پەلەقاژێ بارزانی ـ ئەردۆغان و پەرچەكدارێك
Thursday, 21/04/2022, 1:14
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لە بارەی رەوشی مافی مرۆڤ لە جیهاندا، ئاماژەی بەوەدا بوو كە، لە توركیادا نزیكەی 110 هەزار كەس بەهۆی"بیروباوەڕی سیاسی"یان لە گرتووخانەكانی توركیادان. بەگوێرەی راپۆرتەكەی ئەمریكا، زۆربەی ئەوانەی لەسەر بیروڕای سیاسی دەستگیركراون، لە زینداندا رووبەڕووی ئەشكەنجەدان بوونەتەوە، لەوانەش رووتكردنەوە. هەروەها لە كاتی دادگاییكردنیان رێگە بە چالاكڤان و رۆژنامەڤانان نادرێت ئامادەی دانیشتنی دادگاكان ببن.
راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەداوە لە شەڕی نێوان پەكەكە و سوپای توركیا، توركیا دەست لە كەسانی سڤیل ناپارێت و بەو هۆیەشەوە بە هەزاران خەڵكی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە.
بەهەمانشێوەی راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەسەر رەوشی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستانیشدا، ئاماژەی بەوە كردووە كە هێزەكانی حەفتا و هەشتای سەر بەپارتی و یەكێتی هاوتای حەشدی شەعبین و دەنگە ناڕازیەكانی كۆمەڵگە و چالاكییە مەدەنیەكان سەركۆت دەكەن و بەهەمانشێوە، لەرێگەی ئەم هێزانەی سەر بەپارتی و یەكێتی تەداخۆل لەكاروباری دادگاكان دەكرێت و بڕیاری دادگاكان لەژێر كاریگەری و هەیمەنی هێزە ئەمنیەكاندایە. لەسەر ئازادی رادەربڕینیش رەخنەی لەبەرتەسككردنەوە و رێگریەكان لەكاری راگەیاندن و میدیایی لەهەرێمی كوردستانكراوەتەوە.
راپۆرتەكە ساڵانەیەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەت و دەوڵەتەكەی تورك"هاوپەیمانی ئاكەپە ـ مەهەپە"، بەراشكاوانە نیشانی دەدات كە ئەم دوو حكومەتە بوونەتە بەربەست لەسەر چاكسازی و گۆڕانكاریەكان لەرۆژهەڵاتی ناوین و نزیكبوونەوە و بەردەوامیدان بەهەڵوێستی وەها لەلایەن هەردوو حكومەتەوە جێگەی لەدرێژمەودادا مەترسی جددی لەسەر داهاتووی هەرێم و رەنگە لەسەر گۆڕانكارییە نێودەوڵەتیەكان و پەیوەندیە دوولایەنیەكان دابنێت.
هەردوو بنەماڵە و حكومەتی بارزانی و ئاكەپە لەم هەڵوێستەی ئەمریكا زۆر تۆڕەن، ئەمەش لەبەر ئەوەی كە هەردوو دەسەڵاتەكەی بارزانی و ئەردۆغان خۆیان بەواتایەك لەواتاكان خۆیان بەهاوبەش و هاوهەڵوێستی ئەمریكا دەزانی بەتایبەتی لەسەر هەندێ لەگۆڕانكاریەكان لەهەرێمەكەدا، و لەبەر ئەوەش چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەكرد كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا راپۆرتێكی وەها دەربكات. دەركردنی راپۆرتێكی وەهاش لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و ناو هێنانی سیستەمی دەسەڵاتداریەتی بارزانی و ئاكەپە و دەوڵەتی تورك نیشانەوەی ئەوەیە كە لەهەندێ خاڵدا لەگەڵ پلان و پرۆژەكانی ئەمریكادا كەوتوونەتە ناكۆكییەوە. لەو حاڵەتەشدا رەنگە بیانەوێت بەبێ گەڕانەوە بۆ پێگە و دەسەڵات و كاریگەری ئەمریكا لەهەرێمە هەندێ جمۆجوڵیش بكەن. جا ئەمەش چەندە بەئاگاداری و چەندەش بەزانابوونە، جارێ ئاسۆوەكانی دیار نییە. هەر ئەمڕۆ لەلێدوانێكی وەزیری ناوخۆی توركیا"سۆلێمان سۆیلۆ"دا بەتوندی هێرش دەكاتە سەر ئەوروپا و ئەمریكا و رایدەگەێنێت كە ئەمریكا و ئەوروپا لەعێراق و سوریاش دەكەینە دەرەوە. ئەم لێدوانەی سۆیلۆ لەدژی ئەمریكا و ئەوروپاش چەندە كاردانەوە و پەلەقاژێ پێش كۆتا هەناسەكانی دەسەڵاتداریەتی ئاكەپە ـ مەهەپەیە دیار نییە؛ چونكە قاڕەقاڕی سۆلێمان سۆیلۆ رەنگە پەیوەندی بەتەنگاوبوونی و قەیرانە ناوخۆیی و دەرەكیەكانی توركیا و بارزانیەوە بێت.
چەند رۆژ پێش مەسرور بارزانی بەسیفەتی سەرۆك حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی ئەردۆغان كرد و كۆبوونەوە. دوای كۆبوونەوەیان خوێندنەوەی زۆر بۆ ئەو سەردانەی مەسرور بارزانی بۆ توركیا و نزیكبوونەوەی ئەردۆغان لەشاندەكەی مەسرور كرد. بەقەوڵی خۆیان لەسەر پرسی وزە"گاز و نەوت" و باردۆخی هەرێمی گفتۆگۆیان كردوە. بەڵام شتی هەرە سەیر لەو دانیشتنەی هەردوولایاندا، نە وەزیرانی نەوت و گازی هەرێم و نە هی حكومەتی توركیا ئامادە بوون. لەشوێنی ئەوان هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای ئیستخباراتی تورك"میت" شانبەشانی ئەردۆغان دانیشتبوو. لەملاشەوە لەسەرناوی شاندی هەرێم بەبێ هیچ ئەتەكێتێكی دیبلۆماسی و عۆرفێكی سیاسی دەستەوەستان و چاوەڕوانی تەعلیمات بوون لەئاغاكەیانەوە.
بارزانی و ئەردۆغان دەیانەوێت كێ چاوترسێن بكەن
لەم سەردان و هاتووچووی بارزانی بۆ لای ئەردۆغان لایەك و لەلایەكی تر لەماوەی مانگێكدا بێ سێ و دوو چەندین جار سەردانی ئیماراتی عەرەبی كرد. ئاخۆ بارزانی دەیەوێت بەرێككەوتنی لەگەڵ ئیمارات و توركیا و پشتیوانی ئیسرائیل گۆرز لەكێ بدەن و كێ چاوترسێن بكەن. ئاخۆ ئەمە هاوپەیمانیەتیەكی چوارقۆڵی و ستراتیژییە بۆ هەنارەدەكردنی وزە بۆ ئەوروپا كە ئێستاكە بەهۆی شەڕی ئۆكرانیا و روسیاوە لەقەیرانی گاز و نەوتدان یا خۆد تەنیا شانتاژێك و چاوسوركردنەوەیەكە وەكو كورد وتەنی. ئەگەر تەنیا شانتاژ ببووبا، ئەوا بەو رەنگە ئێران هێرشی نەدەكردە سەر هەولێر و بەدوازدە مۆشكی عەرزی عەزەلاتی بارزانی هێنایە خۆارەوە. هەرچەندەش كاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوادا هات، بەڵام وەكو ئەوەی بارزانی و دەسەڵاتەكەی لەئاستی چاوەڕوانیەكانی ئەواندا نەبوو. بۆیەش ئێستاكە دەیانەوێت لەژێر ناوی وزە پەرە بەپەیوەندییە هەواڵگریەكانی نێوانیشیان بدەن و رەنگە سەرەتای ئەم پەیوەندیە هەواڵگریەش هێرشی سەر بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان"پەكەكە"بێت.
ئەگەر بارزانی بەشداری شەڕی دژ بە پەكەكە بێت، قەوارەی هەرێم هەڵوەشێت
لەهەموو هێرشەكانی ئەرتەشی توركی داگیركەردا بۆ سەر هێزەكانی پاراستنی گەل"هەپەگە" و گەریلاكانی ئازادی كوردستان، بەبێ هاوكاری راستەوخۆی پەدەكە هێرش پێكنەهاتووە. پەدەكە بەراشكاوی و لەپێش چاوی هەموو رای گشتی كوردستانی و دەرەوەدا، لەكاتی هێرشەكانی ئەرتەشی تورك و چەتە و جاشەكانیاندا چاوساخیان بۆیان كردوە. رێگایان نیشانداون. هەرێمەكەیان لەبۆمب وتەقەمەنی پاككردۆتەوە بۆیان، كەمینیان بۆ گەریلا داناوە و بەسەدان كەسیان لەرێگەی تۆڕە سیخۆریەكانیانەوە لەچوارچێوەی تۆڕێكی گشتی سیخۆریدا بەرێكخستنكردەوە و بەكاریان دەهێنن. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو هەڵوێستە چەوت و نانەتەوەیی و بەدەرلەئەخلاقانەی پەدەكە، جارێكی تر بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان دانی بەخۆیدا گرتووە و هەوڵیداوە بەریەككەوتن درۆست نەبێت. چونكە پەكەكە شەڕی كورد بەكوردی وەكو خەیانەتێكی نیشتیمانی حەرام كردووە. بەڵام كاتێك چەقۆ بگاتە ئێسقان، ئێدی ئەو كاتە شەڕی كورد بەكورد نییە و شەڕی خەیانەتە و شەڕی بەرخۆدانی هەبوون و خۆڕاگریە لەبەرامبەر بەپیلانگێڕان و تەسفیەكاران.
ئەگەر شەرێكی وەهاش بێتە ئاراوە، ئەوا هەموو سنورەكانی باكور ـ باشور ـ رۆژئاوا بەخۆیەوە بگرێت و گەلەكەمان لەوەها حاڵەتێكدا دەستوەستان ناوەستێت و بەهەموو شێوەیەك خاوەنداری لەئێرادەی ئازاد و دەسكەوتەكانی كە بەخوێنی هەزاران رۆڵەی ئەم گەلەبەرهەم هاتووە دەكات. كاتێك شەڕێكی وەهاش روو بدات، بێگۆمان ئێدی شتێك بەناو پێگەی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە نامێنێت، بۆیە ئەركی هێز و لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستانە، بەتایبەتی ئەوانەی لەم حكومەتەدا بەشدارن بەراشكاوانە هەڵوێستی نەتەوەیی و دیموكراتی بەكردەیی نیشان بدەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست