کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئامانجی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا تەنها پەکەکە نیە

Thursday, 21/04/2022, 21:38


ئەمە یەکەمجار نیە تورکیا ئەم ئۆرپەراسیۆنانە بە ناوی لێدانی پەکەکەوە ئەنجام دەدات و ئەگەر لە رووی عەسکەریەوە پێشتر زۆرینەی شکستی هێناوە بەڵام ئەمجارە زۆر جیاوازە و ئامانجی سیاسی دیکەی هەیە و بە ناوی جیاوازەوە هەوڵی دەستەبەری زەمینە و هەلی فراوانخوازیەکی گەورەی تورکیی یەکلاکەرەوە لە ئایندەیەکی دیاردا لەم ناوچەیە دەدات.
ئەردۆغان باش ئیستغلالی سەرقاڵبونی جیهان بە شەرٍەکەی ئۆکراین  و وەزعی نێوخۆی کوردستان و عیراق دەکات و بۆ قووڵایی و شوێنی ستراتیجی زیاتر هەنگاو دەنێت ، ئەمەش زیاتر بۆ باشتر کردنی پێگە عەسکەریەکانیەتی لە هەرێمی کوردستان لە پێناو ئامانج گەلێک کە پاشان پێویستی پێی هەیە، ئەمە جگە لە زیاتر کردنی سەربازگە و شوێنە سیخوریەکانی و زاڵبونی و لاسەنگ کردنی کارلێکە سیاسییەکان و راکێشانی هاوسەنگی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بۆ لای خۆی و تێپەرٍاندنی ئێران و فشارەکانی لە بەشێک لە عیراق. ئەمە ئەگەر ئەو پێگە سەربازیانە و سەنگ و قورسایی لە ناردنی نەوت و غازی هەرێم لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی نەکاتەوە و هەوڵی لاوازکردنی  فشار و قورسایی ئێران و جەمسەرەکەی لەمەر ئەم مەسەلەیە بۆ مەرامی خۆی بەکارنەهێنێت.  
ئەوەی لە نێوخۆی هەرێم هەیە لە پەرشوبڵاوی و ناکۆکی حزبەکان  و گوێنەدانیان بە هیچ شتێک تەنانەت چارەنوسسازیش بێت بۆ کورد وایکردووە کە هیچ کات لەم قۆناغە باشتر نیە بۆ تورکیا لە سەرجەم رووەکانەوە تەراتێن بکات. وەزعی عیراقیش لەولاوە بوەستێت کە ئاڵۆزی و ناکۆکیەکان وایکردووە تورکیا بە ئاسانی مەرامی خۆی زیاتر بپێکێت.
ئەردۆغان خەونی گەرانەوەی شکۆ و مەجدی عوسمانی لە عیراق و ناوچەکە دەدات وەکو چۆن چەندین جار دووبارەی کردۆتەوە. لە نێوخۆی تورکیاش وا دەزانێت کە ئەم ئۆپەراسیۆنە و پێکانی ئامانجەکانی وادەکات دەنگێکی باش  لە هەڵبژاردنی 2023 مسۆگەر بکات و سەربکەوێت و چەندین چۆلەکە بە یەک بەرد بپێکێت لە رووی تەکتیک و ستراتیجیشەوە. لە لایەکی دیکەوە هەوڵی سەرەکی تورکیا ئەوەیە کە لە قۆناغی ئاوابوونی قورسایی جەمسەرە جیهانیەکان و لێکەوتەکانی قەیرانی ئابووری جیهانی و کزبونی رۆَڵی چەند زلهێزێک  لە ناوچەکە وایکردووە تورکیا بیر لەوە بکاتەوە بەڵکو پێگەیەکی بەهێز و قورس بۆ خۆی لەم ناوچەیە بەدەست بێنێت و وەکو زلهێزێک حسابی بۆ بکرێت و لە سەرجەم رووەکانەوە ئێران بەجێبهێڵێت.
ئەم جارە وادیارە بە راستی یەکێتی خاکی عیراق و نەخشەی سیاسی ناوچەکە گۆرٍانکاری بەسەردا دێت و دەکرێت ناوچەکە جێگۆرکێی هێزی ناوچەیی تێیدا رووبدات و زلهێزەکانی جیهانیش هەر یەکە و دەوڵەتێکی نزیک لە خۆی یان لە جەمسەرەکەی نوێنەرایەتی بکەن لە ناوچەکە، لەمەشدا کە تورکیایەک بەو شێوەیە بێت و ئێرانیش هەوڵی خۆی بدات و کاردانەوەی هەبێت، ئەوا کورد لە وەزعێکی نالەباری شپرزەی ئاوها چۆن دەبێت و چی دەکات و بەر کوێ دەکەوێت و پرسەکەی چی بەسەردا دێت، ئەوا روونە . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە