پەیمانی سیڤەر سەدساڵ دواتر
Saturday, 07/05/2022, 19:40
" ٢٣.٤. ٢٠٢٢ کۆڕێکیان بۆ کاک "بورهان یاسین " ئامادەکرد بوو ABFکۆمەڵەی ئەکادیمی کوردستان بەهاوکاری"
کۆڕەکە دەربارەی کوردستان لەپەیمانی سیڤەردا . گەرچی ئەم دنیای دیگیتاڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتیە بەرفراوانە تەنگی بەهەموو چالاکیەک هەڵچنیوە ، بەتایبەتی لەسەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا و دواتریش کەمتر کۆڕ و کۆبونەوەی زیندوو ئەنجام دەدرێت.
بەندە قەت حەزم بە کۆبوونەوە یەک نەکردوە لەپشتی کۆمپیوتەرێکەوە"ئۆنلاین" تەنانەت گەر نابیناش بومایە هەوڵم نەدەدا گوێ لە کتێبی دەنگی بگرم ، هەست دەکەم کتێبی دەنگی دەستی ناوەتە بیناقاقای کتێب .
گەرچی زیاتر لە ٨٠کتێبم گوێ لێگرتوە بەڵام وەک ڕێکردن بووە بەبیابانێکدا ، دواجار بایەک جوڵەیەک چەند بچکۆلەش بێت، شوێن پێت دەسڕێتەوە شوێن پێکەت نامێنێ، لای منیش وابووە هیچیم لەهزردا نەماوە دوایی گوێ گرتن لەو هەموو کتێبە .
کۆڕەکە وەک هەمووجارێک و پێشتریش گەرم و گوڕی خۆی لەدەست نەدابوو ، میوانەکان پیرتر و تارمایی چاوەکانیان لێڵتر دەیڕوانی و زۆریان بەمۆبایلی دەستیان وێنەی خاڵبەندەکان و نەخشەو وێنەکانیان دەگرت کە دەهاتە سەر شاشەگەورەکەی سەر دیوارەکە .
من ووتم : ڕەنگە ئەمانە هەموویان لەسەر سیڤەر لە کاک بورهان یاسین زیاتر قسەمان بۆ بکەن کە چونە ماڵەوەیاندا ..!
مێژووی نیشتمانەکەم هەمیشە بۆمن جێگەی تێرامان و بیرکردنەوەم بووە ، بەردەوام بیر لەوەدەکەمەوە کە بۆچی ئێمە هیچ ڕووداوێکی مێژوو نەبۆتە وانەیەک بۆمان... !؟
ڕاستر بڵێم کە وەک بەکاک بورهان یشم ووت: مێژوو بۆ گەلی ئێمە حیکایەتێکە لەگوێی ئاگردان و کە خەومان لێکەوت ئیتر بیرمان دەچێتەوە . کاک بورهان یاسین لەگەڵ خۆیدا کتێبێکی بۆ هێنابووم .
لەبەر ئەوەی کارکردن نەی هێشت دانیشم و گفتوگۆبکەم لەسەر سمینارەکەی ، کتێبەکەش لەناو دەستمابوو بەماوەیەکی کەم کتێبەکەم خوێندەوە چونکە کتێبەکە تەنها ١٣٣ پەڕەیە ، پێشکەش بە گیانی جەنەراڵ شەریف پاشا ی خەندان کردووە .
سیڤەر کورد دایرشتوە ووشەکە خۆی ناوی "سێڤر"ە بەڵام کاتێک سیڤەر وەک ڕووداوێکی مێژووی ڕۆشتوە کاک بورهانیش هیچ گۆڕانێک یان ڕاستکردنەوەیەکی بۆ نەکردوە تەنها ئاماژەی پێداوە کە ئەسڵی ووشەکە چیە . ئەمە بۆ منیش تازەبوو لەهیچ جێگەیەکی تر ئەمەم بەرچاو نەکەوتبوو .
سەرەتا نوسەر وەک پۆستێکی فەیسبووک بۆ یادی سەدساڵەی سیڤەر شتێک دەنوسێت ، دوایی بریار دەدات کە بیکاتە کتێب چونکە تەنها چەند کەسێک بەئاماژەیەکی کەم باسی گەورەیی سیڤەریان کردبوو ، پرۆژەکەی دەداتە بەرپرسێکی باڵا و داوادەکات کە پارتە کوردێکان کاری لەسەر بکەن ، ئەوان بەئەرێنی وەڵامی دەدەنەوە ، بەڵام کاتێک سیڤەر بەروارەکەی دێت و دەبێتە سەدساڵ مێدیاو حیزبەکان بێدەنگی هەڵدەبژێرن .
ڵێرەوەیە کەمن لە ڕۆشبیران و ئەکادیمستە کوردەکان ناگەم ، کە تاکەی ئەوان خۆیان فریودەدەن و دەڕۆن و پڕۆژەکانیان دەدەنە دەسەڵاتێک کە هیچ بڕوایەکیان بەسەرکەوتن و هیچ پلانێکیان نییە بۆ گەیاندنی کورد بەکەنارەکانی ئارامی .
هەر لە ماوەی ئەم ٣٠ساڵەی حاکمێتی کورد لەو هەرێمەدا ،هەزاران خائین کرانە پاڵەوان و سەدان تاوانباری داگیرکەرانیش لەڕێگەی دەسەڵاتی کوردێوە ئاودیو کران یان لەخەستەخانەکاندا بەڕێزەوە تادووا دڵۆپ هەناسەیان بۆ دەگەڕانەوە و لەدادگاکانی جیهانیشدا بەرگریان لێدەکرن و دەیان نموونەشمان لەم شێوە دانوشتانەوەو گەورەکردنی داگیرکەرانە هەیە . کاتێکیش باس یەتەسەر مەسعود بارزانی و دەڵێت : ئەوان شیمانەی ئەوەیان کردوە کە دۆسیەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لەدەستی ئەودایە ، واتە ڕیفراندۆمەکەی زەمینەیە بۆ دروستکردنی دەوڵەت ، بەڵام بەتاکەووشەیەک چیییە باسیان لەسیڤەر نەکردوە چونکە تورکیای فاشی و دۆستیان دڵگران دەبن . بێنەوە بۆ لای پەیمانی سیڤەر و ڕۆشتنی سەدساڵ بەسەریدا و وەرنەگرتنی تاکە وانەیەک لێوەی و بەهەند وەرنەگرتنی ئەو مێژووە پرشنگدارە کە خەریک بوو لەڕێگەیەوە نیشتمانی کوردستان درووست بکرێت.
لەکتێبەکەدا زۆر بەووردی باسی ڕەوتی ناسیۆنالیستی تورکەکەمالیستێکان دەکات و دوایی سەد سالێش بەسەر سیڤەردا ناسیۆنالیستە تورکەکان بەردەوامن لە کێشە ناناوە بەرامبەر بەکوردو دۆسیەکەی . زۆر خاڵی سەرنج ڕاکێشی تێدایە بۆ نموونە تورکەکان هەستان بواری پەروەردەکردنیان هەمووی خزانە خزمەت ڕەوتی ناسیونالیستی تورکەوە . ئێمە چاک دەیبینین لەتورکیاو یان لەزۆر جێگە تورکەکان خۆیان بەنەتەوەی سەر دەست دەزانن ، کتێبێکی مەحمود باسکیم بیرکەوتەوە کەدەڵێت: کە لەتورکیاوە هاتم بۆ ئەورپا وا چوبۆ هزرمەوە کە جیهان هەموو لەزمانی تورکی دەگات . ببینن ئەمە کوردێکی بەئاگا وای زانیوە..!؟
داخۆ تورکێک چۆن بیربکاتەوە ؟
کاک بورهان لای وایە گەلێکی بێدەوڵەت لەسەر نەخشەی شارستانیی مۆدێرندا جێگەی شایستەی بەخۆی نییە ، لای وایە گەلی بێدەوڵەت توانای خۆ پاراستنی نییە و هەمیشە مەترسی سڕینەووەی لەسەرە .
لێرەدایە مرۆڤ دەڵێت: باشە بەڕێزم تۆ ئێمە ئاگادار دەکەیتەوە لەو ڕاستیە ، بەڵام سەدان لێدوانی زیندووی سەرانی کورد هەیە و ماوە لەتۆڕەکۆمەڵایەتێکاندا کەچەنێک لەخەمی مەرکەزو خۆگونجاندندان لەگەڵ ئێران و عێراق و تورکیاو سوریادا تەنها داخوازیان ئەوەیە کە بەبرایەکی خنجیلانەو گوێڕایەڵ وەربگیرێن . ئێوەش دەچن پڕۆژەی سیڤەر دەبەنەبەردەستیان تا کەیسێکی وامەزن وەک هەردوو ڕیفراندۆمەکە بەرن و مامەڵەی پێوە بکەن .
لای کاک بورهان خەباتکردن بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ نەبۆتە بەشێکی بێ ڕۆح لەمێژووی گەلی کوردا ، نوسەر پێی وایە ئەم خەباتە تائێستاش ئامەدەیی هەیە . دوایش زۆر غەمگینانە لەکۆڕەکەیدا ووتی: گەورەترین هەڵەی پارتی کرێکاران ئەوەبوو وازیان لەخەبات بۆ دروستکردنی دەوڵەت هێنا .
١٠.٨.١٩٢٠دا کۆمفرانسی سیڤەر کۆتایی هات و تا لۆزان جێگەی گرتەوە و دوایش سایکس پیکۆ هەموو خەونی کوردو دەوڵەتی کوردی تێک و پێکدا ، خاڵێکی سەرنج ڕاکێش کۆماری کوردستان بوو یان لای ئێمە زیاتر بەکۆماری مهاباد ناوبانگی هەبووە هەمان خەون و خاڵە بنەڕەتێکانی پەیمانی سیڤەری لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتوە لەجوگرافیایەکی تەسکدا .
بەستنەوەی دەوڵەتەکەی داعش لەسوریاو عێراقدا هەمان حاڵەتێکی جوگرافیایی سیاسی و ئاگایی مرۆڤەکان بونێکی ئەوتۆی گرنگیان هەیە یان نا؟ بەلای منەوە تا ئێمە خائینەکانی ناو خۆمان تەفروتونا نەکەین بونیان هەیەو ، چونکە ئێمەشاهیدین لەووڵاتێکی وەک عێراقدا کە ئەمەریکێکان داگیریان کرد ، پۆلیسێکی هاتوچۆش نەمابوو ، هەمووجیهان هاوسۆزمان بوو ، سەرانی کورد بێگەڕانەوە بۆ لای خەڵک و بێگوێدانە هەموو بەهایەکی نیشتمانی ڕایان کردە بەغدادی تاوان و دەستیان کردە دزی و فزی و ماستاو کردن و دروستکردنەوەی دەوڵەتە شەق وشرەکەی عێراق و لەعەرەبە شۆڤێنێکان دڵسۆزتر قۆڵیان لێهەڵماڵی و تورکە فاشیەکان و ئیرانێکان ئەو هەموولەشکر کێشیەدەکەن سەرەک کۆمارو ئەو هەموووەزیرو مرۆڤە قەزمانەکە کوردن و لەبەغددی تاواندان قسەیەک ناکەن و هەڵوێستێکی مەردانەیان نییە و ناشبێت و بەردەوامیش دەپاڕێنەوە بۆ موچەو بەرات و خەڵات .
لەم کتێبەدا هەست بەخاڵێک دەکەیت کە تورکە فاشیەکان بەسەرکردایەتی ئەتاتورک هەمیشە لەڕێگەی سیڤەرەوە دەیان دەسکەوت بۆ گەلەکەیان دەچنەوە ، کورد تەنها ڕۆڵی قوربانی دیوە تورکەکان بۆڕۆژئاوای ئەنەدۆڵ پێشڕەویان کردو داگیریان دەکرد ، کورد سەرگەرمی زکرو دینداری بووە ، هێندەی لەقیامەت ترساوە بەئێستاشەوە کە تۆ نیشتمانت نەبێت لەقیامەتدایت ، کە تۆ بەمرۆڤی دووهەم سێهەمی وولاتێک سەرژمێر بکرێتب، کەتۆ لەژیانتا ئازاد نەبیت قیامەت لەوێوەیە.
کەمێژوودەخوێنیتەوە هەست دەکەین وەک مەسعود محەمەد فەرمووی لەچاوپێکەوتنێکدا "کورد لەدەرەوەی مێژووە" هەر بەڕاستی دوای سەدساڵ چاکترە بڵێم سەد و دووساڵ کورد هەمان تەشی دەڕێسێتەوە کە باو باپیرانیان ڕێساویانە .، ئەوەتانێ ٣١ساڵە لکەهەرێمێکدا کورد خۆی دەخواتەوە ، تاکە شتێک کە بۆتە نەرید بۆی کڕوزانەوەیە . لەم ڕۆژانەدا بۆکار دەچووم لەڕادیۆکەوە گوێم لەهەواڵەکانی جەنگ دەگرت لەیەکێک لە شارەکانی ئۆکرانیادا ، مرۆڤەکانی ئەوێ چۆن لەماوەی دوومانگدا باس لەجەنگ دەکەن و چۆن باس لەئازارەکانیان دەکەن و دەڵێن جەنگ هێندە ترسناک نییە ، ژیان بەسەر شۆڕی و کڕوزانەوە بەسەربردن ترسناکە .
ئێمە سەدان ساڵە لەشەڕداین کەچی نازانین باسی جەنگ وشەڕ بکەین. هەرچی دێتە لامان دەتوانێت بەعەلاگەیەک ساوەر و خەیار فریومان بدات . ئەم کتێبەی کاک بورهان یاسین گەرچی ژمارەی لاپەڕەکانی زۆر نییە بەڵام مرۆڤ ڕادەکێشێتە باسێکی قوڵەوە و دەپرسێت بەڕاستی ئێمە نەتەوەین، یان خێڵێکی داماوین!؟
هەربۆیە سەدان دکتۆرو پڕۆفیسۆرمان هەیە بەناوی گوندەکانیانەوە پاشناویان دانەوە لەوێ زیاتر هەست بەئارامی دەکەن . دوا سەرنج ئەوەویە نامەیەکی دیکۆمێنتاریە بەزمانی ئنگلیزی لەسمینارەکەدا پیشان داین کەلەوێدا ناڵێن گەلی کورد بەڵکو دەڵێن هۆزەکوردەکان . لێرەوەیە جەنەراڵ شەریف پاشای خەندان دەرک بەوەدەکات کە ئەم خێڵ و هۆزە ڕێگردەبێت لەبەردەم دروستکردنی دەوڵەت بۆنیشتمانی کورد . ئیتر پێشنیار دەکات کە ئەو دانێن چونکە شەش زمان دەزانێت و ئاگاداری هەموو سەرۆک هۆزو عەشرەتەکانی کوردە ،خۆشی پەیوەندیەکی بەهێز لەگەڵ شێخ مەحمود و سمکۆی شکاو ئەوانی تردا دادەمەزرێنێت .
پەیمانی سیڤەر وەک هەموو مێژووی کورد سەرئەنجام بەرهەمێکی بۆ گوندێکی کوردیش نەبوو . ئەم کتێبە دەبوو ببوایە بەکەرەسەی سەدان مێزگرو لەکەناڵەکاندا گفتوگۆی لەسەر بکرایە و لەو زانکۆی گوندانەدا ببوایەتەوانە و ئەکادیمیستی کورد ، کەمەن گومانم هەیە کەهەمان بێت زیاتر تیشکیان بخستایەتەسەر ، بەڵام بەداخەوە وەک زۆربەی بەرهەمەبەپێزەکان ئەمیش لەکتێبخانەدا تۆز تەنگی پێهەڵدەچنێت . سوپاسی برای ئازیزم کاک بورهان دەکەم کە بێبەشی نەکردم لەم کتێبەبەنرخە ، هیوادارم ئیتر نوسەرەکانمان فێربن نەپرس بەدەسەلات بکەن نە لەگەڵ پڕۆژە وەهمێکانیاندا ڕێگە بکەن چونکە تەنها شکست و گومان دەچنەوەو خۆشەویستی خەڵک و بڕوای خەڵک لەدەست دەدەن .
وەسێتەکەی جەنەراڵ شەریف پاشا زۆر ماناداربووە بەرلەمردنی ، ووتوێتی لاشەکەم بسوتێنن و خۆڵەمێشيکەم هەڵدەنەدەریاوە ، دووخوێنەوەو یەکەم نەیتوانی نیشتمانی کورد دروستکات یان نەی دی نیشتمانی هەبێت ، دوهەمین نایەوێت لەخاکێکدا بێت کە داگیرکراوە بەمردوویش .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست