کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەرگی سەردەشت عوسمان سەربازە زیندووەکەی ئازادی

Saturday, 07/05/2022, 19:23


کاتێک یادی سەردەشت عوسمان دەکەینەوە ناتوانین باسی سۆرانی مامە حەمەو کاوە گەرمیانی و ویدادو عەبدولستار تاهیر شەریف نەکەین کە خۆیان گەیاندە کاروانی پڕ سەروەری عەبدولخالق مەعروف و قادر کابان ، ئەوانەی سەردەشت و سۆران و ویدادو عەبدولستار تاهیریان شەهید کرد ئەوانەن کە ئێستا توانای حوکمڕانی و ئیدارەو بەڕێوەبردنیان نییە و خەڵکی کوردستانیان توشی دەیان قەیرانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کردووە ، ئەگەر بمانەوێت بەر بە تیرۆری قەڵەم و قەڵەمکوژەکان بگرین بۆ ئەوەی سەدان سەردەشت و کاوەی تر نەبنە قوربانی پێویستیمان بە شۆڕشێکی ڕۆشنبیری فیکری هەیە کە ئیمکانی هەبێت قەڵەمکوژەکان رابماڵێت.
مەرگی سەردەشت عوسمان یەکێکە لە سیمبوڵ و فیگەرەکانی ئازادی ، سەردەشت عوسمان سەربەرزانە ژیا خوازیار بوو کە دوژمنەکانی مەرگێکی تراژیدی پێ ببەخشن ،مەرگی سەردەشت عوسمان پێی وتین پارتی بۆ مانەوەی خوی ئامادەیە خوێنی زیاتر بڕێژێ و جەرگی زیاتری دایکان بسوتێنێت، مەرگی سەردەشت عوسمان پێی وتین دیموکراسی لە ژێر سێبەری هێزێکی فاشیزمی وەکو پارتیدا هیچ نیە جگە لە باڵۆنێکی فوتێکراو کە بە رەخنەی نوسەرێک و وتاری ڕۆژنامەنوسێک و جوڵەی قەڵەمێکی بوێر باڵۆنەکە فش دەبێتەوە ، تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان هەوڵێکی نەزۆکانەی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بۆ دروستکردنی فەزایەکی پڕ لەترس وتۆقاندن لەنێوناخی ڕۆژنامەنوسان و قەڵەمە بوێرەکان تا کەس بوێری ئەوەی نەبێت ڕەخنە لەو بتانە بگرێت کە خێزانە سیاسییەکان دروستیان کردووە و بەرگی قەداسەتیان لەبەر دەکەن .
 مەرگی سەردەشت عوسمان پێی وتین کە پارتی چ هێزێکی ملهوڕ و دزێوو نامۆیە بە دیموکراسی و ڕووی دزێوی پارتی و سەرۆکی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵماڵین کە دەستی لە تیرۆرکردنەکەدا هەبووە ، تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان  یەکێکە لە تیرۆرە هەرە پلان بۆداڕێژراو و قێزەونەکان کە پارتی لە قەڵەمرەوی خۆیدا ئەنجامیداوە کە هەرگیز ئەم خوێنە ووشک نابێتەوە و لەناو ڕۆژنامەنوساندا ، سەردەشت عوسمان لە وڵاتێکدا شەهیدبوو  کە سیستەمی بەریوەبردنی تێدا نییە و دام دەزگاو دادگاو یاساکانیش ئامرازێکن بۆ خزمەتکردنی دەسەڵاتێکی فاشیل کە بست بە بستی کوردستان بە دوای نەوت و گازدا دەگەڕێت و ئازادی و نان و بژیوی لە خەڵک و لە موچەخۆران بڕیووە و نایەکسانی و ناڕوونی لە دابەشنەکردن و سەروەت و سامانی گشتی دا هەیە و یاری بە چارەنوسی هەست و شعوری خەلک و موچەخۆران  و هەموو چین و توێژەکانەوە دەکرێت . 
بە داخەوە دوای 12 ساڵ لە تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان هێشتا قەڵەمکوژەکانی دژ بە ئازادی ئاشکرا ناکرێن و پارتی بە هەموو ئیمکانی سیاسی و ئەمنی خۆیەوە مەترسی زیاتری لە سەر ژیان و کەرامەتی ئینسانەکان  دروست کردووە و هەوڵی زیاتر دەدات بۆ لەکەدارکردنی نێوناوبانگ و کەسایەتی قەڵەمە بوێرەکان و گرتن و سزادانیان لە زیندانەکاندا، دروود بۆ ڕۆحی پاکی سەردەشت عوسمان سەربازە زیندووەکەی ئازادی و سەرجەم سەربازە زیندووەکانی تر کە بە زیندووی لە رۆحی ئازادیخوازان و کۆمەڵگادا دەمێننەوە  .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە