فریوودان و گەوجاندن بەسپۆنسەری باڵەکانی پارتەکانی باشوور بەردەوامە..!
Friday, 15/04/2022, 7:29
خەڵکی باشوری کوردستان،جگە لەبۆڵەبۆڵ و کوڕوزانەوە،ھیچ فەلسەفەو ئایدیایەکیان نییە بۆ ڕزگاربوون ،لەدەسەڵاتی سەرانی مافیای دەسەڵات بەھەموو ڕەنگ و باڵ و دەسەڵات معارەزەیانەوە.
ئەوەی لەباشور دەگوزەری تەنھا حیزب و ڕێکخراوە مافیاکانن ،لەڕێگەی میدیاو سوشیال میدیاوە خەریکی شەڕەدەنووکن ،کامیان زیاتریان دەست کەوێت. ھەموویان شەریک و خەریکی یەکترن و بەژدارن لەو تاوانەی بەرامبەر خەڵکی دەیکەن.
لەھەمووی فریوو دەرانەتر ئەوانەی خۆیان بەموعارەزە دەزانن شەڕی بەشیانە لەدەسەڵات و لەلاشەوە خەڵک دەگەوجێنن بەناوی بەرگری لەمافەکانیان .لەکاتێکدا ھەموویان خواخوایانە کورسیەک ،لەو دەسەڵاتە مافیاگەریە بەدەست بھێنن و بکەونە مامەڵە،لەگەڵ مافیا گەورەکانی سەروو خۆیان.
سی ساڵە خەڵکی کوردستان نەیتوانیوە،لەخەوقوڵی خۆش باوەڕی بەسەرانی مافیا ڕەنگاو ڕەگەکانی کوردایەتی بەخەبەربێتەوەو،ھەوڵی دۆزینەوەی ڕێگای ڕزگاری بدات.
ھۆکاری بەئاگا نەھاتنەوەی خەڵکی کوردستان خودی خۆیەتی،لەکاتێکدا باش ئەوڕاستیەی لەمس کردووە،کەتەواوی سەرانی حیزبەکانی باشور،لەگەورەیان بۆ دوکانی قاڵی و دووقاڵب سابوونەکەیان کۆمەڵک دزن و ڕێک کەوتوون ،لەسەر تاڵانکردنی سامانی سەرزەوی و ژیر زەووی و قوتی ڕۆژانەیان ،بەڵام کاتێ کاڵتەجاڕی ھەڵبژاردن دێت فریوو بەبەڵێنەکانیان دەخۆن دەچن دەنگ بەکۆیلەبوونی خۆیان و ھەژارکردنی زیاتری خۆیان دەدەن .بەم حاڵەتە دەوتری گەمژەیی ،نەک ساویلکەیی .خەڵکی کوردستان تائەوکاتەی خۆی ڕزگار نەکات ،لەگەمژەیی و خۆش باوەڕیەکانی بەسەرانی کوردایەتی و خۆیان ڕێکخراو نەکەن بەئامانجەکانی ڕزگاری،بێ مافی کۆیلەیەتی بەردەوام دەبێت ،ھەرکاتێکیش گاڵتەجاری ھەڵبژاردن دەست پێبکات ،وەک نەبایان دیبێت ،نەباران پەیمانی گەمژەیی و کۆیلەیەتی خۆیان بۆ ڕەنگەکانی سەرانی مافیای کوردایەتی دووپات دەکەنەوەو دەست دەکەنەوە بەسێڵڤی گرتن لەگەڵیان . ماوەک دوایی گاڵتەجاڕی دەست دەکەنەوە بەبۆڵەبۆڵ .
مێژوو ئەوەی سەلماندووە کۆتایی ھێنان بەدیکتاتۆرو مافیاگەری بەئیرادەی شۆڕشگێڕانە و ھاتنە مەیدانی شۆڕشگێڕانە دەبێت ،کەدنیای دەسەڵات دارەکان تاروماربکات،نەک بۆڵەبۆڵ و پاڕانەوە.
ھەموو داواکاریەک ،لەدەسەڵاتی مافیاگەری بۆ چاکسازی خۆگەوجاندنەو درێژکردنەوەی ئەو دەسەڵاتەیە.ئەوەی ستۆپ بەدەسەڵات دەکات ،ئەوە دەنگی نەخێرو یاخی بوونە ،نەک پاڕانەوەو بۆڵەبۆڵ.ھەروەک ئەلبێر کامۆ دەڵێت :کۆیلە تابەڵێ بکات بۆ سیستمەکان کۆیلەیە ،بەڵام لەھەموو نەخێرێکەوە یاخی بوون دەست پێدەکات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست