێناویەى نێوانیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 1964 کە برایم ئەحمەدو مامجەلال و کۆمەڵێک سەرکردەى ترى ئەو کاتى پارتى لە مەلا مستەفا هەڵگەڕانەوە و لە پارتى جیابونەوە . لەو کاتەوە بەرەى جەلالى و مەلایی دروست بوو کە ئەم دوو بەرەیە تا ئەم کاتەى ئێستا ئەم دێرانە دەنوسم بونە مۆرانەو کارەسات بۆ ئەم میللەتە .
دەرکەوت هەموو ناکۆکیەکان لەسەر دەسەڵات بوو . لە کاتێکدا بەرەى جەلالى مەلا مستەفایان تۆمەت بار دەکرد بەوەى خێلەکییەو سیاسەت نازانێت و بڕواى بە حیزب نییە . بۆمان دەرکەوت کاتێک مامجەلالیش دەسەڵاتى بەدەست هێنا ئەویش بەرەو بنەماڵەی ڕۆیشت .کە واتە دەتوانین بڵێن ئەو کات مامجەلال دەسەڵاتى مەلا مستەفاى نەبوو بۆیە گلەیی هەبوو.
بەڵام ئەوەتا بە چاوى خۆمان دەبینین دواى خۆى کوڕەکەى بۆتە جێگرەوەى خۆی و ئێستا خاوەنى هەموو حیزبەکەشە . کەواتە ئەو حیزبانە یان ئەوسەرۆک حیزبانەى کێبڕکى لەگەڵ ئەوانى تر دەکەن کە لە خۆیان بەدەسەڵاترن و زۆر جاریش تۆمەتباریان دەکەن و تۆمەتى خیانەت و کلکایەتى بێگانەشیان دەدەنە پاڵ ، لەبەر ئەوە نییە ئەمان لە ئەوان باشترن ، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە دەسەڵاتى ئەوانیان نییە .
لە کۆتاییدا دەپرسم : زۆر ئاساییە کەسانێک بە هەر هۆکارێک بێت دژایەتى خێزانەکەت بکەن و بیانەوێت سزاى خۆت و خێزانت بدەن ، بەڵام ئاسایی نییە خۆت ببێتە دوژمنى خێزانى خۆت و سزاى منەڵەکانت بدەیت و خواردنیان پێ نەدەى . کەواتە زۆر ئاساییە بنەماڵەى بارزانى دژایەتى سنورى بنەماڵەى تاڵەبانى بکەن و سزاى خەڵکەکە بدەن بۆ ئەوەى وایان لێ بکەن دژى بنەماڵەى تاڵەبانى بوەستنەوە . بەڵام ئاسایی نییە بنەماڵەى تاڵەبانى سزاى ڕعیەتەکەى خۆى بدات .
خۆ ئەگەر بڵین نەخێر وانییە ، ئەى باشە ئابڕوچون نییە تۆ خۆت بە بەرپرسیار بزانێـت لە ژیانى خەڵک و خۆت بێی جگەرو دوگ و جبسى ماوە بەسەرچوو بهێنیتە ناو شارەکان و دەرخواردى خەڵکى بدەى . چ ئابِرو چۆنێکە خانە نشینان کە ماوەى 40 ساڵە خزمەتى خەڵکیان کردوەو موچەکەیان 250 هەزار دینارەو لەسەرەى وەرگرتنى موچەدا بمرن ؟. ئاخر ئابڕوچون نییە خەستەخانەکان بە تایبەتى خەستەخانەى هیواى شێر پەنجە دەرمانیان تێدا نەبێت .
باشە ئابڕوچون نییە بەنزین نەبێـت بۆ ئەمبوڵانسەکانى فریاکەوتن . ئابڕوچون نییە بایی ملیۆنان زەوى ئەم شارە داگیر بکەن و تا ئێستا لەناو شاردا قوتابى لە کابینەدا دەرس بخوێنیت . ئابڕوچون نییە تۆ پارەى کۆکردنەوەى خۆڵ و خاشاک لە خەڵک وەرگریت بەڵام پارەى کۆمپانیاکانى کۆکردنەوەى خۆڵ و خاشاک نەدەیت و کرێکارەەکان مان بگرن و بەو هۆیەوە شارەکان بۆگەن بکەن .
دواى ئەمانە وەرن حسابى موچەو نەسریەو خەرجى 124 ئەندامى سەرکردایەتیم بۆ بکە و بزانە هەر یەکەیان موچەکەى بەقەدەر چەند موچەى خانەنیشان دەبێـت . بەخوا بیستومە باسى 124 هەزار پێغەمبەر دەکەن ، بەڵام نەبیستراوە حیزبێک خاوەنى 124 ئەندامى سەرکردایەتى بی ئیش بن تەنها بۆ موچە نەبێت . کەواتە چۆن پارە لەبانکەکاندا دەمێنیت بۆ فەقیرو هەژار .
کەواتە لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەى نە بنەماڵەى بارزانى نە بنەماڵەى تاڵەبانی لەخەمى خەڵکدان . هەردوکیان هەر خەمى خۆیانەو بۆخۆیان هەوڵ دەدەن . کاتى ئەوە هاتوە ئێمە هەمومان بیرلە ئایندەى خۆمان و نەوەکانمان و نیشتمان بکەینەوەو ئەم دوو بنەماڵەیە کە بونە دێوەزمەى ئەم میللەتەو ئەم نیشتمانە بخەینە زبڵدانى مێژووەو چیتر خەڵک پەیوەست نەبێت پێانەوە چونکە دوژمنى گەل و نیشتمانیشن .
لە بەشى دووەمى ئەم باسەدا باسى ئەو زەوى و زار و موڵکە گشتیانە دەکەم کە دەستیان بەسەردا گیراوە ئەو کات تێ دەگەن ئەمانە چ جاناوەرێکن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست