لەبری هێلکە دەبوو گوڵباران بکرایە
Friday, 29/04/2022, 21:08
مرۆڤ لەهەر پێگەیەکی کۆمەڵایەتی ئیداری سیاسی یا هەر پێگەیەکی دیکەدا بێت،خۆی دیاری دەکات لەلایەن خەڵکەوە چۆن لێی بڕوانن، کە ئەوەش پەیوەندی بە ڕەفتاری ڕۆژانەی ئەوکەسە یا ئەو پلەدارەوە هەیە. بۆ نمونە گەر سەرکردەیەکی پاک،دڵسۆز ،لێهاتوو،خەمخۆر بوو ،ئەوە بەدڵنیاییەوە لەکن خەڵک خۆشەویست دەبێت و جێگەی ڕێزە، خۆ گەر بە پێچەوانەی ئەو خەسڵەتانەوە بوو کە ئاماژەم پێدا ،ئەوە وەک کەسێکی ،دژ، بێزراو، قێزەوەن ،سەرکووتکەر و گەندەڵ سەیردەکرێت.
مرۆڤەکانی دونیای سیاسەت و بەڕێوەبەرانی وڵاتان ،ئەمانە زوومی زیاتریان لەسەرە و زیاتر لەبەرچاون،ئەویش بەهۆی پێگە حیزبی و ئیداریەکانیانەوە ،بەوەی کە بەرکەوتەی ڕۆژانەیان بەهاوڵاتیانەوە هەیە. عینوانی ئەم جۆرە مرۆڤانە خزمەتکردنی خەڵکەو لەو پێناوەشدا ئەو پۆستانەیان وەرگرتووە،بۆیە گەرەکە لەسەریان بە پراکتیکیش ئەو ئەرکە بەرجەستە بکەن ،خۆگەر نەیانکرد ئەوە دەکەونە بەر نەفرەتی خەڵک.
ڕێکەوتی 4.20 مەسرور بەرزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە بەسەردان لە لەندەن بوو ،کەوتە بەر نەفرەتی کوردانی نیشتەجێی ئەو باژێڕە ،ئەوەبوو {سەیارەکەیان بە هێلکە سواقدا}.دڵنیام کە ئەم چالاکیە مەسروری توشی شۆک کرد،بەجۆرێک هەتا ماوە لەیادەوەریدا دەمێنێتەوەو ئازاری دەروونی دەدات، چونکە ئەو بەردەوام وەک سوڵتانێکی بێ بەزەیی هەڵسوکەوتی کردوە،خەڵکانی دیکە وەک کۆیلە دەستەو ئەژنۆ وەستاون و لەفەرمانی دەرنەچوون،هەرچی ویستبێت بێ سڵەمینەوە ئەنجامیداوە ،لە تەرۆری کەسانی ئازادیخواز و نەیار،بەندیکردنی بەگومانان و ڕەخنەگر،ئەشکەنجەو بێڕێزیکردن بە هەرکەسێک کە بەدڵی ئەم نەجوڵابێتەوە.
دەمێک لە زانکۆی سەلاحەدین وتاردەدات و بەزەبری هێزو هەڕەشەی نانبڕین هەرچی مامۆستاو فەرمانبەرو خوێندکارە ئامادەدەبن و چەپڵە بۆ قسە بێبایەخەکانی لێدەدەن،یاخود بەهۆی مەرایی و ترسەوە میدیاکانی سەربە حیزبەکەیی وخۆی دەیکەنە [مرۆڤێکی خارق و داناو زاناو سیاسەتمەدارو سەرۆک وەزیرانی کەم وێنە]،ئیتر چۆن دەتوانێت هەرسی ئەوە بکات خەڵک هێلکەبارانی بکەن؟
مەسرور دەبێ لەوە تێبگات کە ئەوە پەرچەکرداری خەڵکە بەرامبەر بە {30}ساڵی دەسەڵاتی فاشلیان،ئەوە ئەنجامی پشتکردنە لە خەڵک،ئەوە زەبری دەستی خەڵکی دڵگەرم و ڕقداری ڕاکردووی دەستی ئەو حوکمەیە کە عەوامێکە بناغەی دزی و گەندەڵی و ناعەدالەتی و کووشتن و سوکایەتی داکووتاوە.
گەرەکە مەسرور باش بزانێت گەر لە زۆنی زەرد خەڵک ترسی لە کووشتن و گرتن و ئەشکەنجەو نانبڕێن نەبێت ،هەمان شت دەکەن و بگرە زیاتریش .ئەوەی لەلەندەن ئەنجامدرا بەهۆی ئەو ئازادیەوەیە کە بۆ یان مەیسەرکراوە و هاوڵاتیانی وڵاتەکەیان لە کوردستان لێی بێبەشن.
ئەوی بەرامبەری کرا ئەنجامی ناعەدالەتی سی ساڵی حوکمی باوک و کوڕی مام و خۆی و حیزبەکەیەتی،کوردواتەنی {چی بچێنیت ئەوە دروێنە دەکەیت}.
سەبارەت بە شداربوان ،زۆر بەخێرایی میدیا زەردەکانی پارتی کەوتنە هەڕەشەو تۆمەتبەخشینەوە ،بە مەزاجی خۆیان کەسەرچاوەکەی ترسە ،چەندین حیزب و لایەنیان خستە ناو لیستەکەیان لەوانە [یەکێتی،گۆڕان،نەوەی نوێ،لایەنە ئیسلامیەکان،پ کاکا، و تەنانەت داعشیش وەک ئەوەی پارتی بەجددی شەڕی داعشی کردبێت].
من نکولی لەبوونی ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکان ناکەم و بەئاسایی دەزانم تەنانەت گەر لەڕێگەی ڕێکخستنەکانیانەوە ئاگادارکراببنەوە،بەڵام لەوەش دڵنیام کە زۆربەیان گەنجی بێلایەن و دڵسۆزی کوردبوون و خۆڕسک هاتبوون بۆ بەجێهێنانی ئەو ئەرکە .جێگەی خۆیەتی بپرسم گەر ئەم گشت هێزو لایەنانە نەیاری پارتی بن کەواتە کێشەو هەڵە لە ئەدای ئەم حکومەتەدا هەیە ،ناکرێت ئەوانە هەموو هەڵەبن و تەنها پارتی لەسەر حەق بێت،جێگەی خۆیەتی کە پارتی چاوێک بە سیاسەتی وێرانکارانەی خۆیدا بهێنێتەوەو تێبگات کە عەنتەریەت و خۆسەپاندن تاسەر ناڕوات.
گەر مەسروور بیتوانیایە ڕووە جوان و گەشەکەی دەسەڵاتی نمایش بکردایە {کە بەداخەوە نیەتی}،نەک ئەم ڕوە قێزەوەنەی ئێستا ،ئەودەمە خەڵک بەتامەزرۆوە بەگوڵباران پێشوازیان لێدەکرد،سێلڤیان لەگەڵدا دەگرت،کۆڕو سەمینارو کۆبوونەوەو داوت وداوتکاریان بۆسازدەکرد،لە کن هاوڵاتیانی وڵاتەکە بەشانازیەوە باسیان دەکرد،بەڵام ئەفسوس ئەمانە ڕوویان نەدا بەڵکو هێلکە باران کرا، کە ئەوەش لەشوێنی خۆیدا بوو وە جێگەی دەستخۆشین.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لە مێژە بەرپرسانی هەردوو حیزب کە دێنە ئەوروپا بەحەزەرەوە دەجوڵێنەوەو دەرناکەون و تێکەڵاوی ڕەوەندی کوردی نابن،چونکە باش دەزانن چەند بێزراو و ناشیرینن لەبەرچاوی کوردانی هەندەران ، جا هیوادارام لەمەودوا هەر بەرپرسێکی سیاسی یا حکومی ئەو دوو حیزبە هاتە هەندەران بەهەمان شێوە هێلکە باران بکرێت،بەتایبەتی باڤێڵ و قوباد.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست